نەسرین( بەشی سێزدە و چواردە) . نووسینی: سەلاح پوورئەسەد

دوور کەوتنەیەکی خەمناک. دوایین دیدارە ئەمە! چیتە نەسرین بۆ دڵ بە خەمی، خۆ ھیچ ڕووی نەداوە بۆ خەریکە لە گەڵ ئاوا بوونی خۆر، تاریکی بە سەر دڵی

تۆش دا باڵ بکێشێ. دەیان خەیاڵی ھەمە چەشن، لە ڕێگای چوون بۆ ماڵ ھێرشیان بۆ ھێنا بوو. نەیدەزانی چ بکا. توند چارشێوەکەی لە خۆی ھاڵاند بوو و بە خێرایی بە نێوە ڕاکردن و خێرا ڕۆیشتن بەرەو ماڵ بۆوە. لەو ماوەیە دا چەند چەکداری جاش و جاسوس لە ناو شار کوژرا بوون. گرتن و ڕفاندن لە لایان ڕێژیمەوە ڕوو لە زیاد بوون بوو. ڕۆژ نەبوو دەیان کەس نەگرن. نەسرین زۆر لەوە دەترسا ناسر لەو ڕەش بگیرانە دا پێوە بێ و نەتۆانێ دەرباز بێ. ھەر ئەوەندە پات چووە ئەو ناوەندە جەھەنەمیانە، سەختە بتوانی ڕزگار بی.ھەر ئەو کاتەی ئەو بیر و خەیاڵانە نەسرینیان ئازار دەدا، لە ناوەڕاستی شار ژومارەیەک چەکداری لە دوو ماشێن دابەزین و و لولەی چەکەکانیان لە ناسر کرد و داوایان لێکرد دەستی ھەڵبێنێ.

خەڵک دەستی بە ڕاکردن کرد و ناسر مایەوە و ژوماریەک پاسدار و جاشی ڕیش درێژی چەک بە دەست. زوو دەستیان لە پشتەوە ڕا بەست لە یەکێک لە ماشێنەکانیان ھاویشت و بە پەلە بەرەو بنکەی ئیتلاعات ڕفاندیان. لە ڕێگا جگە لەوە دەستی بسترا بوو ، پاسدارێکی زەلام لە سەر ملی دانیشت. کە گەیشتنە بەر دەم جاسوسخانەکە، پشت ملیان گرت و بردیانە ژوری بەڕێوەبەر. پاسدارێکی ڕیش درێژی مل ئەستوور لە پشت مێزێک دانیشبوو. لە پشت سەری وێنەیەکی ناحەز و مڕ و مۆچی خومەینی ھەڵاوسرا بوو.

وێنەیەک کە رەنگی مەرگ وماڵ وێرانی، ئەشکەنجە و کوشتاری لە ناو چاوان دەباری. لە دەستی ڕاستی پاسدارە ڕەزا گرانەکە. ئاڵایەکی ئێران کە اللە یەک بە شێوەی شووتی لە ناوە ڕاستەکەی دا بوو، دانرا بوو. نەقشەیەکی گەورەی ناوچەکە بە بەرزایی و شاخ و گوند و کوێرە ڕێی بە دیواری دەستی ڕاستەوە نوسابوو. کورسیەک بەرانبەری پاسدارەکە دانرا بوو، دانیشە ، دەمێکە چاوڕۆانتین میوانمان بی، پاسداری بەرپرس گوتی. چایەکی بۆ بێنن، با کەمێک ترسەکەی بڕەوێتەوە.

ناسر دەستێکی بە سەرە ئاڵۆزەکەی دا ھێنا و گوتی، ھیچم نەکردوە تا لێی بترسم، پێم سەیرە وا دەڵێی. پاسدارەکە کە دەوری لێکۆڵینەوەی دەبینی، ڕووی لە ناسر کرد و گوتی: پێم ناخۆش دەبێ نێوانمان تێک چێت، پێم خۆشە برایانە ھەموو شتێکم بۆ ڕوون کەیەوە. ھاوکاریت دەکەم کە حوکمەکەت زۆر نەبێ . بۆ خۆت ڕەنگە بیستبیتت کە لێرە بەرد وە قسە دێنین ، بێ گومان ناوی منیشت بیستوە، دوکتور کازمم پێ دەڵێن.

کازم درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: پەروەندەکەت لە لامە، دەمێکە بە شوێن تۆوەین، ئەندامێکی چالاکی دژی شۆڕشی. لە کوشتنی برا پێشمەرگە موسلمانەکان و پاسداران دا دەوری گرینگت ھەیە. دوو ڕێگات لە بەرە، یان ھاوکاری ئێمە دەکەی یانیش قانونی خوا و ئیسلام چی بێ ئەوەت بە سەر دا دەسەپێنین. چەند پەڕە کاغەزی سپی و قەڵەمێکی پێ دا و وتی بە جوانی و بێ درۆ و دەلەسە جوابی ئەو پرسیارانە بدەوە. کازم چەند جارێک بە ناو ژوورە بچووکە کە دا خولایەوە و پاشان لە حاڵێك دا بەرەو دەرگاکە دەچوو، ئاوڕێکی دایەوە و گوتی ئێستا ساعەت ٩ یە تا ٣ ساعەتی تر دێمەوە، تەواوی کە.

ماڵی باوکی ناسر بەرە بەرە نیگران دەبوون، دەبێ چ ڕووی دابێ، بۆچی تا ئەو کاتە کوڕەکەیان نەگەڕاوەتەوە. تەلەفونیان بۆ ھاوڕێ و دوستانی ناسر و ناسیاوەکان کرد تا بەشکم ھەواڵێکیان دەست بکەوێ. سەرئەنجام دەرکەوت کە تا درەنگانی ئێوارێ لە ماڵی خوشکی بووە و ھەر چی ڕووی دابێ لە ماوەی ئەو ٣ یان ٤ ساعەتەی بەر لە ئێستایە. خوشکی ناسر بە پەلە تەلەفونی بۆ ماڵی نەسرین کرد داوای کرد لە گەڵ نەسرین قسە بکا، باوکی چو بوە ژورەکەی خۆی، ھەر نەسرین و دایکی لە ھۆڵەکە بوون، نەسرین تەلەفونەکەی وەرگرت. لەو بەری سیمەکانەوە دەنگی نیگرانی خوشکی ناسری گوێ لێ بوو، کە بە پەرۆشەوە ھەواڵی براکەی دەپرسی، نەسرین کوتی من ٥ خولەک زووتر ڕۆیشتم، نازانم چی بە سەر ھاتووە.

نەسرین ( بەشی ١٤)
نەسرین تەلەفونەکە دانا. دونیا لە بەر چاوی تاریک بوو. سەری لە گێژەوە ھات و کەوتە سەر زەوی. دایکی بە پەلە گەیشتە سەری و ھێندێک ئاوی ساردی بە سەر و چاوی دا کرد. وە ھۆش ھاتەوە و گریا. خۆی ڕنی و قژی دەرھێنا. بە بێدەنگی و لە بێدەنگی دا فرمێسکی ڕشت. تا دەمەو بەیان بەو جۆرە. وەک شێتی لێ ھاتبوو. دەمێک بوو چاوڕێ ئەو ھەواڵە ناخۆش و تاڵە بوو. سەر ئەنجام ھەواڵە شوومەکە گەیشت، دوای ئەو ماندوو بوونە ، ھەستی کرد ماندوە، ھەستی کرد ئاوی چاوی تەواو بوو، دونیا ویشک و ڕەق .

ژیان وەستا بوو. نەسرین وەک سەیر کەرێک دەھاتە بەر چاو کە ھیچی لا گرینگ نەماوە. دار و دیوار لە بەر دەمی لە ھاتوو و چۆ دا بوون. دەمەو بەیان لە نێوان خەو و کابوس و ترس دا گەمارۆ درابوو. لەو لاشەوە، بنەماڵەی ناسر ، خەفەت و گریان و ترس تا بەیانی بە جێی نەھێشتن. دوعا و پاڕانەوە، نەزر و خێر لە خۆ گرتن. تەگبیر و ڕا کە چ بکەن و چ نەکەن مێشکی ھەموویانی خەریک کرد بوو.

دوکتور کازم ، سەری سەعاتی ١٢ی شەو ھاتەوە لای ناسر و داوای کاغەزەکانی کرد کە دا بووی بە ناسر جوابی پرسیارەکانی بۆ بنوسێتەوە. کازم چاوێکی خیرای بە نوسراوەکان دا ھێنا و بە توڕەیەوە گوتی: وادیار پێت خۆش نییە دۆستایەتیەکەمان سەر بگرێ. ڕاست و چەپ بوو، بە ھەموو ھێزی زللەیەکی تێسرەواند و یەخەی گرت، پێم گوتی من ئەھلی گاڵتە نیم . دەبێ دەدردێکت دەمێ، نەتۆانی فەڕقی شەو و ڕۆژ بکەی. سەگی کوڕی سەگ، لە گەڵ حکومەتی ئیسلام درۆ دەکەی. دوو پاسداری زەلامی دیکەی بانگ کرد و لێدانێکی خراپیان لێدا و بە شپرزەیی لە ھودەیەکی بچووکی گەرمی یەک کەسیان ھاویشت و دەرکەیان لە سەد داخست.

ژان و ئێش سەرانسەری لەشی داگرتبوو، جێگایەک نەما بوو، شەقێک، زللەیەک یان قامچییەکی بەر نەکەوتبێ. خوێن بە سەر دەم وچاویەو چۆڕاوگەی بستبوو خەتێکی سووری لە سەر سمیتەکەی ناو ژوورەکە دروست کرد بوو. بەیانی لە گەرمان و لە توونیان وە ھۆش ھاتەوە. پێی وا بوو خەونە. پاش ماوەیەک کە نەیدەتوانی سەری وەرسوڕێنێ، بە ئاگا ھاتەوە و زانی کە لە گرتووخانەیە. لە کاتی ئەو بیر کردنەوانە دا پاسدارێک لێی وە ژوور کەوت و سەتڵێک ئاوی ساردی پێداکرد و ژورەکە پڕ بوو لە خوێناو. نزیک نێوەڕۆ ھێبدێک ژورەکەیان خاوێن کردەوە و برینەکانیان دەرمان کرد و ھەتا بۆ ئەشکەنجەی زیاتر ئامادەی بکەن.
خەیانەت، چەند سەختە خەیانەتت لێ بکرێ و لای دوژمن نێوت بێنن و ئاشکرات بکەن. ھەموو کەس ناتۆانێ لە بەرانبەر ئەو ھەمووە جەزرەبەیە دا بەرگە بگرێ. من ھەق بەو کەسانە دەدەم کە نەتوانن تاقەت بێنن و تۆبە بکەن، بەڵام لە گەڵ ئەوە نیم ناوی کەس بدرکێندرێ بۆ دوژمن.

ناسر لە نێو ئازار و ژان دا ئەوەی بە مێشکی دا ھات.

(درێژەی ھەیە)