پێشمەرگە. شێعر مامۆستا رەسووڵ سوڵتانی
شێعری پێشمەرگە لە نووسینی مامۆستا ڕەسووڵ سوڵتانی، بەرهەمێکی نوێ بۆ ڕۆژی ٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بەرهەمێک پڕاوپڕ لە خۆشەویستی و لە هەستی نیشتمانپەروەری و گەورەیی بۆ باڵای پڕ لە هەیبەتی پێشمەرگەی کوردستان و لە هەمانکاتدا پڕاوپڕ لە نەنگی و سەرشۆڕی بۆ جاش و خۆفرۆش و گەلفرۆش و خائیناننی گەل و نیشتمان.
پێشمەرگە
نازانم چۆن ناوت بێنم
بڵێ بەچیت بشوبهێنم
بە هەڵۆمان کە شوبهاندووی
لە گەورەییمان شکاندووی
هەڵۆ بەرسێرەی کەس نییە
بەر هێرشی تەرەس نییە
هاوخوێنی لێ دوژمن نییە
دەردی وەک دەردی من نییە
ناحەزی ناکەونە شوێنی
تینووی نییە کەس بە خوێنی
لە ماڵی خۆی دەرنەکراوە
هێلانەی لێ نەروخاوە
داگیر نەکرا زێد و ماڵی
نەشکێندراوە پەڕ و باڵی
لە سەر بانگی مرۆڤانە
نەخراوەتە بەندیخانە
بێچووی بە دیل نەگیراوە
سێدارەی بۆ هەڵنەخراوە
هاوزمانی بن دەست نییە
ناشزانێ ماف و حەق چییە؟
کە دەشچێتە راوی مەلان
لە پێدەشت و چیا و تەلان
هیچ مەترسی لە سەر نییە
پیویستی بە سەنگەر نییە
هاوخوێنی بۆ نان و بژیو
بۆ ئێسقان و گۆشتی ڕزیو
ناچێتە نێو ڕیزی قەلان
نابێتە ڕووڕەشی مەلان
کەچی لە نیشتمانی تۆ
لە نێو ڕەز و بێستانی تۆ
لێرەو لەوێ هەیە پەڵە
تێی کەوتوون زیوان و کەڵە
هێندێک دەبن بە گورگەمێش
خۆ دەفرۆشن لە پاش لە پێش
دەکەونە پێش گورگی برسی
گیانت دەخەنە مەترسی
هەر لەو خەڵکەی لە پێناوی
دەکەی خەباتی خوێناوی
هەوڵ دەدەی ئازاد بژین
سەربەستانە و دڵشاد بژین
ناتهەوێ دیل و کۆیلە بن
دوژمن نەیانهێنێ لەبن
دەبنە جاش و دێنە شوێنت
بۆ دوژمن دەڕێژن خوێنت
لەولاشەوە نیشتمانت
زێدی باب و باپیرانت
لە پێش چاوت خاپوور دەکرێ
بە خوێنی لاوان سوور ئەکرێ
ناچار بووی دەستت دایە چەک
هەڵت ماڵی قۆڵ و مەچەک
تا نیشتمان بپارێزی
بیپارێزی پێگە و ڕێزی
بەرگی خەباتت کردە بەر
ورەت دایە شاخ و سەنگەر
بووی بە باسکی بەهێزی گەل
ژینت هەموو کردووە بە هەل
ژینی کورت و سەربەرزانە
ئەگەر هەش بێ لە تۆ جوانە
ژیانت وەک مۆمی دەم بایە
لە نێو دڵی خەتەر دایە
بەڵام چرکەی کوژانەوەت
دەستپێکە بۆ بووژانەوەت
مردن ناوێرێتە ناوت
چاو نابڕێتە ناو چاوت
لەبەر ناوی تۆ بەزیوە
پشتی لە بۆت دانەویوە
تۆ مەرگیشت چرای ڕێیە
لە دایک بوونەوەی نوێیە
تۆ ڕەمزی ژینی هەرمانی
تۆ غیرەتی نیشتمانی
ناوت شنەی هەر چوار وەرزە
نیشتمان سەری پێت بەرزە
پێشمەرگە ناوی هەرمانە
پڕ بە باڵای مێژوومانە
سڵاوت لێدەکا گۆی زەوی
بۆ سامانی وا مەعنەوی
تۆ بنازە بە خۆتەوە
ئەو گرەوەت بردۆتەوە
تۆ بەڕاستی خودا پێداوی
پێشەوای کورد ناوی ناوی
شێعر: مامۆستا ڕەسووڵ سوڵتانی