بیروبۆچوونی عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان لە سەر هەل‌ومەرجی ئەمرۆ کوردستان

ئامادەکردنی: ڕەحمان نەقشی
پرسیارەکان:

* هەڵسەنگاندنێک لەسەر هەوڵومەرجی هەنوکەیی نێونەوەیی و رۆژهەڵاتی نێوەراست؟

* هەڵومەرجی ئێستای کوردستان چوون هەڵدەسەنگینی؟

وەڵام: ئەگەر بەو شێوە وڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە کە هەلومەرجی هەنووکەیی نێونەتەوەیی و رۆژهەڵاتی ناڤین لەگەڵ هەلومەرجی ئستای کوردستان چۆنە، دەتوانم بڵێم زۆر گۆراوەو زۆر باشە.
چوون سەردەمانێک کورد کە خەبات و شۆرشی دەکرد بە شاخانەوە هیچکەس دۆست و پشتیوانمان نەبوو، بگرە دەزگای ڕاگەیاندنی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەمێشە هەوڵیان دەدا کە کورد و جووڵانەوەکەی بە گەڵێکی ئاژاوەگێر بە میدایاکانی جیهان بگەیەنن. ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی ئەو سەردەمانە کە لە سەر کورد هەواڵ و ڕێپۆرتاژیان بڵاودەکردەوە وەک خۆی لە قامکی دەست تێنەدەپەری، کە بۆنموونە یەکێک لەو بەڕێزانە کریس کۆچیرابوو، کە ماوەی چەند حەفتە پێش کۆچی دوایی کرد، هەمیشە یادی بەخێر و درەوشاوە بێت لە مێژووی گەلی کوردا.

ئیستا بەخۆشییەوە کورد لە ئاست جیهاندا زۆر بە باشی ناسراوە، دەتوانم بڵێم ڕاگەیاندنی بیسراو بینراو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان نەماوە کە باسی لە سەر کورد و مافەکانی نەکردبێت. هەروەها زۆربەی حیزب ولایەن و ڕێکخراوە گرنگەکانی جیهان لە نزیکەوە بە باشی کورد دەناسن، دەیان ئینیستۆتی جیهانی و دەزگای کۆکردنەوەی زانیاری، دەیان نووسەری بە ناوبانگ، هەموو لە سەر کورد پەرتووکیان بڵاوکردوەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان بەشی تایبەتیان بە کورد هەیە لە بەشی رۆژهەڵاتی ناڤین.

کورد لە پاش کارەساتەکانی هێرشی ٢٨ی گەلاوێژی سوپای پاسدارانی ئیران بۆ سەر رۆژهەڵات، لەگەڵ دەیانکردەوەی تروریستی و کۆمەڵکوژی و لە سێدارەدان و وێرانکاری، گەلی باکور کە بەردەوام لەو پەری ناخۆشی و نا ئارامیدایە و کوشتن و بەندی و کۆسپەکانیان ژیانیان.

گەلی کورد لە باشور، وێرای پرۆسەی ئەنفالی ١٨٢ هەزار نەفەر، وێرای کیمیابارانیی هەڵەبجەو دەیان ناوچەی دیکە، وێرای خاپورکردنی هەزاران گووند و شاروچکە. گەلەکەمان لە رۆژئاوا وێرای نەبوونی هیچ پێناسەیەک، کارەساتەکانی سینەمای ئامودە و گۆرەپانی یاری تۆپی پێێ قامیشلۆ و دەیان کارەساتی دیکە، ئەمانە بە گشتی بە لایەکدا، بەڵام شەری گەلەکەمان لە باشورو رۆژئاوا بە دژی داعش کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێکرد، گەلی کوردی لە تاقیکردنەوەیەکی گرنگی جیهان سەرخست، زیاتر خۆشەویستی جیهان بەرەو لای کورد و دۆزە ڕەواکەی ڕاکیشا. کورد بە جیهانی سەلماند نەک ڕێکخراوی تروریستی نییە، بگرە زۆر دژە ترۆرەو قوربانی دەستی ترۆریش بووە. کەوابێت هەولومەرجی ئیستای کوردستان و جیهان زۆر گۆراوەو ئەگەر نە ترسانە هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنرێت شانس و هەلەکان زۆر لە جاران زیاتر و باشترن.

* باکوور و رۆژئاوایی کوردستان؟

* باکوری کوردستان:

وەڵام: هەروەک دەزانین لە باکور خەبات و بەرخۆدانی شاخ و شار بەردەوام، ڕێژیمی تورکیا لە سەرەتاوە دەیویست نکۆڵی لە بوونی زیاد لە ٢٥ ملۆین کورد بکات، بەڵام خۆراگری ئەم گەلە قارەمانە، هەم لە ناو باکور، هەم لە ئیستنەبوول و ئەنقەرەو شارەکانی دیکە، هەم لە پایتەختی وڵاتانی مەزنی جیهانی وایکرد، کە تورکیا تووشی لەرزانێکی زۆری دیپلوماتی و سیاسی و ئابوری بکات. بۆیە تورکیای ناچارکرد کە چەند لە سەد % گۆرانکاری لە خۆیدا بکات، بە ناچار دان بە بوونی زمان و ڕەسەنایەتی کوردا بنێت، وەک کردنەوەی کاناڵێکی فەرهەنگی بە ناوی تەرەتە، هەروەها کردنەوەی ڕادێوی کوردی، موڵەتدان بە هیندێک ناوەندی کوردی، سەرەڕای ئەمانەش دەستیکردووە بە گرتنی دەیان رۆڵەی هەڵبژێراوی ئەم گەلە لە ناو پەرلەمانی تورکیا، کەو ئەو کەسانە شێلگیرانە و نەترسانە لە پەرلەمانەکەی تورکیا داوای مافی گەلەکەیان دەکرد. بیانووی ئەوەیان لە تورکیا بریبوو، ئەگەر حکومەتەکەی ئەردوغان خەباتی چەکداری شاخ بە خراب و تاوان دەزانێت، با بێت بە خەباتی مەدەنی و ناوخەڵک لە شارەکانی باکوری کوردستان مافەکانی گەلی کورد قبووڵ بکات. بەو هەموو گرتن و کوشتن و میلیتاریزەکردنی ناوچەکانی کوردستان بەڵام خەبات و خۆراگری بەردەوامە، بە تایبەت خەبات لە ئاست وڵاتانی دەرەوە فشاریكی زۆری نێونەتەوەیی بۆ سەر تورکیا دروستکردوە، بێبەشکردنی مافەکانی گەلی وای لە تورکیا کردوە کە ئەندامەتی لە یەکێتی ئوروپا ساڵ بە ساڵ کۆسپی زیاتری بێتە سەر ڕێگەو داواکەیان رەدکرێتەوە. بێگومان درێژەدان و بەردەوامی بەو شێوە سەرکەوتنی مەزنی بە شۆیندا دێت.

* ڕۆژئاوای کوردستان:

وەڵام: لە درێژایی تەمەنی حاکمیەتی حیزبی بەعس لە سوریا و ڕێژیمەکانی پێشتریش دانیان بە بوونی کورد لە وڵاتەکەیاندا نەدەنا، کوردیان بە پەنابەرەو کۆچپەر دەناسی، هەربۆیەش لە پێناسەو ڕەگەزنامەی سوری بێبەش بوون، تووشی دەیانکارەساتی دلتەزێن بوون، بێجگە لە هەموو سزادانێکی مرۆڤایەتی و جسمی، زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانیان بە عەرەب (تەعریب)کرد، لە هەر گووندێکی ڕۆژئاوا نیوەی کراوە بە عەرەب، زەوی و زارو کشت و کاڵیان تەواو تێکەڵکراوە. کۆسپێکی زۆری سیاسی و جۆگرافیاییان بۆ دروسکردوە.

لە پاش دەسپێکردنی ڕاپەرینی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بە سوریاشەوە لە ژێرناوی بەهاری عەرەبی، گۆرانکارییەکی زۆرباش بۆ گەلەکەمان لەو بەشە هاتە ئاراوە، زۆربەی ناوچە کوردستانیەکان ئیستا بە دەست کورد خۆیەتی، بە شێوەی کانتۆن هەر پارێزگایەکی کوردستان کاروباری ئیداری خۆی بەڕێوەدەبات، هەرچەند جێگەی ڕەخنەیە کە دەسەڵات لەو بەشەش یەکگرتوو نییە، و لایەنی بەرامبەریان کە ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردستانی سوریا (ئەنەکەسە) لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە، بەڵام بە گشتی کورد لەو وەزعەی جارانی ڕزگاری بووە و ئێستا وەک هێزی دووەم لە ناوچەکە حسابیان لە سەر دەکرێت، هەر لە سەردەمی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی سوریا، بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری دیکتاتۆری سوریا، لە ڕێگەی پەرلەمانەکەیانەوە ڕایانگەیاند کە ئامادەن پێناسەی سوری بوون بە کوردیش بدرێت، هەرچەند من وەک نووسەی ئەم باسە ئاواتەخوازم کە هەرگیز کورد هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو ٤ وڵاتە داگیرکەرەی کوردستان بەبێت، و هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا کورد هەڵگری پاسپۆرتێکی کوردستانی بێت.

هیوادارم کە هەموو لایەنەکانی سیاسی کوردی لە رۆژئاوا مافی کاری سیاسیان پێبدرێت، و لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیمۆکراتدا نۆێنەرانی خۆیان هەلبژێرین، بتوانن دەسەڵات تا ئاستی سەربەخۆیی یا هەر شێوەیەکی دیکەی بۆ خۆیان بەگونجاوی دەزانن دروستبکەن.

* باشووری کوردستان و ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی؟

وەڵام: باشوری کوردستانیش سەدانساڵە لە خەبات و تێکۆشاندایە، بە تایبەت لە سەردەمی دروستکردنی حکومەتی ئێراق لە ساڵی ١٩٢١، کە لەوێدا بەداخەوە دەسەڵاتی ئەو کاتی بریتانیا بەڵێنیەکەی خۆی کە قەراربوو حکومەتێکیش بۆ کوردەکان دروستبکات بە سەر نەبرد، و کوردی بە زۆر خستە سەر ئێراق، تا روخانی ڕێژیمەکەی بەعسی سەدام حسین بەردەوام بووە، ئەلبەت لە ساڵی ١٩٩١ لە خۆپێشاندانی جەماوەری گەلەمان لەو بەشەی کوردستان دامو دەزگاکانی بەعس بە دەرنران، تا ساڵی ٢٠٠٣ بێجگە لەو کەرکوک و شنگال و خانەقین و هیندیك ناوەچەی دیکە، دەسەڵات هەر بە دەست کوردەوە بووە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ سەرەوە تەکانێکی دیکەی نێودەوڵەتی بە کورد درا لەو بەشەدا. ئەم پرۆسە پێش باس لە دەسکەوتە گرنگەکانی بکەین، پێویستە ئەوە بزانین کا تا رۆژی جێبەجێکردنی دەنگدانەکە واتە تا ٢٥ی سەپتەمبەر، چاوەروانی چەندین پلانی مەترسیدار لە لایەن دەزگای سیخوری ٤ وڵاتی داگیرکەرەوە دەکرێت.

باشوری کوردستان بەرەو هەنگاوێکی گرنگ کە ڕاپرسی گەلە لە ٢٥ ی سەپتەمبەردا خۆی ئامادە دەکات، ئەم پرۆسەش مەترسیەکی زۆری بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ٤ وڵاتی داگیرکەری کوردستان دروستکردوە. بێگومان دەزگا ئەمنی و داپڵۆسێنەرەکانی ئەم وڵاتانە بە چرو پری کەوتوونەتە زەربە لێدان و کۆسپ دروسکردن بۆ ڕاگرتنی ئەو پرۆسەیە.

کۆماری ئیسلامی ئێران باش دەزانێت ئاکامی ڕێفراندۆمەکە چۆنە، ئەوان دەزانن کە بێجگە لەوەی کە زیاد لە ١٢ملۆێن کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان فشارەکانیان بۆ سەریان زیاد دەکەن، هاوکات٤ نەتەوەی دیکەی وەک بەلوچ، عەرەبی ئەحواز، ئازەری و تورکمەنسەحرایی، کە ئەوانیش وەک کورد لە لایەن ئێرانەوە خاکیان داگیرکراوە، شانبەشانی کورد دەکەونە جووڵەوە، ئیدی پرۆژەی درێژخایەنی ئیمپراتۆری فارسی بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین دەکەوێتە مەترسییەوە.

تورکیا بە بوونی ٢٥ میلۆین کوردو چەند ملۆین لە نەتەوەی دیکە مەترسی لە دەستدانی خەیاڵی زیندووکردنەوەی سەردەمی سوڵتان عوسمانی لە بەین دەچێت.

سوریا بە نکۆڵیکردن لە زیاد لە٣ ملۆین کورد لە رۆژئاوای کوردستان، سەدان هەزار ئاشوری و نەتەوەی دیکە، دروشمی کۆماری عەربی سوری، ماکەی بەعسی عەفلەقی دەکەویتە مەترسییەوە، و هەروەک خەونی بیلادی شامەکەی ١٠٠ساڵ پێشی، دیسانەوە ٣ وڵاتی دیکە لە ناوچەکە زیاد دەکرێن، ئیدی مێژووە دێرینەکەی تەواو ژێرگڵ دەبێت.
ئێراقی ئیستای بە ناو وڵات و بە ناوەرۆک وڵاتی فرە ئاین و فرە تیرەو هۆزەوە، کە هەر١٠٠ کیلومیترێکی بە دەست حیزب و ئاین و تایفەیەکەوە، کەچی بە دژی سەربەخۆیی و ڕێفراندۆم، خۆیان بە حکومەت دەزانن، باس لەوە دەکات کە ئەگەر کوردەکان بریاری سەربەخۆبدەن، دەڵێن قبووڵ ناکەین وڵاتەکەمان ببێت بە ٣ بەشەوە، ئاشکراشە کە بریاردەری یەکەمی بەشی زۆری وڵاتی ئیستای بە ناو ئێراق، قاسم سلێمانیەکەی ئێرانە.
کەوابێت وبە پێێ ئەزموون و مێژووی سەدانساڵەی پێشووشمان، لەوە دڵنیاین کە ئەم وڵاتە داگیرکەرانە بە هەموو شێوەیەک لە بۆسەدان بۆ لێدانی ئەم پرۆسەیە، هەم لە ئاست ناوخۆی کوردستان و هەم لە ئاست وڵات و زلهێزانی جیهانیشەوە.

کە بە شێوەی خوارەوە ئاماژە بە هیندێک لەو مەترسییانە دەکەم.

١- هەوڵدان بۆ زیاتر و قووڵترکردنی قەیرانی سیاسی نێوان لایەنەکانی کوردستان، دۆزینەوەی زۆر ڕێگەی دیکەی مەترسیدار بە دەسیسەی ئەوان بۆ بەهێزکردن و پەرەسەندنی ناکۆکیەکان، وەک مەترسی تەقینەوە لە شارو ناوجەو بنکەی سەرکردایەتی حیزبەکان ڕوو بدات، بۆ ئەوەی شک و گومان بخەنە سەر یەکتر و دیسانەوە شەری ناوخۆیی سەرهەڵبداتەوە، و بۆ دەیانساڵی دیکە لەو خەونە دوورمان بخەنەوە.
٢- هەوڵدەدەن بۆ زیاتر لاوازکردنی ئابوری کوردستان، ئابڵووقەدانی ئابوری کوردستان لە ئاست جیهان و سنوورە دەستدروستەکانەوە، بۆ ئەوەی خەڵک لە نائۆمێدی و نەداری پشت لە پرۆسەی دەنگدان بکەن.
٣- بەستنی سەرچاوە ئاوییەکان، سنوورە بازرگانییەکان، کە لە سنوورەکانی نێوان باشوری کوردستان لەگەڵ هەر سێ بەشە داگیرکراوەکەی دیکەی وەک رۆژهەڵات، باکورو رۆژئاوادا هەیە. کە هەر لە ماوەی ئەم ٣ حەفتەیە هیندێک لە مەترسیەکانی ئاو لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستێپێکردوە، و چاوەروانی بەغداو ئەنکەرەو دیمشقیش بن، وا بزانم کۆسپی زۆریش ئیستا بۆ سەر ئاوی ئەڵوەن لە لایەن بەغداوە دەستی پێکردوە.
٤- هەوڵدەدەن بۆ گوومان دروستکردن لە سەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ناشیرین کردنیان لە پێشچاوی شەقامی کوردی، وەک تۆپبارانکردنی سنوورە دەستدروستەکان، ئاگر بەردان لە کێلگەو باخ و بیستان و سەر شاخەکانی گووند نشینان بۆ ئەوەی کێشە لە ناو خەڵکەکە بۆ خۆی دروستبکات. هەروەها ناردنی خۆراک و پێداویستی ژەهراوی بەسەرچوو، دەیان و سەدان و هەزاران ئەگەری دیکەی چاوەرێکراو.
٥- مەترسی دیسانەوە هێنانەوەی گروپێکی دیکەی هاوشێوەی داعش بە ناو و بەرگی دیکەوە، بە مەبەستی نائارام کردنی کوردستان، یان دروستکردنی گروپێکی تووندڕەو پر ئیمکانات هەر لە ناو باشوری کوردستان بۆ نائارام کردنەوەی ناوچەکە، تا دیسانەوە دەزگا تۆقێنەرەکانی وڵاتانی داگیرکەر، لە ناوچەکانی کوردستان تاوتاوان بکەن و بە ویستی خۆیان بکوژن و خەڵک دەربەدەر بکەن، هەر وەک نموونەی ساڵی نەوەدەکان، ئیدی دیسانەوە نائۆمێدی سەرهەڵبداتەوە.

چارەسەری: کەوابێت پێویستە هەم لایەنە سیاسیەکان زۆر بە قووڵی بیر لەم مەترسیانە بکەنەوە، و زۆر پەلە ئاشتەوایی گشتی ڕابگەیەنن و دەست لە نێو دەست دژی ئەم پلانە مەترسیدارانە بووەستنەوە، چوون بێگومان تێپەرکردنی پرۆسەی ڕێفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی لە هەر بەشێکی کوردستان، بێ کۆسپ و تەگەرەی مەترسیدار نابێت، بەڵام خۆراگری لە بەرامبەر هەموو تەگەرەکاندا و تێپەرکردنی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی، تەنیا یەکێتی و یەکریزی گەلی کوردە.

* وەک کەسایەتی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دید و بۆچوون و هەڵسەنگاندنت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە چێیە:

* شۆڕشی گەلانی ئێران و کورد

وەڵام: گەلەکەمان لە پاش تێکچوونی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان، و لە سێدارەدانی شەهید پێشەوا وەک یەکەم سەرۆککۆماری مێژووی گەلی کورد و هەڤاڵانی، ئیتر ئەو بەشەی کوردستان تووشی نەهامەتی و گرتنی دەیان تێکۆشەری سیاسی بووەوە، ڕێژیمی پاشایەتی ئێرانی لە رێگەی دەزگای ساواکی ئەو سەردەمە، ئەوپەری هەوڵیدەدا کە هەر جۆرە سەرهەڵدانێکی سیاسی و مەدەنی کورد لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدایە، بە هەر جۆرە تێچوونێکی سیاسی و مادی بایە دژی ئەو جووڵانەوە هەنگاوی دەنا. شەهید بوونی دەیان تێکۆشەری دێرینی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەتی ئەو مێژووەن. بە سەر هەڵدانی شۆرشی گەلانی ژێر دەستی ئێران، گەلی کوردیش وەک گەلێکی زوڵم لێکراوە بە جۆش و خرۆشەوە لەو شۆرشە بەشداریکرد، و خومەینی پێش هەموو گەلێک بەڵێنی بە گەلی کورد دا کە لەشۆرشی بە ناو ئیسلامی ئێراندا مافی کورد پارێزراوبێت. هەر بۆیەش کوردەکانی رۆژهەڵات ئەمجارەش نیمچە بروایەکیان بەو بەڵێنیانەی خومەینی کرد. کەچی کاتێک خومەینی و رێژیمەکەی دەسەڵاتی تەواویان بە سەر ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا گرت، هێزی سوپاسی پاسدارانیان دروستکرد و یەکەم کاری هێزەکەیان هێرش بردنە سەر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە هەزاران کەس شەهید و قەتڵ و عام کرا. بە سەدان هەزارار ئاوارەو بە ناچاری دەربەدەر کران. دیسانەوە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە شێوەی شۆرشگێری لە سەر شاخەکانی کوردستان دەستی پێکردەوەو تا ئیستاشی لەگەڵ بێت هەر درێژەی هەیە. ئەم بە سەرهاتە وانەیەکە کە چی دیکە نابێت گەلی کورد وا تێبگات بە گۆرینی هەر ڕێژیمێک لە ناوچەکە ئەوە ئیدی کیشەی کورد چارەسەر بووە. من پێموایە پێوسیتە گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە ئیستاوە لە تاراوگە بەرەیەکی هاوبەش دروستبکەن، هەروەها حکومەتی کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگە دروستبکەن، بۆ هەر ئەگەرێکی پێشهات لە ناوچەکەد،ا با ئەو کات لە سفرەوە دەست پێنەکەینەوە.

* نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئیران و کورد.

وەڵام: ڕێژیمی ئێران بێجگە لەوە وڵاتێکی دیکتاتۆر و مەترسییە بۆ سەر ئاشتی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، باس لە بوونی زۆر چەکی مەترسیداری لە سەر دەکریت، هەروەها داگیرکەری خاک ونیشتیمانی چەندین نەتەوەی دیکەیە، کە نەتەوەی کورد یەکێکە لە نەتەوە خۆراگر و بەرچاوەکان.

جاران خەبات و بەرخۆدان هەر لە ناوچە کوردستانیەکان بەردەوام بوو، بەڵام نەتەوە بندەستەکانی دیکەی وەک عەرەبی ئەحواز بەلوچ، تورکمەن سەحرایی، تورکی ئازەری وگیلەک و هی دیکە، ئەزموونیان لە خۆراگری گەلی کورد وەرگت، زۆربەشیان لە هەشتاکانی میلادی بنکەو بارەگاکانیان لە کوردستان بوو. هەر بۆیە دروستەکەی ئەوەیە کە لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران دروستبکەن، بۆ بەرەنگاربوونەوە لە ئیمپراتۆریەتی فارسی لە ناوچەکەدا کە مەترسیە بۆ سەر هەموو لایەک.

* وه‌زعی ئێستای ئێران به‌ گشتی داهاتووی كۆماری ئیسلامی ئێران؟

وەڵام: کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەندە خرابکاری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بە جێگەیاندووە، بە تەواوی جێی لێ خێش بووە، کێشەکانی ناوخۆیان خەریکە زیاتر دەبێت، زۆر لە ئاخوندەکان دەیاننەوێ لەم کۆتایای تەمەنی ڕێژیمەکە خۆیان پاککەنەوەو وانیشان بدەن کە گوایا ئەوان نەیاری سیاسەتی ئیستای ویلایەتی فەقێن. هەروەها دەستێوەردانی لە وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی، ئەو کردەوانەی رێژیم وایکردوە کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی رق و کینەکانیان بەرامبەر ئەم رێژیمە زیادی کردوە. هەر بۆیەش بە رەیەک بە سەرۆکایەتی عەربستانی سعودی دروستبووە. هەروەها زۆربەی وڵاتانی زلهێزی جیهانی لە کردەوەکانی ئەم رێژیمە تەواو بێزاربوون، جاران بەرژەوەندی ئابوری و هیدیکە وایدەکرد کە بێدەنگ بن، بەڵام ئێران هەموو سنوورەکانی سیاسی و دیپلوماسی بریوەو بۆیە تەمەنی زۆری نەماوە. بێزارییەکی یەکجار زۆر لە لایەن نەتەوە بندەستەکانی وەک کورد، بەلوچ، عەرەبی ئەحواز، تورکمەن سەحرایی، گێلەکی، ئازەری و هیدیکە دروستبووە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی نزیک بە٤٠ ساڵ تەمەنیان هەزاران بەڵێنی درۆیان بە گەلی کورد و گەلانی دیکە داوە، بە تایبەت لە کاتی سینیارێوی بە ناو هەڵبژاردندا. ئیدی گەلی کورد و گەلانی دیکە تەواو لەم رێژیمە بێزارن و چاوەروانی هەر پێشهاتێکی پشتیواندارن، تا برژێنە سەر شەقام و رق و کینەی ٤٠ ساڵەیان بەم ڕێژیمە برێژن.

هەروەها لێکدانەوەیەکی دیکەش هەیە، کە دەڵێن هیچ ڕێژیمێکی دیکتاتۆری لە ناوچەکە تەمەنی لە ٤٠ ساڵ زیادی نەکردوە، ئەوەی ئێرانیش ساڵێکی و شتێکی ماوە بۆ ئەو ٤٠ ساڵە.

* ئیداره‌ی سیاسیی ئێرانی لە داهاتوو؟

وەڵام: من پێموایە تا بوونی فارس لە دەسەڵاتدا هەبێت هەرگیز دان بە مافی هێچ نەتەوەیەکی دیکەدا نانرێت، هەر بۆیە ڕێژیمەکانی پێشوو ئیستا و داهاتووش هیچ دڵخۆشییەکی بۆ نەتەوەکان بە تایبەت کورد نییە. ئیدی نابێت جاریکی دیکە کورد فریوی قسەی ئوپوزوسیونەکانی ئیستای بە ناو دژی کۆماری ئیسلامی لە تاراوگە ببن. ئەوان زۆر تووندترن لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاست مافەکانی چارەی خۆنووسی گەلی کورد و گەلانی دیکە. هەر ئەوانەی بە ناو ئوپوزوسیونن نە تەمەنی خەباتیان بە قەت خەباتی گەلی کورد، نە ژمارەی ئەندامیان بە قەت ئەندامانی حیزبەکانی کوردییە، نە ژمارەی شەهید و قوربانیەکانیان، کە چی لە تاراوگە وەک حکومەت و خاوەن دەسەڵات بە سەر کورددا خۆیان نیشان دەدەن، زۆر زۆر بە داخەوە هیندێک لایەنی کوردیش زۆر لێیان دەچنە پێشەوە ئەوانیش بە کەمبوودی وەردەگرن.

* دروشمی روخانی ریژیم

وەڵام: من پێموایە کێشەی کورد تەنیا پێوەندی بەرووخانی ڕێژیمە داگیرکەرەکانەوە نییە، چوون زۆر گۆرانکاریمان لەو ڕێژیمانە دیتووەو کە هاتوونەتە سەر حکوم لە رێژیمەکەی پێشووتریان خرابتر بوون، نموونەی ئیستای بەغدا کە لە پاش ڕێژیمەکەی بەعسی ئیراق و هاتنە ئارای ئێراقی نۆی، کە چۆن بە سەرپەرەستی ئێران دژایەتی کورد دەکەن، ئەگەر تۆ ! هاتنە سەر کاری ڕێژیمەکانی نۆی بە دیمۆکراتی ناو ببەی و خۆت بکەی بە هاوبەشی ئەو ڕێژیمە، ئیدی کە باس لە دیکتاتۆریەتی بکەی پشتیوانی نێونەتەوەیی لە دەستدەدەی، بە بۆچوونی من کێشەی خۆمان تێکەڵ بە کێشەی رووخان یا گۆرانکاریی لە ڕێژیمی فارسان نەکەین، ئەگەر هەر زۆر فشاری
نێونەتەوەییمان لە سەر بێت بۆ مانەوە لەگەڵ ڕێژیمی داگیرکەر، لانیکەم و بە ناچاری بۆ ماوەیەکی کاتی بە کۆنفیدراڵی لەگەڵیان بمێنینەوە.

* به‌ره‌ى کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان

وەڵام: بەرەی کوردستانی بۆ رۆژهەڵات لە سەرەوەی هەموو پێویستییەکانی ئەمرۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. دەیانساڵە هەر لایەنە و لای خۆیەوە باسی ئەکات، بەڵام کەس بە کردەوە هەنگاوی بۆ نانێت. هەر کەسەو بیانوویەک دەدۆزێتەوە. لەو ماوە زۆر هەوڵدرا بەڵام بە داخەوە هەوڵەکان تا ئیستا نەزۆک دەرچوون. هیچ گوومان لەوەدا نییە کە دەبێت رۆژێک لە رۆژان ئەو بەرەیە پێکبهێنرێت، بەڵام باشتر وایە لە تاراوگە ئەو بەرەیە دروستبکرێت، بۆ ئەوەی هەر گۆرانکارییەک هاتە ئاراوە بە پەلە کۆنەبینەوەو بیر لە شتی هاوبەش بکەینەوە، یا خوای نەخواستە پێچەوانەکەی روو نەدات و شەری ناوخۆیی لێ بێتەوە. بەو هیوایە یەکێک لە حیزبە دێرینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن خۆیەوە بە دڵێکی کراوە تر مێژوویەک بۆ خۆیان تۆمار بکەن، و لە بارەگای خۆیاندا میوانی و بانگەشە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی گشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

جارو بار دەبیسین و دەبینین کە برێک لایەن کە هیندێک خاڵی هاوبەشیان هەیە پێکەوە کۆدەبنەوەو باسی خاڵی هاوبەشیان دەکەن، بەڵام چەندین لایەنی دیکە هەیە پشتگۆیی دەخەن و باسی لێوە ناکەن، ئەو فەرهەنگی پشتگۆی خستن و بە کەمزانین لایەنی دیکە ئەزموونی خرابی هەبوو لە مێژوودا، هەروەها کاردانەوەی خرابیشی لێ دروست دەبێت، کە گەل و شەقامی کوردی پێێ بێزار دەبەن.

* پێشمەرگە و خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان

وەڵام: من لەو بروادا نیم کە هیچ کوردێک حەز بکات بە چەک و سەربازی بۆ گەرانەوەی ماف و خاکەکەی خەبات بکات، بەڵام وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز ئاشتیخواز و ئەهلی دیالۆگ نییە، نا ئارامی و ئاژاوەگێری ئەو ڕێژیمە بووەتە هۆکار ناچارکردنی هەڵگرتنی چەک هەڵگرن و شاخەکانی کوردستان بکەنە قەڵغانی خۆ پاراستن لە پەلامارەکانی داگیرکەرو دوژمن. هیندێک لایەنی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بریاری هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکدارییان داوە. و ئەوەش پێوەندی بە سیاسەت و بریاری خۆیانەوە هەیە.
بەڵام بە بۆچوونی ئێمە لە ئیستادا و لە بواری تەکنیکی نیزامییەوە ناردنەوەی پۆلێک پێشمەرگە بۆ ناو رۆژهەڵاتی کوردستان، بە بوونی ئەو هەموو ئامێرە سەربازی و جاسووسیەی رێژیم لە ناوچە کوردییەکاندا، و پێشکەوتنی تەکنولۆژیا و بڵاو بوونەوەی تەلەفونی زیرەک لە هەموو شۆێنێکی کوردستان. کاری وایکردوە کە ئاسانکاری بۆ دەزگا سیخورییەکانی ڕێژیم دروستبکات. ڕێژیم و نۆکەرانی زۆر زوو شۆێن و پێی پێشمەرگە دەبینەوە. هەر وەک دیتمان لەم ٣ ساڵەی ئاخرەوە کە پێشمەرگە هاتووچۆی ناوخۆیان کردوە، مخابن ئەگەر بەراوردی بکەین بە دەستکەوتی سیاسی و سەربازی، ژمارەی شەهیدەکان زیاتر بووە. جا بۆیە پێموایە ئەو حیزبە بەرێزانە پێداچوونەوە بەو شێوە خەباتەیان بکەن و هۆکاری ئاشکرابوونی شۆێنی پێشمەرگە لە ناوخۆ لە چیدایە، بۆ ئەوەی جاریدیکە کارەساتە دڵتەزێنەکان دووپات نەبنەوە.

* بایكۆتی هەڵبژاردنەکان لە ئێران؟

وەڵام: لە ناو ئێراندا شتێک بە ناو هەڵبژاردن بە ماناو مەفهوومە سیاسی و دیمۆکراتیەکەی بوونی نییە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر سیستەمی ویلایەتی فەقێ دروستبووە، تا ئەو ڕێژیمەش تەمەنی هەبێت هەر بەو سیستەمەش درێژە بە حوکمداری خۆی دەدات، ئەو شێوە سیستەمەش هەرگیز ناتوانێت گۆرانکاری لە خۆیدا بکات، یا گۆرانکاری بەرەو ڕەوتی دیمۆکراتی و مافی خەڵک دروستبکات. ئەوەی کە بە ناو هەڵبژاردنە هیچ بنەمایەکی دیمۆکراتی و مافی شارۆمەندیی تێدانیە. تەنیا ڕێگە خۆشکراوە بۆ کۆمەڵێک کەسی تایبەت بەخۆیان کە لە ژێر ناوی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی هەرکام لەو کەسانە مەبەستەکانی ڕێژیم جێبەجێ دەکرێت. هەموو ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەک سەر بە ڕێژیم یا دەزگا ئەمنییەکانیان نەبن بە هیچ شێوەیەک قبووڵیان ناکەن خۆیان بپاڵێون، هەر کاندیدێک دەبێت لە ڕێگەی٤ فیلتەری جیاوازی ئاخوندانەوە پێداچوونەوە بۆ پەسەندکردنیان بکرێت، جا ئەو کات بە ئەرێنی یا نەرێنی وەڵامیان پێدەدرێتەوە. هەروەها قەدەغەبوونی هەر لایەنێکی سیاسیش کە لە ژێر سێبەری ویلایەتی فەقێ نەبێت، ئەمانە هەموو بەڵگەی بەرچاو حاشا هەڵنەگرن. هەر وەک دەبینین کە جیاوازییەکانی سەرۆککۆمار بە دوای یەکدا ئەوەیە کە ژمارەی لە سێدارەدانەکان و هەژاری و نەداری لە پێشووتر زیادتر دەبێت، وەک دوا نموونەش بە هاتنی حەسەن ڕۆحانی بە هەمان شێوە هەر لە ساڵی یەکەمەوە ژمارەی لە سێدارەدانەکان زیاتری کرد، بگرە کوشتنی کۆڵبەرانیشی پێوە زیاد بووە. ئەوانەش کە پۆستی سەرۆککۆماریان پێدەدرێت ناتوانن سەربەخۆ دەسەڵاتی خۆیان بە کاربێنن، هەموو شتێکیان لە لایەن مەجلسە تایبەتەکانیان بۆ دیاری دەکرێت و بێپرسی ئەوان هیچ شتێک پێش ناچێت. کەوابێت هیچ سەرۆکێک ناتوانێت خۆی بریار بدات، و تەواوی ئەو قسانە
پێش هەڵبژاردن دەکرێت تەنیا بۆ ڕاکێشانی خەڵکە بۆ سەر سندووقی دەنگدان.

* وتووێژ و دانوستاندن؟

وەڵام: ڕوونبووەتەوە کە ئەم ڕێژیمە هەرگیز ئەهلی دیالۆگ و دانووساندن لەگەڵ نەیارانی ڕێژیمەکەی خۆیدا نییە، تەنیا پێشەی ترور و کۆشتن و کۆسپ دروستکردنە لە سەر دیمۆکراتی وئاشتی، من بە داخم کە جار و بار هیندێک کەسایەتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی ئاشتی لەگەڵ ئەم ڕێژیمە دەکات، یا بیر لەوە دەکاتەوە کە سەنگەری خەبات بە مەدەنی ببرێتە تاران؟ نازانم ئەم جۆرە بیرکردنەوە لە سەر ئەساسی کام خاڵی باشی کۆماری ئیسلامی سەریهەڵداوە تا بەو شێوە بیری لێبکەینەوە، کوردیش زۆر نموونەی ناخۆش و دڵتەزێنی لەگەڵ ئەم مرۆڤکوژانە و لە ژێر ناوی دانووساندن هەیە، نابێت ئەو ئەزموونە تاڵانە جارێکی دیکە دووپات ببنەوە.

* خەباتی مەدەنی میكانیزم‌ و میتۆده‌كانی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌؟

وەڵام: مێژووی هەر نەتەوەیەکی وڵاتداگیرکراوی پێشووی ئێمە لە جیهاندا، فێری زۆر ئەزموونی کردوین، کە خەباتکردن بەرامبەر بە داگیرکەر تەنیا کاری لایەنە سیاسی و سەربازیە کوردییەکان نییە، بگرە کۆمەڵگای مەدەنیش دەتوانێ رۆڵی سەرەکی هەبێت بۆ فشاردروستکردن لە ناوخۆدا. من پێموایە دەبێت هێزە کوردستانیەکان پشتیوانی تەواو بکەن لە خەباتی مەدەنی و هاوکار و هاندەریان بن. وەرزشکاران، پزشکان، پیشەسازان، ئەندازیاران، ڕۆشنبیران، هەر کام لەوانە دەتوانن بە دروستکردنی سەندیکای تایبەتەوە هەمیشە بە شێوەیەکی مەدەنی فشار بۆ ڕێژیمی داگیرکەر بێنن بۆ باشترکردنی بواری ژیانیان. پێشکەوتنی کۆمەڵگا بە شێوەی خەباتی مەدەنی باشترین ئاسانکارییە بۆ دروستکردنی نەوەی سەربەخۆخواز لە داهاتوودا.

* تیرۆریزم بە گشتی و تیرۆزیزمی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی رێبەرانی کورد؟

وەڵام: وەک لە سەرەوە باسمان کرد، کە ئەم رێژیمە لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە هەوڵی ترورکردنی سیاسی و ئازادیخوازانی کورد و نەتەوەکانی دیکە بووە، لە کوردستان کردەوەی تروریستی یەکجار زۆری ئەنجامداوە، کە بەرچاوترینیان٢ سەرکردەی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەهیدان دوکتۆرعەبدولرەحمانی قاسملوو کە لە ١٩٨٩ لە ڤیەنای پایتەخیی ئوتریش، زۆر نا مرۆڤانەو لە ژێر ناوی دانووساند ترۆر کران، و پاشان بە سەودای دوو لایەنانە بکوژان ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کرانەوە. هەروەها شەهید دوکتۆر سەعید شەرەفکەندی. کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، بە دەستی ترورستەکانی کۆماری ئیسلامی و بە سەرپەرەستی ڕاستەوخۆی تاوانبار عەلی فەلاحیان وەزیر پێشووی دەزگای داپڵۆسێنەری (ئیتلاعات) ی ئێران ترور کران، کە بە هۆی لێهاتووی و پێداگری و دادوەری بەرلین، ئەوە بوو کە دادگا بکوژانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کرد و حکومی بە سەردا سەپاندن، بە شێوەی غیابی ئەو سەرکردانەی ڕێژیمیش کە دەستیان لەو تاوانە هەبوو حوکمدران، مووڵەتی هاتووچۆیان بۆ دەرەوە لێقەدەغەکرا، وەک ئابرووچوونێکی ڕێژیم لە ئاست جیهان دەنگی دایەوە.

* هۆکاری جیابوونەوە و دابرانی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و میکانیزمی یەکگرتنەوە و تێکەڵبوونەوەیان؟

وەڵام: ئەوەی کە من لە تەمەنی سیاسی خۆم لە رۆژهەڵاتی کوردستان دیتوومە، هیچ جیابوونەوەیەک هۆکاری سیاسی نەبووە، مەسەلەن لایەنێک ڕاست نەبووەو لە باڵی چەپ جیابووبێتەوە یا هەر ئایدولووژیایەکی دیکە، هەموو کێشەکان پێکەوە نەسازان بووە، یا فڵان سەرکردە حەزی لە فڵان نەکردوە، یا ناوچەگەرایی لە ئاستی دەسەڵاتی سەرەکی حیزبەکان، هەر یەکەو بۆ خۆی گروپێکی بە دژی ئەو دروستکردوەو لە کۆنگرە و کۆنفرانسەکانیان بەرامبەر بە یەک بە کاریان هێناوە. بەو هیوایە یەکگرتنەوە لە نێو لایەنەکان بە تەواوی و بە کردەوەیی بێتە ئاراوە.

* هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی ئێران تاچەندە لە بەرژەوەندیی كورد دایە؟

وەڵام: ئەوانەی کە خۆیان بە ئوپوزوسیونی سەرتاسەری ئێرانی دەناسن بیروبۆچوونیان سەبارەت بە گەلی کورد و مافی چارەی خۆنووسی لەگەڵ ڕێژیمی ئیستای ئێران هیچ جیاواز نییە، هەموویان بەو شەرتە کوردیان قبووڵە، یا وەک بەزەیی باسی تۆزێک خودموختاری بۆ کورد دەکەن کە کورد خۆی بە ئێرانی رەسەن بزانێت. ئەگەر بلێێ نەتەوەیەکی جیاوازم یەکسەر بەرامبەرت هەڵویست دەگرن، وەک نموونە لە ماوەی ٢ حەوتوو ی پێشوودا من لەگەڵ گۆڤار و تەلەفزۆێنێکی عەرەبی لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوپێکەوتنم هەبوو، باسی جیاوازی نەتەوەتت و ژمارەی کوردی رۆژهەڵات و پێکهاتەی جۆگرافیاییم کردبوو، یەکسەر کەسێک کە هەمیشە خۆی بە دۆستی کورد دەزانێت و سەرکردە کوردەکانیش زۆر بە شاخ و باڵێدا هەڵدەدەن و بگرە تەلەفزۆێنەکانی خۆشیان خستبووە ئیختیاری، بە تووندی وڵامی منی دایەوە، داواش لە سەرکردەکانی کۆمەڵەکان و دیمۆکراتەکان کردبوو کە بەرامبەر ئەو بۆچوونەی من هەڵویستیان هەبێت، ئەمە نموونەی پیاوە هەرە چاکەکانیان. بۆیە لە دیدی منەوە لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان باشترە کە گرنگی بە پێوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی بندەست لە ئێران دروست بکەن، نەک لایەنە سەرتاسەری خوازەکان.

* سیاسەتەكانی ئێران لەناوخۆی عێراق دا چەندە لەسەر خەباتی سیاسیی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كاریگەریی هەبووە؟

وەڵام: کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە یەکەم رۆژی دروستبوونییەوە بیری لەوە کردوەتەوە کە چۆن ئیمپراتۆری شیعەی فارسی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دروست بکات، پرۆژەیەکیان هەبوو بە ناوی پرۆژەی ٥٠ واتە تا ماوەی پەنجا ساڵ دەست بە سەر چەندین وڵاتدا بگرن. کە ئیستا دەسەڵاتیان بە سەر٤ پایتەختی وڵاتی عەرەبیدا هەیە و بەردەوامیش لە هەڵکشاندان. هەرچەند وڵاتانی عەرەبی دێر هەستیان بە مەترسیی ئەم ڕێژیمە کردوە لە سەر ئەمنیەتیان، لە دەوری هاوپەیمانیەکدا پێکەوە خەریکی بەرگری کردنن لە دژی ئیمپراتۆری فارسی. ئێران هەمیشە دەیەوێت لە وڵاتانی ئیسلامی و دەورو بەری کێشەی گەورە دروست بکات، بۆ ئەوەی جیهان و دەورەبەر بەو شۆێنانەوە سەرقاڵ بکات، تا بیر لە ستەمکارییەکانی خۆیان نەکرێتەوە. یەکێک لەو وڵاتانە کە بە ئاشکرایی هوژمونی ئێرانی پێوە دیارە، هەر لەو ڕێگەشەوە دەیانەوێ گوایا لە پەرلەمانی بەغدا کە دەنگی زۆرینەی شیعەکان لە بەرژەوەندی ئێراندایە، یاسایەک پەسەند بکەن، کە ئاستەنگی بۆ سەر لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکەن. بەس من لەو بروادا نیم کە سەرکردایەتی کورد لە باشور ئەوە قبووڵ بکەن. نە کوردی ئیستا کوردی جارانە، نە کوردیش وەک جاران ئەوەندە بێکەسە.
b_300_220_16777215_00_images_Laperei-Taibet_arf_bawejani.jpgچەند پرسیاری گشتی:

* گۆڕینی نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و پرسی نەتەوەی کورد لە گۆرانکاریانەدا؟

وەڵام: بێگومان هەر سەدساڵ جارێک گۆرانکاری لە ناوچەکە دروستبووە، چەندین وڵاتی نۆی دروستبووەو چەندین وڵاتی دیکەش لەتکراوە. وا سەد ساڵیش بە سەر ڕێکەوتننامەکەی سایکس بیکو تێپەریوە، کە ئەو ڕێکەوتننامە قازانجی بۆ زۆر نەتەوە هەبووەو، زیانیشی بۆ زۆر نەتەوە هەبووە کە کورد یەکێک لەو نەتەوانە بوو لەو ڕێکەوتنامەیە جارێکی دیکە دابەشکرایەوە. ئیستا باس لە سەر نەخشەی نۆیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، و چەندین جاریش لە رۆژنامە گرنگەکانی جیهان هەم باسی لێوەکراوەو هەم وێنەی دیزانیی بڵاو کراوەتەوە، کە لە نەخشەدا ناوی کوردستان بە زەقی بە دیدەکرێت. تاوانێکی گەورە دەبێت کە ئەگەر لەم گۆرانکارییە نۆییەدا کورد جارێکی دیکە پشتگۆی بخرێت، تاوانی لەوە گەورەتر ئەوەیە کە کورد بۆ خۆی نەزانێ لەم گۆرانکارییە نۆییەدا کەڵک وەرگرێت. ئەگەر دەیانساڵی پێشوو وترابێت کە کورد کادیری خۆێنەوار و پشتیوانی نێونەتەوەیی نەبووە، بەڵام خۆ ئیستا دیپلوماتکاری زۆر گرنگی هەیە، دۆست و پشتیوانی زۆر ولاتی جیهانی هەیە. ئیستا پرۆسەی ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستان باشترین ڕێگە خۆشکردنە بۆ دەوڵەتێک یا چەند دەوڵەتێکی کورد لە ناوچەکەدا. بەو هیوایە گەلی کورد لە باشور بە خرۆشەوە لەو پرۆسە بە بەڵێ بەشداری بکەن و دەنگ بدەن. هەروەها بە خۆشحاڵیەوە کە زۆربەی لایەنەکانی کوردستان پشتیوانیان لە هەموو بوارێکدا لەو پرۆسە کردوە. لە ئیستا کە من خەریکی وڵامدانەوەی پرسیارەکانی بەڕێزتانم چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ ٢٥ /٩/ ٢٠١٧ کە وەک رۆژی بەڕێوەچوونی ڕاپرسی و ڕێفراندۆم بۆ باشوری کوردستان دیاریکراوە، کە لەو رۆژەدا گەل لە ٢ بۆشایی سەر کاغەزێک لە ژێر ناوی (بەڵێ) و (نەخێر) خەت بە یەکیاندا بخشێنێت، بۆ ئەوەی چارەنووسی سەدانساڵەی خۆی یەکلا کاتەوە. ئەوەی کە چاوەرێ دەکرێت نزیک بە٩٠ % خەڵکی کورد خەت بە سەر بەڵێدا بخشێنن. بەڵام بەداخەوە هەروەک رووداوەکانی مێژووی پێشووترمان دیسانەوە هەر لە خۆمان کەوتووینەتەوە لێدان لە خۆمان، وا خەریکە شک وگومان و کۆسپ بۆ ئەم دەسکەوتەی دیکەمان دروست دەکرێت، و لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان زۆر هەرەشەی هەڵبژاردنی نەخێر دەکرێت، و گلێێ سەیرو سەمەرە بە شێوەی خوارەوە دەنووسن و دەبینین.

یەکێک دەڵێت من نەخەیر هەڵدەبژێرم چوون سەرۆک بارزانی سەرپەرەستی ئەو کۆبوونەوەی رۆژی ١٧ی جۆزەردانی ٢٧١٧ی کوردی بەرامبەر بە ٧ / ٦ / ٢٠١٧ی زاینی، کردوە؟. یا یەکێک دەڵێت ئێمە یەکەم لایەن بووین باسی سەربەخۆیمان کردوە، بەڵام ئیستا دەنگ بە نەخێر دەدەم چوون لایەنی دیکەی پێی هەستاوە. یا یەکێک دەڵێ مووچە نییە و خۆمان هیچ بەرهەمێکی خۆماڵێمان نییە.

زۆر کاک و خوشکی دیکەش هەر یەکەو بە جۆرێکی دیکە رق و کینە پێشاندەدەن و بەڵێنی نەخێر دەردەبرن و هێرشدەکەنە سەر ناوەرۆک و دەسکەوتی پرۆسەکە. بگرە کەمپین و کاناڵی ڕاگەیاندنیش بۆ دروستکردوە. ئەمە لە مێژووی هێچ نەتەوەییەکی جیهاندا کە ئەوەندە شەهید و ئەنفال و جینووسایدی بە سەر هاتبێت نەبووەو نییە.

ئەوەی من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە هیچ کەس حەقی گلێێ نییە، یا قسەو گلێێ و نووسینی ئەو بەرێزانە بەرامبەر بە دەسەڵات و سیاسیەکانی باشوری کوردستان ڕاست نییە. بەڵام هەموو گلێی و قسەو قسەڵٶکێک نابێت بخرێتە سەر تەرازوویەک، بەرامبەر بە هەلێکی پێشهاتووی وەک ڕێفراندۆم وەک هەرەشەی بارسەنگی بەکار بهێنرێت، ئەو رێفراندۆمەی کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ سەربەخۆیی، کە ئاواتی سەدانساڵەمانە، بۆ ئاکامی خەباتێک کە سەدان هەزار شەهیدمان بۆیداوە؟.

ئایا کە گەلانی دیکە کە ساڵانی پێشوو ڕێفراندۆمیان کرد و جییابوونەوە هەموویانلە ناوخۆیاندا یەکگرتوو بێ کێشە بوون؟، بێگوومان نەخێر، هیچ گەل ونەتەوە نییە لەم جیهانەدا کێشەی ناوخۆیی نەبێت، بەڵام کاتێک کار گەیشتە بەرژەوەندەی نەتەوەیی وڵاتەکەیان، هەموویان پێکەوە دەنگیان بە بەڵێدا و سەروەری خۆیان ڕاگەیاند، کاتێک بوون بە وڵاتی سەربەخۆ بە پێێ تێپەربوونی کات و زیاتر شارەزابوونیان کێشەکانی خۆیان لە بوارەکانی ئابوری و سیاسی و خزمەتگوزارییەوە چارەسەر کرد. هیچ شک و گومان لەوەدا نییە کە باشوری کوردستانیش لە نێۆ چەندین قەیرانی سیاسی و ئابوری و کێشەی سنووری جۆگرافییدایە، کە چەندین دەزگای داپڵۆسێنەرو گروپی تروریستی وڵاتانی دراگیرکەری کوردستان دەوریان داوە و کێشەی بەردەوام بۆ دروستدەکەن، ئەمانە هەموو بە لایەک بەس نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ گەورەترین قەیرانە کە بە درێژایی مێژوو لەگەڵتا دەبێت.

پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا هەتا هەتایە لە بن دەستی ئەم داگیرکەرانە بمێنینەوە هیچ گۆرانکارییەک یا پێشکەوتنێکمان لا دروست دەبێت؟، یا بە پێچەوانەکەی! مانەوە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەران و وەرگرتنی پۆستی دیکۆری پرمووچەیی بێدەسەڵات، وا دەکات کە بیری نەتەوەیشمان لاواز بێت، گەلۆ خەریکە کەم کەم ڕەگ و رێشەی تێکۆشەرە ناودارەکانیشمان دەکەینە عەرەب و فارس و تورک؟. ئایا دوای دەیانساڵ خەبات و تێکۆشان و شەهیددان و ماڵۆێرانی، لە ژێر ناوی ئێرانێکی فیدراڵ و تورکیای دیمۆکراتی و ئێراقی فیدراڵی، هیچ چارەسەرو پێشکەوتنێکی بۆ دروستکردوین؟. بە دڵنیایەوە چارەسەری هەموو کەم و کورییەک کە ئەمرۆ لە باشور و بەشەکانی دیکەی کوردستان هەیە؟ تەنیا سەربەخۆییەو بریاری خۆبەرێوەبەرییە لە ژێر ئاڵاو دەسەڵاتی کوردستانی، ئەو کات نەوەی نۆێ و ئەزموونی نۆی وامان لێدەکات کە بە پەلە گۆرانکاری لە خۆمان دروست بکەین و کێشە جۆراوجۆرەکانمان چارەسەر بکەین.

بە بۆچوونی من هەر لایەنێکی سیاسی یا هەر کەسێک لە ڕێفراندۆمدا دەنگ بە بەڵێ نەدات، لە ئاست مێژوو نەتەوەکەی وخەباتی چەندساڵەی خۆی زۆر غەدر دەکات، رۆژانێک بۆ خۆی بە دەم ئەو کەمتەرخەمییەوە عەزاب دەچێژێت. دروست وایە کە با هەموو ڕق و کینەیەک بەرامبەر بە یەک بخەینە لایەکەوەو مەسەلەی رێفراندۆم و دەنگ بۆ سەربەخۆیی نەکەین بە موڵکی کەس و ڕق ڕقانە بە کار نەهێنین.

* ئایا پرۆسەی دەوڵەت ــ نەتەوە لەو ناوچەیە شکستی خواردوە؟

وەڵام: من پێموایە ئەوە دەستەواژەیەکە کە هەمیشە بە کار دەهێنرێت بۆ ساردکرنەوەی گەلی کورد، بۆ ئەوەی کە بیر لە دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردی نەکەنەوە. هەموو نەتەوەکانی جیهان دەوڵەتیان پێکهێناوە کە لە هەموو وڵاتێکیش نەتەوەی سەرەکی هەیە و دیارە.

هەروەک ئاگادارن کە عەرەب هەر یەک نەتەوەیە بەڵام هیچ کە خاوەنی٢٢وڵاتە، کە چی فەلەسەتین کە لەگەڵ وڵاتانی ئوردون و لوبنان و سەریا پێکەوە یەک وڵاتیان هەبوو بە ناوی بیلادی شام، ئەوانێش بوون بە ٣ وڵات و فەلەستینیش لە هەوڵدایە بۆ دروستکردنی وڵاتی چوارەم هەر لە بیلادی شام. ئیدی ئەم دەستەواژە بۆ تەنیا بەرامبەر بە کورد بە کار دەهێنرێت.

* ئەرکی حیزب و رێکخراوە سیاسەیە کوردستانیەکان لەم هەڵومەرجە دا و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای چارەسەری مەسەلەی کورد؟

وەڵام: دروستکردنی یەکریزی ماڵی کورد، دروستکردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردی، کە بریاردەری سەرەکی کورد بێت بۆ هێلە گشتییەکان. کە خاوەنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بیت، ئەو کات جیهانیش بە قورسایی تەماشامان دەکات و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگەی چارەسەری کورد کەم دەبیتەوە.

* پێگەی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی کورد له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌چ ئاستێک دایه؟

وەڵام: وەک لە پرسیاری دیکە باسم کرد، کە کورد ئیستا لە ئاستێکی زۆر گرنگدایە لە جیهاندا.دەنگ وناوی کورد بە ئاسانی بۆ هەموو مرۆڤێکی ئوروپی و ئەمریکی و جیهانی ناسراوە، ئیدی داوکاری مافە رەواکانیشیان بۆ جیهان شتێکی نامۆ نییە. سەردەمانێک لە نیوسەدە پێشدا ووتەیەک هەبوو کە دەگووترا کورد هیچ کەسی نییە وتەنیا شاخەکانی خۆی دۆستێتی و دەیپارێزێت، بەڵام ئیستا سەردەم گۆراوە واقعیەتی کورد وەک گەلێکی ئاشتیخواز بۆ جیهان روون بووە. بەتایبەت لە ٢٠١٤ بۆ سەرەوە کە کورد چۆن تووشی ئەو شەرە ناحەقەی داعشی گەورەترین گروپی تروریستی جیهانی بوو، ئەوە بووە هۆکاری ئەوەی کە دۆستێکی زیاترمان لە جیهان بۆ دروست بێت. بێگومان لە هەرکۆییەک دۆستێک بۆ کورد هەبێت بۆ هەموو بەشەکان بە یەکچاو سەیر دەکات و هەمان دۆست دەبێت بۆ ئێمەش.

* پرسی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، ئاستەنگەکانی دەرەکی و ناوخۆی؟

وەڵام: ئەوە ئەرکێکەو دەبێت هەرچی زووترە پێک بهێنرێت و چارەسەریش بۆ ئاستەنگی و ڕیگرییەکان ببینرێتەوە.
کورد لە سەردەمی ساڵانی پێشوو ئیستادا: سەردەمانێک کە گەلی کورد بەو پەری بێبەزەییانە لە لایەن ٤ دەوڵەتی دراوسێ و داگیرکەری ئێراق و ئێران و تورکیا و سوریا بەتووندەی دەکوژراو ماڵوێران دەکرا و بەندی دەکرا، زۆر بێکەس و بێ پشتیوانی جیهانی بوو، دەنگی مەزڵوومیەتی کورد بە هیچ کۆی جیهان نەدەگەیشت. لەو سەردەمانە بە هۆی زالمی و درندەیی وڵاتانی داگیرکەر هیچ کام لە وڵاتانی جیهانی نەیاند دەویست لە بەر ئەوان خۆیان لە کورد نزیک کەنەوە، وەک حکومەت و دەسەڵات هیچ پشتیوانیەکیان لە دۆزی کورد نەدەکرد، کێشەی کوردیان بە کێشەییەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە باسیان لێوەر دەکرد نەک کێشەیەکی نەتەوەیی. بەڵام بە خۆشییەوە بە هۆی لاوازبوونی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و بەهێز بوونی دەسەڵاتی کوردی لەئاست جیهاندا، دڵخۆشییەکی زۆر لە بەرامبەر دۆزی کورد بە دی دەکرێت. بەردەوام لە ڕۆژنامە و میدیا گرنگەکانی جیهانی باسی هەوڵەکانی کورد بەرەو دیمۆکراسی و بەرە و سەربەخۆیی و بەرەو خۆئیدارەکردن بڵاو دەبێتەوە. لە کۆنگرەو کۆبوونەوە گرنگەکانی جیهانی کورد بە جیا لە دەوڵەتانی داگیرکەر بانگهێشت دەکرێت. هەر نۆێنترین نموونەش بانگهیشتکردنی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆربەندی ئابوری بیترۆسبۆرگ، کە هاوشانی دەیان سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی چەندین وڵاتی مەزنی جیهانی بوو.

بە گشتی کورد دەبێت خۆی بۆ گۆرانکارییەکانیەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین ئامادە بکات، هەلومەرجی ئیستای ناوچەکەش جارێکی دیکە ڕێگەخۆشکەر نابێت بۆ ئەوەی داگیرکەرانی کوردستان وەک جاران بە ویستی خۆیان کورد بچەوسێنەوە. ئیستا کورد مۆرەی گرنگی یارییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کە ئەو باس و خواستە کە نزیک لە ٣٥ ساڵ پێشەوە کورد و کوردستانیان چاوەرێیان دەکەن. وێرای ئەوەی لە ماوەی ئەم ٣٥ ساڵە چەندین جار باسی لێوەکراوەو دووبارە باسەکە ڕاگیراوە. دروستکردنی ئەم جۆرە کۆنگرەیە ماناو تێگەیشتنی خۆی لە زۆر بواری جیاوازی جیهانی و کوردستانی و وڵاتانی داگیرکەریشدا دەبێت. خۆێندنەوەیەکی زۆری جیهانی بە تایبەت سیاسەتوانانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستانی لە سەر دەکرێت. هەروەها لە ئاست جیهاندا کورد بە چاوێکی یەکگرتووانە و خاوەن نەتەوەی یەکبریار و یەکهەڵویست چاوی لێدەکرێت. وەک نەتەوەیەکی زیاد لە ٥٠ ملۆینی جیهانی هەڵسوکەوتی لەگەڵدەکریت. چیدیکە وەک نەتەوەیەکی لەتکراو و جێماوی جیهانی بە چاوی بەزەییەوە نابینرێت.

دیپلوماتیەتی کورد لە پاش ئەم کۆنگرە یەکگرتووتر و بە هێزتر دەبێت و پشتیوانی زیاتری دۆزی کورد لە ڕێکخراوە مەزنەکانی جیهانی بۆ خۆی کۆدەکاتەوە. دەتوانین بە ڕوونتر ئاماژەی پێبکەین کە لە پاش کۆنگرەی نەتەوەییەوە کورد دەتوانێ لە نێۆ وڵاتانی ئوروپایی و یەکێتی ئوروپاو بەشدارییەکی زۆر باشی هەبێت.

* میکانیزمێکی یاسایی بۆ خەباتێکی ئاشتیخوازانە لەگەڵ داگیرکەران کوردستان؟

وەڵام: داگیرکەرانی کوردستان هەرگیز خوازیاری ئاشتی نەبوون، هەمیشە ئەگەر باسێکیان لە ئاشتی کردبێت ویستیویانە زەربەیەک لە کورد بدەن، هەر لە ترورکردنی سمکۆی سمایل ئاغا تا دوکتۆر قاسملوو مێژوو شایەتی ناڕاستی ئەم ڕێژیمانەیە. ئەوەتە تورکیاش هەموو چالاکوانانی مەدەنی و پەرلەماتارانی هەڵبژێراوی خەڵک کە بە پێێ یاسای تورکیا بەشدارییان کردوە، لەبەر ئەوەی کوردن و پارێزەری لە مافی خۆیان دەکەن، بیانوویان بۆ دیتوونەتەوە و ڕاپێچی بەندیخانەیان کردون. تەنیا چارەسەری ئەوەیە بە هەر نرخێک بێت بە یەکجاری دەوڵەتی سەربەخۆ ڕاگەیانیت و لە ژێر چنگی داگیرکەر خۆت نەجات بدەی. بێگومان ئەوەش بێ خۆێندان و ناخۆشی چێشتن نابێت، بۆ بچووکترین داواکاریش لە دەیەکانی پێشوودا ڕووبەڕووی هەمان کێشە بووینتەوە، بەڵام هەر کۆڵنەدراوە. بە دڵنیایەوە بۆ سەربەخۆیش ئەگەر کۆڵنەدرێت ئاکامەکەی ئەوە دەبێت کە وڵاتانی جیهانی دانی پێدا بنێن و ڕێ نەدەن بە داگیرکەران چی دیکە شەر و ئاژاوە بخەنە ناوچەکەوە.

* چەپی کورد و ئاکامی خەباتی بێ‌وچانی چەپەکانە؟

وەڵام: بە بۆچوونی من چەپگەرایی هۆکاری سەرەکی بووە بۆ لاوازکردنی بیری نەتەوەیی لە کوردستاندا. هەروەها بۆچارەسەری کێشەی گەل و نەتەوەیەکی گەورەی وەک کورد، ئوتوونۆمی و لامەرکەزی لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەران بە دروستزانراوە، بیری نەتەوەیی و ناسیونالیستی کوردییان بە خراب پێناسە کردوە.

* سۆسیالیزم کێشەی نەتەوەیی چارەسەر دەکا؟

وەڵام: بە بۆچوونی من ئەو بیرۆکەیە لە وڵاتانی پێێشکەوتووی جیهان نەیتوانی جێ بگرێت، هەرگیز لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین جێ ناگرێت. زۆرینەی شۆرشەکانی گەلی کورد لە ماوەی ٨٠ ساڵ پێشدا بە بیرۆکەی سوسیالیزم دەستی پێکردو، دیتیان کە گەل پێشوازی لێناکات، ئەوە بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ سەرەوە چەند % لێێ کشانەوە. هۆکارەکەشی هەر لاسایی کردنەوەو کوپی کردنی شۆرشەکانی دیکە بوو کە هەموو لە قووتابخانەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو فێردەکران و پشتیوانیان لێدەکرا، کە چی لە سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ ماڵئاوایی لە جیهان کرد. بەڵام لە کوردستان تا ساڵی ٢٠٠٠ هیندێک حیزبی کوردی دروشمی رۆژانەی بروخێ ڕێژیمی ئیمپرالیزمی جیهان بە سەرپەرەستی ئەمریکا بوو، لە ٢٠٠٣ کە ئەمریکا هاتە ناوچەکە هەر ئەو کوردانە دەیان کەسیان دەکردە واسیتە تا بە ئەمریکیەکانیان بناسێنن. کەوابێت مادام نزیک بە ٨٠ ساڵ ئەو ئەزموونە سەرکەوتوو نەبووەو لە گەڵ شکست رووبەرووبووەتەوە دەبێت ئیمەی کوردیش بە دواچوونێکی زانستی و شیکاری بۆ بکەین. ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان یەکەم لایەنەی کوردی بوون کە وەک پارتێکی لیبراڵدیمۆکرات لە ٢٠٠٦ ڕاگەیاندنی خۆمان دەست پێکرد، چوون زۆربەی وڵاتانی بە هێز خاوەن ئەزموونی بواری دیمۆکراتی و مافی مرۆڤ بە سیستەمێکی لیبراڵدیمۆکرات ئیدارە دەکرێت، لەو چەمکەدا مافی مرۆڤ بەگشتی، و مافی ژن بە تایبەتی، مافی تاک، بووژانەوەی ئابوری وڵات دەبینرێت. وڵاتی ئێمەش پێویستی بە ئاوەدانی و دیمۆکراتی هەیە.

* ڕێكخراوی‌ ئینته‌رناسیۆنالی سۆسیالیست و پرسی کورد؟

وەڵام: ئەو ڕێکخراوە زۆر دێرینە، بەڵام لایەنی چەپ و سوسیالیستەکانی تێدا ئەندامە، ئەوانەش وەک نموونە بەشی هەرە زۆریان دژی شەر بوون بە دژ ڕێژیمەکەی سەدام حسێنەوە، بۆ ئێرانیش هەمان بۆچوونیان هەیە، دەڵێن با خەڵک بۆ خۆی گۆرانکاری لە ڕێژیم بکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەرراست ئەگەر پشتیوانی دەرەکیت نەبێت ڕاپەرینی جەماوەری سەرکۆنە دەکرێت، لەو ڕێکخراوە بەس لە کۆنگرەی ساڵانەکەی باسی کورد دەکرێت، دەنا کاتێک ئەو بەرپرسانەی حیزبە سوسیالیستەکان لە ئوروپاو جیهان دەچنە سەر حوکم هیچ هەوڵێک بۆ کێشەی کورد نادەن. هەر بۆ ئاسانترین نموونە کە دوکتۆر شەرەفکەندی لە کۆنگرەی ئەوان بوو ترورکرا. بەڵام لە کاتی دادگاییەکەدا ڕێکخراوی سوسیال ئینتەرناسیونالیست هیچ رۆڵێکی نەبوو. دەبوایە پارێزەری تایبەتی خۆیان بناردایە و شایەتیان لە سەر جینایەتکاری ئەو ڕێژیمە بدایە.

* ڕۆڵی توێژی رووناکبیری کورد لە هەلومەرجی ئێستای کوردستان؟

وەڵام: رووناکبیری کورد پێویستە لە هاندانی کۆمەڵگاو شەقامی کوردی لە خەباتکردن بە شێوەی مەدەنی و سیاسی بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان ڕۆڵیان هەبێت. هەوڵبدەن کۆمەڵگایەکی ڕۆشنبیر و شارەزا پێکبێنن.

* پرسی نه‌ته‌وه‌یی و ئەرکی لاوانی کورد؟

وەڵام: من ئیستا بە خۆم ناڵێم لاو چوون تەمەنمان لە چلەکان تێپەری کرد، بەڵام هەر لە تەمەنی لاوێتیمەوە باوەرم بە خەبات بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان هەبووە، نەک بە ناو ئێرانێکی دیممۆکراتی مۆدێرن بە کردەوەو حاکمیەت تەنیا بۆ فارسەکان، هەژاری و نەداری و نەهامەتییەکانیش بۆ کوردستان بێت. بیری نەتەوەیی لە نێو گەلانی جیهاندا هەر لە لاوانەوە سەریهەڵداوە، هەر شەپۆلی تورەیی لاوانی تینووی ئازادیش چەندین ڕێژیمی دیکتاتۆری ڕووخاندووە.

ئەرکی هەر لاوێک و خۆێندکارێکی کورد کە لە سەرەتاوە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی بدەن، قەت نە کەونە داوی زمان لووسی بە ناو ڕۆشنبیرانی داگیرکەری کوردستان، گوایا بە قسەی ئەوان هەموومان شانازی بە مێژووی ئێرانەوە بکەین، ئەو ئێرانە بەو هەموو تەمەنەوە هیچ مێژوویەکی شانازی بۆ کورد نەبووە بێجگە لە ماڵۆێرانی و کوشتن و لە سێدارەدان و ئاڵودەکردنی لاوەکانمان نەبێت.

دەبوایە کورد لە پاش کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان لە ١٩٤٥، بەردەوام وەک میراتگری پێداگریان لە سەر سەربەخۆپی کوردستان بکردایەو، لە ژیانی ناچاری تاراوگەش هەمیشە بەو یادەوە بژیایەن. بەڵام مخابن لە پاش تێکۆچوونی کۆمار، ئەدەبیاتی سەربەخۆیی، بە هۆی تێکەڵابوون و هاوبەش بوون یا لاسایی کردنەوەی جووڵانەوەی لایەنە چەپ و توودەو کۆمۆنیست و ماویستەکانی ناوچەکە، بیرۆکەی نەتەوەیی کوردی بەرەو لاوازی یا بە لارێدا برا.

بە هەر حاڵ ئەگەر کورد لە حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکان دەیانگووت کوردستانی ئێران یا کوردی ئێران، یا ئێراق یا تورکیا یا سوریا، بیانوویەک هەبوو بۆ پینەکردنی ئەو وشەیە، ئەویش بە هۆی زاڵبوونی حاکمان و داگیرکەرانی کوردستان لە ناوچەکەو نەبوونی پشتیوانی نێۆنەتەوەیی. مخابن کە بەردەوام بەشێک لە سەرکردەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، وێرای ریز و خۆشەویستیم بۆ هەموویان، وێرای رێز لە خەبات و تێکۆشان و ماندوووی و فیداکاری و بەخشینی هەزاران شەهید لە پێناو پاراستنی کوردستان، کە چی هەر لەم ساڵی ٢٠١٧یە، بە دەیانجار گۆیم لە وشەی کوردی ئێران یا کوردستانی ئێران بووە؟. وێدەچێت ئەو سەرکردە بەرێزانە هیچ مەبەستێکیان لە بچووککردنەوەی کوردستاندا نەبێت، بگرە تەنیا بە پێێ تێپەربوونی دەیانساڵ لە بە کار هێنانی ئەو وشە لە کۆبوونەو ڕاگەیاندنەکانیان بووتەو عادەت و نەریتی زمانەوانیان، هەر بۆیە پێویستە لاوان و نەوەی داهاتوو لە پێش هەموو هەنگاوێک باوەریان بەوە هەبێت کوردستان هی کوردانەو نەک کوردستان هی ئێرانە.

پێویستە نەوەی داهاتووە بۆ هەمیشە ئاسەواری ناوهێنانی داگیرکەران وەک پاشکۆی کوردستان ببرن و پێناسەی کوردستانی و بەشەکانی وەک رۆژهەڵات و باشور و باکور و رۆژئاوا بکەن بە وێردی سەرزمانیان. بە پێێ ئەزموونی ٢١ ساڵ ژیانم لە ئوروپا و چەندین ساڵیش پێشهاتنم بۆ ئوروۆپا، قەت نەمبیستووە لە کەسێکی ئاسایی فەلەستینی تا گەورە بەرپرس یا ڕاگەیاندنێکی عەرەبی، بۆ یەکجاریش وتبێتیان فەلەستینی ئیسرائیل؟، کاتێک وەک نموونە باسی فەلەستین دەکەین لەگەڵ هیندێک بەرپرسی کوردی، لە وڵامدا دەڵێن نابێت کورد وەک خەڵک و خاکی فەلەستین بە یەک بەراورد بکرێت، چوون ئەوان خاکی خۆیانە. ئەی مەگەر گەلی کورد لە شۆێنی دیکەوە هاتووە ئەو خاکەی داگیرکردوە؟ لە کۆتاییدا هیوادارم کە هیچ کام لەو بەڕێزانە دڵنگران نەبن و هەوڵبدەن لە ئەدەبیبات و لێدوانەکانی داهاتوویاندا گۆرانکاری لە خۆیان دروستبکەن و بە شەهامەت و جورئەتەوە بڵێن کوردی رۆژهەڵات، یا رۆژهەڵاتی کوردستان. بە کارهێنانی وشەی کوردستانی ئێران، بە واتای دانپێدانانە کە ئەو خاک و خەڵکە هی ئێرانە، واتە حەڵاڵکردنی خاکی پیرۆزی خۆمان بۆ داگیرکەری فارسی لە درێژایی مێژووی رابوردو داهاتووشماندا.

* رۆلی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جوتیارانی کوردستان؟

وەڵام: خاک و نیشتیمانمان داگیرکراوە و سەروەت و سامانمان بە دەست داگیرکەرەوەیەو هەر بەو سەرمانەش لە بەینمان دەدات. کەوابێت مرۆڤ بە داگیرکراوی ناتوانێ باس لە مافی کرێکارو جووتیار بکات، هەر بۆیە رۆڵی کرێکاران و زەحمەتکێشان وجووتیارانی کوردستان وهەموو پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان ئەوەیە، کە هەموو پێکەوە لە بوارەکانی خۆمان لە هەوڵی ڕزگاری نیشتیمانمادا بین، ڕزگاری کوردستان واتە ڕزگاری هەموو چین وتۆێژەکانی.

* ئەرکی ژنانی کوردستان؟

وەڵام: ژنی کورد لە ٢ بواردا دەچەوسێتەوە و مافی پێشێل دەکرێت، وەک نەریتی دواکەوتوویی کۆمەڵگا کە داگیرکەران دیاریان کردوە، هەروەها کێشەی نەتەوایەتییان وەک کورد، کە هەردوو هۆکارەکە دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ، کە بتوانرێت یاسای نۆی بۆ کۆمەڵگا دروست بکات، مافەکانی ژن و شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ ژن پێویستە لە باخچەی مناڵانەوە کۆمەڵگای بۆ ئامادە بکرێت.

* بۆچی جودایی دین لە دەوڵەت باشە؟

وەڵام: پێویستە هەموو لایەنە نەتەوەییەکان کە خەباتیان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان تەرخان کردوە، لە چوارچێوەی بەرنامەو پرۆگرامی خۆیان، لە چوارچێوەی دەوڵەتمەداری و وەزارەتی تایبەتەوە، ڕێز لە هەموو ئاینەکانی خەڵک بگرن، کە ئەڵێم هەموو ئاینەکان، مەبەستم ئاینی ئیسلام بە سوونی و شیعەوە، یارسانی و هەر ئاین و ئاینزایەکی دیکە. چوون تۆی سیاسی ئەگەر بتەوێ خزمەت خەڵکەکەت بکەی پێویستە ڕێز لە ئاین و جل و بەرگ و نەریت و زاراوەکەی بگری، تا ئەوانیش پشتیوانی سەرگرتنی پرۆژە نەتەوەیەکەت بن. بەڵام هەرگیز نابێت هیچ ئاینێک دەوڵەتی بە دەستەوە بێت. چوون ئاینەکان سیستەمی ئاینی خۆیان بۆ بەرێوەبردنی ئیدارەی وڵات بە کار دێن و لەو کاتە مافی هیندێک کەس و لایەن و ئاینی دیکە پێشێل دەکرێت. پێویستە دین لە دەوڵەت جیاکرێتەوە، ئاینەکان لە مزگەوت و مەزارگاکانی دیکەی تایبەت بە خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن و تێکەڵی کارو باری دەوڵەت نەبن. یاسای حکومەتی ڕزگاریکراوی داهاتووی کوردستانی پێویستە بە دەنگی هەموو چین و تٶیژەکانی کوردستانیان پەسەند بکرێت، بۆ ئەوەی مافی هەمووی تێدا پارێزراو بێت.

* ئایین تا چه‌نده‌ ده‌وری ‌هەبووه‌ له‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی‌ دا؟

وەڵام: شاراوە نییە کە لە سەدەکانی پێشوودا بە هۆی نەبوونی قووتابخانەو زانکۆ لە ناوچەکانی کوردستان کورد خۆێنەواری ئاکادیمی لە ژمارەی قامک تێپەری نەدەکرد، بەڵام خۆێندنی ئاینی و فەقێێەتی لە ناوچەکانی کوردستان زۆر بوون، هەر ئەو کەسایەتییە ئاینیانە وەک مامۆستای ئاینی و شێخ زۆر جووڵانەوەی کوردیان بەڕێوە بردوە. نموونەی شۆرشەکانی شێخ عوبەیدوڵا نەهری، شێخ سەعیدی پیران، شێخ ئەحمەدی بارزانی، شێخ مەحمودی مەلیک، پێشەوا قازی موحەممەد وەک یەکەم سەرۆککۆماری سەردەمیانەی کوردی و مەلا موستەفا بارزانی. بە دوای ئەوانیشدا زۆربەی چالاکانی حیزبە سیاسیەکان و کەسایەتیەکانی کوردستان لە کەسە ئاینیەکان بە هەموو ئاینە جیاوازەکانەوە بوون، من ئەوە بە دروست نازانم کە هیندێک بە ناو سیاسی هێرش دەکەن سەر ئاینەکان لە کوردستان و کۆمەڵگا لە خۆیان دەتۆرێنن. ئەوە زیانی هەیە و دووریشە لە پرینسیپی دیمۆکراسیەک کە باسی دەکریت و خەباتی بۆ دەکەین.

* چۆنیەتیی دروستبوونی داعش؟

وەڵام: داعش گروپێکی دروستکراوە کە چەندین نهێنی لە پشتەوەیە لە داهاتوودا زۆر شت ئاشکرا دەبێت. چوون دروستبوونی گروپێکی تووندرەوی بەو شێوە لە ناکاو کۆنترۆڵکردنی زۆر ناوچە پرسیارێکی زۆر هەڵدەگرێت. هەر لە رێگەی داعشەوە مەبەست هەبوو بۆ لێدانی سوونیەکانی ئێراق و کەم دەسەڵاتکردنیان، بۆ ئەوەش دەسشلکرا بۆ ئەوەی داعش بچنە ئەو ناوچانە و پاشان بە بیانووی لیدانی ئەوان ناوچەکان تەفرو تووندا بکەن و بە ملۆینان خەڵکیان لێ ئاوارە بکەن. ئیدی کەم دەسەڵات و بێهێز ببن. وەک تۆم زۆر وڵات ونهینی لە پشت داعشەوەن، بەڵام ئێران دەستی سەرەکی لەو پرۆژەدا هەبوو، داعشیان وەک ئاگر بەردایە ناوچە سوونیەکان، هەر بەو مەبەستەش ٩٠ % ناوچە سوونیەکانیان لە ئێراق و سوریا تەخت کرد. سونیەکانیان ناچاری پەرینەوە بۆ تاراوگە کرد، هەروەها وەک مەترسییەک بۆ سەر سنوورەکانی باشوری کوردستان، چوون کوردستان زۆر بە خێرایی لە بواری ئابوری و سیاسی و دیپلوماسی لە ئاست جیهاندا گەشەی دەکرد و بەرەو پێش دەرۆیشت، ئەمەش وایکردبوو کە زەمینەی دروستکردنی دەوڵەتی کورد لەو بەشەدا زۆر لە ئارادا بوو، هەر بۆیە داگیرکەرانی کوردستان بەو مەبەستە داعشیان بەردایە کوردستان. بەڵام وێرای هەزاران شەهید کورد لەو تاقیکردنەوەش دەرچوو و لە باشور و رۆژئاوا زۆر قارەمانانە شانازیان بۆ گەلەکەیان لە ئاست جیهاندا تۆمار کرد.

* مرۆڤەکان مێژوو دروست دەکەن، یان رێکخراو و حیزبەکان؟

وەڵام: ڕێکخراو حیزب وەسیلەن بۆ جووڵاندنی مەبەست و داواکارییەکانی کۆمەڵگا، جاری وایە هەیە حیزب زۆر گەشە دەکات و جاری وایە زۆریش دادەبەزێت. بەڵام پێکەوە مێژوو دروستدەکەن، چوون هەر جووڵانەوەیەکی پێشوومان و داهاتوومان، حەتمەن بە بوونی سەرکردەیەکی بە تواناولێهاتوو کاریزما سەرپەرەستی ئەو جووڵانەوە کراوە. مێژووی نەتەوەکەمان شایەتی سەدان جووڵانەوەو کەسایەتی دیارن.

* شانازى بە چییەوە دەکەی؟

وەڵام: لە ئوروپیەکان شتێک فێر بووم، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر کاری باشت کرد یا خرابت کرد دەبێت ڕووبەخۆت بێتەوە، واتە ئەگەر خراب بوو خۆت تێیدا بەرپرسیاری، ئەگەر باشیش بوو مافی خۆتە باسی بکەی و شانازی پێوە بکەین. منیش دەڵێم شانازی بە کوردبوونی خۆم دەکەم، شانازی بەوە دەکەم کە لە تەمەنی ١٤ ساڵیەوە لە خزمەت نێشتیمانەکەمدا بووم و تا دواڕۆژی تەمەنیشم هەر بەردەوام دەبم. هەمیشەش باوەرم بە خەباتی بێ پێچووپەناو تەکتیک لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا بووە. شانازی بەوە دەکەم کە توانیومە چەند ساڵ چەکی شەرەفی پاراستنی کوردستان لە داگیرکەران لە شانبکەم.

شانازی بەوە دەکەم کە ئیستا مەسەلەی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستان زۆر نزیکبووەتەوە و ئەمەش هێز و تینێکی زۆری بە کوردەکانی رۆژهەڵات بەخشیوە. منیش و پارتەکەشمان وەک پارتی سەربەستیی کوردستان لەو بوارەوە رۆڵ و ئەرکی خۆمان بۆ مێژوو بە جێگەیاندووە.

* بەنیازى نووسینەوەى بیرەوەرییەکانت نیت؟

وەڵام: بەڵێ ماوەی ٥ ساڵە خەریکم و بە سەرهاتەکانی ژیانم تۆمار دەکەم و بە نیازم ئەگەر تەمەن مەودام بدات، لە تەمەنی ٥٠ ساڵی یا کەمتر بەشی یەکەم بڵاو بکەمەوە، چوون هەر لە تەمەنی ٦ ساڵیەوە تا ئیستا لە نێۆ ژیانی سیاسی و ئاوارەیی و دەربەدەریدا بووم، لە ژیانمدا زۆر ناخۆشیم بە سەر هاتووە و بەڵام هەرگیز کۆڵم نەداوەو بە چۆکدا نەهاتووم. هەر بۆیە بە خرابی نازانم بەسەرهاتەکانم بۆ نەوەی داهاتوو باس بکرێت.

* له‌و ماوه‌ درێژه‌ی‌ خه‌بات دا چ ده‌سكه‌وتێكی‌ مێژووییتان وه‌ده‌ست هێناوه‌؟

وەڵام: وەک شەخسی خۆم هەر لە منداڵیەوە تێکەڵ بە سیاسەت بووم و شانسی پر لە شانازی پێشمەرگایەتیم پێبراوە، لە هاتنەوە دەرەوەشم و تا ئیستاش لە خەباتی دیپلوماتی و سیاسی و لۆبی گەریم بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەردەوام بووم. لە دروستکردنی پارتی سەربەستیی کوردستانیش بە هاوکاری هاوبیرانم لەو پارتەدا ڕۆڵی زۆر بەرچاومان هەبووە لە پەرە پێدان و هاندانی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت بەدەنی حیزبەکانی کوردستانیش لە بیرۆکەی خەبات لە پێناو سەربەخۆیی یەکجاریدا. لە چالاکیە دیپلوماتی و ڕاگەیاندنەکان دا ڕۆڵی بەرچاومان هەبووە بە ناساندنی دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە جیهانی دەرەوە، بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی و ئوروپی و ئەفریقی و بەردەوامیشین. نەبوونی دەنگی کورد لە ڕاگەیاندنە عەرەبیەکاندا بۆشایەکی بەرچاو بوو، لە ڕێگەی ئێمەوە ئەو بۆشایە پرکرایەوە. ئێمە توانیومان لە ٧٨ میدیای بینراو بیسراو کاغەزی دیاری وڵاتانی عەرەبی باسی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، ئەمانەش هەموو بە بەڵگە هەیە. هەر بۆ خۆم هاندەری چەندین رۆژنامە نووسی عەرەب و ئوروپی بووم کە وتووێژ لەگەڵ هیندێک لە سەر کردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکبهێنن، کە بۆ خۆشیان ئیستا شایەتی ئەو ڕاستیە دەدەن، لە حاڵێکدا ئەو لایەنانە ئامادەش نەبوون بۆ یەکجاریش لە میدیای خۆیان ناوی ئێمە بهێنن. دوور لە هەر موبالغەو بە خۆهەڵدانێکدا بە دانپێدانانی چەندین کەسایەتی سیاسی و دیاری وڵاتانی عەرەبی، من یەکەم سەرکردەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووم کە سەردانی هیندێک وڵاتی عەرەبیم کردوەو باسی مافی رۆژهەڵاتی کوردستانم کردوە. کە نموونەیان سەردانی عەمانی پایتەختی ئوردون بوو، کە لەوێدا دیدارم لەگەڵ چەندین پەرلەمانتار و کەسایەتی ناوداری وەک ساڵح قولاب و چەندین ڕاگەیاندنی عەرەبی پێک‌هێناو، کە زۆربەی دیدارەکانیشم بە پۆشینی بەرگی کوردی بووە. وێرای دەیان کۆبوونەوەو سەردانی داخراوی دیکە. هەر بۆیە لە بەرامبەر مێژووی نیشتیمانەکەم خۆم بە سەر بەرز دەزانم، و مێژووش لە داهاتوودا شایەتیم بۆ دەدا.

* لە باری كۆمەڵایەتی و سیاسیی ژیانت دا، لەچ شتێك پەشیمانی؟

وەڵام: زۆر پەشیمانم لەوەی کە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. یارمەتی جۆراوجۆر و خزمەت و ڕێزم لە زۆر کەس گرتووە، و هەوڵی زۆرمداوە لە زۆر بوارێکدا پێشکەوێت و پێبگات. بەڵام مخابن هیندێک لەو مرۆڤانە ئینسانی زۆر خراب و سفڵە بوون و شایەنی ئەو ڕێزە نەبوون. بگرە وەک دووپشکیش پێانەوە داوم. لە دیتنی ئەو جۆرە مرۆڤانە هیندێک وانەی نۆی بۆ پاشماوەی ژیانم فێربووم.

* سه‌مبۆل هێماکانی گەلی کوردستان لە دیدی جەنابتان کامانانە؟

وەڵام: ڕێزگرتن لە ئاڵاو سرودی نەتەوایەتی کوردستان، مێژووی دێرینی وڵاتەکەم، ئاسەوارەکان، پەرتووکە ئەدەبی و مێژوویەکان. جلوبەرگ و نەریتە کوردییەکان. زمانی شیرینی کوردی بە هەموو زاراوەکانیەوە، کە دوای هەزار ساڵ دوژمن هەر نەیتوانی زمانی کوردی لە بەین بدات. بە پێچەوانەی زۆر نەتەوەی دیکە لە ماوەیەکی کەمدا زمانی دایکی خۆیان بە هۆی داگیرکردنی وڵاتەکەیان لە دەستداوە. ئەمانەو دیان بابەتی دیکە هیمای نەتەوەیین لای من.

* لێداوانت لەسەر ئەم کەسایەتانە چێیە: قازی محەممەد، شێخ سەعید پیران، سمکۆ شکاک، شێخ مەحموود، مستەفا بارزانی، د.قاسملوو، پیرە مێرد، عەبدوڵڵا گۆران، مامۆستا هێمن، عەبدوڵڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس و سوارە ئیلخانیزادە؟

وەڵام: قازی محەممەد، یەکەم سەرۆککۆماری سەردەمیانەی کوردستان بووە، کە بۆ هەمیشە و تا دەیان سەدەی دیکە مێژوومان بە شانازییەوە باسی لێوە دەکات، لە پێشەواوە هەموومان فێربووین کە خەبات بکەین بۆ بە دەستهێنانەوەی کۆمارێکی دیکەی کوردستانی.

سمکۆ شکاک، سەرکردەیەکی بە جەرگ و وڵاتپارێز لە نزیک بە سەدساڵ پێش بووە، داگیرکەرانی لە خاکی کوردستان وە دەرناوە، هەستی بە هیندێک مەترسی لە سەر نیشتیمانەکەی کردوە، و زۆر زوو هەنگاوی بۆ ناوە. هەرچەند بە داخەوە هیندێک بە ناو سیاسی ومێژوو نووسی کورد لاسایی و کۆپی مێژوونووسانی ڕەگەزپەرەستی توورک و فارس دەکەنەوە و بە خراپی باسی ئەو قارەمانە دەکەن.

شێخ مەحموود، ئەو کەسایەتییە سیاسیەی کوردستان بووە کە لە پاش کۆتایی هاتنی شەری یەکەمی جیهان هەستی بە بێ وڵاتی کردوەو شۆرشێکی مەزنی ڕاگەیاندووە، بە هۆی ناراستی دەوڵەتی پێشووی ئینگلیز لە گەڵ کورداو لکاندنی کوردستان ویلایەتی موسڵ بە ئێراقەوە، شێخ مەحمود لە ڕێگەی شۆرشەکەیەوە بە گژ ئەو هێزە زەبەلاحەی جیهان واتە ئینگلیز بووەتەوە.

مستەفا بارزانی، سەرکردەو جەنەراڵێکی گەشاوەی مێژووی یەکەم دەوڵەتی دیمۆکراتی کوردە واتە کۆماری کوردستان، زیاد لە ٥٠ ساڵ لە خەبات و تێکۆشاندابووە بۆ نیشتیمانەکەی و تووشی دەربەدەری و بەندی و گەلەکۆمەی نێۆ دەولەتیش بووەتەوە. هەروەها درێژەدەری وەسێتەکانی پێشەوا قازی موحەممەد بووە.

دوکتۆر قاسملوو: کاتێک هاتە نێو گۆرەپانی سیاسەت و ڕامیاری، کە گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێۆ بۆشاییەکی جمووجۆڵی سیاسیدا بوو، کۆمارە کەم تەمەن و بربەهرەکەی کوردستان تێکچووبوو، چەندین ساڵبوو لە پاش کۆمار، چالاکوانە سیاسیەکان بە ناچاری پەریوەی وڵاتانی دراوسێ بووبن. هیچ دەنگ و باسێک لە سەر جووڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادا نەمابوو. واتە لە نیو سەدە پێشدا گەلی کورد بە گشتی و خۆرهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی زۆر بێپشت و پەنابوو، لەو کاتەدا گەلەکەمان ژمارەی مرۆڤی خۆێنەواری نیشتیمانپەروەری زۆر زۆر کەمبوو، لەو ئان و ساتە پێویستەدا ئەو مرۆڤە هەڵکەوتووە هاتە پێش و لیزانانە و ئاکادیمییانە جڵەوی شۆرشی کوردی لە خۆرهەڵاتی کوردستان، بە ڕێبەری حیزبی دیمۆکرات لەو سەردەمەدا بە ئەستۆ گرت. دیسانەوە بووژاندنەوەیەکی سەردەمیانەی بەو جووڵانەیە دایەوە. تەواوکەری وەسیەتەکەی پێشەوای نەمر کە فەرموویەتی لە پاش شەهیدکردنی من دەیان و سەدان پێشەوای دیکە سەر هەڵدەداتەوە.

بە پێێ پێناسەو کرداری ئەم رێژیمە مرۆڤ و ئازادی کۆژە، بوونی کەسایەتییەکی وەک شەهید دوکتۆر قاسملوو کە لەقاوی سیاسەتی داگیرکاری ودیکتاتۆری و کۆنەپەرەستی ئەم ڕێژیمە نۆیەی ئێران لە ئاست کوردستان و جیهاندا دەدا، جێگەی قبووڵکردنیان نەبوو. دەیانزانی و دەیانبینی کە ئەم کەسایەتییە کوردە، ئەوەندە پر زانست و هۆشیارە لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا ونموونەترینیان فەرانسە لە ئاست وەزیرو سەرۆکوەزیران پێشوازیان لێدەکرد و ڕاوێژیان پێدەکرد. بگرە زۆر لە وڵاتان داوایان لێکردوە کە ڕێنماییان بکات لە داڕشتنەوەی ئابوری وڵاتەکەیان. یا دەیان کەسایەتی دیارو بەرچاوی ئیستای ئوروپاو جیهان لە دۆستانی نزیکی ئەم سەرکردە مەزنەی کورد بوون، کە بۆخۆیان گەواهی ئەوە دەدەن کە لە ڕێگەی دوکتۆری شەهیدەوە بە کێشەکانی کورد ئاشنابوون، بە تایبەت لە ڕێگەی پەرتووکە بە نرخەکەی ( کوردستان و کورد) ەوە. ئەم ڕێژیمە زاڵمەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە پێستی ناشیونالیستی فارسیدایە، ترۆرکردنی دوکتۆر قاسملووی کردبووە یەکێک لە پلانە گرنگەکانی کاری، و دەیان کەس و دەیان ملۆین دولاریان بۆ تەرخانکردبوو. تا سەر ئەنجام و مخابن دوای زیاد لە ٨ ساڵ لە ڕێکەوتی ١٣ / ٧ / ١٩٨٩ پلانە گڵاوەکەیان سەریگرت، و لە ژێر ناوی ئاشتی و دیالۆگ ئەو سەرکردە کەم وێنەیان لەگەلەکەمان سەند و شەهیدیان کرد.

پیرە مێرد، شاعیرێکی نەتەوەیی بووە بە پێنووسەکەی لە یەک سەدە پێشەوە خەڵکی کوردی بە خەبەر هێناوە، و لەو سەردەمەدا کوردی سەربەرز کردوە لە ئاست ئەدەبیاتی جیهانی و ئێراقیدا.

عەبدوڵڵا گۆران، یەکەم هەڵبەستڤانی کوردی بوو کە شیعری نۆی بڵاوکردەوەو بوو بە ڕێچکە شکێن لەو بوارەدا.
مامۆستا هێمن، شاعیری سەردەمی کۆماری کوردستان و سەردەمی شۆرشی پاش کۆمار و شاخ بووە، خاوەنی چەندین هەڵبەستی نەتەوەیی و ناسک و جوان بووە. نموونەی ٢ کۆپلەی مامۆستا هێمن، ڕێبوارێکم ئازا و به‌ زیبک و زاکوون

ده‌بڕم چۆڵ و چیا و پێده‌شت و بێروون
به‌رهه‌ڵستم ده‌که‌م هه‌پرون به‌ هه‌پروون
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون

…..
که‌ند و کۆسپ هه‌نگاوم پێ ناکا شل
بێته‌ سه‌ر ڕێم هه‌زاران گابه‌ردی زل
به‌هێزی شان و باهۆ پێیان ده‌ده‌م تل
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون.

عەبدوڵڵا پەشێو، شاعیری سەربەخۆخوازو ناسیونالیستی بە مانای ڕزگاری وڵات لە ژێر چنگی داگیرکەراندا، بە هەڵبەستە جوانەکانی هەزاران لاوی هانداوە بۆ خەباتی سەربەخۆخوازی.

شێرکۆ بێکەس، شاعیری سەردەمیانە بووە، و خاوەن درێژترین دێرە شیعری لە ئاست جیهاندایە.

سوارە ئیلخانیزادە. دەتوانم بڵێم یەکەم شاعیری رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە شیعری نۆی لەو بەشەی کوردستان بڵاکردەوە.

* پێشبینی و هەڵسەنگاندن بۆ داهاتووی کوردستان؟

وەڵام: وێرای هەموو کۆسپە دەرەکییەکان، هەموو کەم وکوری و کۆسپە ناوخۆییەکان، بەڵام ئایندەیەکی گەش چاوەرێمان دەکات. چوون جیهان بەرەو گۆرانکاری شەپۆل دەنێت، و کوردیش بۆ جیهان سەلمێندراوە کە نەتەوەیەکە ئەگەر دەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت نموونەی پێشکەوتن و دیمۆکراسی دەبێت، هەربۆیە زۆر لە وڵاتانی بە هێزی جیهانیش لە هەوڵی بە هیزکردنی پێگەی خۆیانن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، کوردیش بە باشترین دۆستی خۆیان دەزانن.

* وەک کەسایەتی یەکەمی حیزبەکەتان چ لێدوان و پەیامێکت بۆ کچان و کوڕانی لاوی کورد هەیە؟

وەڵام: من خۆم لەو ئاستەدا نابینم کە پەیام ئاراستەی لاوانی پێگەیشتووی وڵاتەکەم بکەم، من ناوی دەنێم داواکاری. داوام لە لاوانی کوردستان هەیە لە دەرەوەی وڵات، کە زیاد لە ١ میلۆین لاوی کورد ئیستا لە تاراوگە دەژین یا لە تاراوگە لە دایکبوون. بە خۆشییەوە زۆربەی هەرە زۆریان لە بوارە جیاوازەکانی وەک ئەندازیاری، پزشکی، تەکنولۆژیا و ئایتی، وەرزش، داهێنان، فرۆکەوانی و هیدیکە خۆیان پێگەیاندووە، بۆیە من داوایان لێدەکەم کە لەو زانستەی خۆیان، نیشتیمانەکەیان لە یاد نەچێت و هەوڵبدەن بە هەر شێوەیەک دەتوانن خەڵکی کورد لەو زانیاریانە لە ڕێگەی تۆرە کۆمەلایەتییەکان و ڕاگەیاندنەکان بێبەش نەکەن، با ئێمەی کوردی چی دیکە لە سەر چاوەی زمانەکانی بێیانی بە شۆین زانستا نەگەرێێن و بتوانین لە لاوانی خۆمان کەڵکوەرگرین. یا لە کاتی بە دەوڵەتبوونی هەر بەشێکی کوردستان بۆ بنیادنانەوەی کوردستان ڕۆڵی سەرەکیان هەبێت، با کۆمپانیاکانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ و داگیرکەری کوردستان لەوێ سەرمایە گوزاری نەکەن، با ئەوان پرۆژەکانی خۆیان لە کوردستان پیادە بکەن.

هەروەها داوام لە لاوانی ناوخۆی کوردستان هەیە، بە تایبەت ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە هەمیشە بە شانازییەوە خۆیان بە کوردستانی بزانن و فریوی مامۆستاکانیان یا مێژوو نووسانی فارسی ناشیونالیست نەخۆن، کە هەمێشە وا خەڵک پەروەردە دەکەن کە گوایا کورد نەتەوەی رەسەنی ئێرانە. لەو بوارەدا تەنیا مەبەستیانە لە بواری عاتفییە وا لە خەڵکی کوردستان بکەن کە بیر لە سەربەخۆیی خۆیان نەکەنەوە، و هەمیشە لە بیری ئێرانی فارسیدا بن. لە بواری دیکەشەوە داوایان لێدەکەم، کە وریا بن و لە پلانە گڵاوەکانی داگیرکەرانی کوردستان خۆ دوور بگرن، وەک ئاڵودەکردنیان بە مەوادی موخەدەرات و مادەی هۆشبەر. بە بەسیجکردن و هاوکاری کردنی دەزگای ئیتلاعات. مرۆڤ دەبێت هەمیشە لە فکری خەڵک و نەتەوەکەی بێت، بۆ دەسکەوتێکی کاتی پشت لە نەتەوەکەی نەکات.

…………………………………………….

ڕەزبەری ٢٧١٧ی کوردی – ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی زایینی