بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی نەورۆزەوە

نەورۆز هێمای ژیانەوە و پێکەوەبوون ‎(بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی نەورۆزەوە ‎خەڵکی خەباتگێڕی کوردستانی ئێران) لە کاتێکدا بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ دەچین کە کوردستانی ئێران لە ژێر زەبر و زەنگ و سیاسەتی سێدارە و سەرکوتی سیستماتیکی رێژیمی ئێران، ساڵێکی پڕ لە حەماسەتی ئەزموون کرد.

‎بەرچاوترین ڕووداوی سیاسیی ئەم ساڵ، خۆپیشاندان و نارەزایەتیی سەرتاسەری ئێران بوو کە بەشێک لە شارەکانی کوردستانیشی گرتەوە. ئەوەی لە ئێڕان رووی دا، گوزارشتێک بوو لە راپەڕینیێکی ڕاستەقینەی جەماوەری بە مانای وشە. خۆپیشاندانەکان ڕیشەی لەو ناڕەزاییانەدا بوو کە لە دژی هەژاری و بێدەرەتانی و کارەساتی ژینگەیی هاتە کایەوە.

‎پێکهاتەی سەرەکیی ئەم راپەڕینە جەماوەرییە لە خەڵکی مافخوراو و هەژاری ناوچە پەراوێزخراوەکان پێک هات و لەم ڕووەشەوە دەکرێ بڵێین کە کۆماری ئیسلامی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە، تووشی هەرەسهێنان بووە.

‎بەرچاوترین تایبەتمەندیی ڕاپەرینی ئەم جارە، کردنە ئامانجی ڕێبەریی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە تەواوییەتی خۆیدا. هەر چەند سەرانی ڕێژێمی ئێران هەوڵیان دا سەرەداوی ئەم خۆپیشاندانانە گرێ بدەن بە دەستی دەرەکییەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە حکومەت بە تەواوی لە ئاست ویست و داواکاریەکانی خەڵک دەسته‌وەستانە و توانای چارەسەرکردنیانی نیە.

‎لایەنی دیاری ئەم خۆپیشاندانە، بەشداریی خەڵکی شۆڕشگێری کرماشان بوو لە خۆپیشاندانی سەراسەریی ئێران، بە جۆرێک کە قورسایی و سەنگی تایبەتیی هەبوو. ئەم بەشە لە نیشتمان بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و هەڵوێستی نیشتمانییان، بەرەوڕووی هێزی داپڵۆسێنەر و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی بوونەوە. لە ڕاستیدا پارێزگای کرماشان ئەم جارە فاکتەرێکی کاریگەر و ئیلهامبەخشی ناڕەزایەتی و بزوونتەوەی ئێعترازیی کوردستان و ئێران بوو.

‎بوومەلەرزەکەی کرماشان، لە دەرکەوتنی بوومەلەرزەی سیاسیی ئەم جارە بێ کاریگەر نەبوو. ئەم ڕووداوە وەبیری گەلانی ئێرانی هێنایه‌وه‌ کە پانتایی و قووڵایی گەندەڵی و دزی و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەکە. پەیامێکی دیکەی ئەم بوومەلەرزیە ئەوە بوو، کە گەلانی ژێر ستەمی ئێران بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی هاوچارەنووسن.

‎هەر بەو پێیە، بینیمان کە خەڵکی کوردستانی ئێران دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکەی کرماشان، بە چ هەستێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەوە بە هانای هاونیشتمانیانی لێقەوماوی خۆیان لە پارێزگای کرماشانەوە چوون. وەرێخستنی کەمپەین و بەڕێکردنی کاروانی یارمەتی بەشێک لەم هاوسۆزییەوە بوو کە تەنانەت هاوسۆزی و یارمەتیی کوردانی دەرەوەی وڵاتیشی بۆ لێقەوماوان گرتەوە. ئەم هەست و هاوسۆزییەوە بەدەر لە لایەنی ئەخلاقی و مرۆیی، وێنەیەکی دەگمەنی لە هاوخەباتی و یەکڕیزی خەڵکی کوردستانی ئێران خستەڕوو، بە جۆرێک کە کارەساتی سروشتی و حەماسەی نەتەوەیی ئاوێتەی یەکتر بوون و ئەمەش وەک سەرمایەیەکی مەعنەوی و پڕبەهای ڕەوتی ڕزگاریی نەتەوەییە.

‎لەم ساڵدا، سیاسەتی زەبروزەنگ و سەرکوتی سیستماتیک وەک سیاسەتی هەمیشەیی و بەشێکی جیانەکراوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوام بوو. لە سێدارەدانی ئازادیخوازان، زیندانیکردن و بێ سەروشوێنکردنی جیابیران، چالاکانی مەدەنی و تێکۆشەرانی سیاسی، کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکان بەشێک لەم سەرکوتە سیستماتیکە بوو.

‎خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج، هاتنەسەرشەقامی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستانی ئێران بوو بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان بۆ پرسی سەربەخۆیی، هەروەها دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کوشتنی کاسبکاران کە لەگەڵ هێزی سەرکوت و توندوتیژی بەروڕوویان بووەوە. لە ئەنجامی ئەم سەرکوتەدا ژمارەیه‌کی بەرچاو لە ڕۆڵەکانی نیشتمان دەسبه‌سه‌ر و زیندانی کراون. لایەنی دیاری ئەم خۆپیشاندانە حوزوری بەرچاوی کچان و ژنانی ئازادیخوازی کوردستان بوو کە مخابن ژمارەیەکیان دەستگیر و ڕەوانەی سیاچاڵەکانی رێژیم کران.

‎ئەمساڵ کە ڕابرد، دەستپێکەکەی نەورۆزی جامانەکان بوو. دوای ئەو هەمووه‌ حەماسەتە کە ئاماژەیان پێکرا، جێی خۆیەتی نەورۆزێک کە دادێ، بە هەمان شکۆوە و بە هەمان حەماسەوە بە جامانە و هەوری و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵگرتنی گوڵی سوور بڕازێندرێتەوە و لە گەل ژیانەوەی سروشت، ژیانەوەی نەورۆزی جامەنەکان بۆ نیشتمان بکرێ بە دیاری. هەر بۆیە داواکارین یەکدەنگ و یەک هەڵوێست، بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ بچین.

‎بێگومان هاوخەباتی و یەکڕیزیی نەتەوەکەمان ڕەمزی سەرکەوتنمانە. لەم ڕوانگەشەوە داوا لە سەرجەم خەڵکی کۆڵنەدەر و نیشتمانپەروەی کوردستانی ئێران دەکەین بە هەمان ئیرادە و ڕوحی هاوخەباتییەوە لە خەباتی نەتەوەیی_دێموکراتیکی خۆیان بەردەوام بن و ڕیزەکانی خۆیان بەهێزتر و پتەوتر بکەن و سەری ساڵی نوێ پیرۆز بکەن.

‎لە کۆتاییدا پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی لە سەرجەم هاونیشتمانان و رۆڵە ئازادیخوازەکانی دەکەین و هیوادارین ساڵی داهاتوو، ساڵی هاوخەباتی و دەستکەوتی زیاتر بێ بۆ نەتەوەکەمان.

سەرکەوێ ئیرادەی نەتەوەیی و هاوخەباتیمان.

 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

۱۷/۱۲/۱۳۹٦

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێکهاتووه‌ لە:

حیزبی دێموکراتی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران