پێزانین و سپاس هەمبەر هاوخەمی بە دوای تیرۆری هاوڕێ قادر قادری‌د‌ا

تیرۆری تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان بە دەستی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە دوو حەوتووی رابردوو‌دا، جارێکی دیکە بووە هۆی وەڕێکەوتنی هاوخەمیی خەڵک و لایەنە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بنەماڵەکانیان. هەر لەو کاتەشدا شەپۆلێکی نوێ لە مەحکوومکردنی تاوانە تیرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمەی لە ئاستی هێز و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکاندا بە دواوە بوو.

بە دوای تیرۆری تێکۆشەری دیرین و فەرماندەری لێوەشاوی دیموکرات هاوڕێ قادر قادری لە حەوتووی رابردوو‌دا، ڕێبەری و نوێنەرایەتییەکانی حیزبی ئێمە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، شاهیدی هاوخەمی و هاوپێوەندیی بەرینی دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد بوون. حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە ناردنی دەستەی نوێنەرایەتی بۆ ڕێورەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی شەهید قادر قادری، هەر وەها بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی ئەو شەهیدە لە کۆیە و ستۆکهۆڵم؛ بەداخبوون و هاوخەمیی خۆیان پێ‌راگەیاندین. لە هەر دوو ئاستی کوردستانی و ئیرانییشدا، زۆر هێز و لایەن و کەسایەتی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ناردنی پەیامی سەرەخۆشی، هاوکات لە گەڵ دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان، بە توندی کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی حیزبی ئێمە و سەرجەم حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان مەحکووم کرد. ئەوان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە کۆمەڵگەی نیودەولەتی داواکار بوون، سنوور و بەربەست لە سەر ڕێی دەستێوەردان و چالاکیی دامودەزگا تیرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچە دابنێن.

جێگای ئاماژە پێکردنە کە ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و ئێران، جگە لە پێوەندیگرتن بە کۆمیسیۆنی تەشکیلات بە مەبەستی سەرەخۆشی و نیشاندانی هاوخەمی، بە کار و تێکۆشانێکی بەرینی تەبلیغاتی، بەردەوامی و پێداگریی خۆیان لە سەر خەبات تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی نوێترین شەهیدەکانمان قادر قادری، تالیب بەساتی‌وەند و سەرجەم شەهیدانی دەستی ڕێژیمی جیبایەتکاری کۆماری ئیسلامی، دووپات کردەوە.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پیزانین و سپاسی گەرمی خۆی هەمبەر ئەو هاوخەمییەی خەڵک و هێز و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکان ڕادەگەیەنێ و دڵنیایان دەکاتەوە کە دلسۆزی و پشتیوانیی ئەوان و هەڵوێستی ئینسانی و نەتەوەیی و نیشتمانییان لە ئاست ئەم حیزبە و لە دژی تیرۆر و تاوانەکانی ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران، دەکا بە هەوێنی خەبات و تێکۆشانی شێلگیرانەتر بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ڕەش و جەهەننەمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەر وەها بۆ وەدیهێنانی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری لە ئێران.

سڵاو لە گیانی پاکی تێکۆشەری دێرین و فەرماندەری لێهاتوو، قادر قادری!

ڕیسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی!

حیزبی دیموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

١٣/٣/٢٠١٨

٢٢ی رەشەمەی ١٣٩٦