پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حدک بە بۆنەی جێژنی ڕەمەزان

کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی ڕەمەزان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی موسوڵمانی کوردستان کردوە. سکرتێری گشتیی حیزب لەو پەیامەدا داوای کردوە خەڵکی کوردستان بە ئیرادەیەکی پتەو و یەکگرتووانە لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بۆ گۆڕینی ئەم رێژیمە بەردەوام بن.

دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە:

موسڵمانان، خەڵكی ئیمانداری کوردستان!
بەبۆنەی هاتنی جێژنی پیرۆزی ڕەمەزان لەلایەن خۆم و تێکڕای تێکۆشەڕانی خەڵکی کوردستان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا جوانترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەم و هیوادارم ڕۆژانی جەژنتان بە شادی و خۆشی تێپەڕ بکەن.
دەزانم خەڵكی موسڵمانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا بەرەوپیلی جێژنی پیرۆزی ڕەمەزان دەچن، کە مۆتەکەی کۆماری ئیسلامییان هەروا بە سەرەوەیە و لە سایەی شوومی ئەو ڕێژیمەدا سامانی گشتیی وڵات لەباتی ئەوەی بۆ ئاوەدانی و خۆشبژێوی خەڵك خەرج بکرێ، دەکرێتە تێچووی سیاسەتی زێدەخوازی و قەیرانخوڵقێنی ڕێژیم لە ناوچەدا.
جێژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ لە کاتێکدا دەبێتە میوانی خەڵکی ئێران کە سفرەی هەژارانەی زۆربەی زۆریان بەتاڵە و، گرانی و بێدەرەتانی بڕستی لە خەڵک بڕیوە و سەرباری ئەوەش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەیەوێ وڵات بەرەو شەڕ و بارودۆخێکی تاڵتر و کارەساتبارتر لە ئێستاش ڕەکێش بکا.
جێگای خۆیەتی لە بەرەبەری هاتنی جەژنی پیرۆزی رەمەزاندا دوعای خێروخۆشی بۆ خەڵکی ئێران و داهاتوویەکی گەش بۆ وڵات بکەین. هەروەها بە ئیرادەیەکی پتەو و یەکگرتووانە لە خەبات و تێکۆشانی زیاتر بۆ گۆڕینی ئەو رێژیمە بەردەوام بین و تێبکۆشین نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و خەڵکی لە ئێراندا بێنینە دی.
جێژنتان پیرۆز و بە هیوای سەرکەوتن.

مستەفا مەولوودی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان