کۆچی دوایی دایکی پێشمەرگە و ئەندامی تێکۆشەری حدک لە شاری شنۆ
ئاگادار کراین کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ ـ ٠٨ ـ ٢٠١٧ بە داخەوە دایە بگم حوسێنزادە، دایکی هاوڕێی تێکۆشەر کاک یاسین مەولوودی دوای ماوەیەک نەخۆشی لە تەمەنی ٧٧ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد. دایە بگم حوسێنزادە لە ساڵی ١٣١٩ ی هەتاوی لە ئاوایی نەناس (نازنازی) ورمێ لە بنەماڵەیەکی خۆشناوی ئەو ناوچەیە لە دایکبووە ، دوای ئەوە هاوسەر گیری کردووە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی هاتۆتە ناوچەی شنۆ و لەم دەڤەرە ڕەنگینەدا بە هۆی جۆراوجۆر لە چەندین ئاوایی دا ژیانیان تێپەر کردووە و دواتر لە شاری شنۆ گیرساونەوە و وەک ژنێکی خۆشناو لەگەڵ بنەماڵەکەی درێژەی بە ژیانی ئاسایی خۆیداوە. دایە بگم مرۆڤێکی ئارام و هێدی و ژنێکی رووخۆش و خۆشەویستی نێو کۆمەڵگایەکە بووە و هاوکاتیش ژنێکی نیشتمانپەروەر و گەلدۆست بووە و هەر لەو پێناوەشدا منداڵەکانی فێری وانەی نیشتماندۆستی و خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان کردووە، هەر بۆیە کوڕێکی بە ناوی یاسین مەولوودی لە ساڵی ۱۳۷٠ ی هەتاوی دا دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ساڵانێکی دوور و درێژ وەک پێشمەرگە و کادری حیزب خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و دواتر وەک ئەندامێکی چالاکی و هەڵسوری ریزەکانی حدک لە ولاتی سوئیس درێژە بە خزمەتەکانی خۆی دەدا. شایانی باسە کە ئەو کاتەی کە کاکە یاسین پێشمەرگە بوو و هەڵسوورانی دیاروبەرچاوی هەبوو، چەندین جار دایە بگم و باوکی کاک یاسین کەتوونە بەر بێحورمەتی و هەڕەشەی چڵکاوخۆرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و زۆرجار کۆسپ و تەگەرەیان خستبۆ بەردەم بنەماڵەکەیان. بەداخەوە دایە بگم ماوەیەک بوو تووشی ناسازی و نەخۆشی ببوو و دوای ئەوە کە چارەسەر پزیشکییەکان نەیتوانی زیاتر چارەسەری ئازارەکانی بکات لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە نیوئاپۆرای خزم و کەس و کاری و کۆمەڵانی خەڵکی دڵسۆز دا لە شاری شنۆ بە خاک سپێردرا.
بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە بگم حوسێنزادە دایکی خۆشەویستی کاک یاسین مەولوودی پێشمەرگەی دیرین و ئەندامی چالاکی حدک سەرەخۆشی لە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان و بە تایبەت کاک یاسین مەولوودی تێکۆشەر دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
حەمەرەسووڵ کەریمی