ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ڕاپۆرتێکی هەواڵنێری “ANF NEWS”ی سەر بە پەکەکە

هەروەک ئاگادارن سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای ڕووداوەکەی گوندی “شیلە” لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لە ڕێکەوتی ۲۳/۹/۲۰۱۹دا بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند کە ئەو دوو کەسەی لە بەرگی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتدا چووبوونە سەر بنەماڵەیەکی گوندی “شیلە” و وێڕای بێڕێزی بەو بنەماڵەیە، بڕە پارەیەکیان لێ ئەستاندبوون، دەمودەست لەلایەن حیزبەوە گیراون و دوای لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی، بۆ بەدواداچوونی زیاتر و ئیجرائاتی قەزایی، ڕادەستی دەزگای ئاسایش و مەحکەمەی کۆیە کراون.
لە ڕۆژانی دوای ڕووداوەکە، بەرپرسانی پێوەندیداری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆیان زانیوە کە سەردانی ئەو بنەماڵەیە بکەن و وێڕای دڵنەواییدان، ڕوونکردنەوەی پێویستیان بدەنێ کە بەخۆشییەوە ئەوان و خەڵکی گوندی شیلە و هەروەها بەرپرسانی پێوەندیداری کۆیەش، بە ناسینێک کە لەسەر حیزبی دێموکرات و هەڵسوکەوت و پەروەردەی پێشمەرگەی دێموکراتیان هەیە، ئەو کارەیان بە کاری دوو کەسی گوماناوی، کە پرەنسیپەکانی حیزبی دێموکراتیان پێشێل کردوە، لە قەڵەم داوە و لەسەر درێژەدان بە پێوەندیی دۆستانە و خزمانە لەنێوان حیزبی دێموکرات و خەڵکی کۆیەدا، پێداگرییان کردۆتەوە.
جێی تێڕامانە کە، دوای لێکتێگەشتن و ئاسایی‌بوونەوەی پێوەندیی نێوان حیزبی دێموکرات و ئەو بنەماڵەیە و کۆتایی ئەم دۆخە نەخوازراوە، لە حاڵێکدا ئەو پەروەندەیە ڕەوتی لێکۆڵینەوەی قەزایی خۆی تێپەڕ دەکا و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بە مەبەستی ڕوونبوونەوەی لایەنە نادیارەکانی ڕووداوەکە و بۆ بەسزاگەیشتنی تۆمەتباران، ئەوپەڕی هاوکاریی لەگەڵ ئاسایش و دامودەزگای قەزایی کۆیە کردوە، هەواڵنێری “ANF NEWS” سەر بە پەکەکە، لە ڕاپۆرتێکدا وێڕای چەواشەکاری، دیسان ئەو ڕووداوە بەڕۆژ دەکاتەوە کە ئەم کارەی جگە لە ئاژاوەگیڕی و هەوڵێکی تێکدەرانە، هیچ قازانجێکی بۆ ڕوونبوونەوەی ڕووادوەکە و دەرخستنی ڕاستییەکان نییە.
بیانووی هەواڵنێری ANF NEWS بۆ ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆرتە ئەوەیە کە گوایا ئەو دوو کەسە گوتویانە گریلای پەکەکەن و بە ناوی ئەوانەوە ئەو کارەیان کردوە! لە حاڵێکدا بەپێچەوانەی ئەو لێدوانەی لە ڕاپۆرتی هەواڵنێری سەر بە ڕاگەیاندنی پەکەکەدا هاتووە، ئەو دوو کەسە گوماناویە لەوێ خۆیان بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ناساندوە و گوتویانە لە کوێوە هاتوون و تەنانەت بە گوتەی یەکێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە، کە لە گرتەیەکی ویدیۆییدا دوای ڕووداوەکە بڵاو بۆوە، یەکیان کارتی پێناسەکەشی نیشان داوە؛ بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خۆیان، پێوەندیی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کۆیە، خەوشدار بکەن.
ئێمە ڕەخنە و بەداخبوونی خۆمان لەو ڕاپۆرتە نابەرپرسانەیەی هەواڵنێری ” ANF NEWS”ی سەر بە پەکەکە ڕادەگەیەنین و جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە پێوەندیی لەمێژینە و پتەوی ئێمە و خەڵکی کۆیە، بە کاری گوماناوی و هەوڵی نابەپرسانەی هیچ کس و لایەنێک، خەوشی تێ‌ناکەوێ و وێڕای پێزانین و ئەمەکداریی خۆمان بۆ خەڵکی کۆیە، چاوەڕێی ئاکامی لێکۆڵینەوەی ئاسایش و مەحکەمە و ڕوونبوونەوەی ڕاستیی ڕووداوەکە و بەسزاگەیشتنی تۆمەتباران دەکەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
سکرتاریا
6/10/2019
14/7/1398