یادکردنەوەیەکی بەڕێز عەبدوڵا حەسەن زادە, بەبۆنەی کۆچی دوایی عەلی ئەشڕەفی دەرویشیان:

یادکردنەوەیەکی بەڕێز عەبدوڵا حەسەن زادە سکرتێری پێشووی حیزبی دیموکرات و ئەدیبی گەورەی کورد لە بابەت کۆچی دوایی عەلی ئەشرەف دەروێشیان
بەبۆنەی کۆچی دوایی عەلی ئەشڕەفی دەرویشیان:
کەلێنێکی گەورە
عەبدوڵڵا حەسەن زادە
جاروبار بنیادەم هەقیەتی گلەیی لە ڕۆژگار و ئاسمان بکات و ساڵێک لە ساڵان بە ساڵی نەهامەتی بژمێرێ. ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی (٢٠١٧ی زایینی) بۆ ئێمەی کورد یەکێک لە ساڵە بەرلۆمەکانە. ئەو هەموو غەدر و ناهەقی¬یەی لەم ساڵەدا لەلایەن دەوڵەتەکانەوە لە کورد کرا و ئەو شەڕ و مەرگ ¬و ماڵوێرانی¬یە کە بەسەری¬دا سەپا بەس نەبوو، مەرگی هەڵکەوتە و دەستەبژێرەکانیشی لێ¬بوو بە سەربار. ئاسان نیە هەموو ئەو خەسارە ئینسانی¬یانە کە لەم ساڵەدا لە کورد کەوتوون لە کاتێکی پڕکەسەری وەک ئێستادا وەبیر بێنەوە. بەڵام هەر بۆ نموونە دەڵێین ئەمساڵ لەنێو ڕێبەران و بیرمەندانی دنیای سیاسەت¬دا ئێمە لە غەمی لەدەستدانی دەستەبژێرانی وەک نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، عەزیز موحەممەد کەسایەتیی گەورەی سیاسی و سکرتێری پێشووی حیزبی شیووعیی عێڕاق و مام جەلال سەرکۆماری پێشووی عێڕاق و سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان¬دا دانیشتین. دوایەش نۆرە گەیشتە گەورەگەورەکانی دنیای ئەدەب و لەوەش¬دا دوێنێ کەریم زەند ئەدیب وگەڕێدە و مێژووناسی ناسراو و ئەمڕۆ گەورە نووسەر و توێژەری بەتوانای ئەدەبی عەلی¬ئەشڕەفی دەرویشیانمان لەدەست چوو.
عەلی¬ئەشڕەفی دەرویشیان گەورەنووسەری کوردی کرماشانی بۆ ئۆگرانی ئەدەب و زمان و کەلتووری کوردی لەوە ناسراوترە پێویستیی بە ناساندن هەبێ و لەوەش زۆر گەورەترە لە وتارێکی کورتی قەڵەمێکی کول¬دا هەقی خۆی بدرێتێ. ئەوەی لێرەدا دەنووسرێ تەنیا هەڵڕشتنی دڵۆپێک لە دەریای کەسەری لەدەستدانی ئەو و باس لە پەراوێزی توانا ئەدەبی و فەرهەنگی¬یەکانی ئەو بلیمەتەیە. هەوڵ بۆ دەرخستنی قووڵایی ئەدەبی و سیاسیی دەرویشیان کاری توێژەر و لێکۆڵەرێکی وەک خۆیەتی کە لە بەرهەمێکی سەدان لاپەڕی¬دا (ئەگەر نەڵێم هەزاران لاپەڕی) هەقی خۆی بداتێ.
عەلی¬ئەشڕەف لەدایکبووی کرماشان و پێگەیشتووی ئەو گەورەشارەی کوردستانە. دەگەڵ ئەوەی وەک هەموو ڕۆڵەکوردێکی ئەو سەردەمە و تەنانەت ئێستای خۆرهەڵاتی کوردستانیش لەمافی خوێندن بە زمانی کوردی بێ¬بەش بووە، بەداخەوە بۆی نەڕەخساوە ببێتە نووسەرێکی کوردی کوردی¬نووس. بۆیە بەرهەمەکانی لەباری فۆڕمەوە بەشێکن لە ئەدەبی فارسی و چ¬بەشێکیش! بەڵام لەبواری نێوەرۆک¬دا لە هەربارێکەوە لێیان بڕوانی لە خزمەتی زمانی کوردی، مێژووی کورد، خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کورد و خەباتی مافخوازانەی چینە چەوساوەکانی کۆمەڵی کوردەواری¬دان. ئەو لە ناساندنی کەلەپووری ئەدەبیی کوردی¬دا بە کۆکردنەوەی پەند و مەتەڵ و ئەفسانە کوردی¬یەکان بەڕاستی ڕەنجی فەرهادی کێشاوە و کوردی وەک نەتەوەیەکی خاوەن¬زمان و ئەدەب و حیکمەت و مێژوو بە جیهانی¬یان نیشان داوە.
بە حوکمی ئەوەی چەند ساڵێک وەک مامۆستای قوتابخانە لە گوند و لەنێو چەوساوەترین چینەکانی کۆمەڵ خزمەتی کردوە و دەگەڵ غەم و ئێش¬وئازاری خەڵکی بێ¬بەشی لادێ ژیاوە، لە بەرهەمە بەهێز و بەپێزەکانی¬دا توانیویەتی پانۆڕامایەک لە ژیانی پڕمەینەتی چەوساوەکان بەتایبەتی گوندنشینە هەژار و بێ¬دەرەتانەکان بخاتە بەر چاوی خوێنەران و ئۆگرانی نووسینەکانی خۆی. جگە لەمانە ئەندامەتی یان لایەنگری لە حیزبی توودەی ئەو سەردەمەدا کە بە حیزبی چین و توێژە بێ¬بەشەکانی کۆمەڵی ئێران دەژمێردرا ئەوی بۆ هەمیشە کردە نووسەرێکی چەپ و زمانی حاڵی چەوساوانی دەستی سەرمایەداری و فیئۆدالیزم و ڕێژیمی پاشایەتی، نوێنەری بەرهەقی جیهانخۆران لە ئێران¬دا. خوێندنەوەی ڕۆمانی چواربەرگی و هەزاران لاپەڕیی (سالهای ابری) “هەورە ساڵەکان” کە بەجۆرێکی شیرین و دڵگیر مێژووی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران لەو ڕۆژگارەدا دەگێڕێتەوە، ئەم ڕاستی¬یە بە جوانی نیشان دەدا.
بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی عەلی¬ئەشڕەفی دەرویشیانیش مرۆڤ کەم¬وزۆر دەتوانێ پەی بە گەورەیی و توانا و زانایی ئەو ئینسانە بەرێ. بەڵام ئەوکاتە دەتوانی بزانی عەلی¬ئەشڕفی دەرویشیان کێیە کە بەخت یارت بووبێ لە نیزیکەوە لەگەڵی ئاشنا بی (خۆزگەم بەو کەسانە کە بۆیان ڕخساوە زۆرتری ببینن و بدوێنن). نووسەری ئەم دێڕانە تەنیا سێ جار (جارێک لە باشووری کوردستان و دووجار لە ئورووپا) شانسی ئەوەی هەبووە لە نزیکەوە بیدوێنێ، ئەویش هەر جارە بۆ سێ¬چوار سەعات و دواجاریشیان دوای تووشبوونی بەو نەخۆشی¬یە کە بەداخەوە سەرەنجام بەچۆکی¬دا هێنا. بەهەق ئەم چەند سەعاتە بۆ من دەرفەتی تەمەن بوون و تا ماوم لەبیریان ناکەم، چونکە تەنیا لەو دەرفەتانەدا بوو کە بنیادەم دەی¬توانی بزانێ ئەو پیاوە چ¬دەریایەکە لە زانست و ئاگایی و مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستی.
ڕەنگە هەر نەبێ بەشێک لە ڕووناکبیرانی کورد بزانن کە ئەمن کۆمەڵە چیڕۆکی (از این ولایت)ی مامۆستام لەژێر ناوی “هەتاو”دا کردە کوردی و چاپ و بڵاوم کردەوە. یەکێک لە خۆشی¬یەکانی ژیانم بوو کە هەم بە نووسین هەم لەکاتی دیدارمان¬دا ئەم وەرگێڕانەی پەسند کرد. لە دوادیدارمان¬دا ئەو پێشنیاری کرد و بۆخۆشم دەمێک بوو حەزم دەکرد ڕۆمانی (سالهای ابری)یش بکەمە کوردی. بەڵام گیروگرفتی من ئەوە بوو کە پەند و مەتەڵ و گۆرانی¬یە کوردی¬یەکانی نێو ئەو ڕۆمانەی کردبوونە فارسی و ئەمنیش نەم¬دەویست لە فارسی¬یەوە بیانکەمەوە کوردی چونکە پێم وابوو ڕەسەنایەتی¬یەکەیان دەچێ. بۆیە داوام لێ¬کرد کە بە هاوکاریی شاناز خانمی هاوسەری هەموو دەقە کوردی¬یەکانم بە ژمارەی لاپەڕەوە بۆ بنێرێ تا وەرگێڕانەکەم بەکەلک و بێ¬ئیراد بێ. هەرچەند پێشنیارەکەمی پەسند کرد بەڵام بەداخەوە پێم¬وایە بەهۆی نەخۆشی و گرفتاری¬یەوە نەیان¬توانی بۆم بنێرن و ئەمنیش ئەو دەرفەتەم لەدەست چوو.
بە هەموو پێوانەیەک لەدەستچوونی عەلی¬ئەشڕەفی دەرویشیان بۆ زمان و ئەدەب و مێژووی کوردی خەسارێکی گەورەیە و کەلێنێکی بەجێ هێشتوە کە پڕکردنەوەی وەختێکی درێژ دەخایەنێ. بەوبۆنەیەوە پڕبەدڵ سەرەخۆشی لەبنەماڵە بەڕێزەکەی بەتایبەتی شانازخانمی هاوسەری و کاکە بێهڕەنگی کوڕی دەکەم و لەوەش زیاتر سەرەخۆشی لە کۆڕی ئەدیبان و ئەدەبدۆستان و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان دەکەم. دڵنیام ناو و یادی ئەو گەورە نووسەرە بۆ هەمیشە لە کاناڵی بەرهەمە ناوازەکانیەوە لە دڵی دڵسۆزانی زمان و ئەدەب و مێژووی کوردی¬دا دەمێنێتەوە.
ڕووحی مامۆستای نەمر شاد و تەمەنی ئازیزانی درێژ، رێگاکەی ڕێگای ژیاندنەوە و بووژاندنەوەی کەلەپووری نەتەوەیی کورد بەردەوام بێ و سەبووری بۆ هەمووان.