پەیامی سوپاس و پێزانینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان

هەرەوەزی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەتان بۆ بەدەنگەوەچوونی بوومەلەرزەلێدراوان جێگای شانازییە
دوا بە دوای هاتنی بوومەلەرزەکەی شەوی ٢١ی خەزەڵوەر و ئاشکرابوونی بەرینایی کارەساتەکە و دەرکەوتنی قووڵایی زیانە گیانی و ماددییەکانی بە تایبەتی لە پارێزگەی کرماشان و هێندێک ناوچەی پارێزگەی ئیلام، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە بەرەوڕووی
تاقیکردنەوەیەکی نەتەوەیی و ئینسانی بوونەوە. خەڵکی نزیک بە ١٠ شار و زیاتر لە ١٠٠٠ گوند یا کەوتبوونە ژێر چیمەنتۆ و دار و پەردووی خانوو و ساختومانە ڕووخاوەکان، یا ماڵ و هێللانەی لەبەریەک هەڵتەکاوی خۆیان بەو شەوە و لە وەرزی سەرمادا بەجێ هێشتبوو و لە کۆڵان و مەیدان و دەرەوەی ئاوەدانی دا لە سەرمان هەڵ دەلەرزین. سەرەڕای گەورەیی کارەساتەکە، شتێک کە هەر لە سەرەتاوە لە کاربەدەستان و دام و دەزگا دەوڵەتی و حکوومەتییەکان، بینرا و بە ڕوونی هەستی پێ کرا، خەمساردی و خاوەخاو لە بەدەنگەوەهاتنی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراودا بوو. نەک هەر دوابەدوای کارەساتەکە، تەنانەت لە ڕۆژی یەکەمی ڕووداوەکەش دا، ڕەوانەکردنی تیمە پسپۆرەکان، گرووپەکانی فریاکەوتن و هێزی ئینسانی و کەرەستەی پیویست لە تاران و شارە گەورەکانی دیکەوە بۆ بە هاناوەچوونی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو، بە هیچ جۆر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان‌دا نەبوو. سەرنجراکێش و جێگای داخ ئەوە بوو ڕێژیمێک کە لە بە دەنگەوەچوونی خەڵکی لێقەوماودا ئەوە حاڵی بوو، یارمەتیی وڵاتانی دەرەوە بۆ بە هاناوەچوونی بوومەلەرزەلێدراوانی ڕەت کردەوە و ڕێگر بوو لەوەی پسپۆری و ئیمکاناتی ئینسانی و ماددیی پێشکەوتووی وڵاتانی دیکە، فریای خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو بکەوێ و بەم جۆرە خەساری گیانیی کارەساتەکە کەمتر بێتەوە. ئەم کەمتەرخەمی و خراپ بە دەنگەوەهاتنەی دامودەزگای دەوڵەتی و حکوومەتی، لە گەڵ ڕەخنە و توورەیی خەڵکی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان بەرەوڕوو بوو. دانیشتوانی لێقەوماوی ئەو ناوچانە هەوڵیان دا لە ڕێگای ڕاگەیەنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوار و پەیامی خۆیان بە ئاگاداریی بیروڕای گشتی بە تایبەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنن و داوای یارمەتیی بە پەلەیان لێ بکەن.
دڵتەزێن بوونی دۆخی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو، کە ژمارەی قوربانییەکانیان ساتبەسات ڕوو لە زیادبوون بوو لە لایەک، لە لایەکی دیکە کارلێنەهاتوویی دامەزراوە حکوومەتی و دەوڵەتییەکان و خەمساردیی بە ئەنقەستیان لە بە دەنگەوەچوونی دانیشتوانی لێقەوماوی ئەو دوو پارێزگایە ، بووە هاندەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا هەرەوەزێکی گەورەی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانە بۆ بە هاناوەچوونی هاوزمانان و هاونیشتمانانی بوومەلەرزەلێدراو وەڕێ بخەن. کاتی ئەوە هاتبوو بە بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانی بدرێ کە خەڵکی کوردستان، ئەگەر بە تاوانی ئازادیخوازی و پێداگری لە سەر مافە نەتەوەییەکانیان، کەوتوونە بەر ڕق و تۆڵە لێ ئەستاندنەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە و لە بەدەنگەوەهاتن و پێڕاگەیشتن و هاوکاریی خێرا و کاریگەری کۆماری ئیسلامی لەم دۆخە تایبەتە‌دا بێبەشن، لە بەرامبەردا بۆ خۆیان و لە ڕۆژی تەنگانە دا، خەمخۆر ودڵسۆز و پشت و پەنای یەکترن. بە هەوڵی ڕێکخراوە خەڵکی و نادەوڵەتییەکان و چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ژینگەپارێزان، مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و خێرخوازەکان، لە تێکڕای شار و گوندەکانی هەر ٤ پاریزگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بنکە و ناوەندی کۆکردنەوەی یارمەتی پێک هات. هەرەوەزی کۆ کردنەوەی یارمەتی گەیشتە نێو کوردانی خۆراسان و پاریزگەکانی دیکەش. لە ڕەوتی ئەم هەرەوەزە نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەیە دا، بە سەدان و هەزاران دیمەنی جێگای شانازی لە بەشداریی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک، لە نواندنی هیممەتی بەرز، لە سەلماندنەوەی هاوپێوەندیی نەتەوەیی و ئینسانی و درەوشانەوەی بەرزیی هەست و شوعووری خەڵکی کوردستان، بۆ جارێکی دیکە دووپات بوونەوە. سەرنجڕاکێش ئەوە بوو دەزگا حکوومەتییەکان کە نەیان دەتوانی بەر بە لافاوی خۆبەخشانەی کۆکردنەوەی یارمەتی لە لایەن خەڵکەوە بگرن، داواکار بوون ئەو یارمەتیانە تەحویلی “‌هلال احمر”ی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدرێ تا بە ناوی یارمەتیی حکوومەتی بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، ڕەوانە بکرێن!! بەڵام سەرەڕای هەموو گوشار و ڕێگرییەکان، کۆکەرەوە و بەڕێوەبەرانی ئەو یارمەتییە خەڵکییانە، نەیانهێشت بەری هیممەتی ئەو خەڵکە، ناوی حکوومەتی لە سەر دابنرێ و مۆرکی ئەو ڕێژیمەی لێ بدرێ. ئەوان بەرامبەر ئەو هەڵاواردنە دژی ئینسانییەش وەستانەوە کە کاربەدەستانی سوپای پاسداران و ئیتلاعات و دامەزراوە بەدناوەکانی دیکە، لە سەر بناغەی ئایینی و دینی، لە گەیاندن و دابەشکردنی یارمەتییەکان‌دا، گرتبوویاننە بەر و بە ئەنقەست دانیشتوانی هێندێک لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانیان پشتگوێ خستبوو!
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتوون، بە هۆی ئەو هەرەوەزە نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەیەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەشێکی بەرچاو لە پێداویستیی بە پەلەی بوومەلەرزەلێدراوان وەک خێوەت، پەتۆ، خواردن وجلوبەرگی گەرم دابین بوون و گەیشتوونە گوندە دوورە دەستەکانیش. ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین سوپاس و پێزانینی خۆمان بە خەڵکی ڕۆژهەڵات بە گشتی و بە ڕێکخەران و چالاکانی ئەو هەرەوەزە ڕابگەیەنین و پێیان بڵێین کە شانازی بە ئاگایی و هیممەت و ئیرادەتانەوە دەکەین. هەر لەو کاتەش دا وەبیریان دێنینەوە کە ئەو خەڵکەی بوومەلەرزە ئازیزترین کەسەکانی لێ ئەستاندوون، بە هەزاران کەسی لێ بریندار کردوون و شار و گوند و ماڵ و هێلانەی لێ تێک داون، بەم زوانە نابنەوە بە خاوەنی ژیانی ئاسایی و، هەتا ماوەیەکی نادیار ناچارن لە سەرپەنایەکی نالەبار و دۆخێکی سەخت و ناخۆش دا، ژیان تێپەڕ بکەن. هەر بۆیە پێویستە لە لایەکەوە لە هەر جۆرە یارمەتیدان و هاوکارییەکی پێویستی دیکەیان لە داهاتوو دا غافڵ نەبن و لە سەر ئەرکی نەتەوەیی و ئینسانیی خۆتان لە پێوەندی لە گەڵ بوومەلەرزەلێدراوان دا، بەردەوام بمێننەوە. هەر لەو کاتەش دا جێی خۆیەتی ببن بە هێزی گوشار بۆ سەر دام و دەزگا و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی ئەرکەکانیان لە پێڕاگەیشتن بەو خەڵکە لێقەوماوە و دابینکردن و بنیاتنانەوەی ژیان و سەرپەنا و شار و گوندەکانیان دا، جێبەجێ بکەن.
لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە هاوخەمیی قووڵی خۆمان بە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکانی ئەم بوومەلەرزەیە، ڕادەگەیەنینەوە. بۆ برینداران، و ئازاردیتوانی کارەساتەکە، چاکبوونەوەی هەر چی زووتر بە ئاوات دەخوازین. هیواشمان ئەوەیە خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئێران، ئەرکی ئینسانی و هاونیشتمانیی خۆیان بەرامبەر بوومەلەرزەلێدراوان لە پارێزگەکانی کرماشان و ئیلام لە بیر نەکەن. هەر لەو کاتە دا سوپاس و پێزانینمان بۆ دڵسۆزان و چالاکانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەی وڵات کە بە وەڕێخستنی کەمپەین و هەر وەها ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتی لە چەند و چۆنی کارەساتەکە و زیانە گیانی و ماڵوێرانییەکانی، هاوکاری و پشتیوانی بۆ لای بوومەلەرزەلێدراوان ڕادەکێشن.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٦ی نوڤەمبری ٢٠١٧
٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٦