پەیامێکی دۆستانە بۆ ئەندامانی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆستان و هاوڕێیانی بەڕێز!

ڕێز و سڵاوی دۆستانەی ئێمەتان پێشکێش و، سەرکەوتنی ئێوە ئەندامانی کۆنگرە و خودی کۆنگرەکە، لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە‌دا کە دۆستان و دڵسۆزانی دێموکراتەکان چاوەڕوانی جێبەجێکردنیانن، بە ئاوات دەخوازین.

کۆنگرەی ئێوە لە کاتێکدا دەبەسترێ کە خەباتی ئازادیخوازی و دژی دیکتاتۆری لە وڵاتی ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ. ئێمە و ئێوە و هەموو هێز و لایەن و کەسایەتییەکی خەباتکاری کوردستان و ئێران لەوە دڵنیاین کە خەباتی گەڵانی ئەم وڵاتە بۆ کۆتاییهێنان بە تەمەنی کۆماری ئیسلامی و هێنانە سەرکاری سیستەمێکی سیاسی و حکوومەتی کە وڵامدەری داخوازە ڕەوا و لەمێژینەکانی ئەو گەلانە بێ، تا دێ بەرینتر و ڕادیکاڵتر دەبێتەوە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان، پێشەنگی “نا”گوتن بەو ڕێژیمە دیکتاتۆر و کۆنەپەرستە بوون و لە پێناوی داواکردنی ئازادی، دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکانیان، بە بەراورد لە گەڵ هەموو بەشەکانی ئێران، زۆرترین قوربانییان داوە. هەر بۆیە حەقی بێ ئەملاوئەولای خۆیانە کە لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕە سیاسییە چاوەڕوانکراوەکانی ئێران زۆرترین دەسکەوت بە‌دەست بێنن. بەڵام ئەو پەرتەوازەیی و لێکدابڕانانەی ساڵانێکە ڕیزەکانی بزووتنەوەی سیاسی و خەباتگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستیەوە دەناڵێنێ، جگە لەوەی ئەم بزووتنەوەیەی لە باش بە‌جێگەیاندنی ئەرکەکانی هەتا ئێستای خۆی دوا خستوە، هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی لە ئەگەری خێراتر بوون و گەورەبوونەوەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئێران، نەتوانێ لە بوارەکانی ڕێکخستن و ئاراستەکردنی خەباتی جەماوەریی دژ بە دەسەڵاتی حاکم، خۆ ئامادەکردن بۆ ئیدارەی کوردستان لە قۆناغی پەڕینەوە و بەشداریی شوێندانەر لە پێکهێنانی بەدیلی ڕێژیمی ئێستادا، ڕۆڵی خۆی بگێڕێ.

گومانی تێدانیە، لێکترازانی یەکگرتوویی ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات، سەرەڕای چالاکبوونی هەر دوو لایەنی دیموکرات لە زۆر بوار لەم ١١ساڵەی ڕابردوو‌دا، کەلێنێکی گەورەی خستووەتە نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە دڵنیایەوە هەر وا کە لێکدابرانی دێموکراتەکان، ئەو شوێنەوارە نەرێنییە گەورەیەی هەبووە، یەکگرتنەوەشیان دەتوانی هەم کاریگەرییەکی دیار و هومێدخوڵقێنی لە سەر داهاتووی بنەماڵەی گەورەی دیموکرات هەبێ، هەم هاندەر و ڕێخۆشکەر بێ بۆ یەکگرتوویی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ئەو بەشەی کوردستان. ئێمە دوو لایەنی دیموکرات لە چەند ساڵی ڕابردوو بە تایبەتی لەم دوایانەدا پتر لێک نزیک بووینەوە و، هەیئەتەکانی هەر دوو لامان بۆ وتووێژ لە سەر پرسی یەکگرتنەوە بە خۆشییەوە لەم دوایانەدا لێک تێگەیشتن و پێکگەیشتنی باشیان هەبووە. چاوەڕوانیی ئێمە لە ئێوەی ئەندامانی بەڕێزی کۆنگرە ئەوەیە لە باس و بڕیاردان لە بارەی پرسی یەکگرتنەوە و هەر پرسێکی دیکەی پێوەندیدار بە داهاتووی هاوبەشمان، هاوکار و ڕیخۆشکەر بن بۆ بە ئاکام گەیشتنی ئەم پرسە کە هاوکات خزمەت دەبێ بە وەدیهاتنی ئاوات و چاوەڕوانییەکی پیرۆزی خەڵکی کوردستانیش.

دۆستانی بەڕیز!

خۆشتان دەزانن کە ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەیی نیشاندان بۆ یەکگرتنەوە لە ژێرناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بووە بە هۆی ئەوە ڕەوتی وتووێژەکانی یەکگرتنەوە قەڵەمبازێک باوێ. ئەو ئامادەیی دەربڕینەی حیزبی ئێمە، لە هەلومەرجێک دایە کە پێگەی بەرینی جەماوەریی و نفووزی سیاسی و هێز و توانای ئینسانی و تەشکیلاتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان دیارە و لە کەس شاراوە نیە. کە وایە هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە لەلایەن ئێمەوە لە نیازپاکی وهەستکردنمان بە بەرپرسایەتی لە ئاست پرسی یەکگرتنەوە سەرچاوە دەگرێ. مەبەستیشمان لەم وەبیرهێنانەوەیە ئەوەیە کە حیزبی ئێمە بە نۆرەی خۆی هەنگاوێکی گەورە هاتووەتە پێش. ئێستا نۆرەی حیزبی ئێوەیە واقیعبینانە و بەرپرسانە، لەم کۆنگرەیەدا بەرەوڕووی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی بێتەوە و هەنگاوی پێویست لە بارەیانەوە بنێ. ئێمە هەر دوولای دیموکرات، ئەگەر بە ڕاستی دەمانەوێ لە حیزبێکدا یەک بگرینەوە، پێش هەموو شتێک دەبێ لە کێشەکانی ڕابردوومان کە لێکترازانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتیان لێ کەوتەوە، دەرس وەربگرین. پێویستە قبووڵ بکەین کە هەر دوو لامان بە نۆرەی خۆمان لەوەی ڕابرد بەرپرسیارین. قبووڵکردنی ئەو بەرپرسیارەتییە، ئەرکدارمان دەکا کە لە داهاتووی پێکەوە‌تێکۆشانمان لە چوارچێوەی یەک حیزبدا، شتە زیانبارەکانی پێشوو دووپات نەکەینەوە و هەر لەو کاتە‌دا، کولتووری یەکتر تەحەممولکردن و حیزب بە هی هەموان زانین و بەشدارکردنی هەموو تاکەکانی حیزب _هەر کام لە جێی خۆی_ لە تێکۆشان و ئەرک پێ سپاردن و بڕیارداندا، لە نێو حیزب دەوڵەمەند بکەین.

پتر لە١١ ساڵە کە ئەو دوو بەشەی دیموکرات بە جیا خەبات و تێکۆشانی سیاسیی خۆمان ئەنجام دەدەین. لەم ماوەیەدا هەر دوو لامان هەروا کە شانازیمان بە ڕابردووی دوور و درێژی هاوبەشمان و دەسکەوتەکانی کردوە، لەسەر ئامانجە سەرەکییەکانی حیزبی دیموکرات شێلگیر بووین و کردوومانن بە ڕێنوێنی خەبات و تێکۆشانی خۆمان. لە گەڵ ئەوەی پێکەوە نەبوونمان، دیاردەیەکی ناسروشتیی جیگای ڕەخنە و ناڕەزایەتیی خەڵک و دۆستان و دڵسۆزانی دێموکرات بووە، بەڵام هەر لایەکمان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشاندا، لە نێوخۆ و دەرەوە، لە مەیدانی کاری سیاسی و دیپلۆماسی، پێوەندی لەگەڵ حیزب و ڕیکخراو و کەسایەتییەکان و ئیدارە و بەڕێوەبردنی حیزبدا، خەرمانێک لە ئەزموون و سەرمایەی مەعنەویمان وەسەر یەک ناوە. ئێمە پێمان وایە یەکگرتنەوەیەک ڕاستەقینە و بەردەوام و خاوەن‌داهاتوو دەبێت کە شانبەشانی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هیزی ئینسانیی هەر دوو لایەنی دیموکرات، لە سەر بناغەی بەخاوەنکردنی مێژوو و ئیعتیبار و ناوبانگ و پێگەی سیاسیی هەر دوولا و، سوود وەرگرتنی بێ جیاوازی و هەڵاواردن لە هەر دووی ئەم کۆگایانەی ئەزموون و سامانی دەوڵەمەندی کاری سیاسی و حیزبی، بنیات بنرێ.

 

بەڕێزان!

هیوادارین لە ڕوانین بۆ داهاتوو و، لە بڕیاردان و پەسندکردنەکانتاندا ئاسۆی یەکگرتنەوە بۆ ساتێک لە بەرچاوی خۆتان ون نەکەن و بە گیانی ڕێخۆشکەربوون بۆ داهاتووی هاوبەش کۆنگرەکە بە ئاکام بگەیەنن. دیارە ئێمە کە ئەو چاوەڕوانییەمان لە ئێوە هەیە بۆ خۆشمان لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی یەکگرتنەوەدا دەکەونە سەرشانمان غافڵ نین. بەو هیوایەی بە هەوڵی دڵسۆزانە و بەرپرسانەی هەموومان، ئەم هیوایەی خەڵکی کوردستان وەدی بێنین.

جارێکی دیکە سڵامەتی و سەرکەوتنی ئێوە و کۆنگرەکەتان ئارەزوو دەکەین.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٢٩/١١/١٣٩٦

١٨/٢/٢٠١٨