سمایل سابوور ناسکە دەنگی هەورامان ماڵاوایی لە ژیان کرد

هونەرمەندی خاوەن شێواز و دەنگ ناسکی کورد مامۆستا سمایل سابوور دڵە مێهربان و هونەردۆستەکەی لە لێدان کەوت. ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، “سماعیل سابوور”، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری نۆدشە، لە نەخۆشخانەیەک لە شاری سلێمانی بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و هۆگرانی مووسیقی ڕەسەنی کوردی تازیەبار کرد.

بنەماڵەی سابوور کە بنەماڵەیەکی هونەرمەندن لە ناوچەی هەورامان و پارێزگای کرماشان و فیرۆز سابوور و سمایل سابوور دوو کوڕی ئەو بنەماڵەن کە لە مووسیقی کوردیدا جێگەی تایبەتیان هەیە.
سمایل سابوور خەڵکی شاری نۆدشە، لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاویدا لەدایک بووە و ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە شاری تاران، زانکۆی لە بەشی هونەرە جوانەکاندا تەواو کردو چەندین ساڵ لە ڕادیۆ دەنگی کرماشان خزمەتی بە هونەری مووسیقی کوردی کرد.
تا کاتێک کە وڵاتی بە جێ نەهێشتبوو ١٠٥ گۆرانیی تۆمار کردووە و هەروەها ئاڵبۆمێکی بە ناوی “سەفەرنامەی کوردستان”، بڵاو کردبووەوە.
ئەو هونەرمەندە بە هۆی کۆمەڵێک گرفت بە ناچار ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە جێهێشت و نیزیک بە ١٥ ساڵ لە هەرێمی کوردستان ژیا و ئاڵبۆمی “بیرەوەریـ”ـی لە شاری سلێمانیدا تۆمار کرد.
سمایل سابوور خاوەن ستایل و شیوازی تایبەت بە خۆیەتی لە خوێندن و بە گۆرانی “خانباجییە”وە ناسراوەو بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ گۆرانیبێژی هەموو چین و توێژەکان بوو.
ئەو دەنگە زۆڵاڵە کە بە بولبولێک لە بنارەکانی هەورامانەوە ناسراوە پاش ژیانیک پڕ لە نەهامەتی و دەربەدەری و خوڵقاندنی کۆمەڵێک گۆرانی جوان و ڕازاوە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان کرد.