پەلەقاژەی مەرگ! هاشم ڕۆستەمی
پەلەقاژەی مەرگ! هاشم ڕۆستەمی
بە سەرنج دان بەوە کە ئێستا ڕەوتی ڕوداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕێڕەوی خۆیان گرتوە و لای کەسانی ورد بین و دوور بین تەنانەت ئاکامەکانیشی قابیلی پێشبینین، رەنگە زۆر سەرنج ڕاکێش نەبێت کە لەم بوارەدا بکەوینە لێکدانەوە و شەن کەو کردنی بارودۆخەکە. چوونکە بە تایبەت لای من ئەم وەزعە پێشبینی کراو بوو. من ساڵی ٢٠١٧ ئەو کات کە کەرکووک داگیر کرابۆوە و نائومێدی باڵێ بەسەر کەش و هەوای کوردستاندا کێشا بوو، لە سیمینارێکدا لە ژێر سەردێڕی ” ستراتتیژی زلهێزەکان و دوورنمای بزووتنەوەی کورد” باسی ئەم ڕووداوانەم کرد کە ئێستا ڕوو دەدەن. لەوێدا باسی ئەوەم کرد کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل ڕێک دەکەون و لە داهاتوویەکی نە زۆردووردا لق و پۆپی بەرەی”مقاومت” هەڵدەپاچن و سەرئەنجام نۆرە دەگاتە کۆماری ئیسلامیش.
ئێستا هەر وەک لای هەموان ڕوونە، لق و پۆپەکانی کۆماری ئیسلامی لە فەلەستین، لوبنان، سوریە، عێراق و یەمەن وەک پولی دۆمینە یەک بە دووی یەکدا دەکەون و بەرەو ئەوە دەچیت کە نەک هەر پرۆژەی هیلالی شێعە، بەڵکو بەرەی بە ناو خۆڕاگرییش، بەرەو پوکانەوەی یەکجاری دەچن و دەبنە خۆرکە بۆ سەری دامەزرێنەرەکەشیان کە کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئەو شکستە یەک لە دوای یەکانە کە لە دەرەوی سنوورەکانی ئێران بەسەر کۆماری ئیسلامیدا داسەپاون و ڕێژیمیان لە تەنگنا هاوێشتووە، بە شێوەی گشتی بوونەتە هۆی دڵگەرمی زیاتر بۆ گەلانی ئێران کە دەمێکە نێوەرۆکی دژەگەل بوونی ئەم ڕێژیمەیان بۆ دەرکەوتووە و شۆڕشێکی شێلگرانەشیان بە ناوی ژن ژیان ئازادی، لە دژی وەڕی خستوە. ئەو شۆڕشە ئەگەر چی لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی خۆیدا توشی کۆسپ و لەمپەر بووە بەڵام نەوەستاوە و لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆردا هەر بەردەوامە. نمونەی هەرە بەرچاوی ئەو بەردەوامیە، ناڕەزایەتیە مەدەنیەکانی گەلانی ئێران و خۆپێشاندانی بەردەوامی کارمەندانی خانەنشینی ئیداراتی دەوڵەتیە کە لە چەندین مانگی ڕابردوودا لە چەندین شاری گەورەو بچووکی ئێراندا بەردەوامی هەبووە.
خۆپێشاندانی ئەو توێژەی کۆمەڵگا دەبێ بە گرینگیەوە سەیری بکرێت. چوونکە ئەوان جگە لەوەی وەک هەر تاکێکی دیکەی کۆمەڵگا پێێان خۆشە سەربەست و ئازاد بن و لە بنەماکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ بەهەرمەند بن، ئەوان شەری ژیان دەکەن، داوای ئەو بڕە پارەیە دەکەن کە بۆ ژیانی ڕۆژانەیان بێ ئەملاو ئەولا پێویستیان پێی هەیە. ئەوان لە کاتێکدا ناچارن بۆ داوای بژیوی ژیان بێنە سەرشەقام کە دەزانن دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بە ملیارد دۆلاریان لە پرۆژی هیلالی شیعە و “بەرەی مقاومە”دا کردە تۆزی بانان. ئەوان ئاگاداری ئەوە هەن کە تەنانەت دوای ئەو هەموو شکستە یەک لە دوای یەکانە، ئێستاش ڕێبەری ئەو نیزامە گرەو لە سەر لاشی ئەسپی تۆپیو دەکات و بە تەمای زیندوو کردنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان، دیسان لە ساکی دیپلۆمات تیرۆریستەکانیدا، بەستە دۆڵاران بۆ لوبنان دەنێرێ و ڕیسوایی تووشی خۆی دەکات.
جگە لە توێژی خانەنشین، هەر وەک پێشبینی دەکرا ئێستا توێژێکی دیکەی هەرە گرینگی کۆمەڵگا لە نێو خۆیدا خەریکی کەف و کوڵ و هەڵچوونە و هەربینا بە یەکجاری بە ڕووی دەستەڵاتداراندا تەقیەوە. ئەم توێژە گرینگەی کۆمەڵگاش کە هەروەک خانەنەشینەکان شەری ژیان و مان و نەمان دەکەن، توێژی بازاری و کەسەبەی شارەکان بە تایبەت شارە گەورەکانن. کە بە خۆشیەوە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا سەرەتاکانی ئەو ناڕەزایەتیانە لە شاری تاران خۆی دەرخست و بە داخستنی بەشیکی بەرچاو لە دوکان و بازاڕەکان ترسێکی گەورەیان خستە دڵی دەستەڵاتدارانی ڕێژیم.
ئەگەر چی ئەو ناڕەزایەتیە جارێ دامرکاوەتەوە، بەڵام بێ گومان لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا، بە شێویەکی زۆر بەرچاوتر و بەربڵاوتر لە شارەگەورەکانڕا دەست پێدەکاتەوە و سەرجەم شار و شاروچکەکانیش دەگرێتەوە. چوونکە ئەو نیزامە بێجگە لەوەی کە لە کەلان ڕەوایەتی خۆیدا، هەم لە سەتحی نێو نەتەوەی و هەم لە نێو خۆی ئێراندا تووشی شکستی گەورە بووە، لە ئاست چارەسەرکردنی بچووکترین کیشەکانی کۆمەڵگاشدا عاجز و داماوە. ئاخر گەلانی ئێران دەبینن کە لە کاتێکدا نیزام بە ملیۆن دۆلار ڕەوانەی لوبنان و یەمەن دەکات، خەیابانەکانی تارانی پایتەخت بێ بەرقن، ئەوان دەزانن لە کاتێکدا ڕیژیم بە ملیارد دۆلاری لە سوریە کردە بلقی سەر ئاو، سەرۆک کۆمارەکەی نیزام دەڵی ئەگەر لە بەر بێ بەرقی و نەبوونی نەوت و گاز نەتانتوانی ماڵەکانتان گەرم دابێنن، وەک من لیباسی گەرم دەبەر بکەن. ئەوان دەبینن کە رۆژ بەڕۆژ زیاتر گرانی و نەبوونی باڵ بە سەر وڵات دەکێشێ و دراوی ئێران (تمەن) تا رادەی کاغەزێکی بێ بەها نڕخی دابەزیوە، ئەوان دەبینن کە ئەوە خەڵک ناچار دەبێ بۆ دابین کردنی رۆنی ڕۆژانەیان دەبێ بچنە نێو سەفی دوور و درێژەوە، کەوابوو دەزانن جگە لە هاتنە سەرشەقام و بە گژداچوونەوەی ئەو نیزامە هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەردەم نەماوە.
بۆ خۆ دەرباز کردن لە ئاکامی ئەو هەموو شکست و بێ ئیعتبار بوونە، ڕیژیمیش هەوڵی خۆی دەدات و ئاخرین پەلەقاژەی خۆی دەکات. ئەوان لە سەردەمای گەرم و گووڕ بوونی شۆڕشی ژینادا ناوەند گەراکانیان لەوە دەترساند کە ئەگەر رێژیم بروخێ، ئێران تەجزیە دەبێ، ئێران دەبێتە سوریە و شەڕی نێوخۆ دەست پێ دەکات، کوردستان و بلوچستان و … جودا دەبنەوە و … جگە لەوە بۆ سەرکوتی خۆپێشاندانەکان لە هێزە نیابەتیاکانی وەک حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی کەڵکیان وەر دەگرت، بەڵام ئێستا هەم مەیدانی ئەو درۆ و دەلەسانەیان لێ بەرتەسک بۆتەوە، هەم حیزبوڵڵا و ئەوانیتریش وەها تەفروتونا بوون کە نەتوانن بە دادی ڕێژیمەوە بێن.
ئێستا لە ئێراندا دوو بەرەی دژ بە یەک هەن و بەرەو شەری یەکلاکەرەوە دەچن. بەرەیەک گەلانی ئێران و خەڵکی وەزاڵە هاتوون کە دەیان هەوێ لە دەست ئەم نیزامە خەلاسییان بێت و نیزامێکی دێموکڕاتیک دابمەزرێنن کە مافی هەموانی تێدا پارێزراو بێ، بەرەکەی دیکەش سەران و بەکرێ گیراوانی ئەو نیزامەن کە بە چنگ و نینوک بە دەستەڵاتەوە نووساون و تا ئەو کاتە کە شەپۆلی بێ ئەمانی گەلانی ئێران ڕایاندەماڵێ و چارەنووسیان دەکاتە چارەنووسی محەممەد رەزا شا، سەددام، قەزافی، یا بەشار ئەسەد، درێژە بە کوشت و کوشتار و سەرکوت دەدەن و پەلەقاژەی مەرگ دەکەن.
ئاسۆ ڕوونە، بەهاری ئازادی و ڕزگاری نزیکە.
هاشم ڕۆستەمی
٠٨ ـ ٠١ ـ ٢٠٢٥ی زائینی