هەر خێڵێک تابووتی خۆی دەکێشێ! برایم فەڕشی

خۆمان لە گەڵ بێدەنگ بوون ڕاهێناوە، ئەوانیش خۆیان لە گەڵ پرسەگێران، بەیاندەرکردن، دەردوکوڵ هەڵڕشتن ، شیعر وپەخشان نووسیین ڕاهێناوە ، سێکۆلارن کەچی خۆیان لە گەڵ فەرهەنگ و تێگەیشتنی ئیسلامی ڕاهێناوە و بەزمانی ئەوان دەدوێن. بە کورتی لە گەڵ ناکۆکییەکان ڕاهاتووین و ناکۆکی ناو ناکۆکییەکانمان هەست پێناکەین. هەرکام لە ئێمە خاوەنی منۆلۆگی خۆمانیین و دیالۆگ بە هێند وەرناگرین! ئەمجارەش هەر وەک جارانی پێشوو، خاوەن کارەساتەکان بە تەنیا مانەوە و هەر خێڵێک خۆی تابووتی مردووی خۆی، ڕاکێشا!
لە مێژە گەرەکیانە لە گەڵ “ئۆپۆزسیۆنی” نەبوو، حکوومەتی ئێران بڕوخێنن و ببنە ئاڵترناتیوی ڕژیم و دێموکراسی لە تاران و خودموختاری و فێدڕالیسم لە کوردستان دامەزرێنن! لە ناو سیستەمی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، بە تەمای کردنەوەی جێگای خۆیانن و گەرەکیانە ئێرانی بن و بەشکم حیسابی ئێرانییان بۆ بکەن، هەتا ڕەسمی ڕەسمی کاروچالاکی بکەن و پلەو پایەی وەک ئەوان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن! دەبێ لە خۆیان بپرسن کە چیان دەوێ و بۆ چی خەبات دەکەن. تەنیا گووتنی “ئازادی” دەربڕی ستراتێژی نییە. ئازادی چییە و ئازادییان بۆ کێ دەوێ و چۆن مسوگەری دەکەن؟ کام لەو ستراتێژیانەی سەرەوە لە ئازادی دڵخوازی ئەوان نزیکە؟ ستراتێژی حزبی ئەوان چییە؟
سیمای سیاسی و پێناسەی حزبی ئەوان تەماوییە. بشێوی فکریی، سیاسی لە حزبەکاندا بەرچاوە و بە پێی ژمارەی کەسەکان سیاسەت و فکریی جیاواز لە ناو ئەواندا دەبیندرێ. ڕابەرەکان بۆ یەک هەڵوێستکردنی سیاسی ڕێکخراوەکەیان و ئەندامانیان ناکارا دەنوێنن و مێدیای دژیتاڵی پانتای لێکدابڕانی فکریی و سیاسی ئەوان دەردەخات. بشێوی فکریی و سیاسی ناوخۆی حزبەکان لە لایەک و بشێوی گشتی، تابڵۆیەکی پڕلە ناکۆکی نیشان دەدات. ئەمە بە تەنیا تراژێدییەکی سیاسی نییە، بەڵکوو تراژێدییەکی ئینسانییە و نیشانەیەکی زەقی زاڵبوونی فەرهەنگ و تێگەیشتنی خێڵەکی و گرووپییە!
ئەم تابلۆیە هیچ هیوایەک بۆ وەدیهاتنی ئازادی ناداتە دەست. لە کۆمەڵە حزبێکی لەو چەشنە داهاتوویەکی گەش چاوەڕوان ناکرێ. کۆمەڵە حزبێکی لەو چەشنە نەتەنیا هێز و ورە بە خەڵک نابەخشن، بەلکوو هێز وەرەی خۆشیان بە فیڕۆ دەدەن. وێنەی هەرە بەرچاو تاکتیکی نوێی ئەوانە لە چەندساڵی ڕابووردو. کاروچالاکییان لە گەڵ بێدەنگییەکی بەرچاوی کۆمەڵانی خەڵک و توێژەکانی هەمەجۆر ڕووبەڕووە و مێدیای ناوچە و جیهان و تەنانەت مێدیای خۆشیان گرنگی پێنادەن، جگە لە کۆمەڵە کەسێکی خۆیان کە ئەوانیش لە هەر دەورە و سەردەمێکدا چالاکن و لە پڕێکا ئەوانیش لە چالاکی دەکەون. وێنەی بەرچاو هەموو ئەو کەسانەیە کە پآلپشتی تاکتیکی نوێ بوون و بەردەوام لە باشووری کوردستانەوە چالاکی مێدیایی و حزبییان دەنوواند، لە پڕێکا نەمان و خۆیان لە دەرەوەی وڵات دیتەوە و چالاکیان بە تەواوی دابەزیی. ئەمە ئەو ڕەوتەیە کە هەموو حزبەکان بە درێژایی مانەوەیان لە باشووری کوردستان لە گەڵی ڕووبەڕوو بوون. کە یەکێک لە گرفتە جییدییەکان بووە و هیچ حزبێک بۆی چارەسەر نەکراوە و ناکرێ، لە بەر یەک هۆی ساکار.

باشووری کوردستان شوێنی ڕاستەقیینە و سروشتی ئەندامانی هیچ حزبێک نییە. حزبێک کە نەتوانێ خەڵک بە دژی حکوومەت لە شوێنی کار و ژیانیان ڕێک بخات، ناتوانێ حزب بێت. گرفتی سەرەکی هەموو حزبەکان هەر ئەوەیە و تاکتیکی نوێ، ئەو کەلێنەیان بۆ پڕ ناکاتەوە و جگە لە زیانی ئینسانی زیانی سیاسی-ڕێکخراوەیەشی لێدەکەوێتەوە، لە بەرئەوەی کۆمەڵگای چەند میلیۆنی کوردستان پێویستی بە هێزی چالاکی ناوخەڵک هەیە کە بتوانێ بۆچوونی سیاسی- کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی کۆمەڵانی خەڵک کە گرێدراوی سیستەمی ئیداریی و حکوومەتی- فەرهەنگی و پەروەردەی ڕژیمە بگۆرێ، کە بتوانێ خەڵک لە حکوومەت جیاکاتەوە.

هەر ئێستا تێکنۆکرات و بوروکراتی کورد و سەرجەم کارمەندانی کورد بە پارەی حکوومەت بەڕێ دەچن و بازەرگان و سەدان شیرکەتی تیجاریی و خەدەماتی و تەولیدی گرێدراوی ئەو سیستەمەن و هەر مرۆڤێکی کورد کە لەناوخۆی وڵات بێ، لە ژێر باندۆڵی فکریی و سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری ئەم حکوومەتەدایە و جیابوونەوەی هەر تاکێک لەم سیستمە پرۆسەیە و حزب و چالاکی حزبی، مێدیا و نووسەر و هونەرمەند و هەر کەسێک دەتوانێ خێرایی بەم پرۆسەیە ببخەشێ، ئەم پرۆسەیە کاتێک سەرکەوتوو دەبێ، کە مرۆڤی سیاسی و حزبی لە ژیانی ڕۆژانە بەردەوام لە ناو خەڵکدا بن و یەکیک لەوان بن و جێگای متمانەیان بن.

حزبەکان پاش چۆڵکردنی کوردستان نەیانتوانی کەلێنی نێوان خەڵک و خۆیان پڕکەنەوە و بەرنامەو سیستەمێکی کارایان نەبوو کە بتوانێ وڵامدەرەوەی ئاڵوگۆڕەکانی هەمەلایەنی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران لە لایەک و کۆمەڵگای میلیتاریزەکراو و پۆلیسی کوردستان لە لایەکی تر بێ. ئێستاشی لە گەڵ بێ، حزبەکان سیستەمێکی کارای کار لەناوخۆی وڵاتیان نییە کە لە لایەک ئەندامان و لایەنگرانیان بپارێزێ و لە لایەکی تر پێگەیەکی ئاساییان لە ناو خەڵکدا پێببەخشێ. بە پێچەوانە شێوە و مێتۆدی سیاسی-ڕێکخراوەیی و کاریی حزبەکان چۆڵکردنی لایەنگران و ئەندامانیانی لە کوردستان لێکەوتەوە کە بەرەو باشووری وڵات شۆڕبوونەوە و لەوێشەوە بۆ دەرەوەی وڵات، بەم جۆرە حزبەکان بەردەوام لە کادر و ئەندامانی چالاک لە ناوخۆی وڵات و باشوور ڕووتێندراونەتەوە!
حزبەکان بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە پلانێکی سەرکەوتووییان بۆ گەڕانەوەی ئەندامانیان بۆ ناوخۆی وڵات نەبووە کە بتوانن ژیانێکی ئاسایی دەستپێبکەن و ببنە هۆی بووژانەوەی ڕێکخراوەکەیان و گەشانەوەی کاری سیاسی- کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی.

لە نەبوونی پێگە و ڕێکخراوە، مێتۆدی ناردنەوەی کەسان لە دەرەوە بە هەڵگرتنی چەک نە تەنیا گرفتەکانی پێشووی چارەسەر نەکردووە، بەڵکوو گرفتی نوێی سیاسی- فکریی- ڕێکخراوەیی بۆ حزبەکان و ئەندامانیان پێکهێناوە. حزبەکانی کورد بە پێی قانوونی حکوومەتی ئیسلامی ئێران حزبی یاساخ و قەدەخە کراون، هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی و ناسیاسی لەناوخۆی وڵات ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ئەوان نییە و لە ژیانی سیاسی ناوخۆی کوردستان و ئێران دەوریان نییە. ئەم حزبانە لە لای حکوومەت بە حزبی محارب دەناسرێن و گرتنی لایەنگران و ئەندامانیان بەرانبەرە بە کووشتن و بڕانەوەی زیندانی درێژخایەن.

لە حاڵەتێکی لەو چەشنەدا کە حزبەکان درووشمی ڕووخاندنی حکوومەتی ئێران لە دەستووری بەرنامەیاندایە، تەنیا یەک ڕێگا بۆ حزبەکان دەمێنێتەوە، خەباتی چەکداریی بە پشتیوانی خەڵک و کاری سیاسی ناوخۆ. حزبەکان هیچکام لەم دوولایەنەیان نییە و چەند دەساڵە خەباتی چەکداری دژی ئێرانیان ڕاگرتووە و باشترە بگوترێ پێیانڕاگرتوون. لەم چەند ساڵەشدا کە بەچەکەوە جەولەیان دەستپێکردووە هیچ هێرشێکی نیزامیان بۆ سەر بنکە وبارەگاکانی ڕژیم لە بەرنامەدا نەبووە و مەبەستیشیان لە ناردنەوەی مرۆڤی چەکدار هێرش بردن بۆ سەر بارگا و بنکەکان نەبووە و بە پێی دەیان بەیاننامە کە لە لایەن دەزگای ڕابەری ئەم حزبانەوە بڵاوکراوەتەوە، نکۆڵیان لەوە کردووە کە بۆ هێرشبردنە سەر دام ودەزگاکانی ئێران چووبێتنەوە ناوخۆی وڵات.

ئەم تاکتیکە کە مرۆڤ بە چەکەوە ڕەوانەی وڵاتێکی میلیتاریزەکراو و پشتئەستوور بە سیستەمی هەواڵگیریی و سیخووڕی بکرێ، بە بێ ئەوەی بەرنامەی هێرشبردن بۆ سەر بنکە وبارەگا لە دەستووری کاردابێ، لە گەڵ سەرجەم مێژوویی پێشمەرگایەتی لە کوردستان ناخوێنێتەوە، مەگەر ئەوەی وڵات و ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندابووبێ، کە ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٣٥٧ هەتا ٦٠!

پێشمەرگە و گرووپێکی پارتیزان گەر بچێتە ناو هەرێمی وڵاتێکی داگیرکەر و نیازی هێرشبردن و زەربەوەشاندنی نەبێ،بۆچی دەچێ؟ بۆ ئەوەی بکەوێتە کەمین و بۆسەی دۆژمنەوە؟ بۆ کام مەبەست؟ کام مەبەستی سیاسی- تەبلیغی دەکرێ بە تاکتیکی لەو چەشنە بپێکرێ؟ ئەو کەسانەی کە بە ناوی تئۆری سیاسی و بە تایتلی ئاکادێمی داڕێژەری ئەم تاکتیکە بوون، دەبێ ئێستا بیلانی کار بخەنە بەر دەستی خەڵک و بیروڕای گشتی، گەر هەڵەشیان کردووە و حزبەکانیان تووشی کێشەی بێ گەڕانەوە کردووە، با بێنەوە بەر دەم میکرۆفۆنەکان و شاشەی تەلەویزیۆنەکان و ڕاستگۆیانە لە گەڵ خەڵک بدوێن و خۆیان لە بێدەنگیدا نەشارنەوە!
ئاڵۆزی سیاسی- فکریی- تاکتیکی حزبەکان گرێدراوی ستراتێژی ناڕوونی ئەوانە، دەنا ئەو حزبەی کە درووشمی ڕووخانی ڕژیم و حکوومەتێک بەرز دەکاتەوە، نە خۆی بە هەڵبژاردنەکانیەوە خەریک دەکات، نە گەمەی کتک و مشکی لە گەڵدا دەکات و سیاسەتی ڕوونی بەرانبەر دەگرێ، کە شەڕی چەکداری بەربڵاو و بەهێز و هەمەلایەنە، یەک لە شێوەکانیەتی کە بە گرووپی چەند کەسی و بە حزبێک ناکرێ و ئەوە کاری سەرجەم حزبەکان و کۆمەڵگای دەرەوەی حزبەکان و خەڵکە، کە لەم لایەنەوە حزبەکان کڵۆڵن و توانای کاری هاوبەش و نزیکبوونەوە لە یەکتریان لە خۆ نیشان نەداوە و هەرکام دۆنکیشۆت ئاسا جولاونەتەوە و موژدەی بێ بنەمای ئازادی بەخەڵک دەدەن و بەردەوام درووشمی قەبە دووبارە دەکەنەوە.
لە نەبوونی تەگبیر و میتۆدی شیاو بۆ کاری سیاسی لە ناوخۆی وڵات و نەمانی تەلەویزیۆنەکان و گۆوار و بڵاوڤۆکۆ و دابەزینی ئاستی کار وتیکۆشان و دەرچوونی کادر وئەندام لە باشوور بەرەو هەندەران، چالاکی نیزامی هێرشبەرانەی کاریگەری هەمەلایەنەی گشتی، دەتوانێ تاکتیکێکی کارا بێ و گۆڕان بە شوێن خۆیدا بهێنێ، ئەوەی لەم چەند ساڵەدا بیندراوە، ئەوە نەبووە!
سەردەمی ئێستا سەردەمی هەستی بێ پایانی کۆمەڵگای ساکاری ڕابووردو نییە و کۆمەڵگای ئەمڕۆ تێکچڕژاو و چڕوپڕ و ئاڵۆزە و هەڵوێستی کەسەکان ڕەنگدانەوەی ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی ڕۆژانە و داهاتوویانە و ئەوە دەبێ لە تێگەیشتن و بەرنامەی حزبەکاندا ڕەنگباداتەوە بۆ ئەوەی لە بەشێکی کۆمەڵگا و لە ناو کۆمەڵە کەسێک و لە ناو جەغزێکدا قەتیس نەمێننەوە و سیاسەتیان قووڵتر وبەرینتر لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا ڕەنگ بداتەوە. بۆ ئەوەش دەبێ حزبەکان لە قاوغی ڕابووردوی فکریی، سیاسیی، ڕێکخراوەیی کۆن دەرباز بن و ڕابووردو نەکەنە ئایدیا و سیاسەت و فەرهەنگی نەگۆڕ وهەتاهەتایی بۆ لە دەستدانی داهاتوو!
ئاگۆست ٢٠١٧