پەیامی هاوخەمیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی

بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری مام جەلال!
هەڤاڵان، کادیر و ئەندامانی خەباتگێڕی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان!
هاونیشتمانان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

هەواڵی کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی, خەباتگێری ناسراو و نەسرەوتووی کورد، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، دۆستی دێرین و ڕۆژانی تەنگانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێبەرانی ناسراوی حیزبەکەمان و، سەرۆک کۆماری پێشووی عێڕاق؛ لە ناخی دڵەوە خەمبار و بەپەرۆشی کردین.
پەرۆشیی نەدیتنەوەی کەسایەتییەک کە بەسەرهاتی ژیانی ئاوێنەی باڵانوێنی خەباتی نەتەوەکەی بوو، خەمبار لە ژیان‌ئاوایی کەسایەتییەکی کاریزما کە بۆ گەلەکەی هیوا و هۆمێد بوو، خەباتگێڕێکی کورد کە بە خەباتی بەبڕشتی خۆی قەڵەمبازێکی گەورەی بە جێگە و پێگەی پرسی کورد لە باشووری کوردستان دا و ستاتوی کوردی لە هاوکێشەکانی عێڕاق و ناوچەدا بردە سەرێ.
مام جەلال دۆستی نیزیکی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەت شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو، خەمی ئەو هەر سەرخستنی پرسی کورد لە باشووری کوردستان نەبوو، بەڵکوو ڕزگاریی نیشتمانی کوردستان لە هەموو بەشەکان خەمی گەورەی بوو و لە زۆڕ بڕگەی مێژووییدا هەنگاوی بەکردەوەی بۆ ئەو پرسە گشتییە هەڵێناوەتەوە.
خەباتی نەتەوەیی بۆ ڕزگاری لە ژێردەستی، بەربەرەکانی لەگەڵ زوڵم و بیدادی و دیکتاتۆری و، باوەڕ بە ئامانجە بەرزە مرۆییەکان و یەک لەوان عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ئەگەر بەشێک لەو بەها و بایەخانە بوو کە مام جەلال لە هەموو ماوەی ژیانیدا بۆی تێکۆشا و خەباتی بۆ کرد، هاوکات ئەو بایەخانە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ خەبات و تێکۆشانن و، ئەو هاوبەشییە لە بیر و باوەڕی مام جەلال و ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕاتدا شوێنکاری لە سەر زۆر ڕووداوی مێژوویی و خەباتی نەتەوەکەمان داناوە.
بێگومان کۆچی دوایی و نەمانی مام جەلال بۆشایی و کەلێنێکی گەورە دروست دەکا لە نێو بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان بەتایبەت لەو قۆناغە هەستیارەی ئێستادا، چونکی یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرزەکانی مام جەلال کۆکردنەوەی لێک دژەکان لە تەنیشت یەکتری و دیتنەوەی چارەسەر لە هەناوی قەیرانەکاندا بوو؛ کە هیوادارین بە خەم و پەرۆشی گشتییەوە پرسی سیاسیی کورد لە هەرێم لەو قۆناغە چارەنوسسازەدا بەرەو چارەسەری یەکجاری هەنگاو بنێ، چارەسەرێک کە بێگومان خەون و ئامانجی بەڕێز مام جەلالیش بوو.
بە مەرگی مام جەلال کورد یەکێک لە ڕێبەرانی کاریزمای خۆی و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دۆست و پاڵپشتێکی بەوەجی لە دەست دا. بەبۆنەی ئەو پێشهاتە تاڵ و ناخۆشە جارێکی دی لە قووڵایی دڵەوە هاوخەمیی خۆم و هاوڕێیانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بنەماڵەی بەڕێزیان و هەڤاڵانی بەڕێزمان لە یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و هەموو هاونیشتمانان ڕادەگەیەنم.
یاد و بیرەوەریی مام جەلال هەمیشە گەش و هەرمان، ڕوحی شاد و ئامانجەکانی وەدی بێ.

مستەفا مەلوودی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
٣/١٠/٢٠١٧