تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی. خەونی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی یان خودموختار و دێموکڕات . بەشی چوارەم: نووسینی: عەزیز شێخانی

کاوەی مام کەریمی، لە یەکێک لە بنکەکانی کۆمەڵە لە شارۆچکەی رەبەت جێگرکراوە. ئەو لە کۆنەوە ئۆگری وتە و قسە دانسقەکانی رێبەرانی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمە، بۆیە یەکەم مانگەکانی پێشمەرگایەتی بە شادیی تێپەڕ دەکات. ناوبراو، لەو ماوەیەدا تێدەکۆشێ زیاتر لە گەڵ نووسراوە فارسیی و کوردییەکان ئاشنا بێ و رێبازێکی راستەقینە بدۆزێتەوە. لە مانگی خەرماناندا پێشمەرگەی حیزبەکان بۆ کۆکردنەوەی پیتاک و زەکات لە مەزرا و گوندەکان دەگەڕێن. کاوە لە گەڵ تیمێکی کۆمەڵە بۆ کۆکردنەوەی ئەو یارمەتیانە بەرو گوندەکانی سیسێر، نستان و دەوروبەری وەڕێدەکوێ. ئەوە یەکەم چالاکی ناوبراو لە ریزەکانی کۆمەڵە دایە. ئەوان گوند بە گوند دەڕۆن و لە سەر مەزرا و جۆخینەکان سەردانی خەڵک دەکەن. بەشێک لە خەڵک ئامادە نییە، کە زەکات یان یارمەتی خۆی بە کۆمەڵە بدات. بەشێک لە وەرزێڕەکان لە سەر جۆخینەکان هاوار دەکەن، کە تازە پێشمەرگەکانی دێموکڕات زەکاتیان بردوە. بەشێک لە وەرزێڕەکان بۆ خۆدەرباز کردن لە دانی زەکات ئەو فرت و فێڵانەیان دەکرد، بەڵام دواتر وەرزێڕەکان لە بەرامبەر پێدانی یارمەتی بەڵگەیان وەردەگرت، کە رێگاکەی ئاسانتر دەکرد. کاوە لە زۆربەی سەر جۆخینەکان و پاشانە گوندەکان دەبینێ، کە بەرابەریی و عەداڵەت خەریکە پشتی لە عەرزێ دەدرێ.

گەرمای تاقەت پڕووکێنی دۆڵ و مەزراکانی ناوچەی رەبەت بۆ کاوە دژوار و سەختە. ئەو یەکەمجارە لە نیزیکەوە کاری وەرزێڕی، گێرە و کێشەی گوندنشینەکان دەبینێ. کاتێک لە بن سێبەری دارەکانی تەنیشت جۆخینەکان لە لایەن وەرزێڕەکان بۆ چاخواردنەوە یان خواردنی نان و دۆیەک بانگ دەکرێ، کاوە بێدەنگ لە گۆشەیەک دادەنیشێ. بۆ رەواندنەوەی ماندوویەتی و هەروەها دۆزینەوەی قسەی خۆش لەو گەرمایەدا پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە ئاماژە بە کاوە دەکات، کە کوڕی شارە و تازە هاتۆتە نێو ریزەکانی کۆمەڵە، بۆیە رەنگە لە لووسەکە، قڕنوو، تەپۆ و هەروەها ژنگە سوورەکانی ئەو ناوچانە کەمێک بپرینگێتەوە. لە یەکێک لە مەزراکان کاوە خۆبەخشانە ئامادەکردنی چا و هێنانی ئاوەکە دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام لەو ئەرکەدا سەرکەوتوو نابێ. ئەو پاش هێنانی ئاوەکە و دانانی کتریەکە لە سەر سێ کۆچەکە بەردەکە، لە کردنەوەی ئاورەکە سەرکەوتوو نابێ. کاکی وەرزێڕ بە پێکەنیەوە دەڵێ، بەو شێوازە سیاسەت و پێشمەرگایەتی بکەن، ئاوری شۆڕش لەوە خۆشتر نابێ.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_rebet.jpgلە یەکێک لە گوندەکان پێشمەرگەکان لە گەڵ خاوەن مڵکێکدا دەبێتە کێشەیان. وەرزێڕەکە ئامادە نییە ئەو رێژەیە لە گەنم و نۆک، کە پێشمەرگەکان داوای دەکەن وەک یارمەتی یان زەکات بدات. یەکێک لە پێشمەرگەکان بە قۆنداخی تفەنگ چەند دانەیەک لە پشت و شانی وەرزێڕەکە دەدات و خاوەن ماڵ ناچار دەکەن، کە زیاتر لەو رێژەیە بدات. کاوە لە بەر سوورەتاوی هاوینی ناوچەکانی رەبەت وتەی مارکس، لێنین و مائۆی لە گەڵ کۆکردنەوەی پیتاک و یارمەتی بۆ شۆڕش هاوتا دەکرد. ئەو لەو تەمەنەدا بە وردی جیاوازی نێوان وشە و کردەوەی نازانێ، چوونکە وانەکانی قوتابخانە و هەروەها پەروەردەی کۆمەڵگا وشک و داخراون. مرۆڤ لەو کۆمەڵگەیەدا لە هەموو شوێنێک ئەرکی مل لەقاندن و گوتنی ئەشهەدوبیللایە و ئەگەر رەخنەبگرێ دەکەوێتە بەر غەزەبی خوای دەسەڵات. کاوە لە جەولەیەدا سەردانی زیاتر لە ٢٦ گوند دەکات و شەو و ڕۆژ لە ماڵ و لە مەزراکان لە گەڵ روخساری راستەقینەی ئەو مرۆڤانە ئاشنا دەبێ، کە لە پێناوی نان و ئاوێکدا شەکەت و ماندوون. ئەوان بەشێک لە پیتاک و یارمەتیەکان بە وشکەپارە وەردەگرن و بەشێکیش وەک گەنم، نۆک و هتد، کە بە یارمەتی گوندنشینەکان لە گوندێکی دیاریکراودا کۆیان دەکردەوە و دواتر بۆ رەبەتیان دەگواستەوە. لە بەشێک لە گوندەکان پێشمەرگەی حیزبەکان لە یەکتر هەڵدەنگوتن و لە بەرچاوی کچ و ژنە جوانەکانی ئاوایی مۆڕەیان لە یەکتر دەکرد. ئەو رۆژانە هەر چەکدارێک حیسابی ژنڕاڵ بۆ خۆی دەکات و هەموو فەرماندەیەک حاکمێکە. ئەوان بە تێکڕا لە رەبەت و گوندەکانی ناوچەدا پاڵیان لێداوەتەوە و ناتوانن پردی بریسوێ لە پاسداڕەکان بستێننەوە. شۆڕشەکە لە شۆڕشی چاوەڕوانی دەچێ، کە توانای هێرشی نەماوە و چاوەڕوانە دوژمن ساڵ بە ساڵ پاشەکشەی پێبکات و سەرئەنجام لە مەیدانەکە پەراوێزی دەخات.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_zhnikurd5.jpgزارای مام کەریمی و لەیلا پاش گەڕانەوە لە دیداری کوڕەکەیان، سەردانی ماڵی خاڵە مینە، مام دەروێش و پور ئازیزێ دەکەن. سڵاو و رێزی کوڕەکانیان پێدەگەینن و باس لە برینداربوونی کەماڵی دەکەن. پورە زارا بە تێروتەسەلی سەفەرەکەیان بۆ دەگێڕێتەوە و باس لە جوامێری خەڵکی گوندەکان دەکات. لەیلا لە سەر جوانییەکانی گوند و مەزراکان و دڵگەورەیی گوندنشینەکان دەدوێ، کە زۆر بە رێزەوە ئەو چەند شەوە میوانیان بوون. زارا لەوە دڵنیایان دەکاتەوە، کە هەتا بەهارێکی دیکە حکومەت هێرش ناکات و دەستی خاترجەمی بدەنە بن سەریان، بەڵام ساڵ بە ساڵ لە یەکتر دوورتر دەکەوینەوە. باب و دایکی پێشمەرگەکان شادن بەو خەبەرانە و بڕیاردەدەن، کە لە پاییزدا ئەگەر خودا هەڵیسووڕێنێ سەرێک لە کوڕەکانیان دەدەن. خەمی زارا لە ژنەکانی دیکەی هاوتەمەنی زیاترە و ئەو دەبێ بیر لە کار و خۆژیاندن بکاتەوە. ناوبراو پارە پاشەکەوتەکەی لە بوخچەیەکدا هەڵگرتوە و بە ماڵی سپی بۆ رۆژی رەشی دەناسێنێ. لەیلا لەو مەیدانەدا ئازایانە قۆڵی هەڵماڵیوە و ئامادەیە لە گەڵ چەند ژنی نانکەردا نان بکات و بەو پارەیە بژیوی خۆیان دەستەبەر بکات. پورە زارا چەند شەوێکە خەون بە کاوەی کوڕیەوە دەبینێ و هەموو بەیانیەک چەند جارێک خەونەکانی بۆ لەیلا دەگێڕێتەوە. شەوانە ئارام و قەراری نامێنێ، بۆیە ساغدەبنەوە، کە پێکەوە سەردانێکی کاوەش بکەن و پاش گەڕانەوە بیرێک لە چۆنیەتی خۆژیاندن بکەنەوە.

لەیلا دوو قاتی کوردی، پشتێندێکی ناسراو بە قوماشی فرمێسک و دوو لفکەی دەستچن وەک دیاری بۆ کاوە دەپێچێتەوە. ئەوان بە ماشێنێکی موسافیرهەڵگر هەتا سەر پردێ بریسوێ دەڕۆن. رێگای هاتوچۆی ئوتۆمبیل لە سەر پردێ بۆ رەبەت گیراوە، چوونکە لە پردێ پاسداڕ و لە رەبەت پێشمەرگە حوکم دەکەن. زارا و لەیلا شارەزای ئەو رێگایە نین و ماوەیەک لە دووری پردەکە بە بیانووی جیاواز خۆیان دەخافڵێنن، بۆ ئەوەی رێبوارێک پەیدا بێ. پیاوێک بە سواری ئەسپێک نیزیک دەبێتەوە، بۆیە بە دەرفەتی دەزانن و پرسیاری رێگای چوونە رەبەتی لێدەکەن. سوارەکە بە دەست رێگاکەیان نیشاندەدات، کە بەرەو باڵان و وەتماناوێ دەچێ. ناوبراو چەند جارێک رێنوێنیان دەکات، کە لەو رێگایە بۆ راست و چەپ لانەدەن و نیگەران مەبەن، چوونکە رێبوارێکی زۆر لە نێوان رەبەت و ئەو گوندانە و سەرچۆمی کەڵوێدا هاتۆچۆدەکەن. زارا و لەیلا ماوەیەک بە رێگادا دەڕۆن و بۆ پشوودان لە بن سێبەری ریزە سپیدارێک لادەدەن. ئەوان شەکەت و برسی دیارن، بۆیە بوخچەکەیان دەکەنەوە و هەڵوا و نانەکە دەردێنن و خۆیان تێردەکەن. خەریکی هەستان دەبن، کە چەند رێبوارێک دەگەنە لایان و لە بن سێبەرەکە دادەنیشن. ئەوان کراوەترن و لە پورە زارا و لەیلا دەپرسن، کە بۆ کوێ دەچن؟ ئەگەر بۆ رەبەت دەچن ماوەیەکی دیکە پێکەوە بەیەکەوە دڕۆین. با لێرە پشوویەک بدەین و نوێژی نیوەڕۆیە بکەین و بە فێنکی دەڕۆین. زارا و لەیلا دڵخۆشن و دەڵێن خودا لە عەبدی خۆی خافڵ نییە و ئەوانە وەک خدری زیندوو لە ئێمە پەیدا بوون.

رێبوارەکان یەکدەست دیارنین و لە خەڵکی دوو ناوچەی کوردستان دەچن. جلوبەرگی ژنانە و پیاوانەی ئەوان جیاوازی هەیە و بە ئاسانی لە یەکتر جیادەکرێنەوە. ئەوان پرسیار لە زارا و لەیلا دەکەن، کە بەو قرچە قرچەی گەرمایە چۆن رێگای رەبەتیان گرتۆتەبەر. پورە زارا بە کورتی دەڵێت، کە چارەنووس. ئەو دواتر ئازاری دایک و باوکەکانی سەردەم دەنەخشێنێ و بەمجۆرە دەدوێ. ئەو زەمانە دایک و بابەکان خەراپیان بەسەر هاتوە. ئێمە بە هەزار بەدبەختی و رۆژڕەشی منداڵەکانمان گەورە کرد و دواتر حیزبۆکە هاتن و منداڵیان هەڵفریواندن و بۆ خزمەتکردنی خۆیان و گەورەکانیان لە دایک و بابیان کردنەوە. چارەنووسمان بڵاوبوون و پەرتەوازەبوونە و لە سایەی سەری ریش پەشمەکەکان ناحەسێینەوە. بە هەموو شێخ و موشایەخی دنیایە، ئەوەش رەنگە گرفتاری ئەو دەردە بن. ژنێکی سنەیی بە زاراوەی خۆیان دەڵێ:” قوربانی ئەو دەمەو دایە، تۆ راستی ئێژی. مردوم خانەخەراو کریان”. پاش ئەو بیروڕا گۆڕینەوە پیاویکی بە ساڵداچوو وەپێشیان دەکەوێ و بە قەتارە بەرەو مەڵبەندی هێزە سیاسییەکان رێگا دەبڕن. سەروبەندی نوێژی عەسر دەگەنە رەبەت و لەوێ هەر کەسەو بە لایەکدا دەڕوات. لەیلا لە دووکانێکی سەر شەقامە تۆزاویی و چەوڕێژەکەی رەبەت پرسیاری بنکەی کۆمەڵە دەکات؟ کورێکی گەنج پێش ئەوەی وڵامی پرسیارەکەی بداتەوە، دەپرسێ رەنگە ئێوەش منداڵەکەتان زویرببێ و ببێتە پێشمەرگە. لەیلا دووکانەکە جێدێڵێ و لە رێبوارێکی ئاسایی پرسیار دەکات، کە بنکەی کۆمەڵە لە کوێیە؟ پیاوەکە لە کاتێکدا خەریکی گوتنی ئەستەغفیروڵڵا و هەروەها وشەکانی وەک ئەڵڵا و سوبحانەڵڵایە، وەپێش لەیلا و دایکی دەکەوێ و هەتا بەر دەرگای بنکەی کۆمەڵە هاوڕێیەتیان دەکات. یەکەم چەکداری کۆمەڵە کە بەخێرهاتنی لەیلا و دایکی دەکات کاوەیە. ئەو لە بەر دەرگای بنکەی کۆمەڵي پیاسە دەکات و چەکێکی کەڵاشینکۆفی قۆنداخداری لە شان کردوە. پورە زارا سەری ماچ دەکات و ليی دەپرسێ، کاکە ئەتۆ هەموو رۆژێ باسی کابرا پیرەکەت دەکرد، کە بەرابەری دابین دەکات و کرێکار رزگار دەکات و هتد. ئایا لەو ماوەیەدا هیچ کێشەیەکی چارەسەر کردوە؟ کاوە بە دیتنی دایک و خوشکی چاوەکانی پڕ لە ئاو دەبن و بەخێرهاتنیان دەکات. ناوبراو دایک و خوشکەکەی دەباتە هۆدەیەکی تایبەت بە میوان و کەسێکی دیکە بۆ چاوەدێری دەنێرێتە بەر دەرگا. لە ماوەیەکی کورتدا بەشێک لە پێشمەرگە ژن و کچەکان و هەروەها پیاوەکان بەخێرهاتنی دایک و خوشکی کاوە دەکەن. کاوە بە پەلە ئاوێکی خواردنەوەیان بۆ دێنێ و دواتر سەماوەرەکە، کە تازە کوژاوەتەوە هەڵدەکاتەوە و چاییەک ئامادە دەکات. لەیلا دەڵێ، ئەوڕۆ هەست دەکەین کە کابرای ریش پەشمەکە بێ مەندیلەکە کاری خۆی کردوە و ئەوەتا چا ساز دەکەی و کاروبارەکان رادەپەڕێنی. کاوە لەو کاتەدا بۆ پێکەنین باس لە ناساندنی مارکس دەکات و بابەتی فێۆدالیزم و سەرمایەداریان بۆ شیدەکاتەوە. دایکی زۆر پێدەکەنێ و لە کۆتاییدا وەبیر کاوە دێنێتەوە، کە سەرئەنجام جوجەڵەکان پاییزێ دەژمرین. کاوە لەو پەندە تێناگات و لە وڵامدا دەڵێ، لێرە جوجەڵەمان نییە و کەڵەباب و مریشک بە کەڵکی پێشمەرگان نایەن، چوونکە لە ماوەیەکی کەمدا تەواویان دەکەن. دایکی دەپرسێ، رۆڵە بۆ مریشک دزین لێرەش هەیە؟ ئەدی هەموو رۆژێ لە سەر دار و دیوار لە رادیۆنە شکاوەکان هاوار ناکەن، کە لایەنگری مافی هەژاران و زەحمەتکێشانی کوردستانن. خودا دەزانێ، راست نەماوە و هەر کەس بۆ لای خۆی رایدەکێشێ. زارا بەنیازە دەستنوێژ هەڵگرێ و شوێنە پێویستەکان لە کاوە دەپرسێ و لە گەڵ لەیلا پێکەوە دەچن بۆ دەستنوێژ هەڵگرتن. خواردنی شەوی بنکەکە برینج و لوبیایە، کە لە گەڵ خواردنی ماڵ جیاوازییەکی زۆری هەیە. برینجەکە وەک سندە گڵ بە یەکەوە نووساوە و بە زەبری کەوگیر و کەوچک لە یەکتر نابێتەوە و لۆبیاکانیش بە تەواوەتی پێنەگەیشتوون. بۆ تێرکردنی زگ میوان و چەکدار ناچارن کە خواردنەکە قبوڵ بکەن و بە گوێرەی توانا بیخۆن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_zhnikurd6.jpgیەکێک لە کچە پێشمەرگەکان دایکی کاوە دەبزێوێت و پرسیاری لێدەکات، کە لەیلا بۆ نابێتە پێشمەرگەی کۆمەڵە؟ کچەکە درێژە بە پرسیارکردن دەدات و و زارا بە پرسیاری رەنگاوڕەنگ شەکەت دەکات. زارا بۆ پچڕینەری ئەو کچە دەپرسێت، کە کچی جوان تۆ بۆ مێرد بە کاوەی ناکەی؟ پێکەوە وەرنەوە شار و خەریکی ژیانی خۆتان بن و واز لەو شۆڕشە بێنن. بە سەری پێغەمبەری ئەو شۆڕشە وەک ترخێنەی وایە هەتا بمێنێ و درێژەی بکێشێ عەلەمان هەڵدەێنێ. کچ و ژنەکانی مەقەڕی بە قسەکانی زارا شاد و دڵخۆشن. پێشمەرگەیەکی دیکەی ژن لە زارا دەپرسێ، ئەتۆ بۆ بردنەوەی کاوە هاتووی یان لەیلات بۆ پێشمەرگایەتی هێناوە؟ زارا و لەیلا بارەکەیان دەدۆزنەوە و بە پێکەنینێکی کورت و مانادار وڵامی ئەو پرسیارانە دەدنەوە. کاتێک پورە زارا خەریکی نوێژی ئێوارە دەبێ، ژمارەیەک پێشمەرگەی گەنجی کۆمەڵە بابەتی تازە بۆ توڕەکردنی دایکی کاوە دەدۆزنەوە. دوای تەواوبوونی نوێژ و تاعەت، یەکێک لە پێشمەرگەکان لە پورە زارا دەپرسێ، ئایا تۆ لە مانای ئەو نوێژ و عیبادەتە تێدەگەی؟ سەرەتا پورە زارا بە نەرمی دەڵێ، رۆڵە هەمووی باسی خوا و پێغەمبەر و ئاوری جەهەننەم و بەهەشتە. ئێمە هەموو موسڵمانین و باوەڕمان بە رۆژی حەشر و مردن هەیە، بۆیە ئەو نوێژ و رۆژوانە کاسبی رۆژی ئاخیرەتە. لەو کاتەدا یەکێک لە پورە زارا دەپرسێ، ئەتۆ حەمەی قوڕەیشی دەناسی؟ پورە زارا لە داخی ئەو پرسیارە بێزارکەرانە جنێوێک بە حەمەی دەدات و دەڵێ، خۆم من ئیدارەی سەبت و ئەحواڵی وڵاتی نیم، کە ئاگاداری ناو و شۆرەتی هەموو کەسێک بم. بەو رستەیە پێشمەرگەکان و کاوەش لە پڕمە پێکەنین دەدەن و هێندێکیان ژوورەکە جێدێڵن. زارا سەرەتا دەشڵەژێ و لە لەیلا دەپرسێ، ئەوانە بۆچی وا لە فیشقەی پێکەنیان دا؟ خۆ هیچی خواروخێچم نەگوتوە و تەنیا گوتوومە ئەو کابرایەی ناناسم! کاوە لەو دەرفەتەدا بە دایکی دەڵێ، کە مەبەستیان لەو کابرایە پێغەمبەر محەممەدە، بەڵام هێندێک کەس بە حەمەی قوڕەیشی ناوی دەبەن. ناوەکەیان کورداندوە و ناسناوی عەشیرەتەکەیان خستۆتە پاڵ. زارا بە بیستنی ئەو روونکردنەوەیە بە کەیفی خۆی جنێو بەو پێشمەرگانە دەدات، کە تووشی ئەو گوناهەیان کردوە. بۆ ئارامکردنەی بارودۆخەکە کاوە و دایکی لە گەڵ خوشکی هەتا بەیانی پێکەوە جێدێڵن. دایکی و لەیلا داوا لە کاوە دەکەن، کە سەردانی کەماڵیان کردوە و زۆر ئامۆژگاری کردوون، کە کاوە بگێڕنەوە ماڵ. کاوە ئامادەی چوونەوە نییە و بە دایکی دەڵێ، هەتا لەو نیزیکانە بنکە و مەقەڕمان هەبێ درێژە بە پێشمەرگایەتی دەدەم و ئەگەر دونیا گۆڕا قسەیەکی دیکەی لێدەکەین. لەیلا زۆر شێر و رێویان بۆ کاوەی برای دێنێتەوە، بۆ ئەوەی دڵی نەرم بێت و بگەڕێتەوە ماڵ، بەڵام زۆر سوودی نابێ. لە ژووری میوانەکان وێنەیەکی گەورەی مارکس هەڵاوەسراوە، کە لەیلا و دایکی پاش ماندووبوون لە قسەکردن چاوێکی لێدەکەن. زارا لە داخی کاوە چاپۆک لە مارکس دەنێ و بە ریش پەشمەکی بێ مەندیل ناوی دەبات. کاوە لەو بابەتە تووڕە دەبێ و لە گەڵ دایکی کێشەیان لێ پەیدا دەبێ. پورە زارا هاواری لێ هەڵدەستێ و تێر بە دڵ جنێو بە مارکس دەدات. پێشمەرگەکان لە دەرەوەی هۆدەکە گوێیان لەو جنێو و دمەتەقەیە و بنکەکە بە پێکەنین پڕ دەبێ. زارا بەو پێکەنینە هێندەی دیکە توڕە دەبێ و باسی شەوی رابردوو دەکات، کە گاڵتەیان بە ئیسلام و پێغەمبەر کردوە. کاوە و لەیلا بە زۆر دایکیان ئارام دەکەنەوە و کاوە تێگەیشتوە، کە ئەو پێشمەرگانە لە سازکردنی نوکتە دەگەڕێن، بۆیە بە لەیلا و دایکی دەڵێت، با سەریک لە بازاڕ بدەین.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_bazar.jpgکاوە و لەیلا لە گەڵ دایکیان سەردانی بازاڕ دەکەن و تەوەرەی قسەکردن دەگۆڕن. کاوە لە دایکی دەپرسێ، کە دەبێ خەمی بابیان بخۆن و بە جۆرێک بزانن کە ئایا گیراوە یان مردوە؟ کاوە زیاتر دەچێتە ناخی مەسەلەکە و داوا لە دایکی دەکات، کە لە رێگای حیزبی دێموکڕات باشترە لە عێراق سۆراغێکی بابم بکەین. ئەوان پێوەندی باشیان لە گەڵ رێژیمی عێڕاق هەیە و ئەگەر نییەت هەبێ زۆر بە ئاسانی دەتوانن سەرداوێک ئاشکرا بکەن. زارا و لەیلا ئەو بیرۆکەیە بە باش دەزانن و بەڵێن دەدەن، کە ئەگەر کەماڵیان لە نیزیکەوە دیت بە وردی پرسیاری دۆزینەوەی مام کەریم بکەن. کاوە لە مەڕ دوینێ شەو داوای لێبوردن لە دایکی دەکات و ئاماژە دەکات، کە بنکە و مەقەڕەکان بەو قسە و چیرۆکانە کاتەکان تێدەپەڕنن. بەشێک لە کوڕ و کچانی ناوچەکانی دیکە کراوەن و گاڵتە و گەمەی زۆر لە گەڵ یەکتر و بە تایبەت دایک و باوکی پێشمەرگەکان دەکەن. زارا بە راستە رێگاکەی رەبەتدا دەڕواتە خوار و لە دەست هەتاوی ئەو دەشتە خۆزگە بۆ شارەکەی دەخوازێ. بۆ حەسانەوە دەچنە چاخانەیەک و دواتر بەرەو مەقەڕ دەگەڕێنەوە. لەیلا و دایکی داوا لە کاوە دەکەن، کە ئەگەر هەر پێشمەرگایەتی دەکات، بۆچی ناچێتە گەڵ دێموکڕات و تەنیشت براکەی. کاوە بە راشکاوی دێموکڕات بە بورژوا ناو دەبات، کە سەرۆکەکەی کوڕە ئاغایە و پارێزەری سەرمایەدارییە. ئەمن لە پێناوی ئاڵا سوورەکەی کۆمەڵە و بیروباوەڕی سۆسیالیزمدا تێدەکۆشم و ئیمانم بە دێموکڕات و بەرنامەکەی نییە. دایکی سوورە لە سەر ئەوەی، رۆژێک کاوە پەشیمان دەبێتەوە و حەسرەت بۆ ئەو رۆژانە دەخوازێ. ئەوەتا کەماڵ بە زمانی خۆی بە ئێمەی گوت، ئەگەر بە قسەی بابم کردبا و سەرقاڵی کار و پیشەیەکی ئازاد بوومایە، قەت شیرین و کاوە تووشی ئەو چارەنووسە نەدەبوون. کاوە بێدەنگی هەڵدەبژێرێ، چوونکە وتە و رێنوێنیەکانی دایکی راستن، بەڵام کفوکوڵی گەنجانە و مۆدیلی سەردەمە. زارا لە لەیلا دەپرسێ رۆڵە ئەوڕۆ بڕۆینەوە یان بەیانی؟ لەیلا بە باشی دەزانێ، کە ئەو شەو لە لای کاوە بن و بەیانی زوو بەرەو سەردەشت بگەڕێنەوە. ئەوان بەرەو بنکەی کۆمەڵە دەگەڕێنەوە و کاتێک دەگەنەوە نانی نێوەڕۆ ئامادەیە. ئەمڕۆ پێشمەرگەکان باشتر لە دوێنێ دەجوڵێنەوە و دەزانن، کە دڵی پور زارایان رەنجاندوە. یەکێک لە بەرپرسانی بنکەکە لە سەر رووداوەکانی شەوی رابردوو و ئەو نوکتە و پێکەنیانە داوای لێبوردن لە دایکی کاوە دەکات و بە راشکاوی رادەگەینێ، کە ئەرکی ئێمە رزگاری مرۆڤەکان لە چنگی ستەم و زوڵمە. ئێمە وەک ئەندام و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە باوەڕمان بە باوەڕە دینیەکان نییە، بەڵام رێز لە باوەڕ و دینی خەڵکی کوردستان دەگرین.

زارا دەستخۆشی لەو بەرپرسە دەکات و ئامۆژگاری دەکات، کە هەتا بۆیان دەکرێ رێز لە خەڵک بگرن. بەرپرسەکەی کۆمەڵە لە سەر رێژە و ژمارەی چەکدارەکانی رێژیم لە شار چەند پرسیارێک دەکات، کە زارا بە رێکو پێکی وڵامیان دەداتەوە. پورە زارا و کاوە لە گەڵ لەیلا ئەو شەویش لە هۆدەی میوانەدا بە سەر دەبەن. بەیانی ماڵئاوایی دەکەن و کاوەش هەتا خوار رەبەتێ هاوڕێیەتیان دەکات. چاوەکانی کاوە لە کاتی ماڵئاواییدا فرمێسکیان تێدەگەڕێ و دایک و خوشکەکەی بە گریانەوە ملی رێگا دەگرن. دوای دوورکەوتنەوە لە یەکتر کاوە رادەوەستێ و توانای بەرەنگاری کانگای تەقیوی ناخی نامێنێ. لە سەر رێگاکە دادەنیشێ و لە پڕ بەدوای دایک و خوشکەکەیدا هەڵدێ. لەیلا و دایکی هێشتا خەریکی سڕینەوەی فرمێسکەکانیانن، کە کاوە خۆیان دەگەیەنێتێ. کاوە چاوەکانی بە گریان سوور هەڵگەڕاون و لە سەر رێگا پووشاویەکە دادەنیشێ. لە کاتێکدا بە دەستی پووشە وشکەکان لە زەوی دەردەکێشێ باس لە خەم و ئازارەکانی دەکات. ناوبراو بە دایکی دەڵێت، بۆ ئەوە گەڕامەوە کە ناخی راستەقینەی دڵم بە ئێوە نیشان بدەم و وابیرنەکەنەوە، کە بە هەڵبژاردنی ئەو رێگایە ئێوەم لەبیر کردوە. لەو رۆژەی کە لە ماڵ دەرچووم زیاتر بیرتان دەکەم و رۆژ نییە، لە سەر بانی ئەو مەقەڕەی تێر چاو لە شار نەکەم و بۆ دیتنی ئێوە دڵم پڕ نەبێ. گەردەنم ئازاد بکەن و ئەگەر بۆ ئێوە کوڕ و برایەکی باش نەبووم، هیوادارم بۆ خەڵک و مرۆڤایەتی کەسێکی بەسوود بم. خواتان لە گەڵ بێ و ئاگاداری خۆتان بن. چەند رێبوارێک لە کاوە و دایک و خوشکەکەی نیزیک دەبنەوە، کە لە بەر سوورەتاوی دواڕۆژەکانی مانگی خەرمانان لە لێواری رێگەدا بە کزی دانیشتوون. لەیلا و دایکی کاوە خواحافیزی لە کاوە دەکەن و بەرەو ماڵ دەگەڕێنەوە. کاوەش بەرەو کۆشکی خەونەکان بۆ درێژەدان بە خەبات لە پێناوی سۆسیالیزم گەڕایەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge16.jpgلەو رۆژانەدا کەسێکی بە رواڵەت تێکچوو سەر لە بنکەی کۆمەڵە دەردێنێ و خوازیارە ببێتە پێشمەرگە. ئەو کە تەمەنی لە گەڵ نەک پێشمەرگەکان بەڵکو فەرماندە و بەرپرسەکانیش جیاوازە، رۆژانە لە ژێر سێبەری بنکەکە قسەی خۆی دەکات و رادەگەینێ، کە زگی عەمباری کەس نییە. ئەو کەسە، کە خۆی بە مەلا فەلسەفە دەناسێنێ چیرۆکی سەیر و سەمەرە لە ژیانی خۆیی و بنەماڵەکەی دەگێڕێتەوە. ناوبراو، لە سەردەمی لاوەتی وەک گەڕیدەیەک سەری لە زۆر شار و گوندی نەک کوردستانی رۆژئاوا، باشوور و رۆژهەڵات هەڵێناوە، بەڵکو لە بەغدا، تاران و دەمشق لە گەڵ خەڵک ئاشنا بوە. مەلا فەلسەفە باوەڕی بە هیچ ئایدۆلۆژیەک نییە و رەخنە لە سەر چۆنیەتی سازکردنی چەک و تەنانەت هەڵفڕینی مێشولەش دەگرێت. ئەو پیاوە لەو سەردەمەدا وەک ئاوێنەی باڵانوێن و دەرخەری نوقسانی و خاڵە لاوازەکانی هێزە کوردییەکان و کولتوری ئیدارەکردنی ئەو هێزانەیە. مەلا فەلسەفە، کورد بە خەڵکێکی دابڕاو لە یەکتر دەناسێنێ. لە سەر حیزبە کوردییەکان بە توندی دەدوێ و رەخنەی لە شورای گوند و شارەکانی دێموکڕات و کۆمەڵە دەگرێ. ئەو لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە ناوچەکانی سەڵماس، ورمێ، شنۆ، سنە، کرماشان، سەقز، بانە و سەردەشت گەڕاوە و ئەزموونی لە سەر ئەکتەرە سیاسییەکان هەیە. ناوبراو کەسێکی بێ زەڕ و دوور لە کولتوری خۆفرۆشییە، بۆیە لەو ماوەیەدا زمانی سوور و تیژی سەری نەسوتاندوە. مەلا فەلسەفە ئەو رۆژانە لە گەڵ کاوە زۆر دەدوێ و تێدەگات، کە کاوە چاوەڕوانی زۆری لە بارودۆخەکە هەیە و بە ئاسانی باوەڕ بە شکستی ئەفسانەی خەیاڵ ناهێنێ. مەلا فەلسەفە لە سەر سفرەی نانخواردن بابەتی سەیر و سەمەرە دەورژێنێ و دەپرسێ، بوون و نەبوونی ئێمە وەک حیزب و پێشمەرگە چ لە دۆخەکە دەگۆڕێ؟ رێژیم بۆچی لە گرتنەوەی شار و گوندەکان سەرکەوتوو و ئێمەش شکاوین؟ بۆچی لێرە پێشمەرگەی رووسی، چینی و کوبایی نییە؟ ئایا کەس لە وڵاتانی سۆسیالیستی پاڵپشتی ئێمە دەکەن؟ لە کام شاری کوبا باس لە بزوتنەوەی کوردان دەکرێ و رێز لەو گیانبەختکردوانە دەگیرێ، کە لە پێناوی کرێکارانی جیهان و سۆسیالیزمدا لە چیا و دۆڵەکانی کوردستاندا سەردەنێنەوە؟ مەلا فەلسەفە لە هەر بنکەیەک مانگێک خۆدەگرێ و دواتر یان خۆی دەڕوا یان دەری دەکەن. ناوبراو بۆ ماوەی چوار حەوتوو لە تەنیشت وێنەکانی مارکس و ئینگێڵس ئەسپی رەخنەی خۆی تاودەدا. بەشێک لە پێشمەرگەکان بە چاکی گوێیان لێدەگرت و ژمارەیەکی دیکەش مەلا فەلسەفەیان بە مەلا فشە بانگ دەکرد. مەلا فەلسەفە بۆ ئەو کەسانەی کە تازە لە ماڵ دەردەچوون بابتێکی باش و ئەرینی بو، چوونکە بە کەیفی جەماعەت سەرسفرە و مەجلیسی دەڕازاندنەوە. ئێوارەیەک لە کاتی چاخواردنەوەدا لە شوێنی خۆی راست دەبێتەوە و وەک قسەکەرێکی شارەزا دەستەکانی لە پشت خۆ گرێدەدا و چەند وتەیەک پێشکێش دەکات. لە سەرەتادا رەخنە لە کۆمەڵە دەگرێ، کە سیاسەت و رێبازەکەیان لە گەڵ خاک و خەڵک و تەنانەت خودی خۆمدا نەگونجاوە. ئەوان و هاوڕێ فارسەکانیان بەنیازن لە کوردستان شۆڕشی کرێکاری بەرپا بکەن، کەچی مامە پیرەی رەزبەر بۆ پیتاک و زەکات جەزرەبە دەدەن! کۆمەڵە کاری چاکی کردوە، کە ژن و کچانی هێناوەتە سەنگەر، بەڵام ئەو کوڕ و کچانە لە پێناوی مافە رەواکاندا خەبات بکەن و شەهید بن باشترە لە وانە و تێزەکانی مارکس، مائۆ و لێنین. کۆمەڵە و دێموکڕات خەڵکی دژ بە یەکتریان لە ریزەکانیاندا رێکخستوە، بۆیە ئەوانە لە دوارۆژدا دەبنە ماکەی شەڕە تەقە. ئەگەر گوێ لەو گوندنشیانە نەگرین ساڵێکی دیکە یان دوو ساڵێکی دیکە ئەو بنکانە دەبنە مۆڵگەی پاسداڕ و بەسیجییەکان. داواتان لێدەکەم لە کۆشکی خەونەکان دەرچن و بەرچاوتان روون بێ. هەموو شێت و منداڵی دونیایە دەزانن، کە سۆسیالیزم و دێموکڕاتی لە بن باڵی ئاخوندە شیعەکاندا باڵا ناکەن و ئەمڕۆ یان سبەی لەودیو خۆمان دەدۆزینەوە. مەلا فەلسەفە توڕە دیارە لەو ماوەیەدا قەت بەمجۆرە دەرنەکەوتوە. چەند پێشمەرگەیەک مەلا فەلسەفە دەنگ دەدەن و ناچاری دەکەن، کە کەلوپەلی هەڵگرێ و لەو بنکەیە بچێتەدەر. مەلا لە کاتێکدا سندوقە تەنەکەکەی هەڵدەگرێ، بە تەوسەوە بە پێشمەرگە و بەرپرسەکانیان دەڵێ، عەداڵەت و بەرابەری هەڵدەنگرنەوە! ئێوە لە جیاتی لێدان لە بنکەی رێژیم و خەباتی بێ ئەمان خۆتان لەو بنکە و هۆدانەدا بەند کردوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge16.jpgمەلا فەلسەفە ئێوارە بەرەو بنکەی رێکخراوی خەبات دەچێ و بە ئاسانی جێگایەک بۆ خۆی دەکاتەوە. ئەو بە دەوروبەری بنکەی خەباتدا هاتوچۆ دەکات و درووشمە نووسراوەکان دەخوێنێتەوە، کە باس لە پێغەمبەر و ئیسلام دەکەن. رۆژانی یەکەم مەلا فەلسەفە بێدەنگە و پێشمەرگە و بەرپرسانی ئەو بنکەیە لە ژێر چاوەدێری دەگرێ. ناوبراو شارەزایی لە زمانی عەڕەبی، فارسی و کوردیدا زۆرە و لە زۆر مزگەوت و بنکە دمەتەقەی جۆراوجۆری کردوە. مەلا فەلسەفە وردە وردە تێکەڵ بە بەرپرس و پێشمەرگەکان دەبێ و رۆژانە لە کاتی حەسانەوەدا گوێ لە هەواڵ و خەبەرەکان دەگرێ. ئەو رۆژێک پرسیار لە بەرپرسی بنکەکە دەکات، کە سەرئەنجام ئەوان بەدوای چ نیزامێکدا دەگەڕێن؟ دواتر درێژە بە پرسیارەکان دەدات و دەپرسێ، تۆ کوردێکی موسڵمانی یان موسڵمانێکی کوردی؟ بەرپرسەکە لەو پرسیارانە توڕە دیارە و چەند مۆڕەیەکی لێدەکات. مەلا فەلسەفە دەستبەردار نییە و پرسیار دەکات، کە جیاوازی نێوان نیزامی ئسیلامی ئاخوندی و ئیسلامی مەلایی زۆرە یان کەم؟ بەرپرس و پێشمەرگەکان بەو پرسیارانە زۆر تێکدەچن و سندوقە تەنەکەی بۆ فڕێدەدەن بەر دەرگا و دوو جنێو بەو کەسە دەدەن، کە رێگای خەباتی نیشان داوە. مەلا فەلسەفە لە قسە ناکەوێ و لە وڵامدا دەڵێ، جنۆکەی ئیماندار سەبەبن! کاتێک مەلا دەزانێ، کە خۆری بەختی لەو بنکەیەش ئاوا بوە، سندوقەکەی هەڵدەگرێ و بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات، بە هەموو ئایەت و سوڕەکانی قورئان لە سوڕەی بەقەڕەوە بگرە هەتا دەگاتە کەوسەر بەو کولتور و سیاسەتە لە سوور و کایە دەیدۆڕێنن. مەلا فەلسەفە شەو دەچێتە مزگەوتی رەبەت و هەتا بەیانی لەوێ دەمێنێتەوە. لە گەڵ مجێوری مزگەوت نان و ماستێک دەخوات و دواتر بەرەو پردی بریسوێ شۆڕ دەبێتەوە. لە بازگەکانی رێژیم لە بەر روخسار و تەمەن کەمتر پرسیاری لێدەکەن و ئەویش هیچ کارتێکی پێناس هەڵناگرێ. هەر کاتێک پرسیاری لێدەکرێ، زیاتر لە دە خولەک سەرقاڵی پشکنینی گیرفان و سندووقەکەی دەبێ و لە کۆتاییدا دەڵێ، هەڵوەریوە. ئەو لەو دۆخە جاڕز و وەڕەزە و ناتوانێ لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمدا ژیان تێپەڕ کات. ئەو تەنیا بۆ گوتنی راستییەکان ناوی سەیر و سەمەرە لە خۆی دەنێ و ئاگادارە، کە باشترین رێگا بۆ بڵاوکردنەوەی رەخنەکان بۆ ناوبراو ئەو شێوازە کۆمێدییە. ناوبراو لە دەمشق، بەغدا و تاران ژیاوە و دەزانێ، کە حیزبە سیاسییەکان و خەڵک چەندە و چۆن لێک گرێدەدرێن. ناوبراو بەشێک لە پارتە سیاسیی و رێکخراوەکان بە دوکان و بازرگانی دەزانێ. ئەگەر لە داو دەکەوی، پێش خەڵکی دیکە رەخنە لە خۆی دەگرێ و خۆی بە تاوانباری یەکەمی پرسی کوردایەتی لە کوردستان دەزانێ. لە رێگای رەخنە لە خۆگرتن و لە باب و باپیرانی رێگا بۆ رەخنەگرتن لەو کەسانە خۆش دەکات، کە باوەڕ بە تواناکانیان ناکات. ئەگەر باخەڵی بەتاڵ دەبێ و دەرگای ماڵەکان لە سەری دادەخرێن، کاروباری وەک چەقو تیژکردنەوە و دوعانووسین دەکات و بە ئاسانی دەرگاکان دەکاتەوە. مەلا فەلسەفە هونەری دۆزینەوەی ماڵ و هەروەها تۆمارکردنی ناوی خەڵکی بەهێزە. لەو ماوەیەی، کە لە رەبەت لە گەڵ کاوە ئاشنا بوە، ناوی باوک و دایک و زۆر زانیاری دیکەی وەرگرتوە. مەلا فەلسەفە ناسیاو کەسە نیزیکەکانی رێنوێنی دەکات ، کە خەڵکناسین و راگرتنی پێوەندی لەگەڵ خەڵک زۆر گرینگە. ناوبراو لە زۆر ماڵان کە دادەنیشت، بە کورتی بۆ خاوەن ماڵ و خانەخوێی شیدەکردوە، کە ئەو لە دزی بە هەموو جۆرەکانی، خۆفرۆشی بە تەواوەتی و خەیانەت دوورە و لە پشتەملەی خەڵکی ئاسایی هیچ ناڵێ، بەڵام لە سەر سیاسەت و حیزب و دەوڵەت قسە دەکات. مەلا فەلسەفە لە پردی بریسوێ رادەوەستێ و بە سواری ئوتۆمبیلێک بەرەو سەردەشت دەڕوا. ناوبراو بۆ خۆشاردنەوە و هەروەها رێککەوتن لە گەڵ ژینگەی تازە لە ناو ئۆتۆمبیل لە سەر ناوی شێخ زەرگەتە ساغدەبێتەوە. ناوە هەڵبژێردراوەکانی ئەو پیاوە لە گەڵ کۆمەڵگەی کوردەواریدا رێکخراو و لەو کاتەشدا بۆ بیسەران مایەی پێکەنینن. ئەو کە دەگاتە سەردەشت یەکسەر دەچێتە مزگەوتی سەرچاوە و هەتا نوێژی شێوان لەوێ دەمێنێتەوە. ژمارەیەک لە نوێژکەران دوای تەواوبوونی نوێژ سەرەنج دەدەن، کە پیاوێکی غەریبە بە سندووقێکی تەنەکەوە لە مزگەوتە و یەکێک لە نوێژکەران پرسیاری لێدەکات، کە ئایا شوێنێکی بۆ خەوتن هەیە؟ شێخ زەرگەتە بەڕێزەو روو لە نوێژکەرەکە دەکات و بە زمانی دەستەکانی ئاماژە بە نەبوونی شوێن دەکات. خاڵەی نوێژکەر لە رێگای خودادا فەرمووی ماڵەکەی دەکات و پێکەوە دەڕۆنەوە. لە رێگادا ناو دەگۆڕنەوە و خاڵەی نوێژکەر خۆی بە کاک حاجی دەناسێنێ و کاکەی غەریبیش بە شێخ زەرگەتە. حاجی بە ناوەکەی شێخ زەرگەتە زەردەیەکی دێتەو دەپرسێ، کە باشە شێخ ژەنگەسوورەش نیت! شێخ زەرگەتە لە حاجی دەپرسێ، کە چۆتە ماڵی خوای یان هەر ناوەکەی حاجییە؟ حاجی بە پێکەنینەوە دەڵێ، کاکە هەتا ئەمڕۆ خوا حەجی بەنسیب نەکردووم و ئەگەر حاجی تەواو بوومایە، بێگومان کەشیدە زەردەکەم لەسەر دەنا. شێخ زەرگەتە سپاسی میواندۆستی حاجی دەکات و بە گاڵتە دەڵێ، زۆربەی حاجییەکان دڵکراوە و بەخشەندە نین و پاش دیداری مەککە و مەدینە دەگۆڕێن. حاجی لە قسەکردن دانامێنێ و شێخ زەرگەتە دڵنیادەکاتەوە، کە دڵ شەرتە و سروشتی مرۆڤ بە ئاسانی ناگۆڕێ. حاجی و شێخ دەگەنە ماڵ و منداڵەکانی حاجی دایکیان لە هاتنی میوانێک ئاگادار دەکەنەوە، کە سندووقێکی تەنەکەی لە سەر شانە. یەکێک لە منداڵەکان مەزەندە دەکات، کە ئەو سندووقە پڕ بێت لە وردەواڵە و رەنگە شەو شتیکیان گیربکەوێ. هاوسەری حاجی و منداڵەکانیان بەخێرهاتنی میوان دەکەن و حاجیش چەند جارێک بەخێرهاتنی دەکات. ئەو شەوە شێخ زەرگەتە زۆر کەم قسە دەکات و سەرنج دەدات، کە هەڵسوکەوتی ئەو ماڵە چۆنە و ئایا دەگونجێ رۆژی داهاتووش لەو ماڵە وەمێنێ. کاتێک حاجی پرسیاری لێدەکات، کە چ نیازیکی هەیە، شێخ بە کورتی خۆی لە گێلی دەدات و ئاماژە دەکات، کە بەندە دەکات خەیاڵان و خواش دەکات بەتاڵان. بە گوێرەی وتەکانی شێخ زەرگەتە خەو برای مردنە و کێ دەزانێ بەیانی چ روودەدات، بۆیە وڵامەکە بە کراوەیی دێڵێتەوە. حاجی تێدەگات، کە شێخ رەنگە فەقیر و ماڵ لە کۆڵ بێت، بەڵام لە دیوی شاراوەی شێخ دەترسێ، بۆیە شەو زۆر بە توندوتۆڵی هەڵسوکەوت دەکات و دەرگاکان بە تەواوەتی قفڵ دەدات. شێخ زەرگەتە بۆ حەوشەش بە تەنیا نانێرن و یەکێک لە منداڵەکان یان حاجی بۆ خۆی لە گەڵیەتی. بەیانی شێخ دەستی حاجی دەخوێنێتەوە و پێش ئەوەی زار بکاتەوە، شێخ بە حاجی دەڵێ، با ناوی خوای لێبێنین و سەردانێکی بازاڕ بکەین. حاجی بە ناچاری لە گەڵ شێخ دەچنە دەر و لە پڕ پرسیاری لێدەکات، کە سندووقەکە دەبەین یان دواتر کەسێکی بەدوادا بنێرم؟ شێخ لە پەیامەکان تێدەگات و بە پێکەنینەوە دەڵێ، کاک حاجی ئەو سندووقە با ئەو شەویش میوان بێ و بۆ رۆژی دواتریش خوا گەورەیە. ئەوان پێکەوە بەرەو بازاڕ دەچن و سەردانی چەند دووکانێک دەکەن. لە دەوروبەری دوکانی حاجی مەجیدی ترێ رەشێکی زۆر دەبینن، کە لە گوندەکان بۆ فرۆشتن هاتۆتە شار. هەنار و هەنجیر و زۆر میوەی دیکە لەو کۆڵانەدا ماونەوە و خەڵک بۆ کڕین و بردنەوەیان زۆر هەڵسووڕ نییە. شێخ زەرگەتە بازاڕەکەی پێخۆشە و لە پڕ گوێی لە دەنگێکی گەورەیە، کە کەلوپەلی ماڵ هەڕڕاج دەکات. بە شەقامی سەرەکی شاردا دەڕوا و تووشی کابرایەک دەبێ، کە بە ناوی فەرمانداری و بەرپرسانی شار فوو لە دەزگای دەنگبەرزکەرەو دەکات. لە سەر شەقامی سەرەکی ژمارەیەکی بەرچاو میوەفرۆش دەبینێ، کە لە تەنیشت داشقەکانیان دانیشتوون و چاوەڕوانی مشتەریەکانیانن. لە سەر رێگای هاتوچۆکەران پیاوێکی کوردپەروەر دەبینێ، کە لە سەر چەند کارتۆنێک دانیشتوە و نیشتوو بە خەڵک دەفرۆشێ. شێخ زەرگەتە دڵی ئەو شارەی دەگرێ و بە فێڵ خۆی لە حاجی هەڵدەبڕێ و بە حاجی دەڵێ، کاکە رەنگە لە بەر پیری و هەژاری لەو شارە ون ببم، بەڵام ئەگەر رێگاکەشم ون کرد، هەتا ئێوارە لە مزگەوتاندا بانگەواز نەکەن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_piawikurd6.jpgئەمن لەو شارە بە مزگەوتی سەرچاوە دەزانم و بە شەویش ئەو مزگەوتە دەدۆزمە. شێخ زەرگەتە بەرەو مزگەوتی سوور دەچێ و دوای چاوخشاندن بە مزگەوت و ئاوخواردنەوەیەک، لە دوکانێکی تەنەکەی تەنیشت مزگەوت دەپرسێ، کە ئایا ماڵی مام کەریم بابی کاوە پێدەزانێ؟ کابرای دوکاندار کە گوێی بە تەواوەتی نابیستن چەند جارێک گوێ دەگرێ، هەتا لە پەیامی شێخ زەرگەتە تێدەگات. ناوبراو کە بە دەنکی تەزبیحەکانی یاری دەکات بە دەست ئاماژە بە شێخ دەکات، کە لەو پارکە لە خەڵکی دیکە بپرسێ، چوونکە ئەو زۆر خەڵکی شار ناناسێ. لە تەنیشت پارکی شار شێخ چاوی بە گوڵەدان فرۆش و خەڵکی کاسب دەکەوێ، کە هاوتەمەنی کاوەی مام کەریمن، بۆیە پرسیار لە یەکێک دەکات، کە ئایا ماڵی کاوەی مام کەریمی دەزانێ؟ کوڕەکە کە خەریکی وەرگرتنی پارەی گوڵەدانە فرۆشراوەکانە دەپرسێ، خاڵە کام کاوە؟ کاوەیەکمان هەیە کە تازە دەڵێن بۆتە پێشمەرگە و کاوەی دیکەشمان زۆرن لێرە؟ شێخ بە پەلە دەڵێ، کاکە ئەو کاوەیە دەڵێم، کە گۆیا چەکی هەڵگرتوە. ئەمن ناسیاوی کۆنی بابی کاوەم و هاوکاری خاڵی خۆت بکە با ئەحواڵپرسیەکیان بکەم. کوڕە گوڵەدانفرۆشەکە تەنەکەی گوڵەدانەکان و هەروەها کەلوپەلەکانی لە لای برادەرێک جێدێڵێ و لە ماوەی دە خولەکێکدا شێخ دەگەیەنێتە ماڵی کاوە. شێخ لە دەرگا دەدات و پورە زاراش دەرگاکە دەکاتەوە. زارا بە تەنیا لە ماڵە و لەیلا لە گەڵ چەند ژنێکی ناسیاو بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیان تەندور بە تەندور دەگەڕێن و نان بۆ داراکان دەکەن. زارا بە دیتنی ئەوپیاوە دەشڵەژێ و ماوەیەکی کورت لە سەروچاو و پۆشاکی شێخ رادەمەنێنێ. شێخ دەزانی، کە رۆژگارەکە پڕە لە ترس و خەڵک نیگەرانە و هەروەها غەریبە و نەناسراوەکان لە شارەکان بە ئاسانی وەرناگیرین. ناوبراو وەک ناسیاوێک ناوی پورە زارا دێنێ و پاشان کورتەیەک باسی کاوەی بۆ دەکات. پورە زارا وەک لە داری بەربێتەوە و لەو چیرۆکە تێناگات، کە کاوە و ئەو پیاوە چۆن لە گەڵ یەکتر لە بنکەیەدا پێشمەرگە بوون. ئەو لە بیریەتی، کە ماوەیەک لەوە پێش لە گەڵ لەیلا لە رەبەت بوون و سەروچاوی ئەو پیاوە بە تەواوەتی نائاشنایە. شێخ چیرۆکێک لە سەر خۆی ساز دەکات و دەگێڕێتەوە، کە ماوەیەک لە رەبەت ژیاوە و لە گەڵ کاوە زۆر تێکەڵ و نیزیک بوە. ئەو رێنوێنی کاوەی کردوە، کە بگەڕێتەوە شار و خزمەتی دایک و خوشکی بکات، چوونکە ئەو کوڕ و کچانە حەیفە لەو هۆدانەدا خۆیان گیرۆدەی وتە و نووسراوەی ئەم وئەو بکەن. پورە زارا دڵی نەرم دەبێ بۆ فەرمووکردن، بەڵام لەوە دەترسێ کە پیاوخەراپ دەرچێ. ناوبراو ناوی ئەو پیاوە دەپرسێ و خوازیارە تێبگات، کە خەڵکی کوێیە و بەدوای چیدا سەرگەردانە. شێخ خۆی بە شێخ زەرگەتە دەناسێنێ، کە ساڵانێکی زۆرە ماڵ بە کۆڵە و شار و وڵاتان دەگەڕێ. ناوی زەرگەتە بۆ زارا لە گەڵ شێخەکە دوو وشەی ناڕێک و نەگونجاون، بۆیە زیاتر لە ناوەکەی دەکۆڵێتەوە. زارا ئاماژە دەکات، کە لە وڵاتی ئەواندا شێخەکان وەک پیاوچاک دەبینن و سوێندیان بە سەری دەخۆن و نانی ماڵی شێخان بە متفەڕک دەخورێ، بەڵام قەت ناوی زەرگەتەی لە دوای ناو شێخ و موشایەخانە نەبیستوە. شێخ زەرگەتە دایکی کاوە ئاگادار دەکاتەوە، کە سبەینێ میوانیان دەبێ و دواتر یەکتر دەبیننەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_piawikurd9.jpgحاجی لە شەقامە راستە و ناڕاستەکانی شاردا بە دوای شێخ زەرگەتەدا دەگەڕێ. ئەو دەترسێ، کە شێخ بەڵایەکیان بەسەر بێنێ و تووشی گۆنگەڵیان بکات. ئەو دەردەی لە حاجی و پورە زارایە، لە شێخ نییە، چوونکە ئەو گەڕۆکە و خەمی گەورەی حەوانەوە و جەمە خورادنێکە. گەڕان و گەڕیدەیی پڕن لە خۆشی و ناخۆشی و شێخ زەرگەتەش لەو هاوکێشەیە بەدەر نییە. ئەو لە کاتی گەڕانەوە لە ماڵی مام کەریمی بەرەو شێخ مەولانا دەڕوا، کە بنکەیەکی رێژیمی تێدایە و بە هەوای رەبەتێ لە سەنگەرەکە نیزیکە دەبێتەوە، کە بە بلوک و گۆنی بەنی پڕ لە گەڵ هەڵچنراوە. چەکدارێکی خۆماڵی رێژیم لە سەنگەردا چاو لە شێخ زەرگەتە دەبینێ، کە بە شێوازێکی کۆمێدی و پێکەنیناوی لە سەنگەرەکە نیزیک دەبێ و زاری دەجوڵێ. شێخ زەرگەتە بەنیازە وەک مەقەڕەکان ئەو بنکەیەش بکاتە مەیدانی گاڵتەوگەپ، بەڵام لە هەنگاوی یەکەمدا دوو شەق و قۆنداخێک دەخوات. کاتێک شێخ دەزانێ، کە شەپکە توندە و رەنگە بەند بکرێ خۆی شێت دەکات و رستە و وشەی سەیر و سەمەرە بە پاسداڕ و چەکدارە کوردەکان دەڵێت. یەکێک لە جاشەکان بە توندی جەزرەبەی دەدات و دواتر لە هۆدەیەکی چووکی بنکەی شێخ مەولانەی دەکەن. بەرپرسی ئەو مۆڵەگەیە کە فارسە خوازیارە شێخ زەرگەتە ببینێ و قسەی لەگەڵدا بکات، بەڵام بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و نیشاندانی روخسارێکی مرۆڤانە خواردن و نانێکی باشی بۆ دەنێرێ. رزا ئیمانی بەرپرسی ئەو مۆڵگەیە لە شێخ زەرگەتە دەپرسێ، کە ناوت چییە و خەڵکی چ شارێکی وڵامی سەیر و سەمەرە دەبیستێ. شێخ بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ، کە شێتە برینج و خواردنەکەی بە راکشانەوە دەخوات و بە کەچەکەی گەمە دەکات. بۆ خواردنەوەی چایەکەی لە سەر یەک لاق رادەوەستێ و سڵاوی سەربازی لە جندۆکان دەکات. رەزا ئیمانی لەو رۆژگارەدا ئەو جۆڵە و وتانەی شێخ زەرگەتەی زۆر بە ئاسایی وەردەگرێ. شێخ بە فارسی دەڵێ ناوم زەرگەتەیە و شۆرەتم خشۆکە و خەڵکی وڵاتی تڕانم. ئیمانی لە بەشێک لە قسەکانی تێدەگەیی و لە ژمارەیەک لە وشەکان نەدەگەیشت و بە هەموو چەکدارە کوردەکانی رێژیم لەو بنکەیە بۆیان وەرنەدەگێڕایە سەر زمانی فارسی. بۆ خۆرزگارکردن شێخ زەرگەتە کەراسەکە دادەکەنێ و پشتی کە بە قۆنداخەکە رەش و شین بۆتەوە بە ئیمانی نیشان دەدات. ناوبراو بۆ گەوجاندنی ئیمانی و ئەوانی دیکە قسە بۆ مێرۆلە و باڵندان دەکات. رەزا ئیمانی جاشەکان رادەسپێرێ، کە ئازادی بکەن و خۆیان بە خەڵکی دێوانە و شێت گیرۆدە نەکەن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_piawikurd4.jpgشێخ زەرگەتە لە تاوی ژانی پشت و جەستەی زۆر هەڵسووڕ نەماوە و بە هێواشی هەنگاو هەڵدەگرێ. لە تەنیشت کتێبفرۆشی مەلا برایمی چاوی بە حاجی دەکەوێ کە لە داخی شێخ زەرگەتە جارێک جەمەدانەکەی دەبەستێتەوە و جارێک پشتێندە شلەکەی توند دەکاتەوە. شێخ دەچێتە دوکانی مەلا برایم و حاجیش بێ سڵاو کردن خۆی بە دووکانەکەدا دەکات. مەلا برایم لەو هەڵسوکەوتە توڕەیە و بە جۆرێک بێڕێزی بە خۆی دەزانێ. ئەو لە گەڵ حاجی دۆستن، بەڵام کەمتر حاجی بەو شێوازە سەرلێشواو و شپڕزەیە دیتوە. حاجی کە دەگاتە شێخ زەرگەتە توڕە دەبێ و زۆر سەرشکێنی دەکات و لە سەر ئەو خۆونکردنە سەرکۆنەی دەکات. شێخ زەرگەتە لە دوکانەدا یەکسەر کەراسەکەی دادەنێ و بەسەرهاتی خۆی لە بنکەی شێخ مەولانە دەگێڕێتەوە. شێخ باس لە چۆنیەتی خۆرزگارکردنی خۆی ناکات، چوونکە کارتەکانی دەسووتێن، بەڵام شارەزایانە تەعبیر لە زوڵمی داگیرکەران و مەزڵومی کوردەکان لە سەر خاکی خۆیان دەکات. مەلا برایم داوا لە حاجی و شێخ زەرگەتە دەکات دابنیشن و چاییەک یان ئاوێکی سارد بخۆنەوە. شێخ چاوێک بە کتێبەکاندا دەگێڕێ و لە مامۆستا دەپرسێ، ئایا خەڵکی ئێمە کتێب دەخوێننەوە؟ شێخ چاوەڕێی وڵام ناکات و درێژە بە وتەکانی خۆی دەدا و لە کوردبوون توڕەیە. بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات، کە کورد زمانی خۆی نازانێ، مێژووی خۆی نازانێ و چەک بۆ دوژمنەکەی هەڵدەگرێ، ئاخر بە کام قانون ئەو کوردە سەردەکەوێ؟ مامۆستا و کاک حاجی ئەو کوردە بە دەستی خۆی خۆڵ بەسەر خۆیدا دەکات و ئێمە قەدری نیعمەتی ئازادی نازانین. لەو خاکەدا ژمارەیەک سیاسی هاتن و کردیانە شەڕە حیزبێنە و قوڕێکیان گرتەوە، کە هەزار شێتی وەک شێخ زەرگەتە بە زیندووی کوشتوە. کاکە ئەوڕۆ لەو شێخ مەولانەیە چەکدارە کوردەکە بە قۆنداخ لە پشتم دەدات و کابرای فارس لە ژوورەوە خواردنی بۆ هێناوم و پێشمەرگە موسڵمانەکانی راسپارد، کە ئازادم کەن. مەلا برایم و حاجی دڵەکوتەیان گرتوە و دەترسن، کە لە سەر ئەو دروشم و پرسیارانە بگیرێن و ئازار بدرێن. حاجی لەو کاتەدا لە شێخ دەپرسێ، کە سندوقەکەی دەوێتەوە یان نا؟ شێخ ئارام دەبێتەوە و دەزانێ، کە زۆربڵێی کڕیاری نییە و رەنگە کەند و کۆسپ و تەنانەت شەق و بەندکردنی بەدواوە بێ.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_piawikurd5.jpgشێخ و حاجی سپاسی مەلا برایم دەکەن و لە دووکانی کتێبفرۆشیەکە دەردەچن. شێخ قوتە قوتە زۆر دەکات و لە گەڵ تەمەنی نەگونجاوە، بۆیە حاجی لە سەر راستە شەقامەکە چەند دەسکە کەور و جەعفەری لە گەڵ ترێ رەشی دەکرێ و بەرەو ماڵ دەگەڕێنەوە. شێخ ئەو شەو قسەی خۆش دەکات و نەقڵی کۆن و جیاواز بۆ حاجی دەگێڕێتەوە. حاجی بۆ شادکردنی شێخ زەرگەتە دەڵێ، خۆزگە ژن و منداڵم نەدەبوون و ئەمنیش وەک تۆ بە ناوی شێخ و سەیدەوە بەو شار و گوندانەدا دەسووڕاینەوە. کاکە شێخ، پیاو کە ژنی هێنا غیرەتی کەم دەبێ و ئازایەتی سەردەمی رەبەنی نامێنێ. ئەگەر ئەتۆش وەک ئێمە ماڵ و منداڵت هەبوونایە، بێگومان ناوێکی رێکوپێکت بۆ خۆت هەڵدەبژارد و کارت بەو سندوقە نەدەبو. شێخ ئاخێک هەڵدەکێشێ و ئاماژە دەکات، کە رۆژگار ناگەڕێتەوە و مرۆڤ ناچارە تەسلیمی چارەنووس بێت. ناوبراو چیرۆک و بەسەرهاتی کۆن لە سوریە، عێڕاق و ئێران لە خەڵک و بە تایبەت کولتورە جیاوازەکان دەگێڕێتەوە. ئەو بۆ حاجی ئاشکرای دەکات، کە خەم و ژانێکی قوڵ لە سەر رۆژرەشی کوردان وەک شاخ لە سەر شان و پیلی قورسایی دەکەن و تازە ناخوازێ ژیانێکی ئاسایی هەبێ. شێخ زەرگەتە بەمجۆرە درێژە بە وتەکانی دەدا: “چارەسەری من مردنە و دەگەڕێم هەتا مردن لە شوێنێکی میوانم دەبێ. ئەمن بە زوڵمی داگیرکەران چەندە ئازار دەکێشم، بە حیزبە کوردییەکان زیاتر دڵگرانم. کاک حاجی، ئەو حیزبانە بەرنامەیان باشە، بەڵام خەڵکی پەروەردەکراو و بەرپرسی ئیماندار و هەڵسووڕیان کەمە. ئەتۆ بڕۆ بۆ رەبەتێ، وەک شارۆچکەی حیزبانە و هەر حیزبەی لەوێ مەقەڕ و چەکداری هەیە، بەڵام خەریکی کاری لابەلا و پێچەوانەن. کوڕ هاتوە بۆ پێشمەرگایەتی و دەخوازێ پەروەردەیەکی نیزامی و سیاسی هەبێ، بەڵام لێرە و لەوێ خەریکی قژداهێنان و خەباتی بەرئاوێنەن. ئەو شۆڕشە بە جحێڵایەتی، فشەکردن و جنێودان بە دین و ئیسلام و دەرپەڕاندنی خەڵک سەرناکەوێ. شۆڕشی کوردان لە کۆتاییەکاندا دەکەوێ، چونکە کورد ئاگاداری مێژووی خۆی نییە. لە گوندەکان گەڕاوم و زۆر بە وردی گوێم لە خەڵکی گوندەکان گرتوە. زۆربەیان لەو بارودۆخە تووڕەن و دوعادەکەن خودا ئەو وەزعە بە لایەکدا بخات. ئەو شۆڕشە کاری باشی کردوە، بەڵام زۆر کەمن و ئیدارەکردنی خەڵک کارێکی ئاسان نییە. لە بەشێک لە گوندەکان مامۆستای شۆڕش هەیە و منداڵەکان فێری زمانی کوردی دەکەن، ئەوە سیاسەتێکی باشە و قەت لە تام و چێژ ناکەوێ، بەڵام لە خەڵکدان و تۆمەت لە خەڵکدان و تەنانەت بە زۆر پیتاک لە خەڵک ئەستاندن کارێکی رەوا نییە”. حاجی تێدەگات، کە شێخ زەرگەتە بۆ خۆی مامۆستایەکە و رەنگە چەند کتێبێکی قوت دابن، بۆیە پرسیاری لێدەکات، کە بۆچی ئەو بە وردی ئەو دەردە دڵ و رەخنانە بە سەرۆکی حیزبەکان و بە بەرپرسەکان ناڵێ؟ شێخ زۆر بە وردی رەگ و ریشەی ئەو شکان و کەوتنانەی بۆ شیدەکاتەوە و دڵنیای دەکاتەوە، کە ئەو دەردانە بە ٥٠ ساڵی دیکەش چارەسەر نابن.

شێخ و حاجی لە کاتی خەوتن درێژە بەو باسانە دەدەن و سەرئەنجام حاجی وەبیر شێخ زەرگەتە دێنێتەوە، کە جیهانی سیاسەت قوڵە و با لەو دارستانەدا ون نەبن و تووشی مۆڵگەیەکی وەک شێخ مەولانە نەیەن و دارکاری نەکرێن. شێخ زەرگەتێ بە پێکەنینەوە دەڵێ، بەخوا لەو زەمانەدا پیاو ئاقڵ نەبێ لە ماڵی خواش دارکاری دەکرێ. خۆزگەم بە ساڵانی کۆن، کە پڕ لە چاکە و هەرەوەزی بوون. ئەمڕۆ زەمانە گۆڕاوە و رۆژانە دەبیستین، کە خوایە دەستی چەپ موحتاجی دەستی راست نەبێ. شەو باڵی پان و پۆڕی بە سەر وڵاتدا کێشاوە و ئاماژەکانی هاتنی ورزی سەرما لە سەر و چاوی دار و گیادا دەرکەوتوە. شەوانە هەوا فێنکە و وەرزی تەوژمی گەرما خەریکە دەبێتە بەشێک لە رابردوو. شێخ و حاجی چاوەکانیان لە خەوڕادەچن و لە بازنەی ژیانی رۆژانە دەچنەدەر. بە دەنگی مەلای بەیانی حاجی خەوی دەزڕێ، بەڵام لە بەر شێخ بۆ مزگەوتێ ناچێ و بە چەند جار گوتنی ئەڵڵاهوئەکبەڕ و سوبحانەڵڵا قەناعەت دەکات و دەخەوێتەوە. شێخ زەرگەتە هەتا بەیانی تەکانێ ناخوات، بەڵام بەرەبەیانی لە چنگی ژانی پشت و جەستەی هاواریەتی و داوای دەرمانی ئازار لە حاجی دەکات. خانەخوێ خۆیان تێکنانێن و پێشنیاری پێدەکەن، کە پاش خواردنی نانی بەیانی سندوقەکەی هەڵگرێ و بۆ چارەسەر دەچنە لای شەیدایی. ئەو دەستی دەرزی لێدانی خۆشە و هیچ نەخۆشێک نییە، کە بە سەردان و دیداری ئەو دوکتۆرە چارەسەر نەکرابێ. شێخ قەناعەتی دێت و دوای نانخواردنی بەیانی سپاسی ماڵی حاجی دەکات و پێکەوە بەرەو شوێنی کاری شەیدایی دەچن. شێخ لە نیوەی رێگادا پەشیمان دەبێتەوە و بە سندوقەکەیەوە ماڵئاوایی لە حاجی دەکات. شێخ بە پەلە بەرەو ماڵی پورە زارا دەچێ و یەکسەر لە دەرگای حەوشەی دەچێتەژوور و لە نیوەڕاستی حەوشەکە رادەوەستێ. زارا لە ترسی شێخ ئەمڕۆ لەیلای لە کار گێڕاوەتەوە و ئەوان وەک باڵندەی وریا لە سەروچاوی شێخ دەڕوانن. شێخ لە ترسی جیران و خەڵکی گەڕەکەکە بانگی دایکی کاوە دەکات و سڵاویان لێدەکات. لەیلا دەچێتەدەر و بەخێرهاتنی دەکات و داوای لێدەکات لە سەر راخەرێک لێرە دابنیشێ و چاو و نانی بۆ دێنن. زارا بۆ پارێزگاری لە خۆیی و کچەکەی چەقویەکی کۆنی لە بن پشتێندە درێژەکەی ناوە و لە کاتی هاتوچۆدا دەستی لە پشتێندەکەی نابێتەوە. شێخ زەرگەتە بە زمانی خەڵک دەزانێ و لەو حەوشەیە خۆی لە قەرەی نوکتە و گاڵتەکردن نادات و بە تەواوەتی دەچێتە قاوغی مرۆڤێکی ئارام و تێگەیشتوو، کە بە گوێگرتن و گێڕانەوەی رووداوە راستیەکان متمانەی زارا و لەیلا دەستەبەر بکات. ناوبراو دڵگرانی خۆی لە گیرانی مام کەریم و هەروەها دەربەدەربوونی کوڕەکانی دەردەبڕێ و بە چەند وشەیەک ئاماژە دەکات، کە ئەوان جێگای گەورەیی و رێزی خەلکی کوردستانن. لەو سەردەمەدا کەم بنەماڵە لە کوردستاندا ئامادەن بەو شێوازە لە پێناوی ماف و خاکەکەیاندا خەبات بکەن. براژنە زارا تۆ مادام دایکی کاوەی، بۆ من لە جێگەی خوشکی گەورەی. لەیلا سەبری گوێگرتنی نەماوە و وەک رابردوو لە دەربڕینی ویست و تێڕوانینەکانی شەرم ناکات و لە شێخ دەپرسێ، کە ناوبراو لە گەڵ حکومەتە، حیزبە یان کەسێکی ئاساییە؟ خەڵکی چ شارێکە و ژن و منداڵەکانی لە کوێ دەژین؟ ئەگەر تەنیا و رەبەنە، چۆنە لە نێو ئەو هەموو حیزب و رێکخراوەدا جێگای نەبۆتەوە؟ تۆ لەو شارە چ دەکەیی و شەوی رابردوو لە ماڵی کێ بووی؟ ئێمە پیاومان لە ماڵ نییە و لەو کاتەوە براکانم لە ماڵ دەرچوون ئێمە زۆر خۆدەپارێزین و ناخوازین خوێ بە برینەکانماندا بکەین. شێخ زەرگەتە لە قسە ناکەوێ و دەستخۆشی لە لەیلا دەکات بۆ ئەو پرسیار و بەدواداچوونانە، بەڵام خۆی لە وڵامدانەوەی پرسیارەکان دەبوێرێ. ناوبراو بە کورتی چیرۆکی رۆژانەی خۆی باس دەکات، کە وەک پیاوێکی ناڕازی لە ژیان، سیاسەت، حکومەت و حیزب دەگەڕێ. ئەو بەم شێوازە درێژە بە چیرۆکەکەی دەدات:” لەو ژیانە دڵخۆش نیم، بەڵام تاقەتی مانەوە لە شوێنێکم نییە و لە بەر رەخنەگرتن و قسەکردن زۆر مەحبوب نیم. پیاوخەراپ نیم، دز نیم، درۆزن نیم و لە هەموو ژیانمدا باڵندەیەکم ئازار نەداوە. ئەمن رەنگە بە گەڕیدەیی لە دایک ببم و هەتا منداڵ بووم ئەو پرسیارانەم لە دایک و بابم نەکردن، کاتێک کە گەورەتر بووم و فامم کردەوە لە شەقامەکانی بەغدا و دواتر دەمشقدا خۆم دیتەوە. دابڕانەکەم لە دایک و بابم هەمیشەیی بو، چوونکە منداڵی تاقانە بووم و پاش گەڕانەوەم بۆ ناوچەی مەریوان هەواڵێکم لە دایک و بابم نەبیستەوە. ئەوان دوای دوورکەوتنەوەم زۆر تیکۆشابوون خوا منداڵێکی دیکەیان بداتێ. پاش چاوڕوانیەکی زۆر و نەهاتنی منداڵی تازە و هەروەها کوێربوونەوەی ناوم، دایک و بابم بە دڵشکاویی سەرەتا بۆ سنە و دواتر بۆ تاران دەگوازنەوە. ئەوان لە دوای خۆیان تەنیا ئەو سندووقە و چەند هەزار تمەنێکیان وەک میرات بۆبەجێ هێشتووم. کە گەڕامەوە ئێران و بە پرسیارکردن و گەڕان چوومە تاران و لە رێگای خزمێکەوە ئاگاداری چارەنووسی تاڵی مردنی دایک وبابم بووم بە تەواوەتی شکام. لە ترسی چارەنووسی دایک و بابم و دووپات نەبوونەوەی ئەو چیرۆکە خەماوەییە خۆم لە قەرەی ژنهێنان نەدا. شەش مانگ لە تاران دوای سەرکەوتنی شۆڕش کرێکار بووم و ماوەیەکیش لە سنە کاری دەستفرۆشیم کردوە. لە زۆر گوند و شاراندا کاری وردەواڵەفرۆشیی و تەنانەت چەقوتیژکردنەوەم کردوە. کە لە مەریوان پەڕیوەی سلێمانی بووم، بۆ ماوەی ٧ مانگ لە چاخانە کارم کرد و شەوانە لە ماڵی حاجی ساڵح دەمامەوە. ئەوان منداڵیان نەبوون و بە بوونی من زۆر شاد بوون و و بۆ پڕکردنەوەی خەمەکانیان حاجی ژن مریشکێکی زۆری بەخێو دەکرد و هەر کامە ناوێکی لێنابوون. رۆژانی یەکەم لە ماڵی حاجی ساڵح زۆر سەیر بو، کاتێک حاجیژن بانگی مریشکەکانی دەکرد و ناوی حەلاو، ئایشێ، رەحمە و هتدی دەبرد، چاوەڕوانی ئامادەبوونی کچ و ژنم دەکرد، کەچی دواتر تێگەیشتم کە حاجیژن لە خەیاڵی خۆیدا خاوەن منداڵە”. چیرۆکی شێخ زەرگەتە زۆری خایاند و سەرنجی لەیلا و پورە زارای بە تەواوەتی راکێشاوە. شێخ ئامادەی درێژەدان بە چیرۆکەکەیەتی، کە ئاڵتونی خاڵە مینە دەگاتە حەوشە و بەسەر کۆتایی چیرۆکەکەی شێخ زەرگەتدا دەکەوێ. کاتێک ئاڵتون شێخ و سندووقەکەی دەبینێ، پرسیار دەکات، کە بۆ لە دەرەوە دانیشتوون؟ شێخ پێش خاوەن ماڵ و خانەخوێ دەڵێ، لە دانیشتنی دەرێ خۆشتر هەیە؟ براژن درەنگ یان زوو هەموومان دەبینەوە خاک و با لەو دنیایەش زۆر فیز و گەورەیی لەخۆ نیشان نەدەین. گۆڕستانەکان پڕن لە حیکمەت و باشترە کە خۆمان بۆ رۆژی کۆچی دوایی ئامادە بکەین. ئاڵتون بە گوتنی بەڵێ مام راست دەفەرمووی خۆی لە قسەکردن بوارد و بۆ وەرگرتنی زانیاری زۆرتر لە بنەوە پرسیاری لە زارا و لەیلا دەکرد. شێخ زەرگەتە لە فکری خۆیدا بە گونجاوی دەزانێ پرسیار لە ئاڵتون بکات، ئاخۆ ئەوان میوان رادەگرن و پیاویان لە ماڵە. ئاڵتون دەپرسێ، ئەرێ بۆ کە هاتم بێدەنگەتان لێکرد. شێخ سەر لەنوێ بەخێرهاتنی دەکاتەوە و پرسیاری لێدەکات، کە سەرەتا هاوسەرەکەی لە ماڵە یان نا؟ ئەگەر لە ماڵە شێخ شەوێک یان دوو شەوی دیکە لە شار دەبێ و دواتر سەری خۆی هەڵدەگرێ و بەرەو ناوچەی ئازاد دەڕوا. ئاڵتون بە راشکاوی بەخێرهاتنی شێخ زەرگەتە دەکات. زارا و لەیلا روونی دەکەنەوە، کە ئەوان پیاویان لە ماڵ نییە و بەداخەوە کە غەریب و میوان وەک جاران ناتوانن لێرە بمێننەوە. ئاڵتون لەو پێوەندییەدا دەڵێت، کە براژنە زارا ماڵی مام کەریم و خاڵە مینە هەر یەکن و ئەو خاڵەش بەخێربێت بۆ ماڵی ئێمە. ئەمن دەڕۆم بە خاڵە مینە دەڵێم، کە ئێوارە میوانێکی غەریبمان دێت و براژنە زارا و لەیلا ئێوەش ئێوارە وەرن. ئەمن بە خاڵە مینە دەڵێم با بێرەدا بێتەوە و خاڵە شێخ لە گەڵ خۆی بێنێتەوە ماڵ.

ئاڵتون بەرەو دوکانی خاڵە مینە دەچێت و رووداوی میوانە نەخوازراوەکەی ماڵی پورە زارای بۆ دەگێڕێتەوە. خاڵە مینە لە تێکەولێکەی ژنان توڕەیە و سەرەتا دەڵێ، بە من و تۆ چی، کە پیاوێک میوانی ماڵی براژنە زارایە؟ ئاڵتون بە تەواوەتی مەسەلەکەی تێدەگەیەنێ و دڵنیای دەکاتەوە کە ئەو خاڵە شێخە غەریبە و گوتویەتی شەوێک یان دوو شەو دەمێنێتەوە و دەڕوا. بۆیە مینە ئێوارە کە هاتیوە بە ماڵی پورە زارایەدا وەرەوە و خاڵە شێخ لە گەڵ خۆت بێنە و لەیلا و دایکی دواتر بۆ خۆیان دێن. ئاڵتون دەڕواتەوە ماڵ و سەرقاڵی سازکردنی خواردنی ئێوارە دەبێ. خاڵە مینە ماوەیەک کار دەکات و پاشان بۆ مزگەوت دەچێ و میوە و شیرینی بۆ ئێوارە دەکرێ و خاڵە شێخ لە ماڵی مام کەریم هەڵدەگرێ و دەچێتەوە ماڵ. لەیلا و زاراش ماوەیەکی دیکە بۆ ماڵی خاڵە مینە وەڕێدەکەون.

خاڵە مینە و هاوسەری بەخێرهاتنی شێخ دەکەن و پێکەوە لە گەڵ زارا و لەیلا و منداڵەکانیان نانی ئێوارە دەخۆن. شێخ بەردەوام نوێژان ناکات، بەڵام ئەگەر خانەخوێ و خاوەنماڵ چاوەڕوانی نوێژکردنیان لە شێخ زەرگەتە هەبێ، ناوبراو بە سووکی دەستنوێژ هەڵدەگرێ و پاڕانەوەیەکی پاراویش لە دوای نوێژەکە جێبەجێ دەکات. ناوبراو ئەو ئێوارەیە بە گونجاو دەزانی، کە وەک جەماعەت دەستنوێژ هەڵگرێ و نوێژەکان بە کاتی خۆی بکات. سندووقەکەی شێخ زەرگەتە و پاشگری ناوەکەی بۆ منداڵ و گەورە ساڵانیش مایە تێڕامانە. خاڵە مینە لە شێخ دەپرسێ، کە ناوی راستەقینەی چییە؟ هەست ناکەم تۆ ناوی راستەقینەت شێخ زەرگەتە بێ و ئەو ناوەت تەنیا بۆ مەبەستێک لە خۆناوە. شێخ زەرگەتە لە سندووقەکەی دەڕوانێ و چاوێک لە زارا و لەیلا دەکات و دواتر بەمجۆرە وشە و رەستەکای ریز دەکات:” کاک مینە ئەگەر بڵێم ناوی راستەقینەی خۆم نازانم درۆم نەکردوە. ئەمن تاقانەی ماڵ بووم، سێ ناوی جیاوازم هەبوون، کە دڵم بە هیچیان خۆش نەبو. دایکم زیاتر بە ناوی حەمزە بانگی دەکردم و حەمزەی بە ناوێکی پیرۆز و قارەمانێکی ئیسلام دەناسی. بابم، ساڵێک بە ئەمیر و ساڵێک بە رەزای بانگ دەکردم. لە سەردەمی گەنجیدا ناچاربووم لە شار و ماڵ دەربچم و لە سلێمان گریسامەوە. لەوێ جنسیەی منداڵێکی مردویان بۆ پەیدا کردبووم، کە ناوی نجمەدین ئەحمەد مەولود بو، کە لە بەغداش بە کەڵکم هات. کە چوومە دەمشق هیچ ناوێکم لە خۆ نەناو و پاش ساڵێک لە گوندێکی کوردان کرامە کوڕی ماڵ و جنسیەی ئەوانم لە تەنگەی گیرفان نا. کە گەڕامەوە هیچ ناسنامەیەکم نەبو، لە مەریوان و سنە بە زۆر ناسنامەیەکم وەرگرت و ناوی غەریبم بۆ خۆم هەڵبژارد. وەک بەیانی بۆ براژنم و لەیلام باس کرد، کە گەڕامەوە ئێران و کوردستان بە سەر هیچ داکەوتم و دایک و بابم لە تاران وەفاتیان کردبو. لە هەموو سەروەت و سامانی دنیا تەنیا ئەو سندووقەم بۆ ماوەتەوە و چەند ساڵە لە گەڵ خۆمی دەگێڕم و هەر کاتێک کە دنیام لەبەر چاوان رەش دەبێ، سەرم دەخەمە سەر ئەو سندووقە و ئۆقرە دەگرم. بۆنی دایک و بابم لەو سندووقە دەکەم و بۆ من پڕە لە ژیان و پەند. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەر کاتێک کە دایک و بابێک دەبینم، کە کوڕ یان کچەکەیان بۆتە پێشمەرگە یان چەکداری رێژیم دڵم ژان دەکات. ئەوان ئەگەر لە پێناوی ئامانجێکی پیرۆزیشدا چەک هەڵگرن و شەهید بن، دیسان بۆ دایک و باب خەسارێکی گەورەیە. ئەمن ماوەیەک لە رەبەت بووم و لەوێ لە گەڵ کاوە ئاشنا بووم و رۆژێک لە کاتی چاخواردنەوەدا هەستامە سەر پێ و زۆر رەخنەم لێگرتن و دەریان کردم. ئەوکات ناوم مەلا فەلسەفە بو، کە ژمارەیەک لە بەر پرسیار و رەخنەکانم بە مەلا فشە بانگیان دەکردم. ئەمن لە ژیانمدا زەرەرم بۆ باڵندەیەک نەبوە و لە درۆ، بوختان و پشتەملە بێزارم و هەرگیز خەیانەت لە کورد ناکەم، بەڵام لە ئاستی زوڵم و چەوسانەوەدا ناتوانم بێدەنگ بم”. مینە، ئاڵتون، زارا و لەیلا بۆ ئەو چیرۆکانە سەرتاپا بوونە گوێ. کاتێک شێخ زەرگەتە دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو دەنگی دەگۆڕێ و فرمێسک لە چاوی دەگەڕێ، بۆیە خانەخوێ و میوانەکانش بە دەستەکانیان چاویان دەگوشن و فرمێسک لە چاویان دەسڕنەوە، کە بە سەر گۆناکانیاندا هاتوونەخوار. خاڵە مینە دڵخۆشە، کە راستگۆیانە چیرۆکی ژیانی بۆ گێڕانەوە و ئەلفاتیحایەک بۆ گۆڕی دایک و بابی دەخوێنن. خاڵە مینەش ئاماژە دەکات، کە لە سەردەمی کۆندا تاقولۆق و بە کەمی منداڵەکان هەڵوەدا دەبوون، بەڵام ئەمڕۆ لە بەر ئەو ئینقلاب و شۆڕشە دار و بەرد لە جێی خۆی نەماوە. زۆربەی کوڕ و کچەکان گوێ لە دایک و بابیان ناگرن و چاو و گوێیان لە سەر حیزب و ناوی گەورە و پیاوە خاوەن کتێب و فکرەکانە. ژمارەیەک وەک کاوەی خۆمان لە کتێب و نووسینی نووسەری کۆمۆنیست و سۆسیالیستدا بە تەواوەتی گوم و ون بوون. ئەگەر پرسیاری پاییز و وەرینی گەڵای دارەکانت لێکردایە، ئەو بۆی باسی شۆڕشی ئۆکتۆبر و دیالێکتیکی تاریخی مارکسی دەکرد. ئەو کاوە لە گەڵ ئەو دایک باشە و ئەو خوشکە سەربەرزە لە سەر مارکس تووڕە بوە و دایکی گوتویەتی، کە ئەو ریش پەشمەکەی تۆ لە گەڵ ریش پەشمەکەی خۆمان تەنیا مەندیلی جیاوازە. شوکور بۆ خودا کوڕەکانی دیکە باشن و لە سەر رێبازی کوردایەتی سوورن و زۆر لە خەڵک دوور نەکەوتوون. شێخ زەرگەتە بە پەلە وەقسە دەکەوێتەوە و بە رژدی داوا دەکات زۆر بە وردی گوێی بگرن.” کاکە مینە بە موقەدەسات سوێند دەخۆم، کە چەند ساڵێکی دیکە ئەو کوڕ و کچەی خەڵک بە ناوی شەڕی سۆسیالیزم و بورژەوازی و شەڕی چینی کرێکار و توێژی سەرمایەدا بەگژیەکتردا دەکرێن و ماوەیەک شەڕی ئێرانیان لەبیر دەچێتەوە. کاکە ئەمن لە بنکەی زۆربەی حیزبەکان ماومەوە و زۆر بە وردی گوێم لە قسە و تێڕوانینەکانیان گرتوە. زۆر ترسناکە، کەس بە کەس رازی نیە و هەر حیزبەی خۆی بە پاڵەوان و مەیدانداری راستەقینەی خەبات دەزانێ، بەڵام پێگە و قورسایی خۆیان نازانن. زۆربەیان درووشمی مافی خەڵک دەدەن، کەچی حیزب نییە بە جۆرێک مافی خەڵک زەوت نەکات. بەڵای هەرە گەورە ئەوەیە، کە کۆمەڵەکان شەڕی چینی کرێکار و شۆڕشی سووریان لە کوردستان لە نوختەیەکی هەڵەوە دەستپێکردوە. دێموکڕات حیزبێکی میللی و گشتییە و لە ریزەکانیدا مامۆستا، مەلا، کرێکار، وەرزێر، کاروانچی، میکانیک، سەرباز، فەقێ و هتد تێدایە. ئەوانەش لە کۆمەڵە قبوڵ ناکەن، کە بە ناوی شۆڕشی کرێکاری بە بۆرژەواو و سەرمایەدار بناسێندرێن و هەڕەشەیان لێبکرێ. حیزبی دێموکڕات چەکدارێکی زۆری هەیە و مێژووییەکی هەیە و رەوا نییە، کوڕ و کچی ئەو وڵاتە شەڕی یەکتر بکەن. لە هەموو دنیادا باوە، کە لە سەر خاکێک یەک سیستم و یەک یاسا و یەک لشکر هەیە. ئەوەی خۆمان، تێکەڵ و پێکەڵە و فارس گوتەنی هەرج و مەرجە. حیزبەکان چەکداریان هەیە، گومرگیان هەیە، شوواریان هەیە، زەکات و پیتاک وەردەگرن. لە کۆنەوە دەگوترێ، کە هەزاران کاسبکار و هەژار لە وڵاتێکدا دەگونجێن، بەڵام دوو دەسەڵاتدار و حاکەم لە گەڵ یەکتردا ناگونجێن. بڕوانە، حیزبی مەلا مستەفا لە ١٩٧٥ چۆن شکان و هەڵاتن بۆ ئێران، بەڵام ئەمڕۆ لە جیاتی تێکۆشان لە دەهۆک، زاخۆ، هەولێر و کەرکوک و سلێمانی بوونە کەواسووری پێش لشکری پاسداڕ و بەسیجییەکان و بە کوردی جاشەتی دەکەن. کورد لە هەموو لایەک سەرگەردانە و وەک لە کتێبە مێژووییەکاندا نووسراوە لە شەڕی چاڵدرانەوە هەتا ئەمڕۆ کوردەکان لە گەڵ یەکتر دژ و لە گەڵ دەوڵەت و ئیمپڕاتۆرییەکان هاودەست و گوێ لەمست”. خاڵە مینە بە وردی گوێ لە شێخ دەگرێ و بە تەواوەتی لە گەڵ ناوبراودا هاوفکرە و لە کۆتاییدا زۆر سپاسی دەکات بۆ ئەو قسە و باسە بەکەڵکانە. شەوانی سەرەتای پاییز هێشتا بە کەڵکی چیرۆکی درێژ نایەن، بۆیە زارا و لەیلا دەگەڕێنەوە ماڵ و شێخ و ماڵی خاڵە مینە بە خوا دەسپێرن. شێخ زەرگەتە شەوێکی خۆش لە گەڵ خاڵە مینە بەسەر دەبات و رۆژی دوایی لە گەڵ ناوبراو دەچێتە نێوشار و دوکات و شەوی داهاتووش لەوێ تيپەڕ دەکات.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_gond4.jpgشێخ زەرگەتە ناوچە ئازادەکان بۆ مانەوە بە باشتر دەزانێ، چوونکە لە بنکە و مەقەڕەکان زیاتر دەتوانێ بمێنێتەوە. ناوبراو ماڵئاوایی لە خاڵە مینە و دۆستان دەخوازێ و بە سندوقەوە بەرەو دۆڵی گەوەلان و دواتر قەلارەشێ دەڕوات. شێخ زەرگەتە لە رێگادا تووشی وڵاخدارێک دەبێ و سندوقەکەی بۆ لە نێوبار داوێ و هەتا تەنیشت رەزی جوامێری پێکەوە دەڕۆن. کابرای وەڵاخدار بەرەو کانییە رەش دەچێ و سندوقەکە لە تەنیشت رەزی جوامێری دەداتەوە شێخ زەرگەتە و رێنوێنی دەکات، ئەگەر لە مەقەڕ و پێشمەرگان دەگەڕێ، ئەو رێگایە بگرێت. شێخ زەرگەتە سندوقەکە هەڵدەگرێ و لە گوندی گەوەلان لادەدات و نانێک دەخوات و پاشان بەرو قەلاڕەشێ دەڕوات. ئەو ماوەیە ناوبراو بیر لە ناوێکی تازە دەکاتەوە، کە کەڵکی هەبێ و هەتا ساڵێکی دیکە خۆبگرێ. لەو گوندانە زۆر ورد لە ناو و بنەچەکەت ناپرسن و بە خاڵە و مامە حەوتوویەک تێپەڕ دەبێ، بەڵام لە بنکەکان یەکەم رۆژ ناو و شۆرەتت لێدەپرسن. ئەو لە هەورازی گەوەلان سەردەکەوێ و جوانیەکانی ئەو دۆڵ و شاخانە بۆ ساتێک لە خەمەکانی دادەبڕێن. ئەو جوانیەکی دەگمەن لەو دارستان، چۆم و بەرئاوە لە گەڵ شاخە بەرز و زنجیرەی کێوەکان دەبینێ، کە پڕن لە بۆنی ناسنامەی کوردایەتی و تامی ئازادی. کاتێک شەکەت و ماندوو دەبێ، سندوقەکەی لە تەنیشت رێگا دادەنێ و لە گەڵ خۆی دەکەوێتە قسە. بانگی خۆی دەکات و ناوی حەمزە، ئەمیر، رەزا و غەریب بە دوای یەکتردا دەڵێتەوە. لە گوتنەوەی ناوەکانی تەنیا دەنگی لەبیرنەکراوی دایک و بابی دەبیستێ. ئەو سەردەمەی کە زێڕین و پڕ لە جوانی بو و دایک و بابی خەونی گەورەیان لە سەر داهاتووی منداڵەکەیان هەڵچنیبو. دایک و بابی، حەبیبە و سوڵتان، رۆژانی جێژنی رەمەزان، قوربان و بەهاران کوڕەکەیان وەک نیعمەتێکی خودا چاو لێدەکرد و دڵخۆش و شاد بوون، کە پێکەوە لە بازاڕەکانی مەریواندا پەشمەک و فڕفڕەی سوور و سپیان بۆ دەکرێ. حەبیبە لە سەر بەرماڵ وەک سۆفییەک دەپاڕایەوە، کە خوا حەمزەی بۆ راوەستاو بکات و چەند منداڵێکی ساڵحی دیکەی پێببەخشێ. سوڵتان لە خێرکردن و یارمەتیدانی خزم و ئاشنایاندا ماندوویەتی نەدەناسی و بە حەبیبەی هاوسەری دەگوت، ئەو خێرات و چاکەیە بە تەنیا بۆ خۆم نییە، بەڵکو سەرەتا بۆ ئەمیر و رەزایە. خوا ئەو کوڕەمان پایەدار بکات و تەمەنی ئێمەش درێژ بکات، بەڵکو رۆژێک نەوەکانمان لەو حەوشەیە بە دەنگی بەرز بانگمان بکەن. شێخ زەرگەتە لەو زیندە خەونە رادەپەڕێ و بڕیاردەدات، رۆژانی یەکەم خۆی بە هەر چوارناوەکە بناسێنێ و ئەگەر سەری نەگرت ناوێکی پێکەنیناوی دەدۆزێتەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_gond2.jpgئەو لە زینوان سەردەکەوێ و دەگاتە گوندی قەلاڕەشە و لە رێگای منداڵێکەوە دەچێتە مەقەڕ و سندوقەکەی لە تەنیشت خۆی دادەنێ. سەرەتا پێشمەرگەکان بە ناوی خاڵە بەخێرهاتنی دەکەن و یەکەم شەو پرسیاری ناوی لێناکرێ. پاییزی ئەو گوندانە فێنکە و هەڵکەوتی جۆغڕافیایی وەک جیرانە کێو روخسارێکی تایبەتی بە وەرزەکانی ساڵ داوە. بۆ بەیانی بەرپرسی دەستەیەک لە پێشمەرگەکان لە مەقەڕ تووشی شێخ زەرگەتە دەبێ و بەخێرهاتنی دەکات و لێی دەپرسێ، ئەتۆ خەڵکی کوێی؟ ناوت چییە؟ باشە ئەتۆ پێشمەرگایەتیت بۆ دەکرێ؟ شێخ زەرگەتە سپاسی دەکات و دەڵێ ناوم، حەمزەـ ئەمیرـ رەزاـ غەریبە. بەرپرسەکە لە بەر دوور و درێژی ناوەکەی پرسیارەکانی خۆی لەبیر دەچنەوە و بە سەر سوڕمانەوە دەڵێ، ئەمن ناوی سولاسیم (سێ ناو، خۆ، باوک و باپیر) لە عێڕاقیەکان بیستوە، بەڵام وەڵڵاهی لەو چوار ناوە تێنەگەیشتم. خاڵە بەخێر هاتی و خۆشحاڵ و دڵ گوشادین بە هاتنی تۆ. دێموکڕات حیزبی میللەتە و ئەتۆش تاکێکی ئەو میللەتەی. بە هومێدی خوای ساڵی داهاتوو، بەهارێ ساڵی سەرکەوتن و سەرفرازی کوردان دەبێ. خاڵە، ئێرە پایتەختی ئەمەر پاشایە و ئێمە پێش خەڵکی دیکە ئینقلابی خۆمان کردوە و بە خوێنی شەهیدان گوندێکی پێشڕەوین. حیزبی پێشڕەو پێویستی بە پێشمەرگە، گوند و شاری پێشڕەوە و خۆ ناکرێ هەموومان هەر بەرەو دواوە بگەڕینەوە. شێخ زەرگەتە قسەکانی پێخۆشن و بە بەرپرسەکە دەڵێت، قوربان لە ئەلفەوە هەتا یا هەمووی راستە. ئەو رۆژە پێشمەرگەکان و ئەوانەی سەر بە هێزی بەرگرین ناوی شێخ زەرگەتە دەپرسن و هەموو جارێک چوار ناوەکانی حەمزەـ ئەمیرـ رەزاـ غەریب بە دوای یەکتردا ریزدەکات. گوندنشینێک دەپرسێ، بەشقێ خوای ئەو ناوەت لە کوێ هێناوە و بە چەندی کڕیوتە؟ ماڵت نەشێوێ بۆ ئەو زنجیرە ناوە. کاکی خۆم، خەڵک پرس بە چەند میرزا، فەقێ و مەلایان دەکات هەتا ناوێک بۆ منداڵەکەی دەدۆزێتەوە.

شێخ زەرگەتە پاڵەپەستۆی لە سەرە و زۆر گوێی لە ناوی میرزا دەبێت و وەبیری دێتەوە کە دەرزیلە لەو گوندانە کەڵکی زۆری لێوەردەگیرێ، بۆیە بۆ رزگاربوون لەو پرسیارانە خۆی بە میرزا دەرزیلە دەناسێنێ. خەڵکی گوندەکە ئەو ناوەیان لە سەر زاری سوارە و کەس رەخنەی لێناگرێ، کە ئەو ناوەت بۆ لەخۆ ناوە. لە ماوەی چەند رۆژێکدا ناوی میرزا دەرزیلە لە قەلاڕەشێ، سوورەچۆم و هەروەها دەرماناوێ بڵاودەبێتەوە. میرزا دەرزیلە تێدەگات، کە ئەو ماوەیە سەبر و تەحەممول پێویستە و چەند مانگێک لە گەڵ ئەو خەڵکە هەڵدەستێ و دادەنیشێ، بۆیە ناچارە سەرەتا ئاشنای کولتور و هەڵسوکەوتی ئەو گوندە ببێت. زۆر کەس وەک نوکتە و بۆ پێکەنین باس لە رووداوەی میرزا دەرزیلە دەکەن، کە چۆن و چەندە پێشمەرگایەتی بۆ دەکرێ. میرزا دەرزیلە لە گەڵ پیاوانی ئاوایی ئاشنا دەبێ و خەڵکی گوندەکە بە کراوە و دڵپاک دەبینێ، بۆیە رێزیان دەگرێ. ئەو زۆر هاتوچۆی ماڵان ناکات و دەزانێ، ئەگەر زۆر لە گەڵ ماڵێک ئاشنا بێ، داوای گێڕانەوەی چیرۆک و سەرگوزەشتەی ژیانی لێدەکەن و دواتر هەموو خەڵک دەزانن، کە کێیە و خاوەن چ پاشخانێکە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_gond8.jpgژیانی گوند لەو سەردەمەدا لە پاڵ کێوە راوەستاو و داوێن رەقنەکان لە ژێر دەسەڵاتی رەشی ئاخوندەکان خۆشترە. لە گوندی قەلاڕەشێ قوتابخانەی سەرەتایی هەیە و مامۆستاکانی شۆڕش لە پێناوی پەروەردەکردنی منداڵی گوندنشینەکان تێدەکۆشن. کەماڵی مام کەریمی لە بەر نەبوونی مامۆستای شارەزا و سەر بە حکومەت پێشنیاری مامۆستایەتی پێدەکرێ. ئەو لە گەڵ ژمارەیەکی دیکە لە مامۆستاکان بە سەر گوندەکاندا دابەشدەکرێن. ئەو سەردەمە بەشێک لە پێشمەرگەکان وەک مۆدیل و تەنیا بۆ مەیلی دڵ وازیان لە ناوە زیاتر ئایینیەکان دەهێناو و ناوێکی شۆڕشگێڕانەیان بۆ خۆیان هەڵدەبژارد. لە زۆربەی بنکەکان ناوە گەورەکان بۆ فەرماندە و بەرپرسەکان قۆرخکرابوون. بنکە و مەقەڕەکان پڕ بوون لە شەپۆل، شەماڵ، شوانە، هەڵمەت، پۆڵا، ئاگر، دارەوان، شاخەوان، هەڵۆ، رێبوار و هتد. لەو سەردەمەدا ئەوانەی کە ناوەکانیان نەگۆڕیوە شەوانە لە بنکەکان و هەروەها لە لایەن کچانی گوند پرسیاریان لێدەکرێ، کە بۆچی خۆیان نوێ نەکردۆتەوە. کەماڵ بۆ رزگاربوون لەو گێژاوە دوای گواستنەوە بۆ قەلاڕەشێ و بوونە مامۆستا، ناوێکی مامناوەندی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ. کچێک لە کاتی ئاوبردنەوەدا تووشی کەماڵ دەبێ و بە شێوەزاری خۆی دەڵێ، مامۆستا لە بەر عەمرت مرم، ئ ئەتو ناوت بۆ خۆت هەڵنەناوە؟

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge21.jpgکەماڵ و هاوکارەکانی شەوانە بۆ بەسەربردنی کات و لێکدانەوەی هەواڵەکان و هەروەها کڵاو و گورێوی بازی، دامە، دۆمینە، گەڕی گۆرانی گوتن و زۆر بابەتی دیکە کۆدەبنەوە. ئەوان بۆ رابواردن ناوە تازەکان و خاوەنەکانیان لە یەکتر بەراوەرد دەکەن. حوسێنی ئازیزێ لەو گاڵتە و گەمانەدا کراوەیە و بە پانەوە لێکدانەوەکانی لە سەر ناوی هاوڕێکان دەردەبڕێ. ئەو بە کەماڵ دەڵێ، کاکە نەچی ناوی گەورە لە خۆت بنێی و دواتر لە ژێر قورسایی ناوەکەدا جوڵەت بۆ نەکرێ. پەرویز بۆ هاندانی زیاتری حوسێن دەپرسێ، کاکە دەتوانی زیاتر مەبەستەکەت وەک پەتاتەی بێوران سوور کەیەوە. حوسێن، کۆمەڵە ناوێکی وەک هەڵمەت، خۆڕاگر، هێرش، ئازا، شاخەوان، ژیر، شەماڵ، رێبوار بە نموونە دێنێتەوە، کە لە گەڵ خاوەنەکانیان یەکتر ناگرنە. ناوبراو لە هەڵمەتەوە دەستپێدەکات و بە رێکوپێکی لە قەپان و تەرازوویان دەدات و دەپرسێ، کاکە پێشمەرگەمان هەیە و ناوی هەڵمەتی لەخۆ ناوە، کەچی لە هەموو ژیانیدا هەڵمەتێکی نەبردوە و کە باسی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی رێژیم دەکرێ، یەکسەر نەخۆش دەکەوێ و دواتر هەتا دەگەرینەوە لە سەر جێگا بۆی تەخت دەبێ. چەکدارمان هەیە ناوی لە خۆ ناوە ئازا، کەچی لە شەڕ و کاردا هەرگیز ئازا و هەڵسووڕ نییە. لە شەڕەکاندا لە گەڵ تیمی هێرشبەر ناکەوێ و بە بیانوی لاوازی چاوەکانی ئامادە نییە لە گەڵ تیمی پێشڕەو لە جەولەکاندا بڕوا. برادەرمان هەیە دڵخۆشە بە هێرش بانگی بکەن، بەڵام ئەگەر هەموو کوردستان وێڕان بێت ئەو کاک هێرشە ئامادە نییە یەک هێرش بکات. رێبوارمان هەیە کە بە هەموو ئایدۆلۆژیەکان پێدەکەنێ و خەون بە سەردانی گوندە ئازادکراوەکان دەبینێ و رێبواری تاقە دارێکیش نییە. کاکە رێژیم ساڵ بە ساڵ پاشەکشەمان پێدەکات و خۆڕاگری وردە وردە وەک عەتر و بۆنی تیرۆس لە گۆڕ دەکەوێ. ئەگەر ئێمە ئەو هەموو مامۆستا پۆڵا و ئاسنەمان هەیە، بۆچی داگیرکەرانی کوردستان ناسوتێنین. وەستا مستەفا بە لێکدانەوەکانی حوسێن سەرخۆشە و چاوەکانی بە پێکەنین پڕبوون لە فرمێسک و دەڵێ، باوەڕکەن کوڕینە شەراب و ویسکیم نەخواردۆتەوە، بەڵام رەنگە بە قەدەر قسەکانی حوسێنی خۆش نەبن! کەماڵ لە سەر قسەکانی حوسێنی ئەوەندە زیاد دەکات، کاکە شتێکی تێدا بێڵەوە. لە بەر رەخنەکانی تۆ بۆ هەڵبژاردنی ناوێک خەریکە لاقم دەلەرزن و لە پایەگا و مۆڵگە گرتن دژوارترە. ئێمە نابێ هێندە قوڵی لێکدەینەوە و مرۆڤ پارچەیەکە لە گۆشت، ئاو و ئیسک. ئەوەی زۆر گرینگ و پڕبایەخە ئیمان و باوەڕی ئینسان و مرۆڤە، کە سەرچاوەی هێز و ئازایەتییە. کەماڵ لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا کاتێک لە گەڵ پێشمەرگە تازەکان قسە دەکات، رستەیەک زۆر دووپات دەکاتەوە و رێنوێنیان دەکات، کە پێویستە وەک پێشمەرگە خاوەن بڕوا بن و بڕوایان بە خۆیان هەبێ، چوونکە بڕوا بۆ پێشمەرگە وەک تەقەمەنی بۆ تفەنگ وایە. لە سەر ئەو بناخەیە ناوی مامۆستا بڕوا هەڵدەبژێرێ و بە حوسێن دەڵێت، ناوێکم هەڵبژارتوە کە زۆر رەخنەی لێناگیرێ. ئەگەر ئازا، خۆڕاگر، پۆڵا، شەماڵ، دارەوان، شاخەوان، شەپۆل، هێرش و هەڵمەتیش نەبم، بێگومان دەتوانم بڕوام بە رێگاکەم و هەروەها خەباتی کوردان هەبێ. لەو کاتەوە ناوی مامۆستا بڕوا بە باڵای کەماڵی مام کەریمی دەبڕێ، بەڵام وەستا مستەفا، پەرویز و حوسێن ناوی خۆیان ناگۆڕن و بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان نە مامۆستان و نە سەرپەل و کادر خۆیان لە ناوگۆڕین دەدۆزنەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge13.jpgحوسێن، مستەفا و پەرویز لە دەرماناوێن مامۆستا بڕوا دەگوازێتەوە بۆ گوندی قەلاڕەشێ، بەڵام دۆستایەتی و هاتوچۆیان لە جاران زیاترە. منداڵانی گوند بۆ خوێندن لە سەرپێن و سەرەڕای نەبوونی کەرەستە و کەلوپەلی خوێندن بە پانتۆڵ و کەوای پینەکراو لە هۆدە گڵین و قوڕینەکاندا خۆیان ماندوو دەکەن. مامۆستا بڕوا لە یەکەمرۆژی وانەگوتنەوە وتەی پیاوە خاوەنکارە ئازەرییەکەی بیردەکەوێتەوە، کە باسی سەرمایەگوزاری لە سەر منداڵی دەکرد. مامۆستاکانی حکومەت توند و بە زمانی نەتەوە و دەوڵەتی سەردەست دەدوان و لە کاتی تووڕەبووندا بێرەحمانە بە سۆندە، دارە و کابڵ لە منداڵەکانیان دەدا. مامۆستا بڕوا، لە پێناوی پەروەردەکردنی نەوەیەکی باشتر تێدەکۆشێ، بەڵام تێدەگات کە کارێکی یەکجار قورسە. ئەو لە گەل مامۆستاکانی دیکە بە گوێرەی توانا بۆ فێرکردنی قوتابیەکان هەوڵدەدەن. گوندنیشەکان بە چاوی رێزەوە لە مامۆستاکانی شۆڕش دەڕوانن و زۆربەی خەڵک ئارزو دەکات، منداڵەکانیان خوێندەوار بن و لانی کەم وەک میرزا سجیلەکان نامە و عەریزە بنووسن و بەڕەی خۆیان لە ئاوێ دەربێنن. لە پێناوی قەرەبووکردنەوەی چاکە مامۆستاکان، بنەماڵەکان بە نۆبە مامۆستاکان بۆ نانی نیوەڕۆ یان ئێوارە بانگ دەکەن و بیرەوری خۆش لەو دیدار و یەکتربینینەدا کۆدەکەنەوە. چێشتە بەناو بانگەکانی گوند لە وەرزی زستان و بە تایبەت بۆ میوانەکان بە رەشەچێشت بە ناوبانگن. دۆکڵیو بە رۆنی خۆماڵی، کەشکەک، ترخێنە، ماشێنە، دۆکڵیوی لووشەی، پڵاو و ساوەر لە گەڵ شلەی لەپە و گۆشت بەشێک لەو خواردنانەن، کە گوندنشینەکان و تەنانەت ئەوانەی لە شار دادەنیشن بۆ میوانەکان سازی دەکەن. بۆ سەربردنی کات شەوانی پاییز و زستان لاوەکان و تەنانەت پیاوەکان لە یەکێک لە ماڵەکان کۆدەبنەوە و خۆیان بە یارییە زستانەکان سەرقاڵ دەکەن. ئەگەر دیوەخان گەورە بێت، ملانە و زۆرەبانی بە دوو مێرمنداڵ یان لاو دەگرن و بە پەلە هاندەری هەردووکیان سەر قوتدەکەنەوە و بە چەپڵە و وشە هاوار دەکەین، پشتی لە عەرزێ بدە و لاقی بگرە. جاروبار چەڵە مەشکێنە، پاشا و وەزیرێن، کۆڵاو و گورێبازی و زۆر یاری دەیکە دەکەن. بەشێک لە مامۆستاکان بۆ تیژکردنی مێشکی منداڵەکان و بە تایبەت ئەوانەی لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی فێری یاری ناسراو بە ناو، شۆرەت، گیا، گیانلەبەر، وڵات، شار و کەلوپەل دەکەن. بەشداربوەکان پێویستە بە پیتی هاوشێوە ناوەکان ریزبکەن و ئەوەی کە یەکەم جار تەواوی دەکات، خاڵبەندی وڵامی بەشدارانی دیکە دەکات. لەو سەردەمە یاری دامە و مینج و زۆر گەمەی دیکەش پەیدا بوون.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_radio.jpgخەڵک لە سەردەمی ئاڵۆزییەکاندا گرینگی بە گوێگرتن لە رادیۆکان دەدەن. کاناڵی رادیۆ کوردییەکان لە زۆربووندان و هەروەها بەشی فارسی زۆر رادیۆ وەک بی بی سی، ئیسڕائیل، ئەمریکا و هتد. لە نێو خەڵکدا ناسراون. مامۆستاکان بۆ ئاگاداربوون لە رووداوەکانی ناوچە و جیهان رادیۆیەی چوکیان هەیە و بۆ میوانیەکان لە گەڵ خۆیانی دەگێڕن. چەند مانگێکی خوێندن تێدەپەڕیوە و مامۆستای قوتابخانەکان و قوتابیەکان بە سەر وەرزی پاییز و زستاندا بازیانداوە. وەرزی بەهاری لادێ روخساری کێو و دۆڵەکان پڕە لە جوانی سیحراوی. مامۆستاکان بۆ بیرەوری لە گەڵ منداڵەکان چەند جارێک سەردانی شاخەخوارە، هۆینەماڵ، بێوران و باژاڕ دەکەن. ئەو دیدار و سەردانانە چاوی منداڵەکان زیاتر دەکەنەوە و ئاگاداردەبن، کە لە گوند و ناوچەکانی دیکەش منداڵی هاوتەمەنیان لە پێناوی خۆپەروەردەکردندا دەچنە قوتابخانە. لە چیا و داوێنی کێوەکان یەکێک لە مامۆستاکان یان قوتابیەکی دەنگ خۆش سەیران و سەردانەکان باشتر دەڕازێنێتەوە. قوتابییەکان لەو چوونەدەر و گەڕانە زۆر وانە فێردەبن، کە لە گەورە ساڵیدا زیاتر کەڵکی لێوەردەگرن. مامۆستاکان بیر لە سەردەمی منداڵی خۆیان دەکەنەوە، کە تێڕوانیان بۆ جیهان لە دەوروبەری گوند و شاردا قەتیس مابو. مامۆستا بڕاو، واتە کەماڵی مام کەریم لەو منداڵانەیە کە هەتا گەورە نەبوە دەرفەتی چوون بۆ رەبەتی بۆ نەڕەخساوە. ئەو داخراوبوونی کوردەکان لە گوند و ناوچەی هۆز و عەشیرەتەکان بە یەکێک لە هۆکارەکانی پەرتەوازەیی کورد دەزانێ. بە لێکدانەوەی ناوبرا، خەڵکی کورد لە یەک زمانی نووسین و خوێندن کەڵک وەرناگرن و گەمە بە زاراوەی یەکتر دەکەن، بۆیە بە رێژەیەکی کەم ئاگاداری رووداوەکانی کورد و کوردستانن. مامۆستا بڕوا دوا مانگەکانی ساڵی خوێندن تێپەڕ دەکات. هەرچەندە قوتابیەکان وەک پێویست کتێب و کەرەستەی خوێندنیان نەبوە، بەڵام سەرجەم مامۆستاکان لە چۆنیەتی فێربوونی زمانی کوردیی و هەروەها فارسی قوتابیەکان رازین. لە نووسینی داڕشتنی فارسی قوتابیەکانی پۆلی پێنج داڕشتنی جێگای سەرنج دەنووسن. یەکێک لە قوتابییەکان لە سەر پرسی خەباتی کوردان لە پێناوی ئازادیی و مافی نەتەوەییدا داڕشتنێکی نووسیوە، کە مامۆستا بڕاو تووشی سەرسوڕمان دەکات. مامۆستا بڕاو کاتێک داڕشتنەکە دەخوێنێتەوە، پرسیار لە قوتابیەکە دەکات، کە چ کەسێک ئەو داڕشتنە جوانەی بۆ نووسیوی. قوتابیەکە سوێند دەخوات، کە بۆ خۆی نووسیویەتی و دەستوخەتی خۆیەتی. مامۆستا بڕوا دەڵێ دەزانم بە پێنووسی تۆ نووسراوە، بەڵام کەسێک ئەو بابەتەی بە تۆ گوتوە. قوتابیەکە سەرنجام ناچار دەبێ راستیەکە بدرکێنێ و لە سەرە خۆ ناوی میرزا دەرزیلە دەبات. کوڕی مام کەریمی ناوی میرزا دەرزیلەی بیستوە و چەند جارێک لە گوندی قەلاڕەشەدا دیویەتی، بەڵام قەت بیری لەوە نەکردۆتەوە، کە ئەو ناوە سەیرە ئەو داڕشتنە جوانە بنووسێ.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge26.jpgمامۆستا بڕوا ئێوارە لە گەڵ مامۆستاکان دیکە سەردانێکی بنکەی پێشمەرگەکان لە گوند دەکەن. بەرپرسی بنکە بەخێرهاتنیان دەکات و خۆزگە دەخوازێ زۆرتر سەردانی ئەو بنکەیان کردبایە. مامۆستاکان پرسیار لە چۆنیەتی کاروباری مەقەڕ دەکەن و دەپرسن، کە پاییز و زستانیان چۆن تێپەڕکردوە. بەرپرسەکە لە گۆترە دەڵێ، کاکە پاییز و زستان بەو بارانە و بەفرە چۆن تيپەڕدەکەی؟ ژمارەیەک خۆیان فێری خوێندن دەکەن و لە ترسی گێرەی دەبنە حوشتر و بەشێکی دیکەش وەک خۆمان سەردانی خزم و دۆستان دەکەین و چاوەڕوانی بەهارێ دەکەین. مامۆستاکان دەزانن، کە شەڕی خوێندەوار و نەخوێندەوار و نەوەی کۆن و نوێ بەو دیدارە تەواو نابێ، بۆیە بە کورتی داوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەکەن. مامۆستا بڕوا لە میرزا دەرزیلە دەپرسێ، کە چەند مانگێکە لێرە دەژیت، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی دەست و پەنجەی یەکتریان نەخوێندۆتەوە. کاکی بەرپرس پێدەکەنێ و دەڵێ، باشە ناوەکەی گۆڕی. یەکەم رۆژ پرسیارم کرد ناوت چیە، ئەو میرزا دەرزیلە چوار ناوی وەک خشتە و بلۆک دوای یەکتر ریز کردن. بە برایەتیمان، هەر نەترەم چوو، چوونکە ناوی سولاسیم لە عەڕەبان و هەروەها کوردستانی گەرمێنێ بیستوە، بەڵام لە رۆمانی ئەمیر ئەرسەلانی رۆمیشدا نەمخوێندۆتەوە چواردانە ناو بۆ یەک تاکە ئینسان گڕبدرێن! میرزا دەرزیلە بەسەر غەیبەتی خۆیدا دەکەوێ و بەخێرهاتنی میوانەکان دەکات. پێشمەرگەکان میوانەکانیان پێدەناسێنن و دەڵێن، ئەوە مامۆستا بڕوایە، ئەوە مامۆستا ئەبوبەکرە و ئەو کاکەی ئاخیریش مامۆستا هێرشە. میرزا دەرزیلە بە پێکەنینەوە پیرۆزبایی ئەو ناوە جوانانە لە مامۆستاکان دەکات و کاری مامۆستاکان بە باش دەنرخێنێ. مامۆستا بڕوا ئاستی خوێندەواری میرزا دەرزیلە دەپرسێ؟ میرزا بە قامکەکانی ئاماژە دەکات، کە شەش کەلاسی قەدیمم خوێندوە. لە بیرمە مامۆستایەکی ئازەریمان لە پۆلی شەش هەبو، کە بە شەق تۆپ تۆپێنی بە قوتابیەکان دەکرد. ئەمن منداڵێکی تاقانە بووم و زۆر بەرگەی ئەو شەق و مستەکۆڵانەم نەدەگرت، بۆیە لە پۆلی شەش زیاتر نەچوومە سەر و ئیمانم بە مەدرەسە و موعەلیم و تەنانەت کتێبە دەرسییەکان نەما. مەدرەسەی ئێمە قوتابی پەروەردە ناکەن، بەڵکو وەک زیندان و بەندیخانەن، کە منداڵ و لاوەکان بەشێکی زۆری تەمەنیان لەوێدا بەفیڕۆدەدەن. لە وڵاتی ئێمە و دەوروبەر کوڕ و پیاویان بۆ سەربازیی و شەڕ و کچ و ژنیان بۆ ماڵداری دەوێن، بۆیە مێشکمان تەنیا ئەو خەونانە بەهێز دەکات، کە باس لە سەرکزیی و لاوازی تاکی کورد دەکەن. میرزا دەرزیلە رەخنە لە کتێبەکان دەگرێ و بابەتەکانیان بە هیچ و پووش و پەڵاش پێناسە دەکات. میرزا بەو قسەوباسە سەبری تەواو دەبێ، بۆیە لە سەر موکێتە تەسکە کونکونەکە لە مامۆستاکان دەپرسێت، ئایا دەزانن زمانی دایک چەندە لە سەر دەرونی منداڵ کاریگەرە؟ ئایا دەزانن بۆچی زۆربەی کوردە خوێندەوارەکان خێرێکی ئەوتۆیان بۆ کورد نییە و زۆر بە ئاسانی لە لایەن کڕاوەت لەبەر و مەندیل لەسەرەکانی ئێران فریو دەدرێن؟ مامۆستای کورد هەیە لە سەر مێژووی کورد یەک لاپەڕەی نەخوێندۆتەوە، بەڵام بە رۆژ چیرۆکی پاشایەتی پاشا قورمساخەکانی ئێران و تەمەدونی ئەو وڵاتەت بۆ دەخوێنێتەوە.

مامۆستاکان لە گەڵ میرزا دەرزیلە زۆر هاودەنگن و مامۆستا بڕوا تێدەگات، کە ئەو پیاوە لە داخی خەڵکی کورد و ژانی کوردبوون ئەو ناوە سەیر و سەمەرەی بۆ خۆ سازکردوە. میرزا دەرزیلە لەو بەهارەدا ترسی نەماوە و بە دڵ ئاشقی وەرزی رەخنەگرتنە. ناوبراو چەند جارێک دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو چەند مانگە لە داخی بێدەنگی مردم . ئەمن بە سرووشت دژ بە هەڵسوکەوتی نەگونجاوی کوردانم و دڵنیام، کە ساڵەکان لە قازانجی ئێمەدا نین. مامۆستا بڕوا، ئەبوبەکر و هێرش بە قسەکانی میرزا زۆر سەرسامن، بەڵام بیر لەوە دەکەنەوە کە مەقەڕات وبنکەی هیچ حیزبێک ئەو کولتورە قبوڵ ناکەن. ئەوان بۆ خاوکردنەوەی بارودۆخەکە کورتەیەک لە سەر ئەرکی خەڵک و هەروەها بەرپرسیارەتی هێزە سیاسییەکان باس دەکەن، بەڵام دەسەڵاتی تاران بە ماکە و سەرچاوەی نەهامەتییەکانی خەڵکی کورد و گەلانی دیکەی ئێران دەزانن. بۆ ئەوەی پێشمەرگە نەخوێندەوارەکان تووڕە نەبن و لە داخان جنێو بە کتێب و پێنووسان نەدەن، مامۆستاکان بە رێزەوە لە کردەوەی خەباتکارانەیان دەڕوانن و میرزا دەرزیلە دڵنیادەکەنەوە، کە زۆربەی ئەو کوڕ و پیاوانە ئاشقی خوێندەواربوون و پێگەیشتنن، بەڵام ئەگەر قوتابخانە و مامۆستا نەبێ، کێ تاوانبارە. مامۆستاکان کۆتایی بەو دیالۆگە دێنن و بەرەو مزڵەکەیان دەگەڕێنەوە. مانگەکان بە پەلە تێدەپەڕن و قوتابخانە تەواو دەبێ. وەرزی عەمەلیات و چالاکی پێشمەرگەکان لە زۆر ناوچەی کوردستان سەوزبوون و هێزی پێشمەرگە لە مەڵبەند و ناوچە جیاوازەکان گورز لە پەیکەری نیزامی ئاخوندەکان دەوەشێنن. مامۆستا بڕوا، دوای تەواوبوونی مامۆستایەتی دەگەڕێتەوە پەلی پێشوو و هاوینێ وێڕای پێشمەرگەکان دیکە لە چالاکیەکانی ناوچە و نێوشاردا بەشدارە. میرزا دەرزیلەش ئامادەی پاشەکشەیە و ناوبراو باوەڕی بە خۆڕاگری کوردەکان نییە و بەردەوام دەڵێ، نەتیجە گرینگە و لە کۆتاییدا چەکدارەکانی رێژیم لە سەر سنوورمان دادەنێن. زۆر کەس باوەڕیان بەو قسانە نەدەکرد و ئەو پەندەیان نەدەزانێ، کە راستی یان لە زاری منداڵی ببیستە یان شێت.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_sopa1.jpgئەو بەهار و هاوینە رێژیم لە ناوچەکانی دیکە بە درووشمی ئەڵڵاهوئەکبەڕ و سەڵەوات لێدان و هەروەها هێنانی هێزێکی زۆری ئامادەی مەرگ و هەڵگری کلیلەی بەهەشت سنووری ناوچە ئازادەکانی بەرتەسکتر دەکاتەوە. پێشمەرگەکان لە ناوچە جیاوازەکان بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی دیکە لە جەولەدابون، بەڵام تواناکان زۆر نەبوون. هێزە کوردەکان هەتا ناوچەکانی ژێرکۆنتڕۆڵیان بەرتەسک نەبوون، زۆر هەستیان بە مەترسییەکان ئاوارەیی و هەروەها هێزی رێژیم نەدەکرد. هێزی پێشمەرگە ئەگەرچی تەیار و پۆشتەوپەرداخ نەبو، بەڵام خاوەنی ئیمان و باوەڕی فیداکارنە بو. شایانی باسە، کە ئیمان و باوەڕ چەکی گرینگە، بەڵام لە شەڕگە و بەرەکانی شەڕدا رۆڵی یەکلاکەرەوە نابینێ. لە شەڕدا ئامادەبوونی بەردەوام، تەقەمەنی و چەک، نەخشەی بەرگریی و هەروەها دڵنیابوون لە پشتی شەڕ و سایکۆلۆژی و باوەڕ بە سەرکەوتن کاریگەرن. زۆربەی پێشمەرگەکان و هەروەها فەرماندەکان ئاگاداری نەبوونی کەلوپەلی شەڕ، نەبوونی پێوەندی لە گەڵ هێزەکانی دیکە و هەروەها نەبوونئ پلان و بەرنامەی تۆکمەی هێزی پێشمەرگە بوون. ئەو ساڵە زۆربەی هێزە سەرتاسەرییە ئێرانییەکان بە یەکجاری و لە ژێر پاڵەپەستۆی ریژیمی ئاخوندەکان گواستبوویانەوە کوردستان. موجاهیدینی خەڵقی ئێران، لە گەڵ نیزام نەسازان و پەنایان بۆ کوردستان هێنا. بنی سەدر و مەسعود رەجەوی ساڵی رابردوو بە چارشێوی ژنانە لە ئێران هەڵاتن و لە فەڕانسە گیراسەنەوە. موجاهیدینی خەڵق لە لایەن حیزبی دێموکڕات پێشوازیان لێکرا و بۆ کۆکردنەوەی ئەندامە پەرتەوازەکانیان یارمەتی کران. ئەوان لە بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بنکە و ناوەندی نیزامیان کردەوە و بازاڕی بانگەشی خۆیان لە سەر حیسابی کوردستان و کورد گەرم داهێنا. ئەوان ئەو ساڵ باشتر خۆیان رێکخستۆتەوە و لە رێگای رادیۆ و بڵاوکراوەکانیان ئەندامەکانیان رێنوێنی دەکەن، کە بۆ کوردستان بگوازنەوە.

خەڵکی کوردستان بە هاتنی موجاهیدەکان شاد نەبوون. ئەوان ئەگەرچی هێزێکی بەگۆڕەگوڕ و خاوەن بازاڕ و ساباتی رازاوە بوون، بەڵام بە کردەوە قازانجێکیان بۆ خەڵکی کورد و پرسە رەواکەی نییە. بەشێک لە خەڵکی کوردستان ئەوانیان بە پاسداڕی دوارۆژ ناودەبرد و بە هاتنی ئەو هێزە بۆ کوردستان دڵگران بوون. ئەوان، لە هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی سەردەشت بۆ خاڵی نەبوونی کەیسی خەباتکارانە جاروبار لە عەمەلیاتێکی چووکدا بەشدار دەبوون. زۆربەیان لە گەڵ بارودۆخ و سرووشی کوردستان نائاشنا بوون و بە گوێرەی پێویست کارا نەبوون. هاوین و پاییزی ئەو ساڵە بە هاوکاری پێشمەرگە کوردەکان رێگا و جادەی چەند مۆڵگەیەکی ریژیمان مینڕێژ کرد و بە شێوازی لاوەکیش لە شەڕەکاندا بەشداربوون. لە جەولەیەکدا کەماڵ و هاوڕێکانی وەک هاوکار و یارمەتیدەر لە گەڵیانن و لە سەر رێگای قوچ، مارەغانی و هەروەها رادار چەند مینێکی دژی تانک دادەنێنەوە. لەو سەفەرەدا کەماڵ کە بە مامۆستا بڕوا بانگ دەکرا، لە گەڵ چەند موجاهیدێک لە سەر تێڕوانین لە کورد و دواڕۆژی کوردستان دەکەونە دمەتەقەیەکی گەرم. موجاهیدەکان خەڵکی جیاوازن و لە ئازەری، فارس، عەڕەب و b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge3.jpgکورد و بە تایبەت کوردی ناوچەی کرماشانیان لە گەڵە، بۆیە چۆنیەتی گۆکردنی زمانی فارسیان و هەروەها گوتنەوەی ناوە کوردیەکانیان بۆ دژوارە. کەماڵ لە ماوەی جەولەیەکی ١٠ رۆژیدا لە گەڵ ئەو موجاهیدانە ئەوەندە تووشی دمەتەقە و چەقەچەقی سیاسی و لابەلا بوە، کە وازی لە ناوی مامۆستا بڕوا هێنا. پێشمەرگە کوردەکان لەوە تووڕە و نیگەرانن، کە لە سەر خاکی خۆیان نوێنەرانی نەتەوەی باڵادەست ئاغایەتیان لەسەر دەکەن و ئامادە نین وەک ئاوارەیەک خەباتی کوردان بۆ ئازادیی و مافەکان بە رەوا بزانن. موجاهیدەکان وەک پاسداڕەکان ئاشق و ئۆگری نەخشەی پیشلەیی ئێرانن و بە ئاشکرا هەڕەشەیان دەکرد، کە ئەمڕۆ یان سبەینێ ئەو کەس و لایەنانە تەمبێ دەکەن، کە باسی تەجزیەی ئێرانی خۆشەویست دەکەن. کەماڵ لەو جەولەیەدا واز لە ناوە داتاشراوەکەی دێنێ و بە حوسێن دەڵێ، ئەو سەگبابانە با هەر بە کەماڵ بانگم بکەن. ئەوان بەو هەڵسوکەوت و زمانەیان لەو ماوەیەدا عەزابێکی گەورەیان داوم. لەو خاکەدا چۆنت لێقەوماوە و چەندە دەردەداریت، کە نەوەکانی عەلی قولی و ئەبولفەزڵ گەمە بە بوونت دەکەن. وەستا مستەفا هەڕەشە دەکات، ئەگەر ئەوجارە نەک حیزب بەڵکو خواش لە گەڵ ئەو تەڕەماشانەم بنێرێ، بە گوێی ناکەم و با سزام بدەن. ئەمن ئامادە نیم لە گەڵ ئەو خەڵکە، کە پەروەردەی تاریخێکی درۆزنانە و نامرۆڤانەن لە بەهەشتی خودادا و لە چۆمی هەنگوینیدا مەلە بکەم. حوسێن دەرفەتە بە لەبار دەزانێ و بە گاڵتە بە حوسێن و کەماڵ دەڵێ، کوڕینە وەرن با وەک مەڕە گێژان بەدوای خۆماندا راکێشیان کەین و بەسەر مۆڵگەیەکی رێژیمدا ساغیان کەینەوە. کاکە، ئەوانە بە ئاوی پاک خاوێن نابنەوە و هەتا قیامەت دژی مافەکانمانن. پەرویز رەخنەی لە حیزبە و بە باوەڕی ناوبراو حیزب خەریکی پیاوەتی و کاری چاکەیە. ئێمە ئەوەتا بە دەستی چەکداری ماڵی مەلا مستەفا گیرمان خواردوە، کە خۆیان بە کورد دەزانن، تازە خەریکن موجاهیدین دێننە کوردستان و ئەوانیش لە چەکدارەکانی بارزانی باشتر نابن. گورگ و مار بۆ چاکە لەگەڵ کردن نابن و هەردووکیان لە دەرفەتدا زەبرت لێدەدەن، بۆیە ئەمن لەو حیزبە ناگەم. نازانم کاری بەو چاکە چییە و لە کام قۆناخدا موجاهیدین چاکەمان دەدەنەوە. مەگەر کوردەکان و دێموکڕات لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا پاڵپشتی بنی سەدر نەبوون! ئاگادارن، کە ناوبراو ئەرتەشی ئێرانێ راسپارد، کە هەتا هەموو ناوچەکە پاکسازی نەکەن بەندی پۆتین و پۆستاڵەکانی لاقیان نەکەنەوە!

بەرپرسی پێشمەرگەکان بە چەند قامکێکی دەستی راستی، سمێڵە گەورەکانی لە سەر لێوەکانی لادەدت و بۆ هاوڕێکانی شیدەکاتەوە، کە حیزب زۆر وردە و دووریش دەڕوانێ. ئەوانە ئەگەر حەماقەت بکەن و شێت و شەیدای ئێران بن، ئێمە باشترە چاوکراوە بین و ئاگاداریان بکەین. ئەوانە بە ١٠ رۆژ روونکردەوە و شێرورێوی هێنانەوە نابنە کورد و باوەڕیان بە حیزبێکی دیکە هەیە. شوکور بۆ خوا فارسیەکەم ئەوەندە سەقەتە، کە بە هیچ جۆر خۆیان لە قەرەی نادەم و خوای دەکرد لەو دارستانەی دەبوونە مەیمون و بە داران هەڵدەگەڕان. کاکە ئێوە خوێندەوارن و ئاگادارن، کە بەشی کوردی قوڕبەسەر هەر خزمەتکردنە. کوردە موجاهیدەکە گوێ لە دیالۆگی پێشمەرگەکان دەگرێ و ئەوەندەی تێیدەگات بۆ هاوڕێکانی وەریدەگێڕێتە سەر فارسی. پێشمەرگەیەکی بەساڵداچوو بە ناوی سەلیم پیرۆز، کە ئەو رووداوە دەبینی لە داخی کوردەکە وەک فەنەر هەڵدەبەزێتەوە و بە کوردیی و فارسی جنێوی پێدەدات. سەلیم بە کوردە موجاهیدەکە دەڵێت: پدەر سەگ ئەگەر بە خاتری حیزب نەبێ لێرەت دەتۆپێنم. شەرم ناکەی، کە لە سەر خاکی کوردان سیخوڕی دەکەی و فەرقی تۆ لە گەڵ ئەو چەکدارە خۆفرۆشانەی حکومەتی چییە؟ پێشمەرگەکان هەتا گەڕانەوە بنکەکانی خۆیان لە گەڵ موجاهیدەکان لالوت بوون. ئەوان پاش گەڕانەوەیان بۆ بنکەی خۆیان ناڕەزایەتی لە حیزب و سیاسەتەکانی دەردەبڕن، کە خەڵکی کورد و پێشمەرگەیان بە ناوی سەنگەری ئازادی کردۆتە خزمەتکاری فارس و ئازەری.

رێژیم لەو ساڵەدا لە شەڕ لە گەڵ عێڕاقدا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە و شاری خوڕڕەمشەهریان لە بن دەستی ئەرتەشی عێراق دەرهێناوە. هێزە ئێرانییەکان توانیویانە بەر بە پێشڕەویی هێزە عێڕاقییەکان بگرن و دەرفەتی کۆکردنەوەی هێزی زیاتریان لە کوردستاندا هەیە. عێراق بە جۆرێک ئامادەی رێکەوتن لە گەڵ ئێرانە، بەڵام ئاخوندەکان لە پێناوی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی درۆ بە هاوکاری ئیمامی مەهدی شەڕەکە درێژەدەدەن. ئەوان شەڕەکە بەرەو کوردستان دەگوازنەوە و نەخشەی رووخانی سەددام حوسێنیان لە سەردایە. ئاخوندەکان و بەرپرسانی نیزامی تاران بەنیازن لە رێگای شاخەکانی کوردستان و لێدان لە بزوتنەوەی کوردستان بەرەو کەربەلا و دواتر فەلەستین بڕۆن! درووشم و شوعارە بەتاڵ و رەنگ زەردەکان بە دەیان هەزار کەسیان بە ئاسانی بۆ سەر مەیدانە مینرێژکراوەکان ئامادە دەکەن و هەر ئاخوندە لە کۆبوونەوەکاندا حەدیس و گیڕانەوەیەکی سەقەت بە قازانجی نیزام دەگێڕێتەوە. خەڵکی رەشوڕووت و ئۆگرانی کەربەلا بە ئاوازی دەڵڵاڵەکانی شەڕ لە مەیدانەکانی شەڕدا دەکوژرێن و وڵات وێران و داڕووخاوە. چەکدارە چەتە و قەمەکێشەکانی نیزام لە کوردستاندا دەسەڵاتێکی ئەهریمەنی و سەرکوتکەریان سەپاندوە. ئەوان لە وێرانکردنی دارستان، سەرچاوە ئاوییەکان، گۆڕستانەکان و تەنانەت گۆڕینی رێڕەوی ئاوەکان و ورد و خاشکردنی تاوێرەبەردەکانی کێو و بەندەنەکان چیژوەردەگرن.