دروشم و ئامانجەکانی ” ڕاسان ” ەوەی ئەمجارەیان بۆتە هەوێنی مێژوویەکی گەش لە جووڵانەوەی کورددا کە بەدرێژایی تەمەنیخۆی لە سەر دەستی حکوومەتە یەك بەدوای یەکەکانی ئێراندا ماف و ئازادیە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی پێشێل کراوە و هەرگیز بە رێگای ئاشتیدا هەوڵی چارەسەرکردنی گرینگ ترین پرس نەدراوە کە بەداخەوە کورد بۆ مانەوەی خۆی دەستی داوەتە چەك و بەرگیری دلێرانەی بە ڕێگای شێوە جۆبەجۆرەکانی تێکۆشاندا لە خۆی کردوە. لە ئەمرٶشدا کە حێزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران پەنای بردۆتەوە بۆ بەر خەباتی چەکداری لە ژێر دروشمی ڕاسانەوەدا، چوونکی دەسەڵاتی تاران بەردەوامبووە لە سەر سیاسەتی سەرکووت و پشتگووێ خستنی پرسی سیاسی و مافی گەلی کورد وەك کێشەیەکی گەورەو بەرچاوی وڵات. بەداخەوە بەهاو نرخی ڕاسانەوە گەلێك قورس و برینەکانیش قووڵ و بەژانن، بەڵام کورد بە داخەوە رێگایەك جگە لەو شێوە بەرخۆدانەی لە بەردەمدا نەمابوویەوە. ئاخووندەکان دژی هەنگاوی ئاشتی و کاناڵەکانی تری ژیری و لێك تێگەیشتن بوونە و سەری مرۆڤە ئازادیخواز و مافویستەکان دەبڕن و تیڕۆریان دەکەن. ڕێژیمی ئاخوندی چەندەی بە گەمارۆ و فشارەکانی ئەمریکا توڕە و بێزارە و بۆ ڕزگاربوونیش لەو قەیرانە بێ ئاکام و سەرلێشێواو ماونەتەوە، بەو ڕادەیە و بگرە زیاتریش ڕاسانەوە حکوومەتی تارانی دووچاری دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورە کردۆتەوە و هەتا کات دوڕوات چاکتر هەست بە ترس و بێدەسەڵاتیان لە بەرامبەر شۆڕشی نوێ لە کوردستاندا دەکەن و زۆر باش لە وشیاری و هەستی بەرەنگاری و ڕزگاریخوازی گەلی کورد گەیشتوون و هەر لەبەر ئەوەشە کە هەموو هێزی خۆی و بەو ئیمکاناتە زۆر و زەوەندەی لە بەردەستاندایە، بەدژی بەرخۆدانی هێزەکانی ڕۆژهەڵات و حدکا و خەڵکی خۆڕاگری بە کاردێنێت. کۆنەپەرستانی تاران پێیانوایە بە رێگای کۆمەڵکۆژی و موشەکباران و کاتوێشاباران و ئیعدامی بە پۆلی ڕۆڵە ئازادیوازەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، دەتوانن دەنگی ئەو بزووتنەوە سیاسی و مێژوویە ڕێشەکەن بکەن و ئەگەر ئەوەشیان بۆنەکرێت بە مەرەدی دەیەی 90ی زاینی بەرنەوە و بە زۆری پشوو بە بەرخۆدان و تێکۆشانی نەتەوەیی ئەو بەشەی کوردستان بدەنەوە. ئاڵوگۆڕە سیاسی و ناوچەیەکان لانیکەم لە ئێستادا بەسوودی ڕێژیمی جینایەتکاری ئاخوندی نیە و کۆی پرۆسەی سیاسیە کە لە بەرژەوەندی قۆناخی گۆڕانکاریە لە ئێراندا. دیارە ئەو قۆناخەش بێگوومان بە روخاندنی ئەو ڕێژیمە بە ئاکامی خۆیدەگات. دەستپێکردنەوەی چەخماخەی نوێی شۆڕش و پەرەپێدان و درێژەکێشانی، توانی گورزی باش لە پێگە و نفوزی ڕێژیم لە کوردستان بوەشێنێت. ئەگەر ئەمڕۆش لە کوردستان پۆلێکی تر لە تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بە ئامانج دەگیرێن و لە نێو خۆی ڕۆژهەڵات، لە مەیدانی رووبەرووبوونەوەی دوژمندا و، شەهید دەکرێن، سەربەرزی و لە دایکبوونەوەی ورە و ئیرادەی نوێ خۆی پێناسە دەکا و بوونی خۆی سەلماندۆتەوە. ڕاسانەوەی ئەوجار لە کات و دەرفەتێكدا سەری هەڵدایەوە کە دوژمن پێیوابوو، ئیدی شتێك بە نێوی تێکۆشانی نەتەوەیی لە کوردستان نەماوە و هەرخۆیان دەتوانن ئیدارەی ئێران بکەن و درێژە بە ستەمی سیاسی و نەتەوەی بەرامبەر بە گەلانی پێك هێنەری وڵاتی ئێران بدەن. کاتێك حکوومەتی تیرۆریستی ئاخوندی دەزانێت ئەو بزووتنەوەیە زۆر قووڵ و ڕیشەی و جەوهەری ڕەگی خۆی داکوتاوەتەوە و ئەوەندە بەهێزبووە، ئاراو قارەی لێبڕاوە و خەریکە هێزەچەکدارەکانی خۆی بە ئیمکاناتی نیزامیانەوە بێنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مۆڵبداتەوە بۆ ئەوەی پێش بە گەشەکردن و بەربڵاوتربوونی ئەو شێوە خەباتە بگرێت. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە درێژایی مێژووی سیاسی و خەباتی نەتەوایەتیەی کە بۆ ڕزگاری خەڵکی کوردستان دەستی پێکردوە، بەردەوامبووە لە سەر بیروباوەڕی بەهێزی، بە ئامانجە بنەڕەتیەکانی ئەو شۆڕشەی کە لە کوردستان سەری هەڵداوەتەوە. حیزب وەك هێزێکی مۆدێڕنی نەتەوەیی بە درێژایی مێژووی دامەزراندیەوە، پارێزگاری لە ماف و مانەوەی نەتەوەی گەلی کورد کردوە و لەو کاتەشدا کە هەلومەرجێکی نەخوازراو باڵی بەسەر کەش و هەوای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کێشابوو، لە سەر ڕێچکەی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی بەردەوامبووە و هەرگیز لە مەیدانی بەکردەوەدا، شەرمێونانە باسی مافی گەلەکەی نەکردوە. لە ئێستاشدا وێڕای نرخ و بەهای خەباتی نوێی ڕاسانەوە، حدکا لەسەر پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئەو بزووتنەوە تازەیە بەردەوام دەبێت و ڕێبەریش زۆر بە وشیاری هەوڵدەدات زۆر بەژیری و لێهاتووی سیاسی و تەشکیلاتی ئەو قۆناخە میژوویەی تێکۆشانیش بەدژی ڕێژیمی ئاخوندی بەسەرکەتووی ببڕێت و ڕێگای ئازادی و سەربەستی نەتەوەیی پێشانی خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان بدات. ” حیزبی دێمۆکڕات وەك هێزێکی مەسئول و بە پرینسیپ، پاش هەڵسەنگاندن و تێڕامانی وردی لەبابەت مەسەلە سیاسی و تەشکیلاتیەکان، بەرنامەی هەمووجۆر و گشتگیری بۆ پشوو درێژی خەباتی سیاسی خۆی داڕشتووە و بە لێدان و بەرکەوتنیش نائومێد نەبووە و نەتاساوە و ئەژنۆی غەمی بەفرمێسکەوەی لە باوەش نەگرتووە”. بە ڕێگای بەردەوامیدان بە خەبات و تێکۆشانی خۆی و خۆڕێکخستنەوەی لە مەیدانی بەکردەوەدا، هەر وەك هەمیشە پیلان و ستەمکاریەکانی حکوومەتی ئاخوندی ئێرانی بەدژی جووڵانەوەی کورد و مافی سیاسی گەلان پوچەڵکردۆتەوە. لە ئێستاشدا ڕاسانەوە کە حیزب بایخی زۆری پێدەدات، هەوڵدەدات لە هەموو کاناڵ و میکانیزمەکانی ئەو شێوە خەباتە سوود وەربگرێ و دەرفەتی ئەو تۆی پێک هێناوە کە تەشکیلاتی حیزب بەگشتی خۆی بەخاوەن بزانێت و لەو پەیوەندیەدا سەرنج و بیروڕایان بخەنە روو لە سەر بنەمای خوێندنەوە و توێژینەی بەکەڵکدا. چوونکی گەشەکردن و بەهێزبوونی ڕاسانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ڕێبەری دەکا، هەتا هاوکاری و کۆدەنگی گشتی لە گەڵدابێت، زیاتر جێدەکەوێت و لە مەیدانی کرداریدا لە ئامانجەکانی نزیکتر دەکەوێتەوە. زەمینەی ئەو شێوە خەباتە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەتەواوی ئامادەیە و هەستی بەرپرسیارەتی لاوان و چین وتوێژە گەلیەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەڕادەیەك بەهێز و بەربڵاوە کە ڕێژیمی توشی سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکەی زۆری سیاسی و ئەمنی کردۆتەوە لە کوردستاندا. دیارە ئەو جۆرە خەباتە هەتا بەتەواوی دەکەوێتە سەر پێو و ڕێچکەی خۆی لە ژێر ئەزموون و بەرنامە و تاکتیکی نوێدا دەدۆزێتەوە، زیانی بەرکەوتووە و ئەگەری هەموو جۆرە رووداوێک دەکرێت لە درێژەی بەرخۆدانەوەیی نەتەوەیدا. بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرینگ ترە، ئەوەیە کە خەباتی ڕزگاریخوازی هەر درێژەی هەیە و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وەك هێزێکی تێکۆشەر و لێهاتووی ئەو مەیدانە، لەسەر خەباتی خۆی بەردەوامە و هیچ هێز و کەندوکۆسپ و لەمپەرێك ناتوانێت لە مەیدانی تێکۆشان و بەرخۆداندا، لەپێی بخا و هەنگاوی پێشل بکاتەوە.
محمد سلێمانی
بابەتی پێشووتر