جاش‌و جاشەتی، ئافەتی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد. قادر وریا

چەند ساڵێکە کۆماری ئیسلامیی ئێران، زۆر بە شان و باهۆی بەکرێگیراوە کوردەکانی خۆی هەڵ دەڵێ. لەم چەند سالەی ڕابردوو، زنجیرەیەک کۆبوونەوە و مانۆڕ لە ناوەندی پارێزگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە بەڕێوە چوون کە بۆ ڕێزگرتن لە چەکدارە کوردەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی پێک هاتبوون. بۆ ئەوەش ڕواڵەتێکی سیاسی و فەرهەنگی بدرێ بە خۆفرۆشیی ئەو بەکرێگیراوانە، ناوی “کۆنگرە”یان لە سەر کۆبوونەوەی ئەوان دانابوو و لە گەڵ بە ناو چالاکیی ئەدەبی و هونەری تێهەڵکێشیان کرابوون. وێرای ئەمەش لە گەڵ هەر جموجۆڵێکی هێزی پێشمەرگەی دیموکرات لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، و بە تایبەتی لە کاتی تێکهەڵچوونەکانی پێشمەرگەکان و هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمەدا، کاربەدەستان و ڕاگەیەنەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەونە ستایشی بەکرێگیراوانی کوردی خۆیان. هەوڵیان ئەوەیە هاوکاریی ئەو بەکرێگیراوانە‌و “خەڵکی خۆجێیی” لە گەڵ سوپای پاسداران بۆ لە داوخستنی پێشمەرگەکان و زەبر لێوەشاندنیان، گەورە بکەنەوە و وا نیشان بدەن کە ئەو ڕێژیمە لە نێو خەڵکی کوردستان دا پێگە و خۆشەویستیی هەیەو، هێزی پێشمەرگە و حیزبی دیموکرات نەک هەر لە گەڵ ئەو ڕێژیمە بەڵکوو لە گەڵ خەڵک بەرەوڕوون.

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_jash1.jpegدیاردەی خۆفرۆشتنی تاک و گرووپی کوردی بە ڕێژیمە دژە کورد و سەرکوتکەرەکان و ڕاوەستانیان بەرامبەر هێزی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری نەتەوەکەیان لە نێو کورد دا،هەر لە کۆنەوە وەک شتێکی بێزهەستین و مایەی شەرم و شوورەیی سەیری کراوە. هەر بۆیەش خەڵکی کوردستان نزیکەی سەدەیەکە ئەم جۆرە کەسانە بە “جاش” و کردەوەکەیان بە “جاشەتی” ناو دەبەن. لە خۆڕا نیە ئەو کەسانەی چەکی ڕێژیمە داگیرکەر‌و دژە کوردەکانیان کردووەتە شان‌و لە گەڵ هێزی چەکداری دوژمن دا، هاتوونە شەری تێکۆشەرانی نەتەوەکەیان‌و، لە سەرکوتی خەباتی نەتەوەکەیان دا بەشدار بوون، لە کۆمەڵگەی کوردی دا سەرشۆڕ بوون‌و تەریک کەوتوونەوە. چونکە وەک خائین بە نەتەوە و نیشتمان سەیریان کراوە و خەیانەتیش لە نێو هەموو کولتوور و ئایینێک دا، بە شتێکی دزێو دانراوە. ئەم ڕوانینەی خەڵک بۆ تاک و گرووپی خۆفرۆشی کورد و بە سووک تەماشاکردنیان، وای کردوە دەوڵەتە داگیرکەر و دژ بە کوردەکان، ناوو ناسناوی ئەوتۆ بۆ بەکرێگیراوە کوردەکانیان بدۆزنەوە کە شوورەیی و دزێویی پیشە و کردەوەکانیان تا ڕادەیەک بشارێتەوە. لە ڕێژیمی شایەتی دا بۆ وێنە ناوی”دلاوەر”یان لە سەر دانابوون. کۆماری ئیسلامییش ناوی “پێشمەرگەی موسوڵمان”ی لێ ناون بەو نیەتە ک بە هۆی وشەی پێشمەرگەوە، خەڵک لێیان نەسڵەمێتەوە‌و خۆشی بوێن، بە هۆی ئاوەڵناوی “موسوڵمان”یشەوە وا هەست بکەن، ئەوەی دەیکەن لە خزمەت ئایین و ئیسلامەتی دایە! دیارە ئەم ناوەش فریایان نەکەوتوە‌و خەڵک هەر بە جاش‌و خۆفرۆش و خائین ناویان دەبەن و دوورییان لێ دەکەن. بەڵام ئەوان هەر ڕووڕەشی ئەم دنیایە نین، ڕووڕەشی قیامەتیشن. چونکە پشتیان لە کۆمەڵ و نەتەوە و هاوزمانی خۆیان کردوە، خراپترین تاوان و کردەوە بەرامبەریان ئەنجام دەدەن، ئەویش لە پێناوی پووڵ‌و سامان دا.

لە سۆنگەی ئەم دیاردە زیانبارەوە، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، زیانی گەورەی وێ کەوتوە. هێزە نیشتمانپەروەرەکان بەشێکی گەورە لە وزە و توانای خۆیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەو بێ ئاکامکردنەوەی ئەو بەکرێگیراوە کوردانە تەرخان کردوە کە شانبەشان و لە پێشەوەی هێزی چەکداری ڕێژیمەکەیان هێرشیان کردوەتە سەر هێزی پێشمەرگە‌و تێکۆشەرانی کورد. لەو نێوە دا چ هێزی پێشمەرگە زیانی گیانی پێ گەیشتبێ و چ ئەو بەکرێگیراوە کوردانە کوژرابن، دوژمنان زەرەیان نەکردوە. چونکە کوردیان بە دەستی کورد بە کوشت داوە. بەم جۆرە زیانی گیانی هێزە چەکدارەکانی خۆیان کەم کردوەتەوە و هەر لەو کاتەش دا کەلێن و ناکۆکیی نێو ڕیزەکانی خەڵکیان پەرە پێ داوە. چونکە بمانەوێ‌و نەمانەوێ هەر نەبێ بەشێک لە بنەماڵەی بەکرێگیراوە کوردەکانیش، لە جیاتی ڕێژیمە دژ بە کوردەکان بە هۆکاری کوژرانی کەسەکانی خۆیان بزانن، دەبنە نەیاری هێزەکانی نێو بزووتنەوە.

جاشەتی و خەیانەت بە نەتەوە سەردەمانێک زیاتر لە چەک هەڵگرتن بۆ دوژمن دا خۆی دەنواند، بەڵام هەر چەشنە دەستتێکەڵکردن لە گەڵ هێزی سەرکوتکەری ڕێژیم و بەشداری لە هەر پیلان و بەرنامەیەک کە دژی خەبات و تێکۆشانێکی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان بێ، هەر خەیانەتەو، هەر خەیانەتێکیش بە نەتەوە و نیشتمان لە پێناویی پلەو پایەی ئیداری‌و لەشکری و وەدەستهێنانی سامان، شیاوی ئەوەیە ناوی جاشەتی لە سەر دابنرێ و مەحکووم بکرێ.

بەربەرەکانی لە گەڵ ئەم دیاردەیە هەر تەنیا ئەرکی هێزە سیاسییەکان نیە. هەر لە جێدا کاری فکری و فەرهەنگی‌و کۆمەڵایەتی بۆ ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ ئەم دیاردەیە، لە کاری سیاسیی پێویستت‌ترە. بەر لە هەموان ئەندامانی بنەماڵەکانی ئەو جۆرە بەکرێگیراوانە کە زۆر باش دەزانن کردەوەی خۆفرۆشانەی کەسەکانیان چ زیانێکی بە ڕێز و حورمەت و ناوبانگی بنەماڵەییان گەیاندوە، حەق وایە ببن بە هێزی گوشار لە سەریان، دەستیان پێ لە خەیانەت و خۆفرۆشی هەڵ بگرن و بەم جۆرە ئەم پەڵەی شوورەییەی نێوچاوانی بنەماڵەکانیان بسڕنەوە. دواتر ئەوە ئەرکی توێژە رووناکبیرەکان بە تایبەتی نوخبەکانی کۆمەڵگەیە بە سوود وەرگرتن لە پێگەی ڕۆشنبیری‌و کۆمەڵایەتیی خۆیان، ئەم دیاردەیە بدەنە بەر ڕەخنە و دژایەتییەکی گشتی لە قووڵایی کۆمەڵ دا لە گەڵ ئەم دیاردەیە وەڕێ بخەن. هێزە سیاسییەکانیش، لە لایەکەوە بە سوود وەرگرتن لە راگەیەنەکانیان دەبێ شەنوکەوی زیانەکانی ئەم دیاردەیە بکەن‌و وشیاریی پێویست لەم بارەیەوە بڵاو بکەنەوە، لە لایەکی دیکەوە بە پلان وکاری هاوبەش ودووربینانە، بە کاری سیاسی‌و ڕیکخراوەیی‌و هەڵوێستی گونجاو، ئەم ئافەتەی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان، بەرەو کزی ببەن و لە کۆڵ داهاتووی نەتەوەکەمانی بکەنەوە.
***
ئەم وتارەم ساڵی ٢٠١٦ نووسیوە و لە ڕۆژنامەی “کوردستان” بڵاوم کردوەتەوە. بەڵام پێم باش بوو جارێکی دیکە بیخەمەوە بەر سەرنجی خوێنەران تا بە بۆچوونەکانی خۆیان ئەم باسە دەوڵەمەند بکەن.

سەرچاوە فەیسبووکی: قادر وریا