کۆچی دوایی زەینەب خانم شەرەفکەندی، خوشکی مامۆستا هەژاری شاعیر وشەهید دکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری حدک

کۆچی دوایی زەینەب خانم شەرەفکەندی، خوشکی مامۆستا هەژاری شاعیر وشەهید دکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە هەواڵمان پێگەیشت کە زێنەب خانمی شەرفکەندی ئەمڕۆ ١٥ نوامبری ٢٠١٧ بەرامبەر بە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە شاری مەهاباد ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەمان کرد.
زێنەب خانم خۆشکە تاقانەکەی نەمر مامۆستا عەبدالڕحمانی شەرەفکەندی (هەژار) شاعیر و ئەدیبی بەناوبانگی کورد و دکتور سادقی شەرفکەندی (د. سەعید) سکرتێری شەهیدی حیزبی دێموکرات کوردستان و هەروەها دایکی شەهید مەحموودی حەسەن خاڵی پێشمەرگەی بەوەجی لکی ٣ ی هێزی شەهید پێشەوا بوو.
زێنەبە خاتوون یەکێک لە بەڕابردووترین ئەندامی ژنی چالاکی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بوو کە بە درێژایی دەیان ساڵ خەباتی نهێنی و ئاشكرای حیزبی دیموکرات و لە گشت کات و ساتەکاندا داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەی کرد و لە هیچ خزمەتێک بۆ گەشتنی گەلەکەمان بە ئامانجە پیرۆزەکانی درێغی نەکرد و تا دوا ساتەکانی ژیانیشی بەو ڕێباز و بیروباوەڕەی وەفادار مایەوە.
کومیتەی دەرەوەی وڵات و ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی زینەبە خانمی شەرەفکەندی، پرسە و سەرەخۆشە لە بنەماڵەی سەربەرزی شەرەفکەندی و حەسەنخاڵی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوڕێمان گوڵاڵە خانمی شەرەفکەندی، هەموو خزم و کەس و دۆستان دەکات و خۆمان لە خەمی لە دەست چوونی ئەو دایکە دڵسۆزە دا بە شەریک و بەشدار دەزانین.
کۆمیتەی دەروەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان