٧٢ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی قازی محەممەد تێپەڕ دەبێت

سەرچاوە ماڵپەری ژیان:
٧٢ ساڵ لەمەوبەر پێشەوا قازی محەممەد سەرۆك كۆماری كوردستان لە مهاباد لە سێدارەدرا، پێشەوا لەوەستنامەكەیدا پێش لەسێدارەدانی داوای تەبایی و یەكگرتوویی كورد دەكات لە بەرامبەر نەیار و دووژمنەكانیدا، بەڵام تا ئێستا تەبایی و یەكگرتوویی لە نێوان هیچ لە پارچەیەكی كوردستاندا نەبیندرا، تەنانەن میراتگرەكانی خۆشی.

قازی محەممەد

قازی محەممەد دادوەر و دامەزرێنەر و سەرۆك كۆماری كوردستان لە مهاباد ساڵی ١٩٠٠ لە دایكبووە و  دوای ڕووخانی كۆمار لە بەرەبەیانی ١٠ی خاكەلێوەی ساڵی 1326ی ھەتاوی (٣٠ی ئاداری ١٩٤٧)دا لەگەڵ ھاوڕێكانی لە لایەن حكومەتی كاتی تاران لە مەیدانی چوارچرای شاری مھاباد لە سێدارە دران.

قازی محەممەد، كوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەك كە ناوبانگی لە شاری مهاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نە تەنیا لەلای خەڵك، بەڵكوو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حكومەتیش، جێگەی رێز و پێ‌زانین بوون. ھەر بە بنەماڵە زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون. لە شەڕی یەكەمی جیهانی‌دا پیاوی وەك میرزا فەتاحی قازییان لە بەرەنگاریی راستەوخۆ لەگەڵ ڕووسەكان لێ شەھید بوو، كوڕە لاوەكانیشی (سالار و محەممەد) بە دیل گیران و بۆ شوێنە دوورەكانی رووسیای ئەو كات بەڕێ كران و تا شۆڕشی ئۆكتۆبر ھەر لە دیلی‌دا بوون.

قازی عەلی باوكی، لە ١٩٣٠ لە مهاباد رێكخراوێكی كوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەممەد پێكهێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەممەد خیابانی لە تەورێز پێوەندی ھەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش كە كۆچی‌دوایی كرد لەسەر ئەو كارە بەردەوام بووە.

قازی عەلی، دوو كوڕی ھەبووە، یەكیان ئەبولقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) بووە كە دوو دەورە لە لایەن خەڵكەوە كراوەتە نوێنەری پەرلەمان و جێ‌بڕوا و كاریگەرێتی تایبەتی ھەبووە. دوای تەواوبوونی كاری پەرلەمان لەسەر ڕاسپاردەی باوكی، بۆ ڕاپەڕاندنی كارە سیاسییەكان و یاری‌دانی خەڵك ھەر لە تاران مابۆوە.

قازی محەممەدیش كە ساڵی ١٩٠٠ی زایینی لەو بنەماڵە دا لەدایك بووە. لە منداڵی و لاوی دا زۆر خولیای زانست و فێربوونی زمانە بیانییەكان بووە و جگە لە عەرەبی و فارسی، لەگەڵ زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی و تا ڕادەیەكیش ڕووسی ئاشنایەتی كردووە. قازی محەممەد زۆری حەز بە تێكەڵاوی لەگەڵ زانایانی زەمان، كەسایەتیە گەورەكان، كوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆك عەشیرەتەكان ھەبووە.

دوای كۆچی ‌دوایی باوكی، بوو بە دادوەری شار. لە بەر ئارەزووی خۆی بۆ كاری فەرھەنگی و بردنەسەرەوەی زانیاری خەڵك، لە ساڵەكانی بەر لە ١٩٤١ و دوای ئەوەش بەرپرسایەتی دایەرەی فەرھەنگ و ئەوقافی شاری مھابادی بە ئەستۆوە گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرھەنگی كردووە و لە كاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەكەم قوتابخانەی كچان لە مھاباد كراوەتەوە. ھەر لەبەر ئەوە لەگەڵ زۆرێ لە خوێندكاران، رۆشنبیران و مامۆستایان پەیوەندی نزیكی بووە.

لە ساڵانی١٩٤١ تا ١٩٤٥ كە كۆماری كوردستان پێك ھاتووە، بەڕێوەبەرایەتی ئەو لە پێش‌بردنی كاروبارەكان‌دا و بە تایبەتی لە چارەسەریی كێشە عەشیرەییەكاندا دەورێكی بەرچاو بووە. زۆر لە گرفتەكانی كاری ڕۆژانەی خەڵك لە دیوانی ئەودا كە مەحكەمەیان پێ ‌دەگوت، چارەسەر بوون.

قازی لە ڕوانگەی نوێنەرانی بیانیشەوە كە ئەوكات ئێرانیان لەنێو خۆیان دا دابەش كردبوو، ڕێزی تایبەتی ھەبووە. ھەر كەس چۆتە مھاباد تێكۆشاوە بەر لە ھەموو كەس چاوی بە ئەو بكەوێ. بانگ كرانی بۆ سۆڤیەت ھەر لەم پەیوەندیەدا بووە، كە لەگەڵ وەفدێكی گەورە سەردانی باكۆیان كرد.

قازی محەممەد، خوازیاری یەكگرتوویی و تەبایی بووە

وەك ئەوەی لە وەسیەتەكەیدا هاتووە، قازی محەممەد برایەتی و یەكگرتوویی كوردی پێ گەورەترین ھۆی سەركەوتن بوو. ھەربۆیە لە زۆربەی وتارەكانی كە لە ڕۆژنامەی كوردستان، ئەوكات چاپ كراون لەسەر بابەتی یەكیەتی و برایەتی دواوە و مەرجی سەركەوتن و كۆڵەكەی ڕاگرتنی كۆمار و ھۆی سەركەوتن بەسەر دوژمنانی‌دا زانیوە.

ھەرچەند دەیزانی دوژمنەكانی كورد ڕاست ناكەن، بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە ڕاشكاوی ڕای ‌دەگەیاند كورد حەز دەكا لە ڕێگای ئاشتییەوە بە مافی خۆی بگا، بەڵام ئەگەر وا نەبێ ئەوەی بۆی بكرێ دەیكا.

لە پێش كۆماردا جاربەجارە لە رۆژنامەی كوردستان بە ناوی پێشەوا باسی لێ دەكرا، لە دوای دامەزرانی كۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوای پێ ‌بەخشرا و ئەو ناوە تا ئێستاش لەنێو كۆڕ و كۆمەڵی خەڵك دا هەر باوە.

ژێكاف و حیزبی دێموكرات

قازی محەممەد كە بوو بە ئەندامی كۆمەڵەی ژ.ك و ناوی نهێنی بینایی بۆ داندرا، هیوایەكی زیاتری بۆ بەرپرسان و خەڵك پێك هێنا. لە ئاكامی تێگەیشتنی بە وەخت و ئازایەتی سیاسی ئەو و بە قەناعەت گەیشتنی بەرپرسانی كۆمەڵەدا بوو كە ژ.ك بوو بە حیزبی دێموكراتی كوردستان و وەك حیزبێكی دیموكرات و پێشكەوتوو دەستی كرد بە تێكۆشان و خەباتی سیاسی.

قازی لەبەر ڕێزی تایبەتی كە بۆ ژ.ك‌ ی هەبوو، بناغەی دامەزرانی حیزبی دیموكراتیشی هەر بە ٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی ژ.ك دانا و هەر بۆیەش سەرنجی زۆربەی نزیك بە تەواوی بەرپرسانی بۆ تێكۆشان لە نێو حیزبی دیموكراتی كوردستاندا ڕاكێشا.

حیزب زۆر بە خێرایی پەلوپۆی سەند و تێكۆشانی لە هەموو ناوچەی ئازادی كوردستان دا پەڕەی سەند. قەیرانی بە زۆر لكاندنی كوردستان بە ئازەربایجانەوە حەل كرد و مەجبووری كردن حیسابی جیاواز بۆ كوردستان بكەن.

كۆماری كوردستان لە مەهاباد

لە یەكەم كۆنگرەدا، لە ٢٢یەكی ١٩٤٦ بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەكانی دیكەی كوردستان پێكھاتنی یەكەم كۆماری كوردستان ڕاگەیێندرا.

لە ماوەی دەسەڵاتداری كۆماری كوردستان ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشكاوی بە شای ئێران و قەوام سەڵتەنە (سەرۆك وەزیرانی كاتی ئێران) ڕاگەیاندوە، قامكی لەسەر لاوازییەكانیان بەرانبەر بە گەلی كورد داناوە. بە ئاشكرا پێی گوتون، ئێوە لە قسەكانی خۆتان‌دا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی كوردستان چارەسەر بكەن.

كاتێك پێشەوا لەلایەن قوام سەلتەنەوە بۆ تاران بانگھێشت دەكرێ و لە ڕێكەوتی ٢٨ی یەكی ١٩٤٦ دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەك لە وەزیران، نوێنەرانی پارلمان و نوێنەری كوردەكانی تاران و نوێنەری حیزبەكان و یەكێتی كرێكاران لە فڕۆكەخانە پێشوازی لێ دەكرێ. ڕۆژنامەی ایران ما ھەر ئەوكات دەنووسێ: ئێستا كە قازی محەممەد لە تارانە و ئازادیخوازان چاویان پێی كەوتوە، دەردەكەوێ كە بیر و ڕای ئەو جێگیركردنی ئازادی و دیموكراسی لە تەواوی ئێران دایە و مافی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئینسانی بۆ نەتەوەی كوردیش لە گۆڕێ دایە. ھەر كارێك بە سوودی دیموكراسی بێ لەلایەن پێشەوای كوردستانەوە بە دڵەوە پێشوازی لێ دەكرێ. ھیوادارین جەنابی قەوام لەو سەفەرە مێژوو‌ییە كەڵك وەرگرێ.

كۆمارە ساواكەی قازی محەممەد زۆری نەبرد لەپیلانێكی هاوبەشی روسی‌و ئێرانیدا شكستیان بەو دەوڵەتە كوردییە هێنا، بەجۆرێك ژمارەیەك لە دەسەلاتدارانی شای ئێران خوانێكیان بۆ قازی محەممەد‌و چەند هاوڕێكی كۆمارەكە رێكخست بەناوی گفتوگۆوە، بەڵام دوای نانخواردنەكە دەستگیر كران‌و هاوكاتیش هێرشی سەربازی كرایە سەر كۆمارەكەو كۆتایی پێهێنرا.

ڕووخانی كۆمار

دوای وتووێژێکی زۆر، تاران و كۆماری كوردستان بە خاڵێكی ھاوبەش نەگەشتن و گرفتەكان چارەسەر نەكران. ھەر بۆیە بەشوێن ماوەیەك ھەڕەشە، و بە دوای وەر گرتنی ھێندێ بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی كۆماری مھاباد لە لایەن هەندێ لە سەرۆك عەشیرەتەكان، تەنانەت چەند كەس لەوانەی لەگەڵ قازی سەفەری باكۆیان كردبوو، تاران لە پێش‌دا ھێرش دەكاتە تەورێز بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئازەربایجان و پاشان ھێرش دەكاتە سەر كوردستان.

سوپای ئێران كە قورسترین ئامێری شەڕیان چەند تانكی كۆن و قۆڕازە بوو، بە ھەڵاتنی سەرۆكانی كۆمار بۆ سۆڤیەت كۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر كرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێڕا بەرەو مھاباد بە ڕێ كەوت. لە ئەو ناوچانەی دیكە لە باشوری مھاباد‌دا كە خۆیان بە بەشی كۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حكوومەتی ناوەندی نەدەزانی، واتە لە شارەكانی سنە، دیواندەرە، مەریوان ھەتا نزیكی سەقز، لە چەند مانگ پێش ئەوە، ھێزیان ئامادە كردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش ھێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد كە لە ٢٠ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆكان بە یارمەتی ھێندێ لە كوردەكانی سەربە حكوومەتی شا، ڕێگەی مھابادیان گرتە بەر.

قازی وەك سەرۆك كۆمار دەستوور دەدات ھەتا دەكرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن چون ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لە پێناوی وڵات ھەمووان تێدەكۆشن، بەڵام بە ھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاكێشی ھێزەكانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژ كوردستان داگیر دەكرێ. ئەگەر چی ئەو ڕەخنە لە قازی، وەك سەرۆك كۆمار و جێی متمانەی جەماوەر دەگیرێت كە بۆ ئەوندە پشتی بە یارمەتی سۆڤیەت بەستبوو كە بە دەست‌‌كێشانی لە پاڵپشتی كۆمار ئاوەھا بە خێرایی كۆمار تێدا چوو؛ بەڵام لەوەدەچێ گەورەترین ھۆی ڕووخانی كۆمار یەك‌نەبوونی ھەوموو دەستەكان بووبێت، تا ئەو ڕادەیە كە ھێندێ ھەتا سۆڤیەت كوردستانی چۆڵ كرد، نامەیان نارد بۆ تاران كە وەرن، ئێستا كاتی ھێرشە.

قازی دەزانێ كە بە زوویی كۆمار دەڕوخێت؛ لە نێوان شەڕ یان خۆبەدەستەوە دان، وەك بەرپرسیارێكی گیانی خەڵك، بۆ بەرگری لە كوشتن و وێران كردن، وەك قارەمانێكی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. ھەڵبەت سەبارەت بەوە،‌ ڕەخنەدەگرن كە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەكەی؟‌ بەڵام لە كاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای كوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەك جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: “من خۆم فیدای خەڵكی دەكەم و ھیچ كات وەك پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناكەم تا وڵاتەكەم لە خوێن دا شەڵاڵ بێو ھەزاران كەس بە كوشت بچن.”

ئەرتەش ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز دەگاتە مەھاباد وەك پایتەختی كۆمار و وەك ئەو شارەی دەسەڵاتی كۆماری تێدایە، كاتێ زیاتری بۆ دادەنێن. ئەگەرچی ھەر لە پێشدا ھەم قازی بۆخۆی و ھەموان دەیانزانی سزای قازی و ھەڵسووكەوتی حكوومەت لەگەڵ وی چۆن دەبێ، بەڵام دادگایەك ڕێ دەخرێت و تێیدا قازی و ئەندامانی كۆمار بە چەند تاوانی سەرەكی دادگایی دەكرێن.

ئەگەرچی ھەردوو كۆماری كوردستان و ئازەربایجان لەسەر پاڵپشتی سۆڤیەت دامەزرێندران، بەڵام كۆماری كوردستان ڕاستەقینە ئارەزووی جەماوەری كورد بوو. سۆڤیەت بۆ سوودی خۆی دەستی لە پاڵپشتی كێشاوە و دەسەڵاتی تاران ھەردوو كۆماری لاوازی مھاباد و ئازەربایجانی خنكاند.

دادگایكردنی قازی

لیژنەی تایبەت كە لە تارانەوە ھاتبوون بە سەرۆكایەتی سەرھەنگ غۆڵام حسەین عەزیمی دەگەنە مھاباد و دادگا ڕێدەخەن.

پرسیارەكانی دادگا ڕوون نەبوون. لە لایەن قازیەكانەوە (قازی محەممەد، سەدر قازی، سەیف قازی) ھەموو تاوانەكان ڕەت كرایەوە و داوای بەڵگەیان دەكرد. ئاشكرا بوو كە ئەو دادگا ھیچ بەڵگەیەكی بە دەستەوە نەبوو.

پێشەوا و ھاوڕێیانی ئەوەندەی لە ماوەی یازدە مانگی كۆماردا ھەوڵیاندا، ھەر ئەوەندەش لەو دادگا بوو، لە خۆبردوویی و ئازایەتییان لە خۆیان نیشان داوە.

لەگەڵ ھەموو ئازاری دەروونی و ئەو ژیانە تاڵەی كە لە بەندیخانەی پادگانی مھاباددا بۆیان پێك ھاتبوو، نە تەنیا بڕوایان بە ئامانجەكانیان، لاواز نەببوو، بەڵكو زۆر ئەرخەیانترو بە ورەتر ببوون.

لە سێدارە دانی قازی و هاوەڵانی

لە بەرەبەیانی 10ی خاكەلێوەی ساڵی 1326ی ھەتاوی (٣٠ی ئاداری ١٩٤٧)پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی(برای پێشەوا) بە دوای حوكم دران لە دوو دادگای نایاسایی و فەرمایشیدا بەدەستی دوژمنانی گەلی كورد لە چوارچرای شاری مھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی (٢٢ی یەكی ١٩٤٦) كۆماری كوردستان لێی راگەیەندرابوو، لە سێدارە دران و شەھیدكران.

تەرمی ئەو شەھیدانە ھەر ئەو رۆژە لەسەر شان و پیلی خەڵكی بە شەرەفی مھاباد لە گۆڕستانی مەلا جامی بە خاكی نیشتمانەكەیان سپێردران. شوێنی گۆڕەكەیان ئێستاش لە ژێر چاودێری‌دایە.

هۆكاری رووخانی كۆمار

شرۆڤەكاران و شارەزایانی مێژوویی بەردەوام ئەوەیان دووپات كردۆتەوە، كە هۆكاری سەرەكی رووخانی شۆڕش  و دەسەڵاتەكانی كورد لە رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی و یەكگرتوو نەبوون، لەگەڵ پشت بەستن بە دەستی بێگانە و دۆستی دەرەكی، لە بری پشت بەخۆ بەستن.

 

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت