کاری هاوبه‌شمان نابێ هه‌ر به‌یاننامه ده‌رکردن بێ!
د. ئاسۆ حەسەن زادە: کاری هاوبه‌شمان نابێ هه‌ر به‌یاننامه ده‌رکردن بێ! دیمانه: مه‌نسوور مروه‌تی
له دۆخی ئێستای ئێران‌دا چاوه‌دێرانیسیاسی پێیان وایه کۆماری ئیسلامی له‌به‌رده‌م دووڕێیانی ڕووخان و گۆڕان دایه. ئه‌وه‌ی به‌لای خه‌ڵکی کوردستانه‌وه گرینگه ئه‌وه‌یه که ئایا پارته سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات چه‌نده یه‌كگرتووانه ڕووبه‌ڕووی سیناریۆکانی گۆڕان له ئێران ده‌بنه‌وه، چ له‌نێو خۆیاندا و چ ڕوو به دنیای ده‌ره‌وه و ده‌سه‌ڵات و هێزه سیاسییه‌کانی ئێران.
«کوردستان» ئه‌و بابه‌ته‌ی له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ دوکتور ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان تاوتوێ کردوه.
ئایا وه‌زعیه‌تی ئێستای حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات وه‌هایه که بتوانن پێکه‌وه و یه‌كده‌نگ ڕووبه‌ڕوه‌وی دۆخی ئه‌مڕۆ و ئاینده‌ی ئێران ببنه‌وه؟
سه‌رباری گرژی و نالێکییه‌کانی ڕابردووی نێوان حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، دۆخی ئێستای نێوانیان له جاران باشتره، به‌ڵام ئه‌ویش به هیچ جۆر له ئاستی چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵک و پێویستییه‌كانی دۆخه‌که‌دا نیه. ئاساییه که هه‌موو گه‌لێک له کاتی پشێوی و گۆڕاندا زۆرتر بیر له یه‌كگرتن و خۆکۆکردنه‌وه بکاته‌وه. به‌ڵام هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر بڵێین که ته‌نیا له ئه‌گه‌ری ئاڵوگۆڕدا ئێمه ده‌بێ یه‌ك بگرین. هه‌ر میلله‌تێک که هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر بێ و له حاڵی خه‌بات بۆ ئازادیی خۆیدا بێ، ده‌بێ یه‌كگرتن وه‌ك ئاسۆیه‌کی بێ کۆتایی له‌به‌رده‌م خۆی چاو لێ بکا. یه‌كگرتنیش به دروشم و به‌ڵێن و ڕاگه‌یاندنی نیه‌ت ناکرێ، به‌ڵکوو به ڕێکار و مێکانیزم و نه‌خشه‌ڕێگا ده‌کرێ.
باسی ئه‌وه‌ت کرد که دۆخی نێوان حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ئێستا له جاران باشتره. چی هه‌یه که وه‌ک شتی باش له پێوه‌ندی و هاوکاریی نێوان حیزبه‌كاندا باس بکرێ؟
شتی خراپ که کۆتایی پێ دێ ئه‌وه بۆخۆی ده‌بێ به شتی باشی حیساب بکه‌ی. له ڕابردوودا لایه‌ن هه‌بوو له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که له‌سه‌ر مه‌سایلی ئیدئۆلۆژیک له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیکه گرژیی ساز کردووه و به‌گشتی پلۆرالیزم له‌لای ئێمه به‌داخه‌وه ئیده‌ئالێکی دژوار و به‌ژان بووه. ئه‌مڕۆ گوتاری نه‌ته‌وایه‌تی بۆته ئه‌وله‌وییه‌ت. ته‌نانه‌ت شێوازی چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێرانیش، له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌موکوڕیی فۆرمووله‌کردنی و هه‌موو ڕه‌خنه و تێبینیه‌کانی بژارده‌کانی کۆمه‌ڵگه و سه‌ره‌ڕای بێ متمانه‌ییمان به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، به‌ڵام ئیجماعێکی نیسبیی له‌سه‌ر دروست بووه. پاشان پارته‌کانی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه که دیارده‌ی زیانبه‌خشی تازه‌یان له‌نێودا په‌یدا بووه واته له‌تبوون و دابه‌شبوون، به‌ڵام هاوهه‌ڵوێستی و هاوکاریی نێوانیان ئێستا زۆر زیاتر له پێشوویه و تا ڕاده‌یه‌ک به‌رهه‌میشی بووه.
مه‌به‌ستت له‌و به‌رهه‌مه به دیاریکراوی چیه؟ ئایا مه‌به‌ستت ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێرانه؟
ئه‌وه یه‌ک له به‌رهه‌مه‌كانه. ناوه‌ند بۆخۆی به‌رهه‌می ماوه‌یه‌کی زۆر دانیشتن و ته‌مرینی هاوفکری و هاوهه‌ڵوێستی له‌نێوان پێنج له ڕێکخراوه سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی حیزبه سیاسییه هه‌ره به‌ڕابردووه‌كانه. ئه‌و نییە ناوه‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که تا ئێستا شتی باشی کردوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا کراوه به هیچ جۆر کافی نیه. چونکه جیا له‌وه که پێویسته ڕوانینێکی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به ئێستا و ئاینده‌ی خه‌باتی خۆمان دروست بکا و مێکانیزمی فراوانبوونه‌وه‌ی خۆی و ته‌ئسیردانانی زیاتر له‌سه‌ر خه‌باتی خه‌ڵک و وه‌سڵ بوونه‌وه‌ی زیاتر به کۆمه‌ڵگه‌ی نێوخۆش دروست بکا، ده‌بێ که‌ره‌سته‌ی خه‌بات له‌نێوان حیزبه‌كان خۆیان و له‌نێوان حیزبه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌دا یه‌ک بخا. ڕه‌نگه هه‌ر ئێستا زه‌حمه‌ت بێ به‌ره‌ی کوردستانی دروست بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناوه‌ند هه‌نگاوێک به‌ره‌و ئه‌وه نه‌نێ که له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ئیتلافێکی واقیعیی بلۆکی کوردی له ئێران‌دا شکڵ بگرێ، ئه‌دی چ ده‌کا؟ لێره‌دایه که هه‌م له به‌ستێنی گوتاریدا، هه‌م له‌بواری کاری به‌كرده‌وه‌دا (دیپڵۆماسی، پێشمه‌رگه، ته‌شکیلات، مێدیا، حیزب و کۆمه‌ڵگه و…) و ته‌نانه‌ت بۆ بیرکردنه‌وه‌ی هه‌ر له ئێستاوه له‌و ئارێشانه‌ی کۆماری ئیسلامی پاش ڕووخانی وه‌ک میراتی مه‌نفی بۆمان به‌جێ دێڵێ و له‌پێناوی سالم‌سازیی کۆمه‌ڵگه‌ی دواڕۆژ و مه‌سایلی ستراتژیکی گه‌له‌که‌مان به چه‌شنێک چاو له ڕۆڵ و ئه‌رکی خۆی بکا که هه‌ر فه‌سڵه له فه‌سڵی پێشوو چه‌ند هه‌نگاو زیاتر چووبینه پێش.
خه‌ڵک چاوه‌ڕوانی دروستکردنی به‌ره بوو. مادام حیزبه‌كان نه‌یانتوانیوه شتێکی وه‌ها دروست بکه‌ن، له بنه‌ڕه‌ت ڕا ئێوه چۆن چاو له پێکه‌وه کارکردن ده‌كه‌ن؟
هه‌ر حیزبێکی ڕۆژهه‌ڵات خۆی به هه‌ڵقوڵاوی به‌ستێنێکی مێژوویی و فیکریی تایبه‌ت به خۆی ده‌زانێ و جه‌هانبینی و روانینی تایبه‌ت به خۆی بۆ پرسی خه‌بات و چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد هه‌یه. قه‌تیش نابێ چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌مان هه‌بێ هه‌موومان وه‌ك یه‌ك بیر بکه‌ینه‌وه و ببینه یه‌ک. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و جیاوازییانه که هه‌ر بوون و هه‌ر ده‌شمێنن، ده‌بێ چه‌ند شتمان له‌به‌ر چاو بێ. یه‌که‌م، ئێستا و له داهاتووشدا به پێشبینیی من هیچ پارتێکی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵات ناتوانێ به ته‌نیا ته‌واوی کایه‌ی سیاسیی کورد له ئێران کۆنتڕۆڵ بکا. مادام ئیمکانی ئه‌و باڵاده‌ستییه نییه، ئێمه دوو ڕێگامان له پێشه: ڕێگای ئه‌وه‌ڵ ئه‌وه‌یه درێژه به ته‌کڕه‌وی و به‌جیا و به‌ته‌نیا کارکردنی خۆمان بده‌ین. جا مادام حیزبه‌کانی دیکه ده‌یکه‌ن، بۆچی حیزبه‌که‌ی منیش نه‌یکا؟ کێشه ئه‌وه‌یه که جیا له‌وه که ئه‌مه، په‌ڕش و بڵاوبوونی وزه‌ی خه‌باتی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، مه‌علومیش نییه ئه‌گه‌ر ڕۆژێک گه‌ڕاینه‌وه سه‌ر خاکی خۆمان، ئه‌و ڕکابه‌ری و ململانێیانه چیان لێ شین ده‌بێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که خیسله‌ت و سروشتی سه‌ره‌کیی سیاسه‌ت ڕکابه‌رییه، به‌ڵام بۆ ئه‌مڕۆی ئێمه ڕکابه‌ریی بێ سنوور و بێ چوارچێوه زه‌ره‌رمه‌نده‌که‌ی هه‌ر کورد له ئێران به گشتی ده‌بێ. ده‌بێ بزانین که له سبه‌ینێی پاش کۆماری ئیسلامی‌دا کورد له هه‌ر حاڵ‌دا رووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک ڕکابه‌ری و ململانه له ده‌ره‌وه‌ی خۆی ڕا ده‌بیته‌وه: بۆ نموونه هێزه توندڕه‌و و سه‌له‌فییه‌کان؛ لایه‌نی توندڕه‌وی قه‌ومی له‌و شوێنانه که دیموگرافیمان له‌گه‌ڵیان تێکه‌ڵه؛ ده‌ستێوه‌ردانی هێزی پارچه‌ی دیکه‌ی کوردستان؛ ئه‌وه جیا له پیلان و مه‌زنیخوازییه‌کانی بیری شۆڤێنیستی و ناوه‌ندگه‌را و زۆر چالشی دیکه که تازه ئه‌وده‌م سه‌ر وه‌ده‌ر ده‌نێن. مادام ئێمه وه‌ک کورد هه‌ر ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ڕکابه‌رییانه‌ی غه‌یری خۆمان ده‌بینه‌وه که ڕه‌نگه به‌شێوه‌ی مه‌ترسیدارتر له رابردووش دووباره ببنه‌وه، ڕێگایه‌کمان جگه له بژاری دووه‌م له‌پێش نییه. ئه‌ویش ئه‌وه که به‌ڕاستی قه‌ناعه‌ت به‌وه بێنین که کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێمه به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر بناخه‌ی ناوکه ڕه‌سه‌ن و به‌ڕابردووه‌که‌ی به ته‌فاهومێکی واقیعی و پایه‌دار بگا، که هه‌ر تاکتیک یا بۆ قۆناغێکیش نه‌بێ به‌ڵکوو هه‌روه‌ک گوتم ئاسۆیه‌كی بێ‌کۆتایی له‌پێش خۆی دابنێ که ڕکابه‌ری و ململانێی نێوان حیزبه‌کان له هه‌ر حاڵ‌دا بێ، پرسه گه‌وره و هاوبه‌شه‌كانی چاره‌نووسی گه‌له‌که‌مان پێکه‌وه و به یه‌كده‌نگی ببه‌ینه پێش.
حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڕووی دنیای ده‌ره‌وه و به‌ڕووی ئێرانییه‌کاندا نه‌یانتوانیوه هه‌یئه‌تێکی هاوبه‌ش دروست بکه‌ن. بۆ نموونه جه‌نابت وه‌ك نوێنه‌ری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌ته‌نیا سه‌ردانی ئه‌مریکات کرد. دواتر حدکا و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ پێکه‌وه چوون، به‌ڵام له‌ویش لێک هه‌ڵبڕان. هه‌مووی ئه‌و چالاکییانه‌ش جۆرێک ڕکابه‌ریی جێگای نیگه‌رانیی له فه‌زای مه‌جازیدا لێ که‌وته‌وه. ئایا ئه‌مه دروسته؟
هه‌تا کاتێك به‌ستێن و که‌ره‌سته‌ی هاوبه‌ش بۆ ته‌عامول له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆمانمان نییه ناتوانین گله‌یی بکه‌ین که بۆچی لایه‌نێک به‌جیا ئه‌م دیدار و سه‌ردانانه ده‌كا. حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات چ به‌هۆی به‌رده‌وامیی زێهنیه‌تی ڕکاربه‌ری، چ به‌هۆی جیاوازیی ڕوانین، هێشتا نه‌بوونه خاوه‌نی ئه‌و ئالیه‌ت و که‌ره‌سته هاوبه‌شانه. دیاره وه‌ک حیزبه‌که‌ی خۆمان، حیزبی دێموکراتی کوردستان قسه‌م زۆره که بڵێم چه‌نده خۆمان ماندوو کردوه و چه‌نده مایه‌مان له خۆمان داناوه بۆ گه‌یشتن به‌و که‌ره‌سه هاوبه‌شه، به‌ڵام ڕه‌نگه باشتر وا بێ به‌گشتی وه‌ک کوردی ڕۆژهه‌ڵات چاو له بابه‌ته‌که بکه‌ین و خه‌می لێ بخۆین.
کاتی خۆی د. قاسملوو ڕچه‌شکێنی ئه‌وه بوو که ته‌نیا حیزبیانه بیر له دروستکردنی دیپڵۆماسیی کوردی نه‌کاته‌وه و پێشدا وه‌ك کورد ده‌جوڵایه‌وه. ئێستا چۆن ده‌كرێ به قه‌ولی خۆت لانیکه‌م وه‌ك کوردی ڕۆژهه‌ڵات بۆ ئه‌و بابه‌ته بچین؟
ئه‌وه به لایه‌نێک به‌ته‌نها ناکرێ. ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کانی دیکه پێیان وابێ ئه‌و که‌ره‌سه ده‌ڵه‌مه‌یه‌ی هاوکاریی نێوانمان (واته ناوه‌ند) بۆ ئێستا کافییه و به‌وه‌نده قه‌ناعه‌ت بکه‌ن، لایه‌نێك که پێی وابێ که پێویسته زۆرتر و خێراتر بچینه پێش، به‌ته‌نیا ناتوانێ به‌و ئامانجه گشتییه بگا. پێویسته هه‌موو پێکه‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌ی قورساییان زۆرتره به ته‌فاهوم بگه‌ن، ئه‌وه‌ش پێویستی به ته‌وازووع و خۆماندووکردنی زۆرتر و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی شێوه‌ی ڕوانین له خۆمان و له ده‌ره‌وه‌ی خۆمان هه‌یه. هێندێک لایه‌ن ئێستاش به شێوه‌ی ئیدئۆلۆژیک چاو له جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌كانی دنیای ده‌ره‌وه و ته‌نانه‌ت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ده‌كه‌ن، شتێك که ئێستا باوی نه‌ماوه. ئێمه پێویسته به‌دوور له به‌ستراوه‌یی، مه‌سڵه‌حه‌تی میلله‌تی ئێمه له کوێ بوو پێکه‌وه کاری له‌سه‌ر بکه‌ین. دیاره یه‌كخستنی ڕوانگه زۆر شتی دیکه‌ی پێوه‌ندیدار به ئامانج و شێوازی خه‌باتیش ده‌گرێته‌وه. ئه‌و ڕوانینه هاوبه‌شه‌مان که دۆزیه‌وه، ئه‌وده‌م که‌ره‌سه‌ی هاوبه‌ش ده‌بێ بۆ ئه‌وه دروست بکه‌ین که کاری هاوبه‌شمان ته‌نیا له به‌یاننامه ده‌رکردندا خولاسه نه‌بێته‌وه، به‌ڵکوو له هه‌موو به‌ستێنه‌کانی خه‌بات و له هه‌موو بواره‌کانی تێکۆشانماندا پۆتانسیه‌ل و که‌ره‌سه‌مان هه‌ماهه‌نگ و ته‌نانه‌ت یه‌ك بخه‌ین.
وه‌ک گوتت پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له هاموشۆ له‌گه‌ڵ ته‌یفه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشدا یه‌كگرتوو نین. حدک بۆخۆی له شوورای دێموکڕاسیخوازان دایه. هێندێك لایه‌ن به‌دووی سه‌ڵته‌نه‌تته‌ڵه‌به‌کاندا ده‌ڕۆن. هێز هه‌یه له‌گه‌ڵ موجاهیدینه. له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌ڵێن چی و چاره چیه؟
نالێکی و نایه‌كگرتوویی بۆخۆی نه‌خۆشییه‌کی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییه (دیاره شتی وا هه‌یه که زۆرینه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی به‌ناو سه‌راسه‌ری له‌سه‌ری کۆکه، بۆ نموونه خه‌می ته‌واوه‌تیی ئه‌رزیی ئێران و ئه‌قڵیه‌تی ناوه‌ندگه‌را). بارته‌قای ئه‌و ناڕوونی و په‌رش و بڵاوییانه‌ی له ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا ده‌بینرێ، ڕوانین و ڕه‌فتاری ئێمه‌ش وه‌ک کورد له‌گه‌ڵیان جیاواز و نایه‌کده‌سته. لێره‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێکاری هاوبه‌ش بدۆزینه‌وه، پێویسته له‌پێشدا ڕوانگه و مێتۆدی ته‌عامولمان بکه‌ینه یه‌ك. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که له مانگه‌کانی ڕابردوودا باسی موجاهید و سه‌ڵته‌نه‌تته‌ڵه‌ب زۆر مه‌تره‌ح بووه، ئه‌وله‌وییه‌تی ئێمه وه‌ک حیزبی دێموکراتی کوردستان له جێیه‌کی دیکه‌یه. ئێمه به مێتۆدێکی ماهیه‌تی کار ده‌كه‌ین، واته له‌جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری له‌سه‌ر لایه‌ن یا که‌سایه‌تییه‌کی به‌ئیستلاح مه‌تره‌حتر بکه‌ین، تێکۆشاوین بۆ شکڵ‌گرتنی ئه‌و بلۆکبه‌ندییانه کار بکه‌ین که له‌وێدا نێوه‌رۆکی ویست و داخوازه‌کانی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران ڕه‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه. ئه‌وه‌مان له شووڕای دێموکڕاسیخوازانی ئێران‌دا کردووه، له‌گه‌ڵ هێندێك هه‌مایشی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له هه‌وڵ داین و به‌هیواین بتوانین دواتر ئه‌م جه‌مسه‌رانه‌ی که زۆرترین ده‌رکی پرسی ئێمه‌یان تێدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ، پێکه‌وه گرێ بده‌ینه‌وه. شه‌ڕی ئێمه له‌سه‌ر شکڵ و ناو و فۆڕم نییه، به‌ڵکوو شه‌ڕ له‌سه‌ر نێوه‌رۆکه. ئێمه هاوکات له‌گه‌ڵ یه‌کخستنی پایه‌داری نێوماڵی کورد و هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی دوفاکتۆیه‌كی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له ڕۆژهه‌ڵات، ده‌بێ به دووور له سنووربه‌ندیی ئیدئۆلۆژیی و فیکری و ته‌نانه‌ت به‌دوور له سنووربه‌ندیی مێژوویی و سیاسییش بۆ چه‌سپاندنی کاکڵی ماف و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان تێ بکۆشین. هه‌ربۆیه دانیشتن و دیالۆگ له‌گه‌ڵ هیچ ته‌یفێکی ئۆپۆزیسیۆن نابێ به عه‌یبه دابندرێ و پێویسته کوردی ڕۆژهه‌ڵات به یه‌كگرتوویی له هه‌موو مه‌حفه‌له‌کاندا بچێ قسه‌ی خۆی بکا و قورسایی بلۆکی خۆی نیشان بدا. ئه‌گه‌ر قبووڵمان بێ له‌گه‌ڵ هه‌مووان قسه بکه‌ین، پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌دی له‌گه‌ڵ کێهانه ڕێک بکه‌وین؟ لێره‌شدا ئه‌من له‌گه‌ڵ تابۆسازی نیم. ڕوانین و کارنامه‌ی سه‌رجه‌م ته‌یفه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن به چاک و خراپه‌وه ده‌رهه‌ق به کورد له‌سه‌ریه‌ك زۆر دڵخواز نیته، چونکه هه‌روه‌ک گوتم له‌لای زۆرینه‌ی ته‌یفه به‌ڕابردوو و مه‌تره‌حه‌کان ده‌مارگرژی بۆ ته‌واوه‌تیی ئێران و جۆرێك له بیری شۆڤێنیستی یا لانیکه‌م ناوه‌ندگه‌را زاڵه. هێندێک ته‌یفیش هه‌ن که پاشخان و ئه‌زموونێکی ناخۆشتر و تاڵتر له ته‌عامول له‌گه‌ڵ کوردیان هه‌یه. ئه‌وانه پێویسته پێشدا حازر بن پێداچوونه‌وه به‌و میرات و پاشخانه له زوڵم و ناهه‌قی له‌گه‌ڵ کورد بکه‌ن. چونکه هه‌ر به دروشم و قسه‌ی جوان ناکرێ متمانه‌یان پێ بکرێ.
نالێکی و ناهه‌ماهه‌نگیی هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات شێوه‌کانی خه‌باتیش ده‌گرێته‌وه. ده‌بینی مانگرتنێک ده‌بێ، هه‌ر لایه‌نه بۆخۆی خۆی لێ به خاوه‌ن ده‌کا. یان لایه‌نێک له‌پڕ ته‌ئکید له شێوازی چه‌كداریی خه‌بات ده‌کا و بۆخۆی به‌جیا به‌دوایدا ده‌چێ. لایه‌نیش هه‌یه وه‌ك حدک که وێڕای خه‌باتی پێشمه‌رگانه، سه‌رمایه‌گوزاری له‌سه‌ر خه‌باتی خه‌ڵک له نێوخۆ ده‌کا. ئه‌م نالێکی و ناهه‌ماهه‌نگییه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێ؟
پێش هه‌موو شتێک له‌و باوه‌ڕه‌دام که هیچ لایه‌نێک نابێ ئیدیعای ئه‌وه بکا که مۆنۆپۆلی شێوه‌یه‌ک له خه‌بات له ده‌ست وی دایه. بۆ نموونه حیزبی ئێمه له‌و ده دوازده ساڵه‌دا ڕچه‌شکێنی چوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ نێوخۆی وڵات و حزووری چه‌کداری بووه، ئاماری شه‌هیده تازه‌کانیشمان باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌م ڕاستییه‌یه. به‌و حاڵه‌ش، ئیجازه به خۆمان ناده‌ین بڵێین هه‌ر ئێمه چالاکی ئه‌و مه‌یدانه‌ین و لایه‌نه‌کانی دیکه باوه‌ڕیان پێی نییه. ئینجا، پێویسته کایه‌ی سیاسیی خۆمان له ته‌نیا شێوازێکی خه‌باتدا نه‌بینین. خه‌باتی ئێمه له هه‌رحاڵدا ده‌بێ خه‌باتێکی فره‌ڕه‌هه‌ند بێ و به یه‌كێک له شێوازه‌کانی خه‌بات کاره‌که‌مان بۆ جێبه‌جێ نابێ. دیاره ده‌كرێ هه‌ر وه‌رزه به‌پێی هه‌لومه‌رج و به‌پێی ده‌رفه‌ت و به‌ربه‌سته‌کان ئه‌وله‌وییه‌ت بده‌ینه یه‌کێک له شێوازه‌کانی خه‌بات. به‌ڵام ئه‌وه‌ش کاتێك سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ که پێکه‌وه له‌سه‌ری ساغ بینه‌وه و به هه‌ماهه‌نگی بیکه‌ین. به باوه‌ڕی خۆم دوو شت هه‌ن که وا باشه هیچ حیزبێک ئه‌مڕۆ به ته‌نیا و به‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه نه‌یکا، ده‌نا شته‌كه به‌رهه‌می چاوه‌ڕوانکراوی نابێ و هه‌م تێچووی ئینسانی و هه‌م تێچووی سیاسیی کاره‌كه له‌سه‌رێ ده‌بێ. یه‌كه‌میان خه‌باتی چه‌كدارییه، ئه‌وی دیکه وتووێژ له‌گه‌ڵ ڕێژیمه. سه‌باره‌ت به به‌ستێنی نێوخۆش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ریساله‌تی مێژوویی پرسی کورد له ئێران له‌سه‌ر شانی حیزبه‌کانه به‌تایبه‌تی حیزبی دێموکڕات، به‌ڵام حیزبێک کاتێك ده‌توانێ به‌ڕاستی کاریگه‌ر بێ و به‌رنامه‌ی خه‌باتگێڕانه‌ی خۆی جێبه‌جێ بکا که پشت به هێزی خه‌ڵک ببه‌ستێ و به کۆمه‌ڵگه‌ی خۆی وه‌سڵ بێته‌وه. لێره‌دایه که پێویسته ئێمه وه‌ك حیزبه‌کان هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێک که‌وین که متمانه و شه‌خسیه‌تی زۆرتر بده‌ین به چالاکانی نێوخۆ و هانیان بده‌ین که هه‌رچی له ده‌ستیان دێ بۆ هێنانه مه‌یدانی خه‌ڵک و به‌جه‌ماوه‌ریکردنی خه‌بات هاوکاریمان بکه‌ن. له‌ولاشه‌وه ئه‌وانیش ده‌بێ بزانین ته‌ئسیر و ئیلهامی زیاتر له حیزبه‌كان وه‌ربگرن و له ڕێگای ئه‌وانه‌وه باشتر به ره‌هه‌ندی سیاسی و مێژوویی پرسی کورد له ئێران وه‌سڵ ببنه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته متمانه‌ی زیاتر به چالاکانی نێوخۆ ببه‌خشین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی بۆیان ده‌کرێ بۆ له‌مه‌یدانادابوونی زیاتری خه‌ڵک بیکه‌ن. که‌واته هه‌ردوو به‌ستێنی شۆڕشگێڕی و مه‌ده‌نی له‌بری ئه‌وه‌ی به هه‌ڕه‌شه و موزاحیم و به‌دیلی یه‌كتر ببینین، پێویسته به ته‌واوکه‌ری یه‌كتریان دابنێین و پێکه‌وه‌ش به‌رنامه‌ڕێژیی ئه‌م هه‌ماهه‌نگسازییه بکه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ پشت به گوتارێکی هاوبه‌شی هه‌مه‌لاگیر ڕوو به نێوخۆی کۆمه‌ڵگه ببه‌ستین که هه‌موو جۆراوجۆرییه‌كانی نێو ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه چ له ڕووی فه‌رهه‌نگی و جوغرافیه‌وه، چ له‌ڕووی جنسیه‌تییه‌وه و چ له‌ڕووی فیکری و سیاسییه‌وه وه خۆ بگرێ.
سه‌باره‌ت به پێوه‌ندیی نێوان حیزبه‌كان خۆیان، هێندێک که‌س ده‌ڵێن ئه‌و حیزبانه‌ی دابه‌ش بوون مادام ناتوانن پێکه‌وه کێشه‌ی خۆیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن و یه‌ک بگرنه‌وه، چۆن ده‌توانن له ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کاندا پێکه‌وه کار بکه‌ن و له‌وێدا یه‌كگرتوو بن. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه کاتێك له فه‌زای مه‌جازیدا چاو له ڕه‌فتاری ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبه‌كان ده‌که‌ین، به‌ڕاستی ئه‌و نیگه‌رانییه لای خه‌ڵک دروست ده‌بێ که سبه‌ی ڕۆژ له مه‌یدان و له‌سه‌ر خاکی وڵاتی خۆیان چه‌نده ده‌توانن ته‌حه‌مولی یه‌كتر بکه‌ن و له به‌رامبه‌ر یه‌كتر ڕانه‌وه‌ستن؟
یه‌ک له‌و زه‌رووره‌تانه‌ی حیزبه‌كان له‌پێشیانه ئه‌وه‌یه که له چوارچێوه‌ی گونجاوی خۆیدا خه‌سارناسییه‌كی ڕابردووی گرژی و نالێکییه‌كانیان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له سبه‌ینێی ئاڵوگۆڕدا به‌هۆی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م نێوان ناخۆشی و نالێکییانه ده‌رفه‌ته‌كان بۆ کورد له‌بار نه‌چن یا ڕیزی کوردی ڕۆژهه‌ڵات لاواز و ناڕێك نه‌بێته‌وه. بۆ ئێستا ده‌مه‌وێ پێش هه‌موو شتێک جه‌خت له‌سه‌ر به‌رپرسایه‌تیی تاک بکه‌م که پێش ئه‌وه‌ی شتێک بکا یا شتێک بڵێ پێویسته بیر له ده‌ره‌نجامه‌کانی ڕه‌فتاره‌که‌ی بکاته‌وه. له به‌ستێنی جه‌معییشدا هه‌ر وایه و زێهنیه‌ت و ڕه‌فتاری لایه‌نه‌کان کاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كتر داده‌نێ. به‌ڵام ئه‌وه که مادام حیزبه پارچه بووه‌کان ناتوانن یه‌ك بگرنه‌وه ده‌بێ له یه‌كگرتنی وانیش بێ ئومێد بین، ئه‌من وا فکر ناکه‌مه‌وه. موشکلێک هه‌رچه‌ند گه‌وره‌ش بێ، کاتێك خرایه نێو زه‌رفێکی گه‌وره‌تره‌وه، له‌وێدا چووکتر ده‌نوێنێ. ده‌بێ بزانین که ژینگه و به‌ستێنه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری سیاسیی تاکه‌کان و لایه‌نه‌کان هه‌یه. حاشای لێ ناکرێ که دوو حیزب که له ته‌عامولی نێوانیاندا هه‌ر له فکری حه‌زف و ته‌زعیفی یه‌كتردا بن، له چوارچێوه‌ی فراوانتریشدا ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته بڕۆن و ئه‌گه‌ر هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی نه‌که‌ن، ده‌توانن ئه‌وێش وێران و نه‌زۆک بکه‌ن. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وێدا لایه‌نی دیکه‌ش هه‌ن و ئه‌ساسه‌ن سووڕه‌تی مه‌سه‌له‌که له‌وێدا جیاوازه، ورده ورده به قه‌واعیدێکی دیکه‌ی بازی ڕادێن که ده‌توانێ له زه‌ره‌ره‌كانی ڕکابه‌ری و ململانه‌ی ڕاسته‌وخۆ و دوولایه‌نه‌یان که‌م بکاته‌وه.
له‌سه‌ر فۆرموولی چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران پێت وایه ده‌بێ چی بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م مه‌سه‌له ستراتژیک و ئه‌ساسییه‌دا حیزبه‌کان هه‌ماهه‌نگ بجوڵێنه‌وه؟
لایه‌کی مه‌سه‌له‌که هه‌بوونی تریبوون یان ئالییه‌تێکی یه‌كگرتووی نوێنه‌رایه‌تیکردنی کوردی ڕۆژهه‌ڵات ڕوو به دنیای ده‌ره‌وه و هێزه‌کانی پێکهێنه‌ری ئالترناتیو و ده‌سه‌ڵاته. لایه‌نی دیکه‌ی کاره‌که ڕوانگه‌مان بۆ جۆری چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێرانه. پێشتر گوتم ئیجماعێکی نیسبی هه‌یه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا کورد خاوه‌نی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس و ته‌نانه‌ت جیابوونه‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ماف و مه‌وجودییه‌تی به‌ڕاستی له ئێران‌دا ته‌زمین بێ، به هۆکاری سیاسی هێشتا قابلییه‌تی کارکردن له‌سه‌ر فۆرموولێکی پێکه‌وه ژیانی گه‌لان له ئێرانی تێدایه، جا ئه‌و فۆرمووله هه‌رچییه‌ک بێ. بۆ سیاسه‌ت و کارکردنی هاوبه‌شیش له‌سه‌ر ئه‌وه، پێم وایه ده‌توانین پره‌نسیپێک له‌پێش خۆمان دابنێین که بریتییه له ئینعتاف له فۆرموولی گشتیی ئێران‌دا به‌ڵام پێداگری سه‌باره‌ت فۆرموولی تایبه‌ت به کورد. مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران هه‌م گرێدراوه به باقیی ئێران هه‌م تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه. به‌و مه‌عنایه که کورد نابێ غافڵ بێ له هاوچاره‌نووسی له‌گه‌ڵ لایه‌ن و پێکهاته‌کانی دیکه‌ی نێو ئه‌و وڵاته و نابێ ئینکاری پێویستیی دێموکراسی بکا (چونکه دێموکراسی که‌مه‌که‌شی هه‌ر سوودی زۆره بۆ میلله‌تی ئێمه). به‌ڵام کورد ده‌بێ پێش هه‌موو شتێک مافه‌کانی خۆی و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی و جوغرافیایی خۆی بۆ گرینگ بێ. بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته ده‌ستئاوه‌ڵایی ته‌واوی هه‌بێ بۆ ئه‌وه که به‌ده‌ر له کوللی ئێران داوا بکا مه‌سه‌له‌ی کوردستان حه‌للی تایبه‌ت به خۆی وه‌ربگرێ. ئه‌وه‌ش هیچ دژایه‌تیی نییه له‌گه‌ڵ فیدرالیزم یا لامه‌رکه‌زیکردنی سه‌رجه‌م وڵات. زۆر وڵاتمان هه‌یه (بۆ نموونه ئیسپانیا) که له‌ودا وێڕای سیستمی هاوبه‌شی ئیداره‌ی وڵات، گه‌ل یا پێکهاته‌یه‌ک ستاتووسێکی پێ دراوه که له ستاتووسی پێکهاته‌کانی دیکه جیاواز و له‌پێشتره. ئه‌و ئینعتاف و ده‌ستئاوه‌ڵاییه هه‌روه‌ها ده‌بێ به مانای ئه‌وه بێ که مادام کوردستان ستاتووسی موسته‌حه‌قی خۆی هه‌بێ، کێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ شکڵی حکومه‌تیی سه‌رجه‌م وڵات نییه. بۆ نموونه ئێمه له به‌رنامه‌ی خۆماندا گوتوومانه سیستمی کۆماری و فیدرالی ده‌توانێ ده‌سته‌به‌رێکی پێکه‌وه‌ژیانی دادپه‌روه‌رانه و ئاشتییانه‌ی گه‌لانی ئێران بکا. مانای ئه‌وه‌یه که وێڕای ئه‌رجه‌حییه‌تمان بۆ سیستمی کۆماری و فیدراڵی، شه‌ڕی ئێمه به پله‌ی یه‌كه‌م سیستمێکی حکومه‌تیی دیاریکراو بۆ سه‌رجه‌م وڵات نییه به‌مه‌رجێک له ماهییه‌تدا ئه‌و سیستمه گشتییه ژینگه‌یه‌کی له‌بار بۆ جێبه‌جێبوون و پاراستنی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی ئێمه بڕه‌خسێنێ. له دنیادا زۆر نموونه‌مان هه‌یه که فیدراڵیشن و کۆمارییش نین.
ته‌وافوق له‌و نێوه‌دا چ جێگایه‌كی هه‌یه؟
له به‌رامبه‌ر یه‌كتر دانانی ته‌وافوق و دێموکڕاسی له‌ڕووی عیلمییه‌وه هه‌ڵه‌یه. جیا له‌وه که هه‌موو سیستمه دێموکراتیکه‌کان له‌ڕاستیدا به‌رهه‌می ته‌وافوقی نێوان نوخبه‌کانی نوێنه‌ری فره‌چه‌شنییه‌كانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ن، ئه‌م له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردانانه کورتکردنه‌وه‌ی دێموکڕاسی له دێموکڕاسیی ئه‌کسه‌رییه‌تیدایه. دێموکڕاسیی ته‌وافوقی بۆخۆی یه‌كێک له شکڵه‌کانی دێموکڕاسییه. به‌رنامه‌ی حیزبی ئێمە هه‌ر له‌دوای کۆنگره‌ی چارده‌وه کۆمه‌ڵێک پره‌نسیپی تێدا هاتووه که ته‌عبیر له دێموکڕاسیی ته‌وافوقی ده‌كه‌ن.