نامیلکەی (١٠ ساڵ کارو چالاکی بەردەوام) ڕەحمان نەقشی

نامیلکەی (١٠ ساڵ کارو چالاکی بەردەوام) وەڵامی داواکارییەکەی من لە هاوڕێیان دۆستان بە بۆنەی ١٠ ساڵە کار خۆبەخشانە.

چەند وتەیەک
خوێنەری هێژا!
١٠ ساڵی تەواوە خۆبەخشانە سەرقاڵی کۆکردنەوەی بابەتی سیاسی، ئەدەبی و هتد… لەسەر ڕووداو، کارەسات، بۆنە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانم تا ئارشیڤێکیان لێ ئامادە کەم بۆ ئەوەی ببیتە سەرچاوەیەک بۆ داهاتوو تا نەوەی ئێستا و داهاتوو کەڵکی خۆی لێ وەربگرن. لەهەمان کات پێم باش بوو بزانم تا چ رادەیەک لەم کارەم دا سەرکەوتوو بووم و، ئەوەی ئەنجامم داوە لای هاورێیان و دۆستان چە بایەخ و گرینگیەکی هەیە؟ چۆنی لێ دەروانن و ناتەواوی و کەم و کووڕییەکانی ئەم کارە خۆبەخشانە چین؟ و رەخنە و پێشنیاریان لەم پێوەندییەدا چیە؟

بۆ ئەوەی لە ژێر ڕووناکیی سەرنج و تێبینییەکانیان لە داهاتوو دا باشتر درێژە بەم کارە بدەم. هەر بۆیە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕشەمەی ٢٧١٨ی کوردی(٢٣ی فێبریوێری ٢٠١٩ی زایینی) بە ڕەوانە کردنی نامەیەک بۆ هاوڕێیان و دۆستان، داوام لێ کردن کە بیروڕا و رەخنە و پێشنیاری خۆیانم لە بارەی ١٠ ساڵ کارو چالاکییەکانم بۆ بنووسن تا لەکارەکانی داهاتووم دا کەڵکیان لێوەرگەرم. بەخۆشیەوە بەشێکی زۆر لە خۆشەویستان بە ناردنی نامە و نووسینی تایبەت وەڵامی ئەرێنییان دامەوە. بە راستی نازانم بە چ زمانێک سوپاس و پێزانینی خۆم دەرحەق بەم هەمووە لوتف و گەورەییەی بە منیان بەخشێوە دەرببڕم. هەر بۆیە پەنام بردە بەر ئەم هونراوەیەی شاعیر گەورەی کورد مامۆستا هێمن کە دەڵێ:

بۆت نووسیوم بۆت بنووسم ئه‌من چیم؟
دوندی قه‌ندیل، گۆڕه‌پانی هه‌ڵگورد نیم

به‌ره‌و به‌رزایی ده‌چم گه‌ر چی وردم
خاکی به‌ر پێی تێکۆشه‌رێکی کوردم

جارێکی دیکە سوپاس و دەستخۆشیتان لێدەکەم بۆ نووسینی نامە جوانەکانتان. باوەڕم نەدەکرد زەحمەت و شەونخوونی و ماندوو بوونەکانم لەو ئاستە دابن کە شایانی ئەو هەمووە لوتف و پێزانین و وشە جوانانە بن. بە راستی ئێوە منتان دڵگەرم و سەرفراز. کرد و هانتان دام کە لە جاران زیاتر و بەرپرسانەتر و شێڵگێرانەتر ئەرکی سەرشانی خۆم بەجێ بگەیەنم و تا ئەوکاتەی لە توانام دا هەیە لە خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەم لەو ڕێگایەوە کەم تەرخەمی نەکەم.

کۆی ئەم نووسین و بابەتانەی لەم پێوەندییە دا بە دەستم گەیشتوون لە دووتۆیی ئەم نامیلکەیە دا دەخەمە بەر دیدەتان. لە گەڵ ڕێز و پێزانینم بۆ لوتفی هەموو ئیوەی بەڕیز.

بژی کورد، ئاوەدان بێت کوردستان

رەحمان نەقشی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت