کۆچی‌دوایی کچە لاوێکی تێکۆشەر، لە وڵاتی نوروێژ

بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی، کیژۆڵەی لاو و خاوەن هەست خاتوو ” سۆنیا باختە” ئەندامی چالاکی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کچی پێشمەرگەی قارەمان و تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، هاوڕێ لوقمان باختە، پاش ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی، دڵە لاوە پڕ لە ئاواتەکەی لە لێدان کەوت و، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو سۆنیا ساڵی ١٩٩٥ی زایینی لە ئامێزی گەرمی بنەماڵەیەکی شؤڕشگێڕ و پێشمەرگە چاوی بە دنیا هەڵهێنا.
بەهۆی پەیوەست‌بوونی باوکی بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەکەمانەوە، لە ژێر ئاگری موشەکباران و تۆپبارانی تێرۆریستەکانی ڕژیمی ئیسلامی دا لە دۆڵی ئاکۆیانی ناوچەی ڕانیە مانگ و ساڵەکانی سەرەتای ژیانی تێپەڕاند و تا سەرئەنجام بۆ پاراستنی گیانیان هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوویان لە ئورووپا کرد و، لە وڵاتی نۆروێژ گیرسانەوە.
هەبوونی باوک و مامێکی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە بەس بوو بۆ ئەوەی سۆنیاش هەمان ڕێچکە بگرێتە بەر و ڕێگا و ڕێبازی باپیری شەهیدی درێژە پێ بدا، هەر بۆیە لە دەروەی وڵاتیش رووی کردە یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، وەک لاوێکی خاوەن هەست و بە ورە، دەستی بە تێکۆشان بۆ ناساندنی ماف و داواکارییەکانی گەلەکەی بە خەڵکی نۆروێژ و کۆڕ وکۆمەڵ و ڕێکخراوە نۆروێژییەکان کرد.
سۆنیا لە ڕیزی چالاکترین ئەندامانی ڕێکخراوی لاواندا بوو و دوو دەورە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوە بوو.
ئەو بە دەگمەن چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوە هەبوو کە تێیدا بەشدار نەبێ و، وەک باڵوێزێکی لێزان و دڵسۆز ئازارەکانی گەلەگەکەی بە هاووڵاتیانی نۆروێژی دەناساند.
سۆنیا کچێکی خاوەن هەست، کورد خۆشەویست و چالاک بوو. لە ژیانی ئاسایی خۆیدا خوێندکارێکی زیرەک و وەرزشکارێکی بەتوانا بوو. بە داخێکی زۆرەوە نەخۆشی و ناسازی لەو چەند ساڵەی دوایی‌دا بڕستیان لە بەر بڕی، بە جۆرێک کە چەندین ساڵ لە ژێر چاوەدێری چڕی پزیشکی دابوو، بەڵام مخابن هەوڵی پزیشکەکان بێسوود و سەرئەنجام بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، لەکاتێکدا کە خۆی بۆ پێک هێنانی ژیانی هاوبەش ئامادە دەکرد، دڵە پر لە هیوا و ئاواتەکەی لە لێدان کەوت و، کەسوکارو بنەماڵەو هاوڕێیانی تاسەبار کرد.


وەک بەرێوەبەرانی ماڵپەری گیارەنگ بە بۆنەی کۆچی دوایی خاتوو ” سۆنیا باختە”وە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی باختە و میران، بە تایبەت هەردووک هاوڕێی ئازیزمان کاک لوقمان و کاک سەعید باختە و ئەندامانی بنەماڵەکەیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.