پەیامی دەفتەری سیاسی ڕوو بە پێشمەرگە کەم‌ئەندامەکانی سەنگەر

پەیامی دەفتەری سیاسی ڕوو بە پێشمەرگە کەم‌ئەندامەکان: ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگەتان لێ پیرۆز بێ!
لە مێژووی خەباتی پر هەوراز و نشێوی نەتەوەکەماندا بە گشتی و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی، لە کاتی پێشمەرگایەتی و بەرگری لە کەرامەتی گەلەکەماندا، پۆلێکی بەرچاو لە ڕۆڵەکانی کورد لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا لە شەڕ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە توندی بریندار بوون و بەشێک لە جەستەیان پێشکەش بە بارەگای گەل و نیشتمان کردوە و، بەشێک لەوان خوێنیان لەگەڵ خوێنی شەهیدەکان تێکەڵ بووە.
لە حیزبی ئێمەدا کەم نین ئەوانەی بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە، یا زامی قورسیان هەڵگرتوە کە ئێمە وەک سیمبولی فیداکاری و گیانبازی دەیانناسین. بێ‌شک ئێوە کەم‌ئەندامانی حیزب چ ئەوانەی هەر ئێستا لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا ماون و چ ئەوانەی لە تاراوگە و لە نێوخۆی وڵات دەژین، ئێستاش کۆڵەکەی ڕاپەراندنی کار و چالاکییەکانی حیزبەکەمانن. بۆیە دەفتەری سیاسی بە چاوی ڕێزەوە دەروانێتە خەبات و تێکۆشانتان و؛ وەک یادگاری ڕۆژانی سەختی خەبات چاوتان لێدەکرێ و باوەڕمان وایە هەمیشە حەقتان بە سەر حیزبەکەمانەوە هەیە.
ئێوە وەک کەم‌ئەندامانی سەنگەری بەرگری، ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی تەمەنتان بە سەربەرزی لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا تێپەر کردوە و هیز و گوڕی لاوەتیتان، وزە و ورە و ئیمانتان لە سەنگەر و لە کاتی هێرش و بەرگریدا بۆتە داستان و بیرەوەری و هەموومان لێی فێری خۆڕاگری و فیداکاری بووین، ئێوە هەردەم پێشمەرگەن و ئێستاکەش پێشمەرگەئاسا لە خزمەت حیزب و گەلەکەمان دان.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم ڕۆژەدا ڕێز لە فیداکاری و خۆڕاگریی ئێوە ئازیزان دەگرێ و وەک هەمیشە ئێوە بە قەڵای لەگیران نەهاتووی گەلەکەمان دەناسێ. ئێوە نموونەی دڵسۆزی و وەفادارین، بێ‌شک ئازارەکانتان بە ئازاری خۆمان و حیزبەکەمان دەزانین و بە گشتی ئێوە سیمبولی گیانبازی بۆ گەل و نیشتمانن و حیزبەکەمان پێتان سەربەرزە.
ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە ئێوە و بنەماڵەکانتان پیرۆز بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی