ڕێوڕەسمی جێژنی قوتابیانی کچ لە سەر گۆڕی خومەینی (گەیشتن بە تەمەنی بلوغی کچان)
جێژنی گەیشتن و پێگەیشتنی کچان لە ڕێوڕەسمی کۆنەپەرەستانەی بە ناو ئیسلامی دا یەکێک لە دزێوترین و ناحەزترین کارەکانی بەناو ئیسلامە کە جێژنی بۆ دەگرن ، ئەم ڕێوڕەسمە یەکێک لە دواکەوتووترین جێژن و ڕێوڕەسمەکانە کە بۆ کچانی منداڵ ، ( کچانی ٩ ساڵ ) تەمەن بەڕێوەی دەبەن. لە ڕوانگەی شەرعی و ئیسلامییەوە ئەو منداڵە شلک و ناسکانە کە دونیای منداڵیان ئێستا تەواو نەکردووە ، ئامادە دەکەن بۆ خۆشاردنەوە لە کوڕانی هاوتەمەنی خۆیان و دواتریش کشانەوەیان لە نێو کۆمەڵگا و ئامادەکردنیان بۆ خەوتن و جووت بوون، واتە دەستدرێژی سێکسی لە ژێر ناوی ڕێگەپێدراوی ئیسلام دا لەگەڵ نێرینەیەک کە زۆرجار نەک هاوتەمن نیین، بەڵکوو بۆرە پیاوێکی دەستڕۆیشتوو و پوڵدار دەبێ!
ئەوەی جێگای سرنجە ئەوەیە کە ئەو جێژنە لە سەر گۆڕی خومەینی بەرێوەدەبەن وەک ئەوەی کە مەرقەدێک بێ بۆ چاکە و ئاخوندەکان کردوویانەتە هاوشانی ئیمامان و پێغەمبەران. ئەوانەی ئەو کارە دەکەن لە ژێر ناوی ئیسلام و شەرع و حەدیس و ڕێنوێنییەکانی هەندێک بەناو گەورە پیاوانی ئیسلام شەرعیەتیان بەو کارە داوە و دەیکەن، بۆ نموونە لە نووسینەکانی خومەینی دا لە کتێبی ” رساله توضیح المسائل ” باس لەوە کراوە کە کچانی تەمەن ٩ ساڵ حەڵاڵی ئەو کەسانەن کە دەتوانن نەفەقە و ژیانیان لە بنەماڵەدا بۆ دابین بکەن و دواتریش لە بڕگەیەکی دیکەدا باس لەوە دەکا ، کە ڕەگەزی مێینە تەنیا مافێک کە هەیەتی مافی منداڵبوون و پاکوخاوێنی نێوماڵ و منداڵەکانییەتی و ئەوە دەکەنە بەڵگە بۆ ئەوەی لە سەر گۆڕی ئەو ئیمامە خوێن تاڵە ، خوێنی منداڵانی کچیش بە بۆرەپیاوان بڕێژن و یا کچەکان ئامادە بکەن و پێیان بڵێن کە دەتوانن مێرد بکەن و لە ئێستاوە جەستەی ئێوە بۆ ئەوە دەبێ دەستی تێوەربدرێ.
تەمەنی مێردکردن بۆ کچان بە پێی یاسای بنەڕەتی ئێران ١٣ ساڵە، بەڵام هاوکات کاربەدەست و مەلاکانی ئێران حیلە شەرعێکیان وەک زیادکراوەیەک هێناوەتەوە، واتە ” بریاری یەکلاکەرەوەی بنەماڵە بە سەر منداڵ دا” کە ڕێگەی خۆشکردووە بۆ بەشوودانی کچانی تەمەن ٩ ساڵ و دەڵێن مادام کەس و کار و باوکی رازییە ، هیچ لە یاسای بنەڕەتی ئێران ناگۆڕێ و دەتواندرێ بەشوو بدرێ.
لە مێژ ساڵە لە ژێر ناوی ئیسلامدا باس لە تەمەنێک دەکرێ کە ئەو تەمەنە لە دونیا دا بە گشتی نەک هەر تەمەنی باڵغ بوون و ژن بوون نییە، بەڵکوو لە زۆربەی دونیای غەیرە ئیسلامی دا ئەو تەمەنە ، تەمەنی یاری و کایە و بەیەکەوە بوون و ناسینی دەستی چەپ و راستی منداڵانی تەمەن خوار دە ساڵە بە کوڕ و کچەوە.
لە دونیای دەرەوە کە بە قسە و گوتاری بەشێک لە دەوڵەتە ئیسلامی و ئیسلامییە تووندڕەوەکان دونیای فەساد و دونیای بەڕهەڵڵاییە، مافی منداڵان بە کچ و کوڕەوە لە کۆمەڵگادا پارێزراوە و هیچ یاسایەک ناتوانێ ڕێگە بۆ ئەوە خۆش بکات کە منداڵان و بە تایبەت کچان ببەنە شوێنێک و پێیان بڵێن کە کاتی شووکردن و گەورەبوونتە و لەم ساتەوە دایک و باوکت قسە لە سەر چارەنووسی تۆ دەکەن بۆ ئەوەی مێرد بە بۆرە پیاوێک بکەی و لە ئێستاوە دەبێ خزمەتی ئەو بۆرە پیاوە بکەی.
خۆ ئەگەر ئەو شووکردنە بۆ بۆرە پیاوێکیش نەبێ ، دیسان دایک و باوکان مافی ئەوەیان نییە کە کچەکەیان لەگەڵ کوڕێکی هاوتەمەنی خۆی کە ٩ ساڵانیشە بە یەک بگەیێنن و ژیانی هاوبەشیان بۆ پێک بێنن، کەوایە بە دڵنیایی و بە بێشک و گومان و دوو دڵی لێکردن، لە هەموو بوارێکدا دونیای دەرەوە زۆر بە یاساتر و مەعقولتر و سەردەمیانەترە لە دونیای بەشێک لە دەوڵاتانی ئیسلامی و ئیسلامییە تووندرەوەکان کە نان بە سیغە کردنی کاتی ژنان و کچان و بێوەژنان بێ دەرتان و هەروەها بە بەشوودانی منداڵانی کچی تەمەن ٩ ساڵەوە دەخۆن.
منداڵ بە گشتی تا تەمەنیان نەگاتە نزیک ١٨ ساڵ، مافی زۆرێک لە بریارە سەرەکییەکانی یەکلاکەرەوەیان لە بنەماڵەدا هەر نییە و تا دەگەنە ئەو کاتەی کە منداڵەکان دەیانهەوێ باڵ بگرن و بۆ خۆیان بژین. تا گەیشتنی ئەو کاتە دایک و باوکەکان وەک باڵەندەیەک منداڵەکان لە ژێر باڵی خۆیان دەگرن و دەیانپارێزن، دیارە ئازادی ئەو وڵاتانە ڕێگای بەوەدا کە لە هەڵسوکەوت و لە یاری و کایە و خواردن و وەرزش و چوونەدەر و خوێندن و دۆستگرتن و چەندین بواری دیکەشدا منداڵان ئازاد بن، بەڵام ئەو ئازادییە نا کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ شوو کردن و کاری سێکسی و جووتبوون.
بەداخەوە لە وڵاتانی وەک ئێران و چەندین وڵاتی دیکە منداڵان قوربانیانی سەرەکین بۆ بە زۆر فێرکردنی کاری زۆرەملی، ناردنە سەرشەقام و بردنە سەر گۆڕی خومەینی بۆ جێژنی باڵغ بوون و بەشوودان و زۆر شتی دیکە. ئەگەر دینی ئیسلام دینی بەیەکەوە بوون و ئاشتی و بەرابەری و یەکسانییە ، نابێ ئەم بەشە لەبیر بکەین کە غەدرێکی گەورە لە کچانی منداڵ بە ناوی باڵغ بوونەوە دەکرێ، لەم بەشەدا ئایینی ئیسلام بە پشت بەستن بەوە کە کچ و ژن نامەحرەمن، هەندێک بەناو زانای ئیسلامی بۆ خۆیان بە زۆر بە ناوی ئیسلام کچانی منداڵ دەدەن بە بۆرەپیاوێکی بەناو مەحرەم ، کە ئەم بۆرە پیاوە هەموو کات ئەو کچە نازدار و مەعسوومە وەک بووکەڵە شووشەیەک لە سەر کۆش و ئامێزان دەگێرێ و بە قەول ئی خۆیەتی و لەگەڵی مەحرەمە و خەڵات و براتی خۆیەتی لەبەر چاکەکانی کە لە سەر زەوی کردوونی ، ئەوە بە دیاری خودایی بۆی هاتووە و لەو دونیاش چاوەروانی ٧٢ حۆری خوایی دەکا.
لە ئاست بە شوودانی کچانی تەمەن ٩ ساڵ دەتوانم بە دڵنیایەوە بڵێم کە یاسای ئەشکەوتیش بە نیسبەت ئەو یاسا خودساختەیە خاوێنتر و جوانتر و پاکترە.
لە کۆتاییش دا ئەو زاتەی بە عەبا و مێزەری ڕەشەوە وەک گورگی نێو مێگەل، لە پێش ئەو پەپولە باڵنەخشین و سپی پۆشانەوە راوەستاوە سەید حەسەن خومەینییە کە لە توخم و تۆوی خومەینی دیکتاتۆر و خوێنرێژە، ئەوەش یادگاری خومەینی دیکتاتۆر و جینایەتکارە بۆ نەوەی داهاتووی ئێران .
ئامادە کردنی حەمەرەسووڵ کەریمی
٣١ ـ ٠١ ـ ٢٠١٨