په‌یامی سه‌ره‌خۆشیی عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده به‌بۆنه‌ی کۆچی دوایی به‌ڕێز مام جه‌لال

ئەندامانی تێکۆشەری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان!
خوشکی بەڕێز هێرۆ خان هاوسەری بەوەفای سەرۆکی لەدەستچوو مام جەلال!
بەڕێزان کاک قوباد و کاک بافڵ جگەرگۆشەکانی نەمر مام جەلال!

هەواڵی کۆچی دوایی خەباتگێڕی مەزن و ڕێبەری هەڵکەوتوو جەنابی مام جەلال منیشی وەک هەمووی ئێوە لەناخەوە هەژاند. مام جەلال وەک تێکۆشەرێکی بەناوبانگ لەوە گەورەترە کە هەر مڵکی بنەماڵەکەی یان حیزبەکەی خۆی بێ. لەدەستچوونی ڕێبەرێکی وا لێوەشاوە و دڵسۆز کۆستی گەورەی هەموو ئازادیخوازانی کورد و هەموو نیشتمانپەروەرانی عێڕاقە. خەڵکی باشووری کوردستان و سەرانسەری عێڕاق دەزانن کە ئەو گەورەپیاوە چ¬نەخشێکی کاریگەری لەبردنەپێشی بزووتنەوەی ئاشتی و ئازادی و تەبایی نیشتمانیی نێوان کوردستانییەکان و عێراقییەکاندا دەگێڕا و هەربۆیەش لە هەلومەرجی دژواری ئەمڕۆدا هەموو لایەک نەبوونی بە خەسارێکی گەورە دەزانن.
پێوەندیی خەباتگێرانە و برایانەی نێوان یەکیەتیی نیشتمانی و حیزبی دێموکراتی کوردستان کە زۆر لاپەڕەی زێڕینی لەمێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورددا تۆمار کردوە بە پلەی یەکەم بەرهەمی هەوڵ¬وتەقەلای بەڕێز مام جەلال و ڕێبەری نەمر دوکتۆر قاسملوو بوو. بۆیە دێموکڕاتەکانیش هەروەک یەکیەتییەکان کۆچی دوایی مام جەلال بە کۆستی خۆیان دەزانن.
بەوبۆنە خەمناکەوە پڕبەدڵ سەرەخۆشی و هاودەردیم پێشکەشی هەمووی ئێوە بەڕێزان و سەرجەم تێکۆشەرانی یەکیەتیی نیشتمانی و هەموو ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی و گەلی کورد بەگشتی دەکەم. ئاواتەخوازم مەرگی مام جەلال هاندەرێکی بەهێز بێ بۆ پاراستن و پتەوکردنی “یەکیەتی ناو یەکیەتی” و یەکڕیزیی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردی باشوور لەم هەلومەرجە ناسکەدا کە ئەم بەشەی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێ. ڕووحی مام جەلال شاد بێ و ئامانجەکانی بەرقەرار بن.
بەحوڕمەتەوە براو دڵسۆزتان عەبدوڵڵا حەسەن¬زادە
٠٣ ـ ١٠ ـ ٢٠١٧