چالاکێکی سیاسی کورد، ئەندامێکی حدک لەوڵاتی سوئێد دەست بەسەرکراوە و مەترسی دیپۆرتی بۆ عێراق لەسەرە

وڵاتی سوئێد یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ساڵانە بە هەزاران پەنابەر لەڕێگای جۆراوجۆرەوە بۆ ژیانی ئاسایی ڕووی تێدەکەن و ئیدارەی کۆچ و کۆچبەرانیش پەنابەرەکان بە پێی وەزعیەتی خۆیان وەردەگرێ و ئیقامە و شوێنی نیشتەجێ‌بوون و مافی ژیانیان لەو وڵاتە پێ دەبەخشێ.

هیوا عەبدوڵڵاهی لە دایکبووی ساڵی ١٣٦٧ ی هەتاوی، کوڕی تێکۆشەری سیاسی کورد کاک حەسەن مامە قالەی سوتوو (بانە) پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوای نزیک بە شەش ساڵ ژیان لە وڵاتی سوئێد، بەداخەوە مەترسی ڕادەست کردنەوەی بۆ عێراقی لە سەرە.

هیوا وەک زۆربەی پەنابەرە ڕۆژهەڵاتی‌یەکانی دیکە لە گەڵ بنەماڵەکەی لە یەکێک لە کەمپەکانی حیزبی دێموکرات لە قەندیل و لە کۆیە ژیانی ئاسایی خۆی تێپەر کردووە و دواتر ڕێگای تاراوگەی گرتۆتەبەر. ناوبراو دوای ئەوە کە گەیشتۆتە وڵاتی سوئێد هیچ بەڵگەنامەیەکی ڕەسمی کە نیشان بدات خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یا باشووری کوردستانە پێ نابێ و بە ئاشکرا و بە ڕوونی باس لە چۆنیەتی هاتنی خۆی بۆ سوئێد دەکا و دەڵێ لەگەڵ بنەمالەکەمان لە باشووری کوردستان ژیاوین و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە ئیدارەی کۆچ و کۆچبەران باوەری پێ نەکەن کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بە هۆی نەبوونی سجیلی ئێرانی و تەسکەرەی عێراقی و یا نەبوونی ناوی هیوا لە کۆلکەی وڵاتانی ئێران و عێراق دا، بە داخەوە هیوا تووشی گرفتی گەورە بووە و تەنیا ناسنامەیەک کە بە دەست هیوایەوە ناسنامەی کوردی‌یە و بەس و ئەوەش بۆ وڵاتانی پەنابەر وەرگر بۆتە بیانوو و بەهانە کە نەزانن هیوا خەڵکی کوێ‌یە.

لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا کەیسی پەنابەری هیوا چەند جار لە لایەن ئیدارەی کۆچ و کۆچبەرانەوە ڕەت کراوەتەوە و لە ئاکام دا هیوا عەبدوڵلاهی نائومێد و بێ هیوا دەبێ و بە ناچار دەچێتە وڵاتی ئاڵمان و دوای نزیک بە هەشت مانگ بەداخەوە پۆلیسی ئاڵمان ڕادەستی پۆلیسی سوئێدی دەکا و دەگێرنەوە بۆ وڵاتی سوئێد و ئێستا لە شوێنێکی تایبەت لە ژێر چاوەدێری پۆلیس دایە و ماوەی ٧٢ کاتژمێریان بۆ دیاری کردووە بۆ ناردنەوەی هیوا بۆ وڵاتی عێراق.

بێ‌شک هەموو ئەو کەسانەی کە هیوا دەناسن دەزانن کە غەدرێکی گەورە لە کەیس و لە داواکاری‌یەکەی هیوا دەکرێ و لە ئەگەری ناردنەوەی هیوا دا بۆ عێراق و بە هۆی بوونی سوپای قودس و سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراقدا ، بێ‌شک گیانی هیوا لەمەترسی‌یەکی گەورە دا دەبێ و لەو پەیوەندی‌یەدا دەوڵەت و ئیدارەی کۆچ و کۆچبەران دەبێ وەڵامدەری سەرەکی بن لە ئاست هەر ڕووداوێکی کە بۆ هیوا عەبدوڵلاهی دێتە پێش.

شایانی باسەکە بە هۆی ئەوە کە هیوا ئەندامی ڕەسمی حدک و هەروەها یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هاوکاتیش بنەماڵەکەیان وەک بنەماڵەی پێشمەرگە خزمەتێکی زۆریان بە خاک و نیشتمان کردووە و باپیری هیوا واتە مامە قالەی سوتوو پێشمەرگەی هەموو قۆناخەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە و هەر لەم پێناوەشدا گیانی شیرینی پێشکەش بە گەل و نیشتمان کردووە، کۆمیتەی حیزب و کۆمیسیۆنی تەشکیلات هەر لە سەرەتا هەموو جۆرە پشتگیری‌یەکی لە کەیسی ناوبراو کردوە، بەڵام بەداخەوە بەرێوەبەرانی ئیدارەی کۆچ و کۆچبەران بە بێ ئەوەی سرنجێکی تایبەتی بە داواکاری‌یەکان بدەن تەنیا لە یەک گۆشەنیگا و یەک روانگەوە ڕوانیویانەتە کەیسی هیوا عەبدوڵلاهی و ئەویش هاتن لە باشووری کوردستان را بۆ وڵاتی سوئێدە.

هیوا کاتێک لەلایەن ئیدارەی کۆچبەران و پۆلیسەوە پێی ڕادەگەیندرێ دەبێ وڵاتی سوئێد بە مەبەستی گەرانەوە بۆ عێراق بەجێ بێڵێ بەناچار وڵاتی سوئێد بە جێ دێڵێ و دەچێتە وڵاتی ئاڵمان و بەداخەوە لەویش دوای چەند مانگ چاوەروانی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری، ڕۆژی چوارشەممە بە هاوکاری پۆلیسی ئاڵمان و سوئێد لە ڕێکەوتی ١٥ ـ ١١ ـ ٢٠١٧ ڕەوانەی سوئێد دەکرێتەوە و ئێستا جارێکی دیکە هەمان داوا لەلایەن پۆلیسەوە بەرەورووی هیوا کراوەتەوە و پێێان گووتوە کە ئەوان بە پێێ یاسای سوئێد بەرەو عێراق شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونی پێشووی ڕەوانە دەکەنەوە و ئەوەش هەم پێشێلی مافی مرۆڤ و هەمیش مەترسی‌یەکی گەورەیە بۆ سەر گیانی هیوا عەبدوڵڵاهی.

 لە ڕێگای ئەم نووسینەوە داوا لە هەموو ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی‌یەکان و کوردانی بە هەست و نیشتمان پەروەری وڵاتی سوئێد دەکەین کە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵ بدەن پێش بە ناردنەوەی هیوا عەبدوڵلاهی و ئەو مەترسی‌یە گەورەیەی کە لەسەر چارەنووسی هیوایە بگرن و نارزایەتی خۆیان لە ئاست ئەو کەم کاری و پێشێلکاری‌یە دەر ببرن. بە هۆی بوونی سوپایەکی زۆری ئێران لە عێراق و بە تایبەت کۆنترۆڵی فرۆکەخانەکانی عێراق گیانی هیوا زیاتر لەهەموو کات لەمەترسی دایە و ئەگەری بردنەوەی بۆ ئێرانی لە سەرە.

ماڵپەری گیارەنگ