شەڕی سارد لەگەڵ ئێران دەستی پێکردۆتەوە

سەرچاوە ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٢٦
دێ فێدێرالیست – رابێرت تراسینسکی
ئامادەکردنی: کەماڵ حەسەن‌پوور

شەڕی سارد لەگەڵ ئیران دەستی پێکردۆتەوە. من ئەوەی وەک ڕەخنە لە سەرۆک کۆمار ترامپ بۆ هەڵوەشاندنی رێککەوتننامەی ئێران باس ناکەم. ئەم بڕیارە هەڵگیرسێنەری ناکۆکییە نەبووە. شەڕی ساردی ئێران دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان قەت نەوەستا. ئەم بڕیارە تەنیا ددان بەم ڕاستییە دادەنێ و ئامریکا دەگەیەنێتە شوێنێک کە ئێمە دەبێ بەشە شەڕی خۆمان بکەین.
ڕوونتر بیڵێم، ئەو [جێهێشتنی ڕێککەوتننامەکە] خەیاڵی ئۆباما هەڵدەوەشێنێ کە پێی وابوو هەڵگرتنی زەخت لەسەر ئێران کۆتایی بە دوژمنکاریی ئەوان دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەرژەوەندییەکانی دێنێ. ئەو بیرۆکەیە کە ئامریکا دەتوانێ سەرجەم دوژمنەکانی تەنیا لە ڕێی میهرەبانتر بوون بەرامبەریان لەکۆڵ خۆی بکاتەوە خولیای تاکە کەسیی سەرۆک کۆمار ئۆباما بوو و ڕێککەوتنەکەی ئێران بەڵینیی تاکیی ئەو بوو. بۆیە دەکرا تاکلایەنانە هەڵپەسێردرێ. بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە بڕیاری ترامپ تووشی هەناسەبڕکە بوون، سێناتۆری کۆماریخواز بێن ساس جوابێکی هەیە کە لێرەدا باسی دەکەم:
” ئەمڕۆ وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە ئەگەر پشتیوانەی بڕیارەکەت پلەی سەرۆک کۆماریی بێ، ئەم ىڕیارە لە کۆتایی ماوەی سەرکۆمارییەکەت دا دەمرێ. ئێمە دبێ بە ڕوونی بڵێێن: دۆنالد ترامپ ڕێککەتننامەیەک نادرێنێ، ئەو بەڵێنیی باراک ئۆباما هەڵدەوەشێنێ. دوو ساڵ و نێوە لەوەپێش، سەرۆک کۆمار ئۆباما مامەڵەیەکی لەگەڵ ئێران کرد بە بێ پشتیوانیی کۆنگرە، و ئەمڕۆ سەرۆک کۆمار ترامپ بەڵێنیی تاکە کەسیی سەرۆک کۆمار ئۆباما جێدەهێڵێ، و ئەو پێویستیی بە پشتیوانیی کۆنگرە نییە بۆ ئەم کارە. سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بەرەوپێشچوونی بێ پسانەوە بەخۆیەوە دەبینێ کاتێک کە سەرۆک کۆمار بەڕێوەبەری بێ، کۆنگرە پەسەندی بکا و ڕاستگۆیانە پێشەکشی خەڵکی ئامریکا بکرێ.”
سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا هەروەها کاتێک بە باشترین شێوە کار دەکا کە کۆمەڵێک بڕیاری لێک جیا نەبن، هێرشێکی ئاسمانی لێرە، لێکهەڵوەشاندنی مامەڵەی سیاسی لەوێ، بەڵکو بەشێک بن لە هەوڵی درێژخایەن بۆ بەکار هێنانی چەندین ئامراز بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجێکی ڕوونی ستراتێژیک. لەم پەیوەندییەدا، چەندین نیشانەی دڵخۆشکەر لە بڕیارەکەی سەرۆک کۆمار بەدی دەکرێن، بەتایبەتی چۆنیەتیی بەرین کردنی پاشخانی لۆژیکی نە تەنیا چۆن ئئران لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ساختەکاریی دەکا، بەڵکو دەوری ئێران وەک سەرچاوەی چەندین هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی:
ڕێژیمی ئێران پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمی دەوڵەتییە. ئەو مووشەکی مەترسیدار هەناردە دەکا، پەرە بە ناکۆکییەکانی سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناڤین دەدا و پشتگیریی تێرۆریستان، میلیشیای بەکرێگیراو وەک حیزبوڵڵا، حەماس، تالیبان و ئەلقاعیدە هتد دەکا.
رێککەوتننامەکە ئابلۆقەی ئابووری ئیفلیجکەری لەسەر ئێران لابرد [ لە بەرامبەر] سنووری لاواز بۆ چالاکیی ئەتۆمیی ڕێژیم و هیچ سنوورێک بۆ گشت ئاکارە شەیتانییەکانی، لەناویاندا چالاکییە بەدخوازانەکانی لە سورییە، یەمەن و شوێنی دیکە لە چوارگۆشەی جیهان دانەنا.”
دۆناڵد ترامپ کابرایەک نییە کە دەستەواژەی ” ئاکاری شەیتانیی” لەخۆوە بەکار بێنێ. بێگومان ئەو ئەم دەستەواژەیەی لە ڕاوێژکارەکەی وەرگرتووە کە یادداشتی فەرمیی بڕیارەکەی نووسیوە، کە مانشێتەکەی ئەمەی تێدا، ” هەنگاوی دیکە بۆ بەرپەرچدانەوەی نفوزی شەیتانیی ئێران،” کە دەقاودەق شتێکە کە دەبێ ئەنجامی بدەین.
زیاتر:
” لەسەرەتای دامەزرانییەوە لە ١٩٧٩ وەک ڕێژیمێکی ئایینی شۆڕشگێڕ، کۆماری ئیسلامیی ئێران دوژمنایەتیی خۆی بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی ڕایگەیاندووە. ئێران وەک یەکێک لە ڕێبەرانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ماوەتەوە، و یارمەتیی پێشکەش بە حیزبوڵڵا، حەماس، تالیبان، ئەلقاعیدە و هێڵە تێرۆریستییەکانی دیکە دەکا. ئێران هەروەها ئاگری تووندوتیژیی تایفیی لە عێراق خۆش دەکا و پشتگیریی لە شەڕی قیزەوەنی ناوخۆیی لە یەمەن و سورییە دەکا. ئەو پێشێلکاریی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ دەکا و لەسەر تاوانی بێ بنەما و بێ لە بەرچاو گرتنی پرۆسەی یاسایی بیانییان، لەناویاندا شارۆمەندی ئامریکایی لە گۆترە دەستبەسەر دەکا.
ئەمە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانە کە پێش بە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمیی و مووشەکی بالیستیکی ویشکاڕۆبڕ بگرێ، و ڕایەڵە و هەوڵەکانی ئێران بۆ بەرهەڵستکاریی ناوچەیی لێک هەڵوەشێنێ، پێش بە دەستڕاگەیشتنی سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی بگرێ کە دەستییان بەو سامانانە ڕابگا کە درێژە بە چالاکییە تێکدەرەکانیان بدەن، و بەرپەرچی هەوڵە شەڕانگێزییەکانی ئێران بۆ گەشەپێدانی مووشەک و چەکوچۆڵی ئاسایی بداتەوە.”
دەزانن کێ دەستەواژەی ” نفوزی شەیتانیی” بەتایبەتی لەبارەی ئێراندا بەکار دێنێ؟ جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ترامپ. ئەو هەروەها کابرایەکە کە ستراتێژییەکی وەها پان و بەرین دژی ئێران داڕێژێ و جێبەجێی بکا کە ئاماژەی پێکرا.
بە ڕاستی شەڕی سارد مۆدێلی دروست بۆ ڕەچاو کردنی شێوەی هەڵسوکەت لەگەڵ ئێرانە، چونکە لە زۆر بوارەوە وەک یەک دەچن. ئێران ڕێژیمێکە کە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی شوڕشگێڕیی دروستکراوە کە دەیهەوێ هەناردەی گشت شوێنێکی جیهانی بکا بە تایبەتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەندێکجار ئەو ئەمکارە لە ڕێگای تێوەگلانی سەربازیی ڕاستەوخۆ و هەروەها لە ڕێگای شەڕی بەوەکالەت و ڕووخاندن و پشتیوانیی لە حیزبی سیاسی، جووڵانەوەی شۆڕشگێڕ، و تاقمی تێرۆریستیی دەکا، گشت ئەمانە لاپەڕەی کتێبی کایەی یەکیەتی سۆڤیەتن.
لەم ڕوانگەیەوە، ئێران هەمیشە هەڕەشەیەکی مەزنتر لە داعش بووە و دەبێ. ئەو گروپە هەوڵی دا ببێتە دەوڵەت بەڵام هەرگیز بە تەواوی سەرکەوتوو نەبوو. ئێران بە کردەوە هەمان ئایدیۆلۆژی هەیە، سەرەڕای جیاوازییە ڕواڵەتییەکانی [تاقمەکانی ناو دەسەڵات]، و دەوڵەتیشە، خاوەنی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی.
هەر وەک یەکیەتی سۆڤیەت، ئێران لە ناوخۆدا لاوازە. لە پشت بانگەشە و هەراوهوریا شۆڕشگێرییەکەی، ئابوورییەکی فەشەل، تاقمی دەسەڵاتداری بەرتیلخۆر و سەرکوتکەری هەیە کە خەڵکی خۆی تەریک خستۆتەوە. ڕێژیمی ئێران چەند دەیەی ڕابردوو خەریکی سەرکوت کردنی سەرهەڵدانی خوێندکاران و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان کردووە کە داوای ئازادیی زۆرتریان کردووە، هەر وەک لە ژانوەیە و زۆر بەناوبانگتر لە کاتی شۆڕشی سەوز لە ٢٠٠٩، کە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما بە ئانقەست ویستی یەکگرتووانەی ئەوانی لە بەر تراویلکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پاشگوێ خست.
ئەمە هەلی ڕاستەقینەیە کە بە ىڕیاری سەرۆک کۆمار هاتۆتە ئاراوە. ئەگەر ئێران مۆتۆڕی پشێویی بێ، ئێمە دەبێ ئەوە وەک دەرفەتێک سەیر بکەین تا ئەم مۆتۆڕە لەکار بخەین. هەر وەک چاوەڕوان دەکرا، نیویۆرک‌ تایمز لەبەر بڕیاری ترامپ لەبارەی جێهێشتنی ڕێککەوتننامە لەگەڵ ئێران بوورایەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا وتارێکی بڵاو کردەوە کە بە ئاشکرا باسی پۆتانسیەلی ئاسەواری ئەم بڕیارە شی دەکاتەوە:
” هەستی قەیران لە ئێران قووڵ و بەربڵاوە. ئابوورییەکەی خەریکی داڕمانە. پارەکەی خەریکی تێکڕووخانە. چوونەسەری نرخەکان زەخت دەخاتە سەر دانیشتووانی شار. وشکەساڵیی پێنج ساڵە گوندەکانی وێران کردووە. ململانێی نێوان ڕێفۆرمخوازەکان و بنئاژۆخوازەکان هێندە مەترسیدارە کە تەنانەت باسی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن هێزە چەکدارەکان دەکرێ.
ئێستا، ئەو پەتی ژیانەی کە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥ دەستەبەری کرد، کە قەرار بوو زەختی سەر ئابووریی ئێران کەم بکاتەوە و درز بخاتە سەر بەربەستەکان بەرەو ڕۆژئاوا خەریکی داڕمانە. سەرۆک کۆمار ترامپ ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند کە ئەو ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتنەکە دێنێتە دەر، کە ئەو بە ” ڕێککەوتنێکی کارەساتبار” ناوی برد…
لە درێژخایەندا، لێکهەڵوەشانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی دەتوانێ هەواڵێکی ناخۆش بێ بۆ سەرجەم رێبەریی ئێران، کە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی پەرەئەستێنی جەماوەریی بە هۆی ئابووریی و نەبوونی ئازادیی و نەبوونی داهاتووی ڕوون بوونەوە. ئەمە دەتوانێ هەواڵی ناخۆش بۆ خەڵکی ئاسایی ئێرانیش بێ.
” تکایە، یەکێک چارەنووسی ئێمە بگۆڕێ، هەر کەسێک بێ، تەنانەت ترامپ” عەلی شوجاع، کە شوێنان خاوێن دەکاتەوە گوتی، ئەو گوتی توانای بەخێو کردنی سێ کوڕەکانی نییە. ” من پێشدا شۆفیر بووم، ئێستا شوێنان خاوێن دەکەمەوە. دوای ئەمە چی بکەم؟ من ناتوانم ببمە سواڵکەر.””
کۆی ئامانجەکە گۆڕینی چارەنووسی ئێرانە، ئەگەرچی ئێمە هیوادارین کە هێندە ئێرانیی هەبن کە بیانهەوێ چارەنووسی خۆیان بەدەست خۆیانەوە بگرن.
شەڕی ساردی ئێمە لەگەڵ ئێران هەرگیز نەوەستا. ئێمە تەنیا کۆتاییمان بە شەڕ کردن هێنا. ئەگەر سەرۆک کۆمار ترامپ لە سەر بڕیارەکەی سوور بێ، ئەو دەرفەتی هەیە نە تەنیا هەوڵی ئامریکا دژی ئێران زیندوو بکاتەوە بەڵکو ئەم شەڕە ساردە بە هەمان شێوە کە ئێمە دژی سۆڤیەت بەڕیوەمان برد، و بە هەمان ئاکام بۆ ئاشتی جیهانیی، خۆشگوزەرانی و ئازادی، ببەینەوە.