خالید عه‌زیزی: ئه‌م ڕاپه‌رینه‌ کۆماری ئیسلامی‌ و سیاسه‌ت و ڕه‌فتاره‌که‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا سه‌پاندوه‌

و: هەمزە ئاگووشی       .
کەناڵی ئاسمانیی «کلمە» له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێران و کوردستان، چییه‌تی خۆپیشاندانه‌کان و نێوه‌رۆک و خه‌سڵه‌تی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وتووێژێکی له‌گه‌ڵ خالید عەزیزی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزب پێک هێناوه‌.
«کوردستان» پوخته‌یه‌ک له‌و وتووێژه‌ی بۆ خوێنه‌رانی ئاماده‌ کردوه‌:

ئێران بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەرێ. ئێوە وەک سکرتێری پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی ئێستای کومیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە، بۆچوون و لێکدانەوه‌تان له‌سه‌ر ڕووداوەکانی ئەوڕۆژانه‌ی ئێران چییە؟
کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٨ ساڵی رابردوودا پێمان ده‌ڵێ ئەو سیستەمە لە بەرنامەڕێژییەکانی کردەیی خۆی لە پەیوەندەیی لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئێران و هەستی بەرپرسایەتیی ئەو نیزامە لە به‌رامبه‌ر خەڵکی وڵات و ئەمنییەتی جیهانی و ناوچەیی بە پێچەوانەی خواستی خەڵک و، بە پێچەوانەی ئەو ئیده‌ و ویستانه‌‌ بوون کە خەڵک ٣٨ ساڵ له‌وه‌پێش شۆڕشی بۆ کرد. خه‌ڵک بەدوای سیستەمێکدا بوو کە وەڵامدەر بێ، ئەو ڕێژیمە خزمەتگوزاری خه‌ڵک بێ، به‌ڵام کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٨ ساڵی رابردوودا ئەوە بووە کە لە تەواوی ئەو ماوەیەدا ویست و داواکارییەکانی خەڵک کە مافی سرووشتی خۆیان بووە، بە ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان و پێشێلکردنی ئازادییە دێموکراتیکەکان و لەنێوبردنی مافی خەڵک و بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئاپارتایدی و هەڵاواردنی ڕەگەزی وەڵام دراوەتەوە. لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابروودا له‌گەڵ ئەوەی خەڵک هەوڵی داوە لە هەڵبژاردەنەکاندا بە دیاریکراوی لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگرن و پەیامی خۆیان بە کۆماری ئیسلامی بدەن. یا ئەوانەی بە جۆرێک ڕەخنەیان لەڕێژیم هەبووە و خۆیان ڕێفۆرمخواز یان بزووتنەی سەوز یان لەو ئاخیرییانەدا خۆیان بە میانەڕۆ داده‌نا و دەیانویست بە خەڵک نیشان بدەن و لە رێگه‌ی ئەوانەوە دیسانەوە خەڵک هەوڵی داوه‌ کۆماری ئیسلامی ئاگادار بکەنەوە کە وەڵامدەر بێ. به‌ڵام له‌ هەموو ئەو ماوەیە ئەوڕێژیمە داوا و خواستی لەبەرچاو نەگرتووە و هیچ رێزێکی ئینسانی و دێموکراتیکی بۆ ئەو خەڵکە نەبووە و لە ئاکامدا خەڵک بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەو ڕێژیمە لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا دەگەڵ ئەوەی دەرفەت و شانسی زۆر پێ دراوە، به‌ڵام ئەو شانسانەی لەبەر چاو نەگرتوە و له‌ ئیستادا نیزامی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەریی وەلی فەقیه و بەیت ڕێبەری ئیدی ناتوانێ ئاڵوگۆڕ لە خۆیدا پێک بێنێ، بۆیه‌ ئەو ڕێژیمە دەبێ بڕوا. ئیستا ئیدی خەڵک بەدوای ئەو دروشمانەوەن کە رچەشکێن و پێکهاته‌شکێنن و بەدوای ئه‌و ڕێگه‌چاره‌ و چاره‌سه‌ره‌ن کە کۆماری ئیسلامی وەڵامدەریان نین. کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی رابردوودا بە سیاسەتە چه‌وت و کردەوەکانی ئەو خەبات و ڕاپەڕینەی بەسەر خەڵکدا سەپاندوه‌، دەنا خەڵک لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵیان ئەوە بووە کە بە شێوەیەکی هێمنانەوە و دوور لە توندوتیژی بە ویست و داخوازییەکانیان بگەن و ئێستاش بەدوای ئەوەن بە کەمترین زەرەر و زیان ئاوڕ له‌ داواکانیان بدرێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌زانن که‌ ڕێژیم ناتوانێ وه‌ڵامده‌ر بێ بۆیه‌ ناچارن که‌ له‌و ڕێژیمه‌ تێپه‌ڕن.

ئایا ڕێفۆرمخوازەکان توانای ئەوەیان هەیە کە جارێکی دیکە بە دروشمەکانیان خەڵک فریو بدەن؟
وه‌ک ده‌بینین دروشمی خەڵک له‌ ئێستادا ڕووی لە تەواوییەتی کۆماری ئیسلامییە و شه‌خسی خامنەییە. ئەو ڕاپه‌ڕینه‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌ بە پێچەوانەی بزووتنەوەکه‌ی دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دەورانی ئاغای موسەوی و کەڕووبی کە لەوێ خەڵک دەیانگوت دەنگی ئێمە چی بەسەرهات و دەنگی ئێمە چوو بۆ کوێ؛ ئێستا ئیدی خەڵک لە دەنگەکانی ناپرسێته‌وه‌ و لەوە تێپەڕیون. ئێستا قسە لەوە دەکرێ کە ئەو ڕێژیمە تا ئێستا وەڵامدەر نەبووە و پێویستە چی بکرێ؟ ڕێفورمخوازەکان یاخود بزووتنەوەی سەوز یاخود ئەوانەی کە میانەڕەوەکان کە ئەو دواییانەش ئاغای ڕوحانی ئەو دروشمەی هەڵگرتبوو و لە هەڵبژاردن و کێبڕکێکانی هەڵبژاردندا وەک ئۆپۆزیسیۆن قسەی دەکرد و هەڵوێستی دەگرت، ئه‌من پێم وایە کە ئیدی شانسی خۆیان لە دەست داوە. کێشە ئەوەیە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا له‌گەڵ ئەوەی کە خەڵک دەرفەت و شانسی پێ داون، بەڵام نەیانتوانیوە هیچ کارێک بکەن و وەڵامدەر نەبوون؛ ئەوەیە کە نیزام بە گشتی ئەو دەرفەتە نادا. دەسەڵاتی ڕه‌های ئاغای خامنەیی وەک وەلی فەقیهـ، کە دەسەڵاتێکی بێ سنوورە و لە سەرووی هەموو دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرییە، ئیدی ئەو دەرفەتە نادا ئێران لە نێوخۆی خۆیدا هەروا بە ئاسانی ئاڵوگۆڕه‌کان دروست بن. بەڵام کێشە ئەوەیە کە بە داخەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەگەڵ ئەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە ڕوو له‌ گەشە و پێشکەوتن بوون، به‌ڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون کە ئادرەسێک دروست بکەن و گوتارێکی هاوبەشیان هەبێ و بە ئاستێک لە یەکیه‌تی و بەرنامەڕێژی و نەخشەی سیاسیی ستراتیژی ئێران گەیشتبن کە هەم بە خەڵکی نێوخۆ لە ئێران و هەم لە ئاستی ناوچە و هەم لە ئاستی نیودەوڵەتی بڵێن کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوا و ئێمە بەو پلان و ستراتیژییە و ڕێکارەی کە هەمانە دەبێ جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی بین. ئه‌من پێم وایە ئەو چالاکییانەی ڕەوتەکان یاخود جیناحەکانی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی ده‌یکه‌ن بۆ ئەوەی ئەم ڕاپەڕینه‌ی خەڵکی ئێران دەستیان داوەتێ بە لاڕێیدا بەرن، وا بە ئاسانی بۆیان کردەیی نابێ.

ئێوە وەک سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات ئەو ئامادەگییەتان هەیە دەگەڵ ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی دانیشن و بۆ رێککەوتن لەسەر ئەلترناتیڤێک بکەونە گفتوگۆ بۆ جێگرەوەی ئەو ڕێژیمە؟
حیزبی دێموکرات هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بووە و ئێمە لە چوارچێوەی ئێراندا بەدوای چارەسەری کێشەی کوردستانین. بەڵێ لەسەر ئەو باوەڕە بووین کە ئەگەر بمانەوێ ئێران بە شێوەیەکی دروست و هەست بە بەرپرسایەتی بەڕێوە بچێ، پێویستە لەسەر بنەمای بەشداریی هەمەلایەنە لەسەر داهاتووی ئێران قسە بکەین. لەوێیە کە هەموو نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەبێ بێنە نێو ئەو چوارچێوەیە. لە ڕابردووشدا دوای ئەوەی وتووێژی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی نەگەیشتە ئاکام، یانی نەیانهێشت بە ئاکام بگا، هەوڵ ئەوە بووە کە دژ بە کۆماری ئیسلامی دەگەڵ هێزە سیاسییەکان یەکگرتوویی و هەماهەنگیمان هەبێ. سەردەمانێک حیزبی ئێمه‌ لە چوارچێوەی شوڕای میللی مقاومەتدا بەدوای ئەو ئامانجەوە بوو، بەڵام دەرفەتێکی ئاوا بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانمان نەبوو بۆیە لێێ چووینە دەرێ. دواتر هەوڵمان دا بە شێوازی جۆراوجۆر دەگەڵ حیزبی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران، دەگەڵ حیزبە چەپەکانی ئێرانی، دەگەڵ حیزبە دێموکراتەکانی ئێران و دەگەڵ تەواوی ئەو ڕەوتانەی کە باوەڕیان بە بەڕێوەبردنی هاوبەش له‌ ئێراندا هه‌یه‌ هاوکاریمان هەبێ. لەو دواییانەشدا کۆبوونەوەیەکمان لە ئاڵمان هەبوو کە دەگەڵ چەند هێزێکی ئێرانی بۆ پەرەپێدانی دێموکراسی لە ئێران بوو. ئه‌من دەمەوێ ئەوە بە هەموو خەڵکی ئێران بڵێم کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی ئەو بەرپرسایەتییەی کە هەیەتی، لە چۆنیەتی بەشداری لە رەوەند و مەسائیلی ئێران هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە پێویستە پلاتفۆرمێکمان هەبێ و هەموومان پێکەوە نەخشەیەکی سیاسیی هاوبەشمان بۆ داهاتووی ئێران هەبێ.

دەوری نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌و خۆپێشاندانانە و چاوەڕوانیی حیزبی دێموکرات لە خەڵک و ئەو پیلانگێڕییانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی ئەو خۆپێشاندانە دەیکا، چیە؟
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ناوچەکانی کوردنشین و پارێزگاکانی کوردستانی بە چاوی ئەمنییەتی سەیر کردوە، کوردستان هەمیشە ناوەندێک بووە بۆ بەربەرەکانێ دەگەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و هاوکات شەڕیشی بەسەردا سەپاندووین، دەگەڵ ئەوەدا کە ئێمە قەت پێمان وانەبووە پرسی کورد له‌ ئێران بە شەڕ و خوێنڕشتن چارەسەر دەبێ و لە تەواوی ئەو ماوەیه‌دا ئێمە ویستوومانە پرسی کوردستان لە ناوچە و ئاستی نێونەتەوەییدا بوروژێنین و بیهێنینە بەر باس. ئێمه‌ هەمیشە پێداگریمان لەسەر ئەوە کردوە خەڵکی ئێران کە لە نەتەوەی جۆراوجۆری وەک فارس و تورک و کورد و عەرەب و بلوچ و تورکمەن یاخود ئایینی جۆراوجۆر پێک هاتوە، یەک چارەنووسی هاوبەشمان هەیە و حیزبی ئێمەش زۆر بەرپرسانە کاری لەسەر ئەو سیاسەتە کردووە. لە ئێستادا ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئەو دروشمانەی لە خۆپێشاندانەکانی شارەکانی ئێراندا دەدرێن، دروشمی گشتین و هی هەموو خەڵکی ئێرانن، چ لە سنە و مهاباد و ورمێ و کرماشان و ئیلامی کوردستان بێ؛ چ لە تاران و مەشهەد و ئیسفەهان و تەورێز و شیراز بێ، تەنانەت لە دێهات و ناوچە دوورەدەستی ئێران بێ. هەموو دەڵێن کە ئێمە دێموکراسیمان دەوێ. هەموو دەڵێن کە لە ئێراندا بێکاری هەیە. هەموو دەڵێن کۆماری ئیسلامی بۆچی فرمێسکی تیمساح بۆ خەڵکی عێراق و سووریە و لوبنان و یەمەن و ئێرە و ئەوێ دەڕێژێ و میلیارد میلیارد دۆلار سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران خەرجی بەرنامە و پڕۆژە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە دەکرێ. بۆیە خەڵکی دەیانەوێ کۆماری ئیسلامی بێننە ژێر پرسیارەوە، ئیدی لەوێیە کە ئێمە لە فارس و تورک و کورد و عەرەب و بلوچ و تورکەمەن و ئایینی جۆراوجۆر قسە ناکەین. هەموومان بەشوێن ئامانجێکی هاوبەش و دیاریکراوین کە کۆماری ئیسلامی وەڵامدەر نەبووە. کەواتە بە پشبەستن بەو سیاسەت و باوەڕە قووڵەی حیزبی دێموکرات بەو مەسائیلە، ئێمە بەدوای ئەوەوە بووینە کە لەنێوان خەباتی خەڵکی کوردستان دەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران هەمیشە هەماهەنگی هەبێ. ئەگەر لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە کە خەباتی ئێمە لە کوردستان بە لارێدا بەرێ و خەڵکی ئێرانن پێ نەزانن، ئێستا کە لە دەرەوەی کوردستانی ئێرانیش خەڵک لە شەقامەکان دروشم دەدەن، هەر ئەو دروشمانەی خەڵکی کوردستان لە ڕابردوودا بووە. یانی سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە ئەوپەڕی هەماهەنگی هەبێ و ئەو دروشمەی کە لە سنە و مهاباد و ئیلام و کرماشان و ورمێ کوردستان دەدرێن، دەگەڵ دروشمی بەشەکانی دیکەی ئێران هەماهەنگییان هەبێ و کۆماری ئیسلامی لە تەواوییەتی خۆیدا خەڵکی ئێران بەرانبەر بە خۆی ببینێ. بەو سیاسەتە ئێمە دەتوانین ئاوا بە ئاسانی دەرفەت بە جیناحە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی نەدەین کە لە پەیوەندی دەگەڵ بەرنامەکانی خۆیاندا لەو جۆراوجۆرییە کەڵک وەربگرن.

ئه‌دی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ڵێن ئه‌وه‌ ده‌ستێکی له‌نێوخۆ له‌ پشته‌، یان ئه‌و ئیدعایانەی کۆماری ئیسلامی کە دەڵێن ئەوەی دەگوزەرێ دەستی دەرەکی له‌ پشته‌ چی؟
ئەو تیوریی پیلانه‌ بۆ ئەوەی لەو ڕێگه‌یەوە خەباتی خەڵک بە لاڕێدا بەرن، هەمیشە بەشێک لە سیاسەت و بەرنامەکانی حکومەتە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بووە. یانی ئەو جۆرە رژیمانە هەرکات ڕووبەڕووی خەڵک دەبنەوە، هەوڵ دەدەن دوژمن بۆ خۆیان داتاشن کە بڵێن ئێمە باشین، ئێمە بەیەکەوەین، بەڵام ئەوە ئەمریکا و فڵانی و فیسارەیە کە ناهێڵن. ئێمە لە ماوەی ٣٨ ساڵی رابردوو کە لە کوردستان دەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە خەبات و بەربەرەکانێدا بووین، بەردەوام ئەوەمان دیوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە خەباتی خەڵکی ئێران و خواستەکانی خەڵکی ئێران و ئەو شۆڕش و راپەڕینەی کە لە نێوخۆی ئێران سەری هەڵداوە، ئیرادەی باڵەکانی نێو کۆماری ئیسلامی نەبووە. ئەگەر ئاغای روحانی، سەرۆکۆماری ئێران‌ وه‌فای بۆ ئه‌و قەول و بەڵێنانە هه‌با که‌ خەڵکیان دابوو و لانیکەمی ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ کردبا ڕەنگە خەڵک ئەوەی گوتبا کە باڵی بنئاژۆخواز و توندڕه‌ۆ بۆ مه‌به‌سته‌کانی خۆیان ده‌یکه‌ن. بەڵام بەداخەوە ئاغای ڕوحانی لە ماوەی سەرۆککۆماری خۆیدا هیچ کام لەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەکرد. هەر بۆیە بۆ خەڵک بە تەواوی ڕوونە کە ئەوە کێشەی باڵەکان نیە کە ڕێگه‌ی خەباتیان بۆ دیاری دەکا. ئیدی خەڵک نابنە بەشێک لە گەمەی نێو باڵەکانی رێژیم. ئەوەی کە بڵێن ئەوە بەشێک لە زلهێزە دەرەکییەکانن کە خەڵکی هان دەدەن ئەو قسەیه‌ش کڕیاری نابێ! دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە ڕووداوەکانی بەهاری عەڕەبیدا حکوومەتەکانیان دەڕووخا، هەمووی تاوانەکانیان دەخستە ملی ئەم و ئەو. بۆیە خەڵک باوەڕ بەو قسە و پڕوپاگەندانە ناکەن. دەمەوێ پێداگری لەسەر ئەوەش بکەم کە بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی سەرۆکۆماریی ٨ -٩ساڵی پێشوو، ئەو بزووتنەوەی ئەم دواییانە، دەنگدانەوەی نێونەتەوەیی یەکجار بەربڵاوی هەبووە. لە ئورووپا، لە ئەمریکا، لە ناوچەکە. ئێستا وڵاتانی جیهان تێدەگەن کە کۆماری ئیسلامی بەڕاستی شەرعییەتی خۆی لەدەست داوە. کۆماری ئیسلامی بەرەبەرە ناتوانی لە ئاستی رێککەوتن و بڕیاراتە نێودەوڵەتییەکاندا بێ، چونکە لە نێوخۆی ئێران و لە شار و دێهاتە جۆراوجۆرەکان، هەموو چین و توێژەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی راپەڕیون. ئەو پەیامانەی خەڵکی ئێران لە راپەڕینی ئەو دواییەدا بە گوێی جیهانییانیان دادا، دەکرێ بڵێین له‌ دوا شۆڕشی گەلانی ئێران، یەکەمین هەنگاوی بەربڵاو و کردەیی خەڵکی بووە کە بە دنیا بڵێن کۆماری ئیسلامی شەرعییەتی خۆی لەدەست داوە. کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لایەنێکی جێی متمانە بێ لە پەیوەندی و رێککەوتن و بڕیاراتە نێونەتەوەییەکان. ئەمن پێم وایە بەرە بەرە، خەڵک لە نێوخۆی ئێران و هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بە قبووڵکردنی یەکتر و باشکردنی پەیوەندییەکانیان و بتوانن خاڵی هاوبەش دروست بکەن، ئەو خەباتە لە درێژەی خۆیدا دەتوانێ نەخشەیەکی سیاسی جیددیتر لە پەیوەندی دەگەڵ داهاتووی ئێراندا بێنێتە کایەوە. من لەو پەیوەندییەدا گەشبینم، چونکە لەو ڕاپەڕینەی ئەو دواییەدا هەموو دنیا پەیامەکەیان گوێ لێ بووە، ئەو باوەڕ بەخۆبوونە لەنێو خەڵکدا دروست بووە، لانیکەم لە کوردستانی ئێران دوای چەند ساڵ کە بەشێویەک لە شێوەکان کۆماری ئیسلامی ناوچەکەی ئەمنییەتی کردبوو و تا ڕادەیەک کە دەیگوت خەڵکی کوردستان لە خەباتدا بەتەنیان. ئێستا ئیدی ئێمە تێگەیشتوون کە نا، ئێمە خەڵکی کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێران پێکەوە شۆڕشێکمان دەست پێ کردوە کە لە درێژەی خۆیدا دەتوانێ رێکارێکی باشی بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی داهاتووی ئێرانی تێدا بێ. دەمەوێ لێرەدا بڵێم کە خەباتی خەڵکی ئێران کۆمەڵە پەیامێکی زۆر ورد و جیددی بە کۆماری ئیسلامی و خودی خەڵک و بە ناوچەکە و بە دنیا دا.
***
وەرگێڕان بۆ کوردی و پوختکردنەوەی: هەمزە ئاگووشی

( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)