ناهاوسەنگیی قانوونی ئەساسیی ئێران لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ

عومەر باڵەکی
کۆماری ئیسلامی بە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی دەسەڵاتی سیاسیی ئێرانی گرتە دەست و لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویدا چل ساڵەی تەمەنی خۆی پڕ کرد. لەگەڵ ئەوەدا کە چل ساڵ بە سەر تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەو نیزامە نە لە بواری سیاسی، نە لە بواری ئابووری و نە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نەیتوانیوە لە نێوخۆی وڵاتدا سەقامگیر ببێ. لەگەڵ ناسەقامگیریی نێوخۆیی، ئەو نیزامە هەتا ئیستاش نەیویستووە خۆی لەگەڵ یاسا و ڕێسای کۆمەلگەی جیهانی ڕێک بخا و ئەو نەتوانین و نەویستنە چ لە بواری نێوخۆیی و چ لە بواری دەرەکییەوە پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئایدۆڵۆژیای ئەو نیزامە کە ڕاستەوخۆ لە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا ڕەنگی داوەتەوە. هۆکاری بنەڕەتیش ئەوەیە کە لە سەردەمی ئیستادا پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان پتر لەسەر بنەمای سکۆلاریزم دادەڕێژرێن و بیچم دەگرن، بەڵام پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ئیسلامی ئەویش لە جوری بناژۆخوازی و توندئاژۆی و تەنانەت هێژمونیی ئایینزایی دارێژراوە و ئەوە بنەمای گرفتەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامییە لەگەڵ جیهانی مودێرندا.

کاتێک ڕێژیمی پاشایەتی ڕووخا، لە بواری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانەوە کۆمەڵێک کۆنڤانسیۆن و رێککەوتنی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤی بە ئیمزاکراوی لە دوای خۆی بەجێ هێشت. لەدوای هەر شۆرش و ئینقلابێک و رووخانی دەوڵەت و هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی نوێ، بەپێی ئەسلی دەوامی دەوڵەتەکان و لە ڕوانگەی نێونەتەوییەوە دەوڵەتی تازە بە دەسەڵاتگەیشتوو هەڵگری کەسایەتیی قانوونیی دەوڵەتی پێشوویە. بەو مانایە ئەو کۆنڤانسیۆن و ڕێککەوتننامانەی لە لایەن دەوڵەتی پێشوو ئیمزا کراون، دەوڵەتی نوێ لە بەرامبەریاندا بەرپرسایەتیی نێودەوڵەتی هەیە. ئەو ئەسڵە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیش لە جێی خۆێ دایە و کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لە سەریەتی بەرپرسایەتیی ئەو پەیماننامە و رێکەوتننامە هەڵگرێ و پابەند بێت پێیان. ئەوەی گرینگ و جێی سەرنجە ئەمەیە کە ڕێژیمی پاشایەتی کۆنڤانسیۆنە جیهانییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ بەتایبەتی مەنشوری نیونەتەوەیی مافی مرۆڤ، جارنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ، پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، پەیماننامەی مافە ئابووری_کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی بەبێ دانانی مەرج ئیمزا کردوە و خۆی پابەند کردوە بە جێبەجێ کردنیان. ئەو پابەندییەش بەرپرسایەتی دەخستە ئەستۆی ڕێژیمی پێشووی ئێران کە قانوونەکانی نێوخۆی لەسەر بنەمای نێوەرۆکی ئەم کۆنڤانسیۆن و پەیماننامانە دابڕێژی و ڕێکیان بخا و سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕاپۆرت بداتەوە بە کۆمیتەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ. بەڵام دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە هۆی ئەوە کە ئەو نیزامە تازەیە ڕوانگە و خوێندنەوەی جیاوازی هەبوو لە مافی مرۆڤ و نەزمی جیهانی کە لە دوای شەرەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی بە پێکهاتنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڵاوبوونەوەی جارنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ لە پێوەندیی نێودەوڵەتیدا هاتبوو ئاراوە، هەتا ئیستاشی لەگەڵ بێ ئەو نیزامە نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ هاوسەنگ بکا. ڕوانگە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر پێناسەی مافی مرۆڤ تەواو پێچەوانەی پێوەرە جیهانییەکانی پاراستنی مافی مرۆڤە. لە ئەسلی چواری قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا هاتوە کە هەموو قانوونەکانی بەرکار دەبێ هاوسەنگ و هاوتەریب بن لەگەڵ ڕێوشوێنی ئیسلامی و مەزهەبی ڕەسمی و ئەسڵەکانی قانوونی بنەڕەتی. لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە مافی مرۆڤ دەبێ پاڵپشت بە بەڵگە و بایەخ و ئەندێشە ئیسلامییەکان پێناسە و خوێندنەوەی بۆ بکرێ، لە حاڵێکدا بنەماکانی جاڕنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ لەسەر بنەمای سکۆلاریزم داڕێژراوە و ئەوە خۆی یەکێک لە خاڵە جێ ناکۆکییەکانی کۆماری ئیسلامی و پێوەر و پڕەنسیپە جیهانییەکانە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ.

لە سەردەمی ئیستادا پرسی مافی مرۆڤ و پاراستنی ئەو مافە یەکێک لە پێوەرەکانی دادپەرەوریی دەوڵەتەکانە. بە واتایەکی دیکە داننان بە مافی مرۆڤ و پاراستنی ئەو مافە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانیی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری ئەرکی سەرەکیی دەوڵەتەکانە و ئەگەر هەر دەوڵەتێک بە پێچەوانەی ئەوە بجوڵێتەوە تاوانی دەرحەق بە خەڵکی ئەو وڵاتە کردوە. داننان بە مافی مرۆڤ وەک مافێکی سروشتی پێویستە لە قانوونی ئەساسی و عادیی وڵاتدا ڕەنگ بداتەوە و ڕێکاری پاراستنی ئەو مافە لە نێوەرۆکی قانوونەکاندا بەڕوونی دەستنیشان کرابێ. وە ئەگەر هەر سیستمێکی سیاسیی دەسەڵاتدار لە سەردەمی ئیستادا رێز بۆ مافی مرۆڤ دانەنێ، لە ڕاستیدا وەک پینەیەکی نارێک وایە بە بەژنی کۆمەڵگەی جیهانییەوە.

لە ڕیزبەندیی قانوونەکاندا هەر وڵاتێک کە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لقەکانی بێ و بەشدار بێ لە کۆنڤانسیۆن و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ لە پلەی یەکەمدا جێ دەگرێ و بەدوای ئەودا قانوونی ئەساسی وڵات و جا دوایە قانوونە عادییەکان دێن. بەو جۆرە دەبینین کە قانوونی ئەساسیی ئەو وڵات و دەوڵەتانە نابێ دژایەتیی هەبێ لەگەڵ نێوەرۆکی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و قانوونەکانی نێوخۆی وڵاتیش نابی دژایەتییان هەبێ لەگەڵ نێورۆکی قانوونی ئەساسی. کەچی دەبینین کۆماری ئیسلامی وەک نیزامێکی دەسەڵاتدار لە ئێران نەیتوانییوە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا خۆی لەگەڵ ئەو بنەمایە ڕێک بخا، هەر بۆیە بەدایمە چ لە نێوخۆی وڵات لە هەڵسوکەوت لەگەڵ گەڵانی ئێران و چ لە پێوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا تووشی کێشەوگرفت و ناکۆکی بووە، چونکە ڕێوشوینی نیزامی نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤ جیاوازی و پێکدژیی جەوهەرییان هەیە لەگەڵ قانوونە بەرکارەکانی ئێران.

لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ دابینکردن و بەرێوەبردنی مافی مرۆڤ تەنیا و تەنیا پێویستە پشت بە بنەما و ئەحکامی ئیسلامیی سەرچاوەگرتوو لە مەزهەبی دوازدە ئیمامی ئەویش باوڕمەند بە ولایەتی ڕەهای رێبەر کە لە قانوونی ئەساسیی ئێراندا بەروونی رەنگی داوەتەوە، ببەستری. لە ماوەی ئەو چل ساڵەش لە دەسەڵاتدارەتی کۆماری ئیسلامیدا ئەم ڕێژیمە لە دەزگاکانی راگەیاندنی خۆیدا بە ئاشکرا دەژایەتیی لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ کردوە و ئیستاش لەو دژایەتییە ، ئەوان دەڵێن مافی مرۆڤ بەرهەمی ئەندیشەکانی ڕۆژئاوا و هەڵقوڵاو لە هەواوهەوەسی کەسانی هەڵگەراوە لە خوا و ئایینە ئاسمانیەکانە، هەر بۆیە ئەو نیزامە خۆی لە بەرامبەر کۆنڤانسیۆن و پەیماننامە نێونەتەوەییەکان بە بەرپرسیار نەزانیوە. بۆ نموونە باڵوێزی پێشووی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان لە کومیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ئەو رێکخراوەیەدا سەبارەت بەو بابەتە ئاوا دەدوێ: “ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان ناوەندێکی غیرە دینیی سێکۆلارە و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤیش کەرەسەیەکی سێکۆلارە … تایبەتمەندیی کۆنڤانسیۆنەکانی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ئەوەیە کە تێگەیشتنی دروستیان لە دین نییە و بەو پێیە کۆمەڵگە سێکۆلارەکان مافی ئەوەیان نییە باس لە کاروباری دینی بکەن…. ” نموونەیەکی دیکە هەر سەبارەت بەو بابەتە قسەکانی سەرۆکی هەیئەتی نوینەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە کونفرانسی مافی مرۆڤە کە ساڵی ١٩٩٣ لە ڤییەن بەرێوە چوو. ئەو دەڵێ: “ئێران ویستیاری باسێکی توندوتۆڵ و وردە لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ. چونکە گرفتی سەرەکیی ڕۆژئاواییەکان ئەمەیە کە تێگەیشتنی هەڵەیان لە مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ هەیە و هەر بەو هۆکارەیە کە ڕۆژئاواییەکان هەتا ئیستا نەیانتوانیوە ئۆلگوویەکی جێگای پەسندی کۆمەڵگەی جیهانی بخاتە ڕوو…”

ئەم دوو نموونەی سەرەوە ئاوێنەی باڵانوێنی ڕوخساری ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامین سەبارەت بە تێگەیشتن لە مافی مرۆڤ و پاراستنی ئەو مافانە. لەو هەڵومەرجەی ئیستاشدا کە کۆماری ئیسلامی لە سۆنگەی سیاسەت و خوێندنەوەکانی دیکەشی ئەم ڕۆژڕەشییەی تووشی خەڵکی وڵات کردوە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕزگاریی خۆشیان بێ لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانانەی بچنەوە سەر میزی دانوستان و جامە ژارێکی دیکە بخۆنەوە و لە هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ دنیای دەرەوە بن، ئەسڵی ماجەرا هەر لە جێی خۆیەتی. چونکی هەمدیسان بێ ڕەچاوکردنی نێوەرۆکی جارنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و ڕەنگدانەوەی لە قانوونی ئەساسی و عادیی ئێراند ، کۆماری ئیسلامی هەم لە نێوخۆ و هەم لەگەڵ سازوکارەکانی دنیای دەرەوەدا کێشەکانی هەر لە جێی خۆیدا دەبێ و ناتوانی سەقامگیری سیاسیی بە خۆیەوە ببینێ.