حیشمەت تەبەرزەدی: باوەڕم بە فیدرالیزمە لە جۆری جوغرافیاییەکەی

حیشمەت تەبەرزەدی لەدایکبووی ١٣٣٨ی هەتاوییە. لە گوڵپایگانی ئیسفەهان لە دایک بووە و خوێندنی بیناسازیی لە زانکۆی ئەمیرکەبیری تاران تەواو کردووە و چالاکی

سیاسیشی لە ناوەندەکانی خوێندکارییەوە دەست پێکردووە و ئێستا سکرتێری گشتیی بەرەی دێموکراتیکی ئێرانە لە تاران؛ تەبەرزەدی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “کوردستان” باس لە ڕاوبۆچوونی خۆی لەسەر پرسە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان دەکا.
ناوبراو لەبارەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆ و بارودۆخی ئابووریی ئێران و ئەوەی کە ئایا دەسەڵات توانای سەرکوت و بەربەرەکانی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی هەیە؟ دەڵێ: “لە کورتخایەندا دەتوانێ چونکە خەڵک و ناڕازییان ڕیکخستنێکیان نییە و دەسەڵاتیش توانای سەرکوتی زۆری لەبەردەستە بەڵام چونکە دەسەڵات توانای دابینکردنی خواستە سەرەکییەکانی خەڵکی نییە لە ئاکامدا توانای سەرکوتی کەم دەبێتەوە” موهەندیس تەبەرزەدی بەسەرنجدان بەوەی کە ئایا دەسەڵات دەتوانێ دۆخی ئابووریی ژیانی خەڵک باش بکا؟ لە درێژەدا پتر دەڵێ کە “حکوومت فەشەلی هێناوە. دەستێوەردان لە ئەرکەکان زۆرە و دەوڵەتی سێبەر یان دەسەڵاتی تەواو و ناوەندەکانی پێوەندیداری وەکوو سپای پاسدارانیش کاریگەریی لەسەر ئاڵۆزیی و بڕیاردان و جێببەجێکردن دائەنێن. ئاکامی چوارچێوەی نادێموکراتیک و دژەمرۆیی کە گەندەڵی و دزییەکی بەربڵاو و دەستێوەردان لە ناوچە و ناتەبایی ئایدۆلۆژی لەگەڵ جیهان، هەر ئەوە ناتوانایی مێژوویی لە دابینکردنی خواستەکانی خەڵکە. ‘مغز متفکر’ی ڕێژێم یان توانایی هەڵوێستگرتنی تووشی گەندەڵییەک بووە کە چاکسازیی تێدا ناکرێ”.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بەڕای بەڕێزتان ئایا هەموو ئەم بانگکردنانەی پەرلەمان و شەڕی دەسەڵاتی کۆتلەکانی ڕێژێم لەبەر ئەوە نییە کە خامنەیی وا بنوێنێ هەمووان بەجۆرێ لە گەندەڵییەوە گلاون و بەم پێیە ڕێگە بۆ کەسێک بکاتەوە کە کەمتر جێی سەرنجە بۆ ئەوەی کە بەمجۆرە جێگری خۆی دیاری بکا؟ سکرتێری گشتیی بەرەی دیموکراتیکی ئێران بەڕاشکاوی گوتی: “من وا بیر ناکەمەوە. من ئەم بارودۆخەی ئێستە ئاکامی لۆژیکی و مێژوویی چوارچێوەی ویلایەتی فەقیە و حکوومەتی ئایدۆلۆژیا و ناوەڵامدەری ئایەتوڵڵاکانی دەسەڵاتبەدەست دەزانم”.
بەڕێز تەبەرزەدی کە لە گۆڕەپانی سیاسی و میدیایی ئێراندا بە ڕۆژنامەی “پەیامێ دانێشجو”ەوە خۆی ناساند و بەهۆی لەقاودانی گەندەڵییەکانی دەسەڵاتەوە جێی سەرنج بوو، لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی مانگی بەفرانبار و هۆکاری نایەکگرتوویی نێوان تاران و نەتەوەکانی تر بەوجۆرە باس دەکا: “ئەمن پێم وایە لە پلەی یەکەمدا هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتی وەحشیانە. هەرکات ناڕەزایەتییەک لە بەشێک یان سەندیکایەک یاخود چینێکی کۆمەڵگەوە دێتەئاراوە، بەشەکانیتر بەجۆرێک و بۆ خۆبواردن لە دانی هەزینە بەمجۆرە قەناعەت بەخۆیان دێنن کە گرفتی ئەوان نییە. لە پلەی دووەمدا ئەڵتەرناتیڤێکی گشتیی، پێکهاتەیەک لە هەموو لایەنەکان، چین و توێژەکان، قەوم یان نەتەوەکانی ئێران نییە هەتا توانایی خۆڕێکخستنێکی گشتییان هەبێ. دواهۆکاریش ئەم بێ متمانەییە بەرهەمی ٤٠ ساڵ گەندەڵیی ڕێژێمە کە خەڵکی لەیەک دوور کردووەتەوە. دیارە دەبینین بۆ نموونە لە بوومەلەرزەکەی کرماشان جۆرێک یەکگرتنی نیشتمانی و مرۆیی هاتەئاراوە کە زۆری نەخایاند”.
بەڕێز تەبەرزەدی کە خۆی لە کەسانی کاریگەرە بۆ پێکهاتنی ئێتلافە سەربەخۆکانی دژی ڕێژێمی ئێرانە، لەبارەی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سەرانسەری ئێران لەم ڕۆژانەدا وا هەڵی دەسەنگێنێ “ئەمن جارێ ئۆپۆزسیۆنێکی سەرانسەری نابینم. ئۆپۆزسیۆن چەند پارچە و بگرە چل پارچەیە. هەڵبەت هۆکارگەلێ لە دووبەرەکی نانەوە کاریگەرن. یەکەم بێمتمانەیی گشتیی بەرامبەر یەکتر. چونکە لە درێژایی چڵ ساڵی رابردوودا بەناوی شۆڕش، مەزهەب و ‘ڕوحانییەت’، هەموویانیان کردووەتە دوژمنی یەکتر. دووەم شەیتانییەکانی ڕێژێمە بۆ خستنەوەی ناکۆکی. سێهەم ڕۆڵی ڕووخێنەری سەڵتەنەتخوازەکانە. ئەوان بەدوای تۆڵەسەندنەوە لە حیزبەکان و شۆڕشگێڕانی ساڵی ١٣٥٧ن. لەم ڕووەوە بەدوای کەڵکوەرگرتن لەم هەلومەرجەی ئێستەن. یەکێکیان وەکوو ڕەزا پەهلەوی گەورە کردووەتەوە و لە ژێر ناوی ئەودا هەمووکارێک دەکەن. ئەویش نە ئیرادەی هەیە و نە تەنانەت توانای زاڵبوون بەسەر ئەو دووبەرەکی نانەوەدا هەیە کە بەناوی خۆی و بنەماڵەی پەهلەوییەوە دەکرێ. بەس هۆکارێکی باشە بۆ دووبەرەکینانەوە و ڕژێمیش بەباشی کەڵک لەم دۆخی وەردەگرێ. ئەو نە ڕایدەگەیەنێ کە ئامادەیە لە ئەنجوومەنێکدا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنەکانی تردا بێ و نە توانای ئەوەی هەیە کە خۆی وەکوو ڕێبەرێکی کاریزما هەڵسوکەوت بکا و لەگەڵ کۆمەڵگە خۆی ساخ بکاتەوە. وەکو ئێسقانی لای برین ماوەتەوە”.
ناوبراو دەربارەی ئەوەی کە هەرکات پێویستییان بە کوردە سنوورپارێزی بەجورئەتن بەڵام کە داوای مافی خۆیان کرد تەجزیەتەڵەبەن کە دیارە ئەمە بەس قسەی دەسەڵات نییە بەڵکوو بەشێکیش لە ئۆپۆزسیۆن وان. بۆ هێشتا ناوەندچییەکان دەبێ وەها ڕوانگەیەکیان بۆ مافی کورد هەبێ؟ ترسێک لە داهاتووی ئێران هەیە ئەوەیە کە نەکا دووبارە دوای شا و شێخ، کوردەکان بەجۆرێکی تر سەرکوت بکرێن. چ گەرەنتییەک هەیە کە لە داهاتووی ئێراندا دووبارە قەتڵوعامەکان و وێرانییەکان دژی نەتەوەی کورد نەکرێتەوە؟ ئەو دەڵێ: “هەقتان پێ ئەدەم. ئەزموونەکانی مێژوو ئەم وتەی ئێوە پشتڕاست دەکاتەوە. من پێموایە تەنیا کۆمارێکی سێکولار کە ناوەندگەرا نەبێ و دێموکراتیک دەتوانێ دابینکەری دێموکراسیی پایەدار بۆ وەدیهاتنی مافی کوردەکان بێ. دیارە من لەگەڵ فێدراڵیزمی قەومی یان زمانی نیم. هەرچەند ڕەنگە بۆ بەشێکی وەکوو کوردستان گونجاو بێ بەڵام لە خوزستان، ئازەربایجان، هەندێ بەشی لوڕستان و تەنانەت سیستان و بەلوچستانیش گونجاو نییە و دەبێتە هۆی شەڕی قەومی. بەڵام ئەمن باوەڕم بە فێدراڵیزمی جوغرافیایی و دروستبوونی دەوڵەتەکان و پەرلەمانی ناوچەیی هەیە و پەروەردە بە زمانی دایک مافی بێئەملاولای قەومەکان یان نەتەوەکانی ئێران دەزانم.
ئەم جۆرە لە دابەشکردنی دەسەڵات و دانی سەربەخۆییەکی ‘نسبی’ بە دەوڵەتەکان و پەرلەمانی ناوچەیی، بۆ پارێزگە یان ئەیالەتی ژێردەسەڵاتیان، دەتوانێ دابینکەری خۆشگوزەرانیی زۆرتر و دێموکراسی پایەدارتر بێ هەتا ناوەندچێتی بەشێوەیەک کە لە سەردەمی ڕەزاشا هەتا ئێستە پەیڕەو دەکرێ”.
باسەکە لەگەڵ بەڕێز تەبەرزەدی کە ئاگاداری دۆسیەی کورد لە ئێرانە درێژە دەدەم و دەڵێم لە کاتێکدا کورد لە ئێران سەلماندوویەتی کە دێموکراسیخوازە و ئاکامی ئەم خواستە لە کۆماری کوردستاندا دەبینین کە چۆن کوردەکان پێشڕەوی دێموکراسی لە ناوچەکە بوون و تەنانەت کاتێ دەڕوانینە وشیاریی نەتەوەیی کوردەکان لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران تاکە نەتەوەیەک بوون کە “نا”یان بە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی وت. بەڵام هەرکات دەسەڵات لە تاران هەستی کردووە بەهێز بووە، دەستی داوەتە بەرتەسککردنەوەی مافی نەتەوەی کورد لە کوردستان و هێرشی کردووەتە سەر و قەتڵوعامی کردووە. ئایا گەشەی فکری و کولتووری خەڵکی ئێران گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ئەم ڕووداوانە دووبارە نەبێتەوە؟ ئەو دەڵێت: ” دەبێ ببینین هەتا چ ئاستێ گەشەی سیاسی لە نێوان خۆمان، حیزبەکان و چالاکانی سیاسی هاتووەتە ئاراوە. ئەم گەشەیە دەبێ لە مێکانیزمەکانی ڕێکخستن و ئەو چوارچێوەی بۆ حکوومەتی داهاتوو پێشنیاری دەدەین، بیبینین. واتە چوارچێوەی سیاسیی داهاتوو دەتوانێ گەرەنتیی خواستە دێموکراتیکەکانی هاووڵاتییانی ئێران بێ. چوارچێوەیەک کە ناوەندگەرا نەبێ، سیکولار و بەتەواوی دێموکراتیک بێ، گەرەنتی ئەوە دەدا کە بۆ چارەسەریی کێشەکانی قەومی یان ناوچەیی و تەنانەت نەتەوەیی و سەرانسەریی بەزمانی چەک لەگەڵ یەکتر قسە نەکەین. دانوستان بکەین و لەم ڕێگەوە خۆشگوزەرانی، تەناهی و دێموکراسی بۆ خەڵکی وڵاتمان، لەهەر قەوم و زمان و ڕەگەز و مەزهەبێ فەراهەم بکەین. خەڵک چاوەڕوانییان لە حیزبەکانیان لە ئاستی ناوچەیی و نەتەوەیی ئەوەیە کە ڕەفتارێکی پێشکەوتووانەیان هەبێ. ئەمن هیوادارم خۆم وەها لیاقەتێکم هەبێ و لەم ڕێگەدا هەوڵ بدەم. حیزبەکانی کوردیش لەم چەند ساڵەی دواییدا سەلماندوویانە، هەرچەند بەشێک لە خواستەکانیان ناوچەیی یان قەومییە بەڵام هەڵسوکەوتیان نەتەوەیی و بەرپرسیارانەیە”.
لە کۆتایی ئەم دیمانەدا لە موهەندیس تەبەرزەدی، سکرتێری گشتیی بەرەی دێموکراتیکی ئێران لە تاران دەپرسم کە ئایا ئەو ئیمکانە هەیە کە لە نێوخۆی ئێران، ئێتلافێ لە حیزبەکان و ڕێکخراوەکان بۆ قۆناغی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دروست بێ؟ ئەو ئەم ئەگەرە بە “لاواز” دەزانێ چونکە “سەرکوتێکی توند لەئارادایە” و لە درێژەدا دەڵێ “زۆریش پێویست ناکا. چونکە لە دەرەوەی سنوورەکان ئەم ئێئتلافە کەم تا کورتێ هاتووەتە ئاراوە. ئەگەر بە جددی وەربگیردرێ ئەگەری پڕکردنەوەی بۆشاییەکە هەیە. واتە شووڕای دێموکراسیخوازان بتوانێ ببێتە هۆی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز لە نێوخۆ. هەرچەند هەتا ئێستەش ئەمە نەبینراوە و دەبێ بەجددی لە هۆکارەکانی بکۆڵدرێتەوە. بێگومان هەماهەنگی کردەوەیی بزووتنەوەکانی کۆمەڵایەتی کارا لە نێوخۆ، دەکرێ و پێویستیشە”.

دیمانە: ئازاد مستۆفی

جێی ئاماژەیە ئەم دیمانەیە پێش هێرشی سپای تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ قەڵای دیموکرات کرا و پاش ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە بەڕێز تەبەرزەدی و حیزبەکەیان، یەکەم حیزب بوون کە ئەم هێرشەیان لەکاتێکدا لە نێوخۆی ئێرانن؛ مەحکووم کرد.

 

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت