ڕێبازی قاسملوو، رێبازی حیزبی دێموکرات (١)

“ڕێبازی قاسملوو”، دەستەواژەیەکە هەر دوای شەهیدبوونی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، هاتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبی دێموکراتەوە و زۆری نەخایاند وەک تەعبیرێکی گشتی بەلای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ئەندامان و لایەنگرانی ئەم حیزبەوە بایەخ و بەهای خۆی پەیدا کرد. لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم دەستەواژەیە بۆ حیزبی دێموکرات و ئەندام و لایەنگرانی لە بۆنە و ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی وەک “٢٢ی پووشپەڕ”، درووشمی سەرەکییە.
پێش ئەوەی باس لەوە بکەین کە بۆ یەکەمجار ئەم دەستەواژەیە لە لایەن کێ‌ و کەی بەکار هاتووە، جێی خۆیەتی ئاماژە بە چەند شتی دیکە بکەین کە لە جێدا شیاوی باس کردنن.
بە پێی ناسیاوییەک کە لە بیر و باوەڕەکانی شەهید دوکتور قاسملوومان هەیە، لەوە دڵنیاین کە ئەگەر ئەم درووشمە لە سەردەمی بوون و مانی خۆیدا درابا، بە هیچ شێوەیەک نە قبووڵی دەبوو، نە قەتی ئیزن بەوەدەدا تەنانەت بۆ جارێکیش لە حیزبەکەیدا ئاماژەی پێ بکرێ. چونکی شەهید قاسملوو بە کردوە دژایەتیی لە گەڵ دیاردەی “فەرپەرەستی” دەکرد و ڕاشکاوانە دەیگوت؛ “فەردپەرەستی لە هەر شکڵ و شێوەیەکدا بێت، مەحکوومە”. کەوابوو ئەوە درووستە کە ئیدیعا بکرێ، پاشخانی ئەم دروشمە ڕاست بۆ دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو دەگەڕێتەوە.
“ڕێبازی قاسملوو”، بەهیچ شێوەیەک بە مانای “مەکتەب”ێکی تایبەتی فکری و سیاسی نیە. چونکی لە ئەساسدا نە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی نەتەوەیی و دێموکراتیک کە مەکۆی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگەی کوردستانە، حیزبێکی مەکتەبییە و، نە شەهید دوکتور قاسملووش وەک سکرتێری ئەم حیزبە قەت خۆی بە کەسێکی “مەکتەبی” دەزانی. بۆیە لەم درووشمەدا “ڕێباز” بەو مانایە نایەت کە مەکاتبی ئیدئۆلۆژیی پێ پێناسە دەکەن، وەک مەکاتبی دینی، مەکاتبی سیاسی و مەکاتبی فکری و….. بەڵکوو لەم پێوەندییەدا “ڕێباز”، ڕاست بە مانای “بیر و باوەڕ” و ئاڕمانج” دێت.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە کە بۆچی ئێمە؛ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات کە خۆمان بە درێژەدەری رێگای شەهید قاسملوو و هەموو شەهیدانی دیکە دەزانین، لەجێی کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی “رێبای حیزبی دێموکرات”، کەڵک لە “ڕێبازی قاسملوو” وەردەگرین؟! ئەم پرسیارە لە جێی خۆی دایە و دەتوانین لە وڵامدا بڵێین؛ ڕاستە، “ڕێبازی قاسملوو” شتێک نیە جیا بێت لە “ڕێبازی حیزبی دێموکرات”. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە سەر دەستی پێشەوای گەورەمان شەهید قازی محەممەد دامەزراوە و دواتر کۆماری کوردستانی ڕاگەیاندوە، بناغەکەی لەسەر بیر و ئەندێشەکانی پێشەوا قازی محەممەد دانراوە، شەهید دوکتور قاسملوو ئەم رێبازەی بووژاندۆتەوە و شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هەموو ئەوانی دوای ئەو، ئەم رێبازەیان کە “ڕێبازی حیزبی دێموکرات”ە درێژە پێداوە.
تا ئێستایشی لە گەڵ بێت، شەهید دوکتور قاسملوو لە بووژاندنەوە، نوێکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی رێبازی حیزبی دێموکراتدا، زۆرترین ڕۆڵ و کاریگەریی هەبووە، بۆیە دەکرێ بڵێین ئەم دەستەواژەیە بەم هۆکارەوە هاتووە و تا ئێستاش بایەخ و بەهای خۆی هەیە.
وەک لە کتێبی “قاسملوو لە رێبازیدا زیندووە” – لە نووسینی کاک قادر وریا – دا هاتووە؛ “داهێنەری ئەم درووشمە، هاوڕێ و هاوسەنگەری دێرین و خۆشەویستی دوکتور قاسملووی ڕێبەر، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەیە کە بۆ تراکت و ئافیشی تایبەت بە یەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو(پووشپەڕی ١٣٦٩)، ئەم درووشمەی لە گەڵ کۆمەڵێک درووشمی دیکەدا ئامادە کرد.”
لە درێژەی ئەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێ لە چەند بەشێکدا باس لەو تێڕوانین و درووشم و خوێندنەوە و سیاسەت و هەڵوێستانە بکرێ کە پێکهێنەری “ڕێبازی قاسملوو (رێبازی حیزبی دێموکرات)”ن.
سمایل شەرەفی