ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٢٦)

عەداڵەتی کۆمەڵایەتی
“حیزبی دێموکرات هەرچەند حیزبێکی دێموکراتی – میللی‌یە، بەڵام هەر لەو کاتەدا حیزبێکی پێشڕەوە. حیزبی پێشڕەو بەو مانایە کە دەیهەوێ هاوڕێ لە گەڵ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی و وەرگرتنی مافی نەتەوەیی گەلەکەمان، مەسەلەی کۆمەڵایەتیش چارەسەر بکات. بۆیە ئەم حیزبە هەر لە سەرەتاوە بە پێویستی زانیوە بەرنامەیەکی ئەوتۆ دابنێ کە هەم بە شێوەیەکی ئوسوولی و هەتا سەر مەسەلەی نەتەوەیی حەل بکات و، هەم گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکانیش بخاتە بەرچاو و بۆ چارەسەرکردنیان تێ‌بکۆشێ. ئەم حیزبە لە کاتی پێکهاتنیەوە، واتە لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوییەوە وەک حیزبێکی نەتەوەیی پێشڕەو بوەو لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاویشەوە تا ئێستا بەرنامەکەی بە تایبەتی لە سەر ئەساسی چارەسەری ئەو دوو مەسەلەیە (نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی) دانراوە”.
گرینگیدان بە ڕەسالەتی مێژوویی خۆی وەک حیزبێکی سیاسی کە خۆی بەرانبەر بە چارەنووسی میللەتێک‌ بە بەرپرسیار دەزانێ، بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەرکە. ئەرکێک کە پێوەندی بە ئامانجی دواڕۆژی ژیان و گوزەرانی ئەم مییللەتەوە هەیە. بۆیە حیزبی دێموکرات بۆ یەکەمجار لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد دا لە سەر سێ بنەما و خوێندنەوەی؛ مێژوویی، عیلمی و کۆمەڵایەتی، ئاوڕ لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵی دوارۆژی کوردەواری دەداتەوە و لە چوارچێوەی “ئامانجی دواڕۆژ”ی خۆیدا کە پیادەکردنی نیزامێکی سۆسیالیستی‌یە بەرنامە و پلانی تایبەت بە خۆی هەیە. لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان مەدیون و قەرزداری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووە کە لەم پێوەندییەدا نەتەنیا لە حیزبی دێموکرات بەڵکوو لە بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستاندا لە رووی فکری و سیاسییەوە داهێنان و ڕچەشکێنی کردوە.
ئاوڕدانەوە کە ئاستی ژیان و گوزەرانی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان – دوای قۆناغی ڕزگاریی – کە زۆربەی هەرە زۆری ئەم کۆمەڵگەیە لە خەڵکی “زەحمەتکێش” پێک دێ، بەشێکە لە “ئامانجی دواڕۆژ”ی حیزبی دێموکرات کە لە بەرنامەی ئەم حیزبەدا بۆ ئەم مەبەستە، “سۆسیالیزم” وەک “ئامانج” هەڵبژێردراوە. ئەم ڕێبازە کە بە دەیان لق و پۆی جۆراوجۆری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و تەنانەت مەزهەبیشی لێ دەکەوێتەوە، “طتبیق” و گونجاندنی لە گەڵ کۆمەڵی کوردەواریدا هەروا ناتوانێ ئاسان بێت. بۆیە لە حیزبی دێموکراتدا شەهید دوکتور قاسملوو لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەکی ورد و زانستی لە ژێر ناوی “کورتە باسێک لە سۆسیالیزم”دا وێڕای بە نموونە هێنانەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی سۆسیالیزم لە وڵاتانی جۆراوجۆر و ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵێک مودێلی ناسەرکەوتووی ئەم نیزامە سیاسی و ئابووریە، لە کۆتاییدا بە سەرنجدان بە تایبەتمەندییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکانی کۆمەڵی کوردەواری، “سۆسیاڵیزمی دێموکراتیک” وەک گونجاوترین جۆری ئەم نیزامە بۆ دوارۆژی کۆمەڵی کوردەواری تێئۆریزەی دەکات و پەسەند دەکرێ.
لەم ئامانجەدا کە شەهید دوکتور قاسملوو زۆری پێداگری لە سەر دەکات و تەواوی ڕەخنەکانیشی لە “سۆسیالیزمی مەوجوود” هەر تایبەت بەو دوو تەوەرەن؛ “دێموکراسی” و “عەداڵەتی کۆمەڵایەتی”یە. لە پێوەندی لە گەڵ یەکەمیاندا دوکتور قاسملوو بە ئاماژەدا بە سۆسیالیزم لە یەکێتی سۆڤییەت و کۆپی و لاساییکردنەوەی ئەم جۆرە لە سۆسیالیزم لە وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵات، پێی لەژێرپێناسی دێموکراسی توانی گەورەترین زەربە لەم ڕێبازە بدات. لە پێوەندی لە گەڵ ماهییەت و ئامانجی سۆسیالیزمیش دا پێی وایە، بە بێ پیادەکردنی “عەداڵەتی کۆمەڵایەتی”، سۆسیاڵیزم تەنیا دروشمێکی بێ‌نێوەرۆکە. لە ئاکامدا لەو باوەڕەدایە کە داماڵینی “دێموکراسی” و “عەداڵەتی کۆمەڵایەتی” لە سۆسیاڵیزم دەبێتە “دیکتاتۆری پرۆلیتاریا” کە بە لای حیزبی دێموکراتەوە کارێکی نابەجێیە.
لابردنی ستەمەی چینایەتی، بەشێکە لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئەم حیزبە پێی وایە بەختیاریی مرۆڤ تەنیا بە دابینبوونی مافە نەتەوایەتییەکانی دەستەبەر نابێت. بۆیە لەبەین بردنی ستەمی نەتەوایەتی(دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس) و ستەمی چینایەتی(دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی) و دابینکردنی دێموکراسی و ئازادی، ئەو سێ مەیدانەیە کە حیزبی دێموکرات خەباتیان بۆ دەکات.
هەوڵدان بۆ چەسپاندنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵی کوردەواریدا پرۆسەیەکی دوور و درێژە و لەوانەیە تەمەنی چەند نەسلێکی بوێ، بەڵام بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە خۆی بەرانبەر بە چارەنووسی گەلی کورد بە بەرپرسیار دەزانێ، ئامانجێکی تەتەڵە کراوە کە لە باوەڕێکی قووڵی ئەم حیزبە بە “بەختیاریی ئینسانی کورد”ەوە سەرچاوە دەگرێ. بۆیە بە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینە بەرتەسکەی کە پێی وایە گەلانی چەوساوە بە گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانیان بە بەختەوەریی هەمیشەیی دەگەن، حیزبی دێموکرات لەو باوەڕە دایە کە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان، پرۆسەیەکی دوورودرێژە کە گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر دەتوانێ ئینسان بە لێوارەکانی بەختەوەری بگەیەنێ.

سمایل شەرەفی