ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٢٣)

ژیاندۆستی و هەوڵدان بۆ بەختیاریی کۆمەڵ
لە روانگەی حیزبی دێموکراتەوە، “ئازادی” پێش ئەوەی مەفهوومێکی سیاسی بێت، تەعبیرێکی بەرینی ئینسانییە کە قەت لە تێکۆشانی سیاسیدا بە هیچ پاساوێک هەوڵی بەرتەسکردنەوەی نادرێ. خەباتی حیزبی دێموکرات کە مانایەکی سیاسی – نەتەوەیی بە خۆوە گرتوە، جیا لە هەوڵدان بۆ چەسپاندنی بەختیاری لە کۆمەڵی کوردەواریدا ناتوانێکی هیچ مانایەکی دیکە بدات. بەو مانایە کە ئینسانی کورد کە مافی باش ژیان و بەختیاربوونی لێ زەوت کراوە، دەیهەوێ بۆ وەدەستهێنانی ئەم مافە ئینسانییە خەبات بکات و بە ژیانێکی شیاوی خۆی بگات و ئەم خەباتە ناتوانێ بەتاڵ بێت لە مەفهوومی ژیاندۆستی. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە زۆر ڕاشکاوانە لە بەرنامە خۆی دا ڕادەگەیەنێ کە؛ “بەرزکردنەوەی پایەی ژیانی گەلی کورد، ناوەرۆکی ئەساسی بەرنامەی حیزبی دێموکراتە”.
لە حیزبی دێموکراتدا بە پێچەوانەی ئەو ڕوانینە باوانەی نێو بزووتنەوە سیاسییەکان کە پێیان وایە لە قۆناغی تێکۆشاندا پێویستە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان سنووردا بکرێن، ژیاندۆستی تێکەڵ بە ڕەوتی تێکۆشان دەکرێ و خەبات لەم پێناوی ژیاندۆستی و بەختیاربوونی کۆمەڵدا پێناسە وەردەگرێ. بۆیە درووشمی “ژیان و خەبات” دەبێتە نوێنگەی فەلسەفەی تێڕوانینی ئەم حیزبە بۆ کۆی تێکۆشانی خەباتکارانە.
بەرزکردنەوەی پایەکانی ژیانی ئینسانی کورد و هەوڵدا بۆ بەختیاریی کۆمەڵی کوردەواری، ئامانجی ئەساسیی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتە. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: “هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە گەلەکەمان خۆش بژیت و کۆمەڵێکی بەختیارمان هەبێت”. لە ماوەی تێکۆشانی پڕ لە دژواری و ڕۆژە سەختەکاندا هیچکات ئەم ڕوانینە ئینسانییە، بە پاساوی جۆراوجۆری وەک بێدەرەتانی، شەڕ، ئاوارەیی و بێ‌ئیمکاناتی و کارەساتی جۆراوجۆر، نەتەنیا لە بیر نەکراوە بەڵکوو کەمڕەنگیش نەبۆتەوە.
هەرکات حیزبی دێموکرات زانیبێتی کە ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هۆی هەڵوێست و سیاسەتێکی ئەوەوە، دەکەوێتە مەترسییەوە، دەست بەجێ پاشەکشەی لێ کردوە. دوای هێڕشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر شارەکانی کوردستان لە هاوێنی ١٣٥٩ی هەتاوی، زۆر کەس و لایەن پێیان وابوو کە دەبوا هێزی پێشمەرگە لە شارەکاندا مقاومەتی کردبا و شەڕی لە نێو شارەکاندا درێژە پێ دابا. بەڵام حیزبی دێموکرات بە هیچ شێوەیەک ئەمە بە درووست نازانێ و بە هۆکاری پاراستنی “ژیانی خەڵک” شەڕ لە شارەکان دەباتە دەرێ و بە شێوەی پارتیزانی درێژە بە بەرەنگاریی چەکدارانەی خۆی دەدات. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: شەڕ لە نێو شارەکاندا بە قازانجی دوژمن و زەرەری خەڵکەکەمانە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانهەوێ خەڵک ژیانی لێ بشێوێ و ئاوارە بن و شارەکانمان وێران بکرێن”. ئەمە جیا لە خۆ بە بەرپرسیارزانین بەرانبەر بە ژیان و بەختیاریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ناتوانێ شتێکی تر بێت.
لە ڕیزەکانی خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبەدا هەمیشە روانگەیەکی ئینسانی بەسەر جۆری تێفرینی حیزب بۆ سەر ژیان و ڕەفتاری تێکۆشەرانی دا زاڵ بووە. لەم حیزبەدا هاوکات لە گەڵ خەبات و تێکۆشان و گیانفیدایی بۆ ئاڕمانجە بەرزە سیاسی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان، ژیاندۆستی بە مانا گشتی و کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، کە بریتی بێت لە خۆشەویستی، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و بوونی منداڵ، هەڵپەرێکی و خۆشییەکانی دیکەی ژیان هەروا بەردەوام بووە. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو یەکێک لە هاندەرانی ژیاندۆستی لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا بووە، هەمیشە پێشمەرگەکانی هان داوە کە جوانییەکانی ژیانیان خۆش بوێ. پێی وتوون؛ نابێ رەنگی ڕەش بپۆشن، نابێ رێشتان زۆر بێت. هەمیشە بە پێکەنین و دەربڕینی خۆشحاڵییەوە لە زەماوەندی پێشمەرگەکاندا بەشداری کردوە و هانی داون کە بەختەوەرانە بژین.
ئەم تێڕوانینە بەرزە ئینسانییە هەرچەند لە زۆر قۆناغدا باری ئەم حیزبەی لە ڕووی حەوانەوە و پێڕاگەیشتنەوە زۆر قورس و دژوار کردوە، بەڵام وەک باقی پڕنسیپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، خەسڵەتێکی نەگۆڕە و وەک ڕێبازێکی فکری- کۆمەڵایەتی بەشێکە لە شانازییەکانی حیزبی دێموکرات.
لە گەڵ ئەوەیکە یەکێک لە وتە هەرە پڕمانا و زیندووەکانی شەهید دووکتور قاسملوو ئەوەیە کە؛ “گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات”، بەڵام “ژیانی پێشمەرگەیەک” بۆ دوکتور قاسملوو “لە هەموو شتێک ئەزیزتر” بوو. بۆیە حیزبی دێموکرات بە بایەخەوە دڕونێتە ژیانی ئینسانی کورد و تەنیا وەدەستهێنانی ئازادییە کە دەتوانێ ئەم بایی ئەم نرخە دیاری بکات.

سمایل شەرەفی