شەڕی مازوار ١٩٨٥- ١٣٦٤. نووسیمی: ئەحمەد حوسێنی

حیزبی دیموکڕات بە پێی هەڵ و مەرج و پێداویستەکانی شێوەی خەباتی پێشمەرگانە ، ناوە ناوە لە ئۆرگانەکانی بەڕێوەبەری خۆی ، لە شێوەی ڕێکخستن و سازمان دان دا , ئاڵ و گۆڕی پێک دێنا، دواتر لە جەرەیانی کارکردی ئەو بەڕێوە بەریە نوێیە دەر دەکەوت ، ئەو ئاڵ و گۆڕە چەندەی سەرکەوتن بە دەست هێناوە.

بۆ باشتر بەڕێوە چوونی تێکۆشانی حیزب لە جنوبی کوردستان , ئۆرگانێکی تازە دامەزراو هەبوو بە نێوی ناوەندی ئاژوان ، ئەرکی ئەو ناوەندە پێک هێنانی هاوئاهەنگی و سەرپەرەستی کردنی کۆمیتەکان و هێزەکان ،لە ناوچەکانی ،سنە – سەقز – مەریوان – دیواندەرە – هەوشار – کرماشان و کامیاران – بوو ، کە دەیان وسەدان کادر و پێشمەرگەی لەو بەشانە لە خۆ دەگرت ، مەکۆی نیشتەجێ بوونی ناوەندی ئاژوان بە زۆری لە ناوچەی شلێر بوو، کەسانی وەک کاک باباعەلی مێهرپەروەر، کاک نەبی قادری و کاک هومایون ئەردەڵان ، لە بەڕێوەبەران و ئەندامە سەرەکیەکانی ئەو ناوەندە بوون و هەر وەها پێشتر کەسانی دیکەش ھەبوون.

پاییزی ساڵی ١٣٦٤ دەبوو ، هەموو کۆمیتە وهێزەکان نوێنەرانی خۆیان بۆ بەشداری لە بەستنی کۆنگرەی حەوتەمی حیزب دیاری بکەن ، ئەو نوێنەرانەش لە گەڵ بەڕێوەبەرانی ناوەندی ئاژوان پێکەوە ، بگەڕێنەوە دەفتەری سیاسی و بەشدار بن لە بەڕێوە چوونی کۆنگرەدا ، بە هۆی نزیکی شلێر لە ناوچەی سەقز و هەڵکەوتوویی ناوچەکە هێزەکانی دیکەش دەبوو هەموو بهاتنایە ناوچەی سەقز و لەوێوە ڕێگەیان بەرەو دەفتەری سیاسی درێژە پێ بدەن.

ئەو بەشە لەو کادر و پێشمەرگانە کە پێویست بوو بگەڕێنەوە بە نوێنەر و غەیری نوێنەرەوە ڕادەیان ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ کەسێک دەبوو ، یەکمان گرت ، بە نیازی گەڕانەوە بۆ بەشداری لە کۆنگرە ، لە بەرپرسان و فەرماندەکان ئەم بەڕێزانەم دێتەوە یاد ! بابەعەلی مێهرپەروەر بەرپرسی ناوەندی ئاژوان، ، هومایون ئەردەڵان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەقز ، فەتاح عەبدولی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سنە، تەیمور مستەفایی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی دیواندەرە ، سەید کامیل حەیدەری بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی هەوشار، (چەند مانگ پێشتر شەهید بوو, حەسەن ئوستادی لە جێگای سەرپەرەستی کۆمیتەی هەوشاری دەکرد) هەر وەها لە گەڵ چەندین کەس لە کادر و ئەندامانی کۆمیتەی شارستانەکان، فەرماندە نیزامیەکان بریتی بوون لە، مەنسووری فەتاحی ، عەوڵا عەبدی (سەلبێ)حەمەعەلی لەیلاخ، شۆڕش باشماخی (سدیق) جەعفەر کۆمەڵە (دیواندەرە) ، لە گەڵ زۆرێک لە سەر لک و سەرپەلەکان و دەیان پێشمەرگەی قارەمان.

سەرەتا ویستمان لە مەسیری حەوتاش بۆ ناوچەی بانە ڕوو لە باشوری کوردستان بکەین (گەورەدێ) ، بەڵام لە گەڵ کەمینی کۆمەڵە بەرەو ڕوو بوین و دواتر ڕێڕەوی چوونەوەکەمان گۆڕی، بادانەوەیەکی نابە دڵ بەرەو ئاواییەکانی ڕوو لە خوارەوەی ناوچەی سەرشیوی سەقز.

لە ڕێکەوتی (٣٠،٨،١٣٦٤) چوینە ئاوایی مازوار لە ناوچەی سەرشیو، بە هۆی زۆری ئێمە و کەمی ئاوایی مازوار کە ٣٥ ماڵ بوو ، مەجبوور کەوتین بەشێکمان لە سەر بانی ماڵەکان بخەوین ، فەرماندەکان هێزەکانیان دابەش کرد و بۆ ئامادە بوون لە بەرانبەر هەر ڕوداو و ئەگەرێک، دەس نیشانی شوێنەکان کرا بوو کە شەو کەمینی لێ دابنرێ ، بەمشێوەیە پێشمەرەکانی ناوچەی سنە (شەریفزادە)بۆ شاخی تەپە بانکیلێ زاڵ بە سەر جادەی سەقز – مەریوان و شوێنی مانەوەمان واتە ئاوایی مازواری سەرشیو

پێشمەرگەکانی ناوچەی سەقز (عەزیزی یوسفی) بۆ شاخی بەردە قەل بەرزترین لوتکەی زاڵ بە سەر کۆی گشتی بەشێک لە ناوچەکانی خوڕخوڕە و سەرشیو

پێشمەرگەکانی ناوچەی هەوشار(هێزی شەهیدانی هەوشار) بۆ شاخەکانی کونە گورگ – ڕووشەکەی سەرجۆ ، کە دەڕوانن بە سەر ئاواییەکانی سرنجاخ و قەرەبوغرە لە ناوچەی خورخورەی سەقز

پێشمەرگەکانی ناوچە دیواندەرە ( هێزی شەهیدانی دیواندەرە ) کە دابەش ببون بە سەر باقی هێزەکانی دیکەدا.

لەکات ژمێر دووی شەو دا هەر بەشە بۆ شوێنی دیاری کراویان بە شاخ دا سەر دەکەون و تا کاتی دیاری کراو لە کەمین دا دەبن.

سەرمای ناوچەی سەقز بە هۆی شاخاوی بوونەکەیەوە بەناو بانگە ! پاییز بوو بە سەرمای شەو لە کەمین دا بوون سەخت بوو، بە ڕووناک داهاتنی هەوا هەر کەمینە و لە حاستی خۆیەوە بەرەو ئاوایی دێنەوە، لە پێش دا پێشمەرگەکانی ناوچەی سنە (هێزی شەریف زادە)شوێنی کەمینەکەیان بە جێ دەهێڵن و دێنە خوار ، چمەس پاسدار هەر دوای ئەوان دەگەنە شوێنەکەیان و دەست بە سەر شاخی تەپە بانکیلێ دا دەگرن کە زاڵە بە سەر ئاوایی مازوار دا هەر هەمومان لەوێ بوین.

دواتر پێشمەرگەکانی سەقز(هێزی عەزیزیوسفی) دێنە خوار ، دەبینن کە ئەو شاخە نەفەراتی پێوەیە ، بەڵام وادەزانن هەر هاوڕێکانی خۆیانن لە هێزی شەریف زادە.

،بەبێ چەک کۆتەکەم دابوو بە سەر شانما و کەوش لەسەر پێ بێ خەم لە گەڵ چەند هاوڕێی تر بۆ شۆردنی دەمو چاومان بەرەو کانی نزیک ئاوایی دەچوین.
ئەونەمان زانی شۆڕش و حەمەدەمین باشماخی و چەند کەسێکی دیکە بە پەلە هاتن ، وتیان لای سەرومان پاسدار گرتویەتی، گورج و گۆڵ و خۆیان ئاسا کوڕەخاسەکانی باشماخی بە ئارپیجی کەوتنە وێزەی پاسدار و پێشمەرگەکانی سنەش پەلاماریان بۆ شاخ دەست پێکرد ، دەیان پێشمەرگە لەهەموو لایەکەو ە دەستیان دایە پەلامار بردن و خۆیان گەیاندە چەند میتری دوژمن و شەڕی دەستەو یەخەو و نارنجەکیان بە سەر دا سەپاندن .
پاسدار شوێنیان قایم و بەرز ، زاڵ بە سەر ئاوایی و بەرەی شەڕدا، دەوری سەعاتێکی خایاند بە بەجێ هێشتنی نزیکەی بیست جەنازە و ڕاکێشانی بریندارەکانیان پێشمەرگەکانی هێزی شەریف زادە دەستیان گرتەوە بە سەر چیای تەپە بانکیلێ.

تا ئێوارە دوو جار ئەو شاخە لە لایەن پاسداران و پێشمەرگەکان دەستا و دەستی پێکرا ، لە نەهایەت دا هەر کەوتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەکان ، سەخت ترین شوێنی شەڕ ئەوێ بوو بە هۆی ئەوەی زۆر نزیک بوو لە جادەی ئەسڵی ڕژیم سەدان شەڕکەری بە داوێنی ئەوشاخەدا هەڵگێڕابوو.

لە بەرەکانی شاخی (کونە گورگ) و( ڕووشەکەی سەرجۆ)-ش ڕوو بە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز زاڵ بە سەر ئاوایی سرنجاخ دا قارەمانانی ناوچەی هەوشار حەماسەیان خولقاند لە یەکەمین پەلاماردا دوازدە جەنازەیان بە دوژمن بەجێ هێشت.

پێشمەرگەکانی ناوچەی سەقزیش لە شاخی بەردە قەل، هەموو ئەو هێرشانەی بۆ گرتنی ئەو خاڵە ستراتیژیە ، بەرزترین شوێنی شەڕگەکان لە پیلانی دوژمن دابوو بە شەڕی خۆنەویستانە تێک شکاند ،کوژراو و برینداریان دا بە کۆڵیان دا و پاشەکشەیان پێ کردن ، لە دەست بە سەرا گرتنی ئەو شوێنە سەرەکیە دوژمنیان تا کۆتایی شەڕ نائومێد کرد ،

فەرماندەکانی دوژمن لە هەموو لایەکەوە کەوتنە خۆ و هێزی زۆرتریان هێنایە مەیدانی شەڕ ، تا دەهات شەڕەکە گەورە دەبویەوە.

فەرماندەکانی پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی تەواو شەڕگەکانیان کۆنتڕۆڵ و فەرماندەهی دەکرد ، دوژمن چەکە قورسەکانی لە هەموو لایەکەوە لە مەیدانی شەڕ نزیک کردنەوە و خستنیە کار ، هێلی کۆپتێرەکان خۆیان گەیاندە ئاسمانی شەڕ و ڕاکێت بارانیان دەست پێکرد.

ساڵەی قەدیمی پێشمەرگەی ‌هێزی شەهید عەزیزی یوسفی دەڕوانێ بەرەو ئاسمان و ڕوو لە کۆپتێرەکان دەکا ! ئەڵێ ! سەگ بابینە! خۆ هەر من زیدی ئینقلاب نیم ! کاک ،،،،ش- زیدی ئینقلابە بۆ هەر بۆ لای من بەڕێ دەکەن بۆ لای ئەویش بتەقێنن.

شەڕ بە توندی تا دەور و بەری سەعاتی چوار بۆ پێنج درێژەی کێشا ، فەرماندەکانی دوژمن لەوە دڵنیا بوون بەرانبەر پێشمەرگە سەرکەوتنیان بە نسیب نابێ ، هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئاگری توندی تۆپخانە و خومپارەباران چڕ کردوە ، بە سێ چوار تۆپخانە و لە چەند لاوە کەوتنە ئاگربارانی هەر چی زیاتری شاخ و دۆڵ و دەرەکانی ئەو ناوە کە بەداخەوە لە ئاکام دا.

ڕەزا حسەین زادە کە برا گەورەکەی ( سیامەک) پێشتر لە ناوچەی سنە بریندار ببو بە سەر وڵاخێکەوە بوو ، ئاگاداری و هاوکاری کاکی دەکرد! لە بەر چاو و پەنای براکەی بە پڕیشکی تۆپ شەهید بوو،

هەر وەها دوو قارەمانی دیکەی هیزی شەریف زادە بە ناوەکانی ، محەممەد فاتحی و حەمەی فەرهادی، شەهیدبوون

لە کوڕە بەجەرگەکانی هەوشار ، عەزیز شێری، کادر شەهید بوو

لە هێزی عەزیز یوسفی ئەحمەد شینە جانی شەهید بوو (بەسەر هاتێکی تایبەتی هەیە) و سەرجەم ١١ بریندارمان هەبوو ،کە لەهەموو کۆمیتە و هێزەکانی بەشداری ئەو شەڕەی تێدابوو.

دوژمن بە دەیان کوژراو و برینداری هەبوو، جەنازەی زۆربەیان لە مەیدان بە جێ مابوون چەک و چۆڵەکانیان کەوتە دەست پێشمەرگەکان

ئێوارە لە پشتی ئاوایی قەرەبوغرە لە شوێنێک بە ناوی ( سێفە سوور) کۆ بوینەوە، کاک بابەعەلی قسەی بۆ پێشمەرگەکان کرد و پاشان دریژەمان بە جەولەی خۆمان دا ، کە ئەویش خۆی داستانێکی دیکەیە و لە بەشی دووهەمی ئەم بەسەرهاتە باس ئەکرێ

جۆرێک لە غرور و کێبەرکێی نەبینراو ، لە نێو پێشمەرگەکان بەدی دەکرا ، ئەگەر هێزێک فشاری لە سەر بوایە دەیان وت هێزی کۆمەگیتان بۆ بنێرین؟ قەبوڵ یان نەدەکرد! پێان وابوو هەر دەبێ خۆیان سەرکەوتنەکە تۆمار بکەن هەر واش دەرچوو

خوێنی ڕژاوی قارەمانانی سنە و سەقز و هەوشار و دیواندەرە پێکەوە لەو ڕۆژەدا لە چیا و دۆڵەکانی سەر شیو و خوورخوڕەی سەقز ببوونە هەوێنی یەکڕیزی و کۆڵنەدان لەکاتە دژوار و ئاستەمەکاندا
ئەو دەرسانە پێمان ئەڵێ ! نابێ دەست لە ئاڵقەی هیوا بە داهاتووی گەش بۆ گەلەکەمان بەربدەین و سەرکەوتن بۆ گەلە و ڕووڕەشی بۆ دوژمنانی گەل.

…………………………….
b_300_220_16777215_00_images_Bireweri_pm_seqz1.jpgبە ناو بەفر و کڕێوەدا – 1364
بەشی ٢

لە دوای شەڕی ناوچەکانی سەرشیو و خوڕخوڕە (بەرزاییەکانی ،بانکیلێ-کونە گورگ – ڕووشەکەی سەرجۆ – بەردە قەل) هەوڵدان بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست و بەشداری لە بەستنی کۆنگرەی حەوتەم بەردەوام بوو،
گوندەکانی ناوچەی سەرشیومان بە دوای یەک دا تێپەڕ دەکرد، بەفرێکی چاک باری بوو ، بۆ نان خواردن و هەڵگرتنی توێشووی ڕێگا بە نیازی خۆ گەیاندن بە ناوچەی بانە ، چوینە ئاوایی قەبەغڵوو لە دە کیلۆمیتری شاری سەقز ، پاش وچانێکی باش و دەر کردنی ماندویەتی ، دواتر پشت لە شار و ڕوو لە چۆڵەوانی کەوتینە ڕێ.

هاوتەریب لە گەڵ ڕێگەی سەرەکی سەقز- بانە, بەلای دەستی چەپەوە ، سنووری ئاواییەکانی ، مازوارە، چراغۆیس، تەموتە – کەندەسوورە و قەبەغڵووجەمان تێپەڕ کردن ، بەفر و تۆف و بەندێکی ناخۆش بوو ، هەنگاوەکانمان بە هێواشی دەنا ، بۆران و کڕێوە و کزەبا کارێکی دەکرد مەجبوور زوو زوو دەبوو برژۆڵی چاوەکانمان (پێڵوو، برژانگ) وەک بەفر پاککەرەوەی شوشەی ماشێن بسڕینەوە.

بۆ ئەوەی لە یەکتر ون نەبین، پێویست بوو هەنگاو نانمان لە یەکتر دوور نەبێ ، بە نیازین خۆمان لە سنووری سەقز و شەوی کوولە مەرگی خەلاس کەین و بگەینە ناوچە جەنگەڵیەکانی بانە و مۆتەکەی بەفر و سەرما لەشان و مل داماڵین و بریندارەکان هەرچی زوتر دەر باز بن.

کاروانێکی دوور و دریژ بە شوێنە هەڵەمووت و شاخاویەکانی پیرەو مەران و قوڵقوڵە دا خەریکین سەرئەکەوین.
لە سەفی دواوە لە چۆمی پیرەوەمەران بەرە و قوڵقوڵە ڕێمان دەبڕی ، گەلە گورگێک (چوار- پێنج، دانە) بە دوامانەوە بوون، بۆنیان بە جی پێکانمانەوە دەکرد و تەماحیان لە ئێسترەکان کردبوو دوور و نزیک هاوڕێیەتیان دەکردین ، لە دڵی دابوون نە مافی کوشتنی ئەوانمان هەیە و نە ئیجازەی تەقە کردن بۆیە بێخەم بوون ،بە چاوە تیژەکانیانەوە هەڵوەدای دەرفەت بوون ، هەر دوولامان زیاتر بە شەو دەگەڕاین

لە سەفی دوور و درێژی پێشمەرگەکان دا جار و بار هەڵوێستەیەک دەکرا و فەرماندەکان بۆ دڵنیا بوون لە هەڵنەبڕان و نەپچڕانی ڕێچکە و ڕێڕەو ، ون نەبوون لە یەکتر ، کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان دەکرد، بە درێژ بونەوەی ڕێگا و گەیشتن بەلووتە و ژووری کوێستانە بەفر گر و پشوو بڕەکانی پشتی ئاوایی قوڵقوڵە ( بناری بەردە – هەوارە پان – کونە قەل) وردە وردە پرتەو بۆڵەی ماندویەتی و شەکەتی ڕێگا لە دەمی هێندێک هاوڕێمان دەبیسترا ، خۆڕاگری لە درێژەی بەردەوامی بڕینی ڕێگە لە کزیی دابوو
،
ئەو نەفەراتەی لە پێشەوە بوون و ڕچەیان دەشکاند (ڕچە شکێنەکان) لە هەموان زیاتر ماندوو دەبوون ، ڕچە شکێن دەبوا، بە، لە سەر خۆیی لاقێکی بەرز بکاتەوە و چەند جار بە پێ لاقە بەفرەکە بشێلێ تا بگاتە سەر پتەویی و بتوانێ هەنگاو بەرە و پێشەوە بنێ و ڕێچکەی کاروان بە دوا خۆی دا ڕێنوێنی و پەل کێش بکات

هەوڵ و تەقەلای بێ وچان بۆ دەر باز بوون لە ماندویەتی خەریک بوو بە تەواوی تەنگمان پێ هەڵچنێ
تا زیاتر ڕێگەمان دەبڕی هێز و وزەی زیاترمان لە دەست دەدا و هەنگاوەکان زیاتر بەرە و شل بوونەوە دەچوون ، وای لێهات کەسانێک بە ئاشکرا بێزاری خۆیان دەردەبڕی و خۆیان لە سەر بەفر ڕادەکێشا و دەیان وت ، توانای ڕێگە بڕینمان نەماوە ، دەبوو لێیان بپاڕێیتەوە و ورەیان لە بەر بنێی و بڵێی ئەونەمان نەماوە بگەینە مەنزڵگە

هەر چۆنێک بوو گەیشتینە سنوری چیاکانی نیوان سەقز و بانە و شۆڕ بوینەوە بەڕوکاری ناوچەی بانە دا و ئاواییەکانی سونجی سەرو ، سەر سونج، بنەخوێ ،بەلوە و چەندشوێنی ترمان لێ دەر کەوتن.

تیمی پێشڕەوی پێشمەرگەکانی هەوشار کە سەید موحەمەد هەوشاری لە پێشەوە دەبێ دەگەنە ئاوایی سونج سەید لە خۆشی ئەوە گەیشتوەتە جێ و لە ناو ئاوایی ماڵێک دەبینێ ، چرا تۆڕێکی لێ هەڵکراوە ، بە لەهجە تایبەتیەکەی خۆی ڕوو بە كوڕانی هەوشاری ئێژێ ( قوروانتان وم ، هەڕاکەن ، بڕژنە ئەو ماڵە ، دامەرزن ، فرە خۆش دیارە، بەش قاوەتونیش نان و چتە لە تەک خۆتانا هەڵگرن) چمەس کۆمەڵەش لەوێ دەبن
یەکسەر تەقە لە سەید محەمەد دەکەن گرمۆڵە ئەبێ و برینێکی سووک هەڵدەگرێ، بەمجۆرە تەقە دەس پێ دەکا و مەجبوور دەبن ئاوایی بەجێ بێڵن و سەید بە برینداری لە گەڵ خۆیان دێننە دواوە ، نەگبەتی بە جێی خۆی، قۆرتەکانی خراپە

بەو سەرما و تۆفانە شەڕ فایدەی نەدەدا ، مەجبوور بڕیار درا بگەڕێنەوە بۆ ئاوایی قوڵقوڵە کە چۆڵ و هۆڵ بوو ، زیندە بە ڕۆحی (زینەوەر) تێدا نامابوو
هێزێکی شەکەت و ماندوو ، هەوایەکی سارد و بێ ڕەزا، هێسرەکان ئەوەندە لە بەفر چەقی بوون لە خۆمان خراپتریان بە سەر هاتبوو ، یەک دوو ئێسترمان هەر لە نزیک ئاوایی واز لێ هێنان، بە زەحمەت ودەردی سەری زۆر خۆمان بە ناو ماڵە تاریک و تنۆکەکانی قوڵقوڵە دا کرد.
لە نێو ماڵە کۆنەکاندا لە کەنوی (کەندوو) قوڕینەدا بڕێك ئارد ، لە کەلێن و قوژبنی ناو کەلەوا ڕوخاوەکاندا ، کەمێک شتومەکی ناو ماڵ بە جێ مابوون، پێشمەرگە ئارد و ئاو تێکەڵ دەکەن و دەیشێلن و بە دار و پەردووی کۆنە خانوو ئاگر لە تەندوور دا دەکەونە و دەست ئەکەن بە نان دروست کردن.

سۆفی مەحمودی هەوشاری بە دوا خوێ دا دەگەڕێ ! چاو ی بە شتێکی سپی دەکەوێ ! خۆشحاڵ ئەبێ و ئەڵێ ، کوڕیەل ، خەمتان نەوێ، خوێی زبریچم (درشت) دۆزیە سەو مشتێكی لی دەکاتە ناو هەویرەکە و دەس لە دەس و قەوەت لە خوا ، نانی ئەستوور ئەستووری لێ دروست دەکەن.

پاش کەمێک لە خواردنی ئەو نانانە ، هەموو ئەو پێشمەرگانەی لەو نانەیان خواردبوو کەوتنە حاڵەتی ئیسهاڵ و ڕشانەوە ! ڕێگە بەر ڕێدار نەدەکەوت لێی دانیشن، هەر کەسە و دەستی بە دۆخینی پاتۆڵەکەیەوە بوو (بەندەخوێن -هۆجەنە) هەڵدەهات کەلێنێک بدۆزێتەوە فریا بکەوێ ، خۆی پیس نەکات(بە خۆیدا نەڕی)، ئەمجار کەوتنە باس و خواس چی بوە ؟ چی ڕویداو ە؟ مەعلووم بوو سۆفی مەحمود لە جیاتی خوێ !؟ کوودی شیمیایی کردۆتە ناو هەویرەکە، بەشێکی دیکەش لە پێشمەرگەکان خۆش شانس بوون هەنگوینیان دۆزیبوەوە شەهید سەلاحی مورادی هەنگوینی بەشی منیش دا.

لە ئاسمان زیاتر هیج کوێ بەدەرەوە نەبوو شاخ و داخەکان لێوا و لێو بوون لە بەفر ، زۆربەمان داڵغە لێی داوین و فکرمان مەشغوڵە و زەینمان خستۆتە کار ، چ بکەین ؟ چۆن بکەین ؟

نزیک نێوەڕۆ ، ئاسمان بەرە و ساماڵ بوون ڕۆیشتبوو ،لە لای لابەلاوە خواو ڕاسان ، کابرایەک بە دە دوازدە سەر بزنەوە پەیدا بوو، وابزانم لە ئاوایی کەرەویانەوە هاتبوو، دەیویست بیان بات بۆ ناوچەی بانە ،قەناعەتی پێ هێنرا، چەند سەر بزنمان پێ بفرۆشێت ، لێمان کڕی و بە خواردنی گۆشتەکەیان بڕێک بوژاینەوە .
لەو سەرما و سۆڵە دا وزەیەکی باشمان وەرگرت و ملی ڕێگەمان گرت و ڕێڕەومان بۆ سێهەمین جار گۆڕی
،
خۆ قەرار نیە لە هەموو هەورێک هەر ببارێ ، بە داوێنی کەلی خان دا (گەردەنەی خان ) گەیشتینە ناوچەی بانە و چوینە ئاوایی سەدبار و دواتر بەرە و گوندی نجنێی ژوورو ، بەشێک لە پێشمەرگەکانمان لە گەڵ ئەوان لە ناوچەی بانە هێشتەوە و ئەوانی دیکەشمان بە هاوکاری هێزی ئاربابا خۆمان گەیاندە بنکەو بارەگا سەرەکیەکانی حیزب لە باشوری کوردستان،

لە کۆنگرە دا بەشداریمان کرد، ناوی کۆنگرە ( چل ساڵ خەبات ) بوو، واتە چل ساڵ بە سەر ژیان و تەمەنی حیزب دا تێپەڕی بوو
ئێستە کە ئەم دێڕانە دەنوسرێن لە تەواو بوونی چل ساڵەی دوهەمی تەمەنی حیزب نزیک بوینەتەوە ،
هیوادارم تەمەنی ئەو ڕژیمە ئەونە نەخایەنێ چلەی سێهەم لە گەڵ خۆی بباتە سەر و دواتر بڵێین

چل خەم ، چل خەیاڵ ، چلیش وەسواسە ، سێ چل ، چۆن دەرکەین بە یەک هەناسە