روونکردنەوەی رەشید فەیزنژاد لە سەر سروود وتن

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
خوشکوبرایانی بەڕێز!
من رەشید فەیزنژاد، لە بنەماڵەی فەیزوڵڵابەگی سەقزم.

ئەو بنەماڵەیە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە. شەهیدانی فەیزوڵڵابەگی سەقز نموونەیەکی بەرچاوی ئەم وتەیەن کە دوای جوانەمەرگ بوونی کۆمار، لە لایەن رێژیمی پاشایەتی ئێرانەوە لە سێدارە دران. من کە لەو بنەماڵەیەم، ساڵانێکی دوورودرێژە بە هونەری گۆرانی و مووزیک لە خزمەت نەتەوەکەمدام. پێش لە هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، کەسێک بووم لەو دوو بوارەدا شوێنەدەستم دیار بووە. پاش رووخانی نیزامی پاشایەتی، بە هۆی گرێدراوییم بە کۆماری کوردستان و دامەزرێنەری ئەو کۆمارە واتە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، چوومە ریزی شۆڕش و وێڕای هونەرمەندانی ئەو سەردەمە، لە کۆڕی هونەریدا دەستم بە تێکۆشان کرد.

دوای هێرشی رێژیم بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و باری تەندروستیم، نەمتوانی درێژە بە خەباتی پێشمەرگایەتی بدەم. کاتێک چوومەوە سەقز، رێژیم وازی لێ نەهێنام و لێی خواستم یان بە سروود بە قازانجی رێژیم ریزی خۆم لە پێشمەرگە جیاکەمەوە، یان بە هاوکاری لەگەڵ دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیم و راوی شۆڕشگێڕان مل بدەم.

منیش بە هۆی کێشەی بینایی و باری تەندروستیم، نەمتوانی بگەڕێمەوە بۆ شاخ و ریزی شۆڕشگێڕان هەڵبژێرمەوە. لە بندەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا، دەبوو خۆم یەکلا کەمەوە. لەو دوو رێگەیە، رێگای وتنەوەی سروودم هەڵبژارد کە بە بۆچوونی خۆم زیانی کەمتر دەبوو.

دوای هاتنە دەرەوەم لە وڵات و جێگیربوونم لە فەنلاند، دەستم کردەوە بە کاری هونەری و دەیان گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕییم بۆ گەلەکەم تۆمار و بڵاو کردۆتەوە. بەم کارانە ویستوومە بە نەتەوەکەم بڵێم: ئەوەی رێژیم لە ژێر گوشار و زەبروزەنگدا پێی کردووم، ویستی خۆم نەبووە. بۆیە لە بارەگای نەتەوەی کورددا داوای لێبوردن دەکەم و رادەگەیەنم: هەر دەم وەفادارم بە بزاڤی رزگاریخوازیی کورد و کوردستان. هەر ئەوانیش بە خاوەن بڕیار لەسەر ئەم هەڵەیەم دەزانم.

رەشید فەیزنژاد

فەنلاند، هێلسینکی، شەممە، ٢ی خەرمانانی٢٧١٩ی کوردی بەرامبەر بە ٢٤/٨/٢٠١٩ی زایینی