ئەمریکا سپای پاسدارانی خستە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە

دۆناڵد تڕامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بڕیارێکی کەم‌وێنەدا کە ڕۆژی دووشەممە، 19ی خاکەلێوە واژۆی کرد، تەواوەتیی “سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران”ی خستە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە بیانییە تێرۆریستەکانەوە. چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەو بڕیارەی ئەمریکا دەبێتە هۆی تەریککەوتنەوەی زیاتری ئێران لە هاوکێشە ناوچەییەکان و کاریگەریی زۆر لەسەر سیاسەتی ئەمریکا و جموجۆڵی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دادەنێ.

دۆناڵد تڕامپ لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند کە “ئەمڕۆ بەڕەسمی ڕایدەگەیەنم کە دەوڵەتی من سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسێ و ئەوەش بەو مانایە دێ کە ئێران نەک هەر پشتیوانی تێرۆریزمی دەوڵەتییە، بەڵکوو سپای پاسداران چالاکانە بۆ دابینکردنی ماڵی و دارایی و بژیوی تێرۆریزم تێدەکۆشێ.”

سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەڵێ سپای پاسداران باسکی بەهێزی حکوومەتی ئێران بۆ هیدایەتی تێرۆریزمی نێودەوڵەتییە و ئەم بڕیارەی ئەمریکا گوشارێکی زیاتر دەخاتە سەر ئێران و هەموو وڵاتان و لایەنەکان سەبارەت بە پێوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئێران و سپای پاسداران وریا دەکاتەوە؛ بەو مانایە کە ئەگەر لەگەڵ سپای پاسداران مامەڵە و ساتوسەوداتان هەبێ ئەوا پشتیوانیتان لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی کردوە.

ئەمریکا دەڵێ ئەم بڕیارە پەیامێکی ڕوونە بۆ تاران کە دەبێ باجی پشتیوانییەکانی لە تێرۆریزم بدا و ئەمریکا هەتا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەفتاری دوژمنکارانەی خۆی دەگۆڕێ و دەست لە تێرۆر و سەرەڕۆییەکانی هەڵدەگرێ؛ لە گوشارخستن و ئیزۆلەکردنی بەردەوام دەبێ.

ماوەیەکی کەم دوای ئەم بەیاننامەیەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا؛ مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتەش ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە گرینگەی ئەمریکا بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێرانە و ئەمریکا یارمەتیی خەڵکی ئێران دەدا ئازادییەکانی خۆیان وەدەست بێننەوە.

شایانی باسە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا پێشتر و لە ساڵی 2007ی زایینیش‌دا هێزی قودس، باڵی دەرەوەی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسدارانی خستبووە لیستی ڕەشی تێرۆرەوە.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت