بانگەوازی کۆمەڵێک لە ژنانی خەباتکاری کورد

“هەڵوێستەکانمان پێناسەمان ئەکەن”
دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی ڕابردوودا و بێ پەروایی کۆماری ئیسلامی لە پیلانگێڕی لە هەموو ناوچەکەدا و پەیڕەوکردنی سیاسەتی تێکدانی باری ئەمنی هەموو وڵاتانی ناوچە بەو خیاڵە کە خۆیان وەکوو تێکدەرهیچ پریشکێک لەو ئاژاوەگەلەیان بەرناکەوێ، هەموو نیشانەکانی وەزعی ئەمڕۆی ئێرانیان پێ بوو. کۆماری ئیسلامی ئێران، بە هەموو باڵەکانییەوە، کە پێیو‌ابوو تووی بێ‌هیوایەکی درێژماوە کە لە ناو دانیشتوانی ئێراندا چاندوویانە ئەگەری هەر جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینێکی لەناوبردووە، سەرمەستانە خەریکی ئاژاوەنانەوە و زیادەڕەوی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بوو، لە تێکدانی وەزعی سوریە و یەمەن و موشەک هاویشتن بۆ وڵاتانی ناوچە هەتا لەشکرکێشی و داگیرکردنی ئاشکرای بەشێک لە باشووری کوردستان. بۆ ئەو مەبەستانەش پارە و سامانی خەڵکی دانیشتووی ئەو وڵاتە بوو کە لە پێش چاوی خۆیان سەرفی خولیای زیندووکردنەوەی ئیمپراتوری سەفەوی کرا. بێخەبەر لەوەی کە مرۆڤ بە پێی سروشتی خۆی کە هیچی بۆ دۆڕاندن نەما، هۆکارێکیشی بۆ سەرنەوی‌کردن نامێنێ و ئەو ئاگرە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا هەڵی کردووە کەوتۆتە داوێنی خۆی و ئێستا هەموو هەوڵێک ئەدات کە بیکوژێنێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێگای مێکانیزمە هەمیشەییەکانی خۆی واتە کوشتن، زیندانی کردنی چالاکان، ترساندن و دەنگۆ بڵاوکردن، ئاڵۆزکردنی هەرچێ زیاتری فەزای هەواڵ گواستنەوە و ئەمنیەتی کردنی دۆخی شارەکان، هەوڵ ئەدات دیسان کۆنترۆڵی وەزعەکە بگرێتەوە دەست. دیارەئەگەری سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی لەو کارەدا بە واتای دەست پێکردنی دەورێکی تازەی ڕاووڕووت، کۆشتار و زیندانی کردنی خەڵک و بێ‌هیواییە کە ڕەنگە ماوەیەک بخایەنێ.
بۆیە ئیستا کە فاکتەرە ناوچەیی و جیهانیەکان و دۆخی ئابووری و ناوخۆی دەسەڵاتی گەندەڵی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو دەرخەری ئیمکانی داڕمانی یەکجاری ئەو سەرچاوەی نەهامەتی و شەڕەیە، هەوڵ‌دان بۆ بەهێزکردنی خەڵک وەکوو ئەکتەری یەکلاکەرەوە ئەرکی هەر مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە.
شۆرشی ئەمجارە، شۆڕشی مافخوازی توێژ و چینە ستەم‌لێکراوەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەوانەی بە درێژای چل ساڵ لە ژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بوون هەنووکە بۆ وەدەست خستنەوەی کەرامتی ئینسانی پێشێلکراویان ڕاپەڕیون. بە لەبەرچاوگرتنی سرووشتی کەرامەتخوازی ئەم شۆڕشە، ژنان وەکوو یەکێک لە ژێردەستەترین بەشەکانی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان کە بە درێژای تەمەنی ئەم حکومەتە بە شێوازی جۆراجۆرو بە هۆی یاساکانی شەرعی و دژە ژن، سووکایەتی و ئازاریان چێشتووەو بەردەوام بۆ مافەکانی خۆیان بەربەرەکانیان کردووە، ئێستا ئامادەیی ئەوەیان هەیە کە وەکوو یەکێک لە کۆڵەکە کاریگەرەکانی ئەم شۆڕشە ڕۆڵی تایبەتی خۆیان بگێڕن.
ئێمە وەکوو ژنانی خەباتکاری کوردستان، هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان و هەموو کەسایەتییە چالاکەکانی ژنان کە جێ پەنجەیان لە خەباتی نەتەوایەتی کورد و خەباتی یەکسانی خوازی ژنان دا دیارە، بانگهێشتئەکەین بۆ پێکهێنانی هاودەنگییەکی گشتی کوردستانی بە مەبەستی پشتگیری لە شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی. پاڵپشتی هەمەلایەنە لە ژنانی ڕاپەڕیو بۆ وەدیهێنانیمافە ڕەواکانی خۆیان و ڕێکخستنی چالاکی میدیایی و سیاسی هاوبەش لە دەرەوەی وڵات تایبەت بە دۆخی ژنی کورد لەم ڕاپەڕینەدا، بۆ گەیاندنی دەنگی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گوێی دنیا و ڕاکێشانی سرنجی کۆمەڵگای جیهانی بۆ خەباتی ئەوان ئەرکێکی نەتەوەییە.
شۆڕشی ئەمجارەی کوردستان لە وڵاتی “قەدەم خەیر”ی نەمرەوە لە لۆرستان و ئیلام و کرماشانی دڵی کوردستانەوە دەستی پێکردووە و ناوی ئەو ژنە خەباتکارە دەتوانێ ببێتە ناوی ڕەمزی سەرکەوتنی شۆڕشی یەکسانیخواز و شوناسخوازی ژنی کورد. ژنانی کوردستان بە ئامادەبوونی خۆیان لەم شۆڕشەدا بنەمای مافەکانی خۆیان لە داهاتوودا بە دەستی خۆیان جێگیرئەکەن و بە ئاگاهی بە ئەو ڕاستییە کە “ماف نادرێ بەڵکوو وەردەگیرێ” ئەتوانن هەنگاوی بەهێز و کاریگەر بۆ ساز کردنی یەکێتی نەتەوەی کورد لە سەر بنەمای یەکسانی ژن و پیاو هەڵگرن.
بێ گومان،سەرەڕای زەبروزەنگی دەسەڵاتی ئێران، سەرکەوتن نزیکە و ئەم سەرکەوتنە بەستراوی ڕادەی یەکگرتوویی و هەست‌کردن بە زەرورەتی هەوڵی بێ‌وچان و هاوبەش لە نێوان هەموو ئەکتەرەکانی کۆمەڵگایە، لە ژنان و پیاوانی خاوەن بیر و بەرپرسیار هەتا هێزە سیاسی و مەدەنییەکان.
بە هیوای داهاتوویەکی گەش و ڕوون بۆ ژنی کورد، داهاتوویەک کە دەستە بە هێزەکانی خۆی ئەیخوڵقێنێ.
کۆمەڵێک لە ژنانی خەباتکاری کوردستان
٢٠١٨.١.٥

گوڵالە کەمانگەر، نۆڕوێژ
شکۆفە قوبادی، سوید
سوسەن محەمەدخانی قیاسوەند، فەڕانسە
کوێستان گادانی، نۆروێژ
شوکریا مەحمودی کوردستانی، ئامریکا
فاتیمە عوسمانی، کوردستان
سۆهەیلا قادری، کوردستان
شەهلا دەبباغی، سوید
شلێر باپیری، نۆروێژ
لەیلا محەمەدی، سوید
جەمیلە ڕەحیمی، سوید
کوێستان فتوحی، ئاڵمان
گوڵاڵە شەڕەفکەندی، سوید
ئاڤا هۆما، کانادا
پەری ڕەشیدیان، نۆروێژ
توبا ئەلیاسی، نۆروێژ
سوڕەیا فەلاح، ئامریکا
مریەم عەلیپوور، نۆروێژ
شلێر حەسەنپوور، سوید

ناهید حوسێنی
گوڵاله پێشنماز
رویا تلوعی
نیشتمان روحانی
بەهار حوسێنی
فوزییه ئەحمەدی
کوێستان عومەرزاده
جەمیله قادری
نەسرین حەدداد
نەسرین حەسەنزاده
بێگەرد عەلیپور
رۆژه عەزیزی
نازی عەلیدوست
بەفرین روستەمی
شلێر رەستگار
نەمام زەرینفام
نیشتمان گادانی
مەحبووبه رەحیمی
شەهین زادەئەحمەد
ئاواز خزری
پرشنگ محەمەدی
جەمیله ئەنوەری
کوێستان بابائی
شوعله قادری
شەهلا یارحوسێن
گەلاوێژ محەمەدی
چنور مهرپەروەر
رەزیه رەحیمی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت