گوندی ئایچی و چیای وەنەوشە

ئەحمەد حوسێنی

گوندی ئایچی و کێوی وەنەوشە دو دورە دیمەنی جوانن لە دراوسێیەتی شاری سەقز دا. پێنج بۆ شەش کیلۆمیترێک لە شاری سەقزەوە دورن و ڕوبەڕووی پادگانی گەورەی شارن بە جۆرێک بە چەکی قەناسە لەو دراوسێیەتیە دەتوانی نیشانە بئەنگێوی و لە بەرزایی چیاوە بە گۆشە نیگایەک بەشێک لە شار بە چاو ببینی.

بە هۆی نیشتمان پەروەری دانیشتوانەکەی و هۆگریان بە حیزبی دیموکڕات موچە و مەزراکانی ئایچی زۆر کات پێشمەرگەیان لە داوێنی خۆیان دا داڵدە داوە ، بە تیمی چووک و بە کۆ، پێشمەرگە لەو ناوەدا دەمانەوە.
لە گەڵ ئەوەی هەموو بەیانیەکی زوو چەندین مەنجەڵە ماستی جوتیارانی ئایچی بەرە و بازاڕی ناو شاری سەقز دەڕۆشت قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان و جارێک لە جاران نیشانەیەک لە ڕاپۆرت لێدران بە دی نەکرا, داستانی ئەو خزمەت و هاوکاریانە کەم نین ، بەداخەوە لە بەر هێندێک باری ئەمنیەتی ناکرێ لێرەدا ناوەکانیان بنوسم ، ئەگینا هیمەت و خزمەتێک کە خەڵکی ئایچی کردویانە نمونەیەکی شاز و ئاوێنەیەکی باڵا نوێنە و زۆر شتی جوانی تێدا دەبیندرێ کە شایانی لە سەر نوسینە، بە بێ ناو هێنان یەک دوو نمونەی لێ باس دەکەم.

تیمێکی هەشت کەسی کادر و پێشمەرگە بەرنامەی کارمان لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقزەوە بۆ ناوچەی سەرشیو دواتر بەرەو مەسیری جادەی سەقز- بۆکان بوو، ڕێگەیەکی دورو درێژمان بڕیبوو زۆر ماندوو بوین .
دەوری سەعاتی دوو بۆ سێی نیوەشەو بوو جادەی سەقز بانەمان تێپەڕ کرد ، بەڵام نەدەگەیشتینە شوێنی دیاری کراو، نەشمان دەویست بەو تیمە کەمەوە لە مەزراکان بمێنینەوە ، وا ساخ بوینەوە بچین یەک دوو ماڵ خەبەر کەینەوە و لێی دامەزرێین ، دوو کەسمان چوین بە ئەسپایی لە درگای ماڵێکمان دا دەمان ناسین و دەیان ناسین ، ژن و مێرد پێکەوە هاتنە دەرگای حەوشە ، بۆ شانسی نەباشی ئێمەش لەو کاتەدا ئاوماڵێکیان ئافتاوەیەکی پڕ کرد لە ئاو، لە شێری ئاوێک کە لە نزیک ئەو ماڵە هەڵکەوتبوو، شەو بێدار چاوی بە ئێمە کەوتوو بینیمانی نە ئەو دەنگی کرد و نە ئێمەش هیچمان وت.
لە خانەخوێـم پرسی ڕێگەی زۆرمان بڕیوە ماندووین دەتوانین لێرە بمێنینەوە ؟ وتی ئەی بە سەرچاو ڕاوەستن با کلیلەکان بێنم دەتانبەمە شوێنێکی گونجاو هات لە گەڵمان و لە ماڵێکی تایبەت هەمومانی جێ کردوەوە
چۆڵ و هۆڵ جگە لە ئێمە کەسی تیا نەبوو، ئاگادارمان کرد لەو کاتەدا لە دەرگای ئێوەمان دا ! کەسێک هات ئەفتاوەیەکی پڕ کرد لە ئاو ئێمەی بینی ، وتی خەمتان نەبێ کێشە نیە ، کاتێک ویستی جێمان بێڵێ ! وتم ئەرێ خەنەتان هەیە ؟ وتی بۆچیتە ؟ وتم نێوانی قامکەکانی قاچمان بلۆقی کردوە و سوتاونەتەوە خەنەیان تێدەگرین ، وتی هەمانە بنون خەمی ئەوەتان نەبێ ، زۆر شەکەت و ماندوو بوین بە ڕەخت و خەشابەوە خۆمان دا بە عەرزا و بۆی خەوتین ، هەوا خۆش بوو پێویستمان بە پێخەف نەبوو، دەورو بەری سەعات نۆی بەیانی گەرماییەکم لە قاچەکانم دا هەست پێکرد کە سەرم هەڵبڕی بینیم ئەوە ئەو خاتوونە بەڕێزە جامێک خەنە بە دەستەوە و پێش من دوو کەس لە هاوڕێکانم کە لەو لامەوە خەوتبوون لاقی لە خەنە داون و نایلۆنی لە قاچیان گرتوە بە بێ ئەوەی خەبەریان ببێتەوە و منیش سێهەم کەسم.

بە ئەسپایی وتی بخەوە ، پێدا ڕۆیشت هەتا ئەو سەر قاچی هەر هەشت کەسی لە خەنە گرتن ، لە ڕیزی خەلکانی خەو سووک دابووم و هەم ، خەوم لێنەکەوتەوە لە نزیک شارین و شوێنێکی تا بڵێی حاستەم و خەتەر بۆ تووش بوون بەشەڕ، کاتژمێر خۆی لە دە بۆ یازدە نزیک کردەوە هاوڕێکانم کەوتنە جووڵە جووڵ و لاقە فرتێ ، هەڵم ساندن و وتم ئاوا پێشمەرگایەتی ئەکەن ؟ تماشای قاچی خۆتان کەن چیان لێکردوون !؟ هەر بەخۆشتان نەزانیوە !؟ لە گەڵ ئەوەی لاقی هەموانی لە خەنە گرتبوو نایلۆنیشی لێ ئاڵاندبوون بۆ ئەوەی ڕەنگی خەنەکە شوێنی دیکە تێوە نەگلێنێ ، یەکیان وتی بۆ خەڵکی ئاوا گەر بش کوژرێین بە زایە ناچێ.

دیارە ئەو حیزب خۆشەویستیەی خەڵکی ئایچی ڕیشە دارە ، مەلا ڕەشیدی ئایچی ئەندامی حیزبی دیموکڕات کە مەلای ئاوایی بووە لە سەرەتای دەیەی چلی هەتاوی لە ڕیزبەندی یەکەمین شەهیدەکانی حیزبی دیموکڕات دابوە کە لە لایەن ساواکەوە بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکڕات دا بە دیل دەگیردرێ ماوەیەکی زۆر لە ژێر ئەشکەنجەدا دەبێ بەڵام هیچ نادرکێنێ و پاشان ئێعدام دەکرێ (کاک قادر خانی سوڵتان پەنا دەیناسی و بۆی باس کردووم) هەر وەها شاعیر و سیاسەتوان شەیدای کوردستان پارچە شێعرێکی لە وەسفی مەڵا ڕەشیدی ئایچی چەند ساڵ دوای شەهید بوونی هۆنیوەتەوە، سەرەڕای ئەوەش ئاوایی ئایچی خاوەنی پێشمەرگەی شەهید (موحەمەد سدقی) و چەند پێشمەرگەی قارەمانی دیکەن لە ڕیزی حیزبی دیموکڕات دا بوون و هەن ،
تایبەتمەندی چیای وەنەوشە شوێنێکی تا ڕادەیەکی بەرچاو و بەرزە لە نزیک شاری سەقز و لە مەسیری جادەی سەقز – بانە هەڵکەوتوە دەڕوانێ بە سەر ئاواییەکانی، ئایچی -قەبەغڵوو- تەمۆغە- قشڵاخی سەرو- قشڵاخی خواروو- کۆندەڵان- مەرخوز -هەرمێلە و مامەشا و چەند شوینی دیکەدا ، گڕە شاخێکی کەمی هەیە بۆ شەڕ شوێنێکی زۆر باش و گونجاو نیە لە مەجبوری نەبێ بۆ شەڕی ڕۆژی درێژ نابێ ، بەرینی هەیە بەڵام سیا کێوە نە بەردەڵانێنکی ئەو تۆی هەیە سەنگەری لێ بگری نە دار و نە جەنگەڵ و لێڕەوار، هەر چەند تا دڵ دەخوازێ با سەفا و لە داوێنی دا لە هەموو لایەکەوە کانیاوهەیە ، بەرز و گەردن کەشە.

مەڵبەندی دوو و هێزی دووی ڕێبەندان ، کۆمیتەی بۆکان و هێزی بەیان ، ڕێکەتی١٦،٥،١٣٦٧ پێکەوە کەمێک دوور و نزیک لە تەنیشتی یەک لە موچە و مەزراکانی نزیک لە ئاوایی ئایچی مابوینەوە ، وەستا ئەحمەدی شەهید پێی وتم میوانی تۆین دەبێ بۆ نیوەڕۆ دەعوەتمان کەی ، وتم باشە هەر لە خەلکی ئەو موچانە نەفەرێکمان ناردەوە ماڵی دۆستێک کە بڕێک نانمان بۆ ساز کەن وتیان بۆ نیوەڕۆ نان تان بۆ دێت، سەعاتی دەوروبەری نۆ و نیوی سەر لە بەیانی بوو کە پێشمەرگەکانی نیگابان لە سەر چیای وەنەوشە ئاگاداریان کردین هێزێکی ڕژێم لە لای ئاوایی قشڵاخی سەرو خۆیان گەیاندۆتە سەر بەرزاییەکانی وەنەوشە بەرە و سەنگەرەکانی ئەوان لە پێشڕەوەی دان ، هەر دوو فەرماندەری شەهید شاروخ وەستا ئەحمەد هەماهەنگیان کرد و پێشمەرگە واریدی شەڕگە کران و شەڕێکی توند و دەستە و یەخە دەستی پێکرد.

لە ماوەی دوو سەعات دا هەموو چیای وەنەوشە لە وجودی پاسدار پاک کرایەوە ، لە کاتی پێشڕەوی دا موزەفەر زارعی پێشمەرگەی هەڵمەت بەر ئەوەندە بە سەریعی ڕۆشتبوو تا نەکەوتبوە ناو ڕەوەی پاسدار نەیزانی بوو، شەهیدیان کردبوو جاشێک چەکەکەی کردبوە شان کاتێک چاشەکە کوژرا پێشمەرگەکان چەکەکەی موزەفەر دەناسنەوە، لە هیزی دوژمن ئەوانەی توانیبویان هەڵهاتبوون و یان لە بەرزاییەکان بە ڕووکاری جادی سەقز-بانەدا گلۆر ببونەوە ، جەنازەی ٣٠ پاسدار لە مەیدانی شەڕ بە جێمابوون کە ٢٦ کەسیان ناو و نیشانیان زاندراو و لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان خوێندراییەوە، لەو ژمارە زۆر زیاتر کوژران، بەڵام لە بەر هەڵکەوتوویی شوێنی شەڕەکە شناسایی نەدەکران ، چەک و چۆڵێکی زۆریش کەوتە دەست پێشمەرگەکان .شەڕ تا تاریک داهاتنی هەوا درێژەی کێشا، لەو بەرەنگاریەدا پێنج پێشمەرگەمان شەهید بوون ، زۆربەیان بە پڕیشکی تۆپ و خومپارە شەهید بوون شوینی سەنگەر گرتن و خۆحەشاردانی کەم بو، شەهیدەکان بریتی بوون لە ، سەعید ڕەحمانی سەرپەل لە هێزی بەیان – ناسر تەوەکولی خەڵکی سنە لە هیزی دووی ڕێبەندان – قادر ئەحمەد نژاد لە هێزی بەیان – حەسەن سەلبێ خەڵکی هەوشار لە ‌هیزی دووی ڕێبەندا ن – موزەفەر زارعی خەڵکی سنە لەهێزی دووی ڕێبەندان،

ئەو شەڕە دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو بە هۆی نزیکی لە شاری سەقز و جادەی سەقز- بانە ،هەم خەلکی ئەو ئاواییانەی بناری وەنەوشە ، هەم موسافیرەکان مەیدانی شەڕەکەیان بە چاوی خۆیان دەبینی بە تایبەت خەڵکی ئایچی لە کوچە و کۆڵان و سەربانەوە هەموو تماشایان دەکردین دوژمن چەند جارێکی دیکە خۆی تاقی کردوە و هێرشی هێنا بەڵام فایدەی نەبوو شاخ بە هەر کەس بوایە بەرەندە بوو هەر چەند کاتی دەسپێکردنی شەڕ بەشی زۆری شاخی وەنەوشە لە دەست پاسدار دابو،

شەڕ تەواو بوو بەڵام خۆ دەرباز کردن لە دەست ئەو هەمووە کەمینە کە بەبەرچاوی خۆمانەوە هەموو شوێنیان لێ تەنیبوین ئاستەم بوو، کاک حەمەی تۆپچی( شەهرەوان ) بەرپرسی کۆمیتەی بۆکان و شەهید وەستا ئەحمەدی کوهگەرد ومن و کاک شاروخ لە مەڵبەندی دوو لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی شارەزای ڕێگا کەوتینە بیرو ڕا گۆڕینەوە چۆن خۆمان دەرباز کەین و توشی کەمینی دوژمن نەبین

هەر چۆن لێک دەدرایەوە هەر دەبوو کەمینی دوژمن بشکێنین جا دەتوانرا دەرباز بین چونکە ئەو شوێنانەی بە بیرمان دا دەهات هەمووی گیرا بوون تا پیری سەنگەر مام ڕەحمان کەوتە قسە و وتی بە فکری من لە بەینی پادگانی شار و سەرەتای کەمینەکانی ئەواندا بڕۆین بێ خەتەرترە، هەر وامان کرد بە نزیک پەرژینی تۆڕینی پادگان دا بە ئەسپایی بەرەو خوار بوینەوە خوار پردی قەبەغڵوو کەوتین و لە چۆم دەرباز بوین و بە تیرە شانێک دا لە مەسیری ئاوایی قشڵاخە چکۆلە بەرەو ژوور هەورازێکی کووڕمان بڕی دوژمنیش ئەوە لە کەمین دان و جار و بار شەوقێکی کەمی چراقوەیەکمان دەدی کەمینەکانی خۆیان بە سەر دەکردەوە و پاس بەخشەکەیان نوزەیەکی لێوە دەهات، بێ ئاگا لەوەی بە نزیکیان دا تێ دەپەڕین کە گەیشتینە بەرە و ژوری قشڵاخە چکۆلە هیوامان مسۆگەر بوو لە کەمین دەرباز بوین و دانیشتین پشوو بدەین . هیزی بەیان کەرێکی بچکۆلەیان لە بەر بریندارەکەیان لە باغی شێخانەوە لە گەڵ خۆیان هێنابوو هەر کە پێشمەرگەکان دادەنیشتن یەکەسەر کەرەکەش پاڵ دەکەوت شەهید وەستا ئەحمەد وتی چاو لەو کەرە کەن ئەویش بوە بە پێشمەرگە .
لە نزیک شوێنی شەڕەکە شەهیدەکانمان ناشتن و هەر پێنج یان بەجلوبەرگەکانینەوە لە یەک قەبر دا نێژران ماوەیەک دوای شەڕەکە گەڕاینەوە ئەو شوێنەی کە شەهیدەکانمان لێ ناشتبوون، خاوەن موچەیەک پرسی ئەرێ ئەو پێشمەرگانەی شەهید بوون چیتان لێ کردن وتمان هەر لەم نزیکانە ناشتوومانن (موچەکەی خۆی) لە گەڵ مام ڕەحمان شوێنەکەمان نیشان دا وتی وەڵڵا هەستم پێ نەکردوە و هەمیشەش لێرەم . دواتر کە شوێنەکەمان نیشان دا ئەو ڕەحمەتیە خۆی و کەسێکی دیکە بە دووقۆڵی چبوون دوو داریان بڕیبوو لق و پۆپی دارەکەیان لە سەر گۆڕی شەهیدەکان دانابوو تا ئەگەر پاسدار ڕێی لەو ناوە کەوت نەیان دۆزنەوە .
کارێکی دڵسۆزانە بێ ئەوەی کەس پێ یان بێژێت ، ئەو خەمخۆری وەفاداریە بۆ پێشمەرگە و زۆری دیکەش کە لە خۆشەویستی خەڵکی ئاوایی ئایچی بەرانبەر بە نیشتمان سەرچاوە دەگرێ جێگای سپاس و پێزانینی زۆرە .
جا گۆرەوی و دەسکێش و پوزەوانەی دەسچنی کچانیش کە بۆ پێشمەرگەکانیان دروست دەکرد با لە جێی خۆی ڕاوستابێ.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت