پەیامی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ۲٤ی ڕەشەممە

ئامادەبووانی خۆشەویست، میوانانی هێژا
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
ژنانی خەباتکار و تێکۆشەر

لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان بەخێرهاتنی گەرمی هەموو لایەکتان دەکەم.
ئەمڕۆ ٧٣ ساڵ بەسەر دامەزرانی ڕێکخراوەکەمان، ڕێکخراوەکەمان دا تێدەپەڕێت، ڕێکخراوێک کە لە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٢٤ی هەتاوی، بەناوی ڕێکخراوی (یایانی کوردستان) لە لایەن یەکەمین سەرۆک کۆماری کورد پێشەوا قازی محەممەد ڕاگەینرا و یەکەمین بەرپرسی ئەو ڕێکخراوەیەش خاتوو مینا ئەسکەندەری خێزانی پێشەوای نەمر بووە.
ئەگەر ڕاگەیاندنی خەباتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەو سەردەمە دا دەسکەوتێکی مەزن بێت بۆ بزوتنەوەی ڕزگارێخوازی کورد لە ڕۆژهەڵات دا، ئەوا دامەزرانی وەها ڕێکخراوێک کە گرنگی بە ماف و داخوازییەکان و کێشەی ژنان بدات، لە کۆمەڵگایەک دا کە نەخوێندەواری، پیاو سالاری، کۆمەڵێک داب و نەریتی دواکەوتوو باڵی بەسەر دا کێشابێت، بە سەردەمێکی زێڕین دادەنرێت لە میژووی خەباتی ژنان دا.
بەڵام دوا بەدوای جوانەمەرگ بوونی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی، ڕێکخراوی یەکیەتی ژنانیش وێڕای حیزبی دێموکرات لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا بەپێی سەردەم و شێوازەکانی خەبات بەردەوام بووە لە کار و تێکۆشان.
لەگەڵ هاتنە سەر کاری ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، دۆخی ژنان لە ئێران و کوردستان بەتایبەتی بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە، بەهۆی ئەو ڕێوشوێنانەی کۆماری ئیسلامی دژ بە ژنان بەپێی یاسا و سیستەمی سیاسیی گرتوویەتییە بەر. سەرەتایترین کارەکانی ئەم کۆمارە دژ بە ژنان، پۆشینی حیجابی زۆرە ملێ، هەڵاواردنیان لە مەیدانەکانی کار، خوێندنیی ئارەزوومەندانە، بوارە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانن. دەرئەنجامی ئەمەش دوورخستنەوەی ژنانی لە سەرجەم مەیدانەکانی خەبات دا لێکەوتەوە. ژنانی کوردستان لە ئێران دا سەرەڕای هەموو ئەو چەوساندنەوانە و بەدواکەوتوویی هێشتنەوەی کوردستان لە هەموو بوارەکان دا، پرس و خەباتیانی قورستر کردووە.
سەرەڕای ئەو زوڵم و زۆردارییەی دژ بەژنان دەکرێت لە ئێران دا، بەڵام ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵات لە مەیدانە جیاوازەکانی خەبات دا پێشەنگن. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە نەک هەر تەسلیم بە خواستەکانی کۆماری ئیسلامی نابن، بەڵکو بەرەنگاری زوڵمە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکانیش بوونەتەوە. هەموومان شایەدین کە ژنان لە خەباتی مەدەنی دا لە ڕێکخراوەکانی ژینگە پارێزی، شاخەوانی، پاراستنی زمانی دایک و کلتوریان، پۆشینی جلو بەرگی ڕەسەنی کوردی لە بۆنە نەتەوەییەکان هاوشانی پیاوان خەبات دەکەن. ئەمەش نیشانەی بەرزی ئاستی شعور و هۆشیاری نەتەوەیی و رێکخراوبوونی ئیرادەی گشتی خەڵکی کوردستانە. بۆیە یەکیەتیی ژنانی دیموکڕاتی کوردستان بە پێویستی دەزانێت ڕێز لە هەوڵ و تێکۆشانی چالاکی ژنان لەناوخۆ بگرێت و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ بەئاوات دەخوازێت.وە داواکارە لێیان ئەمساڵ بە شێوازێکی گەرم وگورتر بە پۆشینی جل و بەرگی رەسەنی کوردی و بە بەکارهێنانی جامانە و هەوری و گوڵی سوور پێشوازی لە نەورۆزی سەمای ئازادی بکەن.


بەڕێزان
خەبات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی رێکخراوەکەمان ئەرکی ئێمەی ئەندامانە لە رۆژهەلات و دەرەوەی وڵات و ژنانی نێو مەیدانی خەبات ،کەواتا وەک سێگۆشەیەک تەواوکەری یەکترین.
بۆیە ناکریت خەبات و تێکۆشانی ژنانمان لەدەرروەی وڵات نادیدە بگرین، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی ژیان لەخەبات بەردەوامن و کار بۆ سەرکەوتنی ڕێکخراوەکەیان دەکەن، بۆیە یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان کار و چالاکییەکانیان بەرز دەنرخینیت.
جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە ژنانی قاڵبووی نێو خەبات لە ڕیزەکانی حیزب دا بکەم. هەرچەندە لەسەرپێ ڕاگرتن و زیندوو هێشتنەوەی ڕێکخراوەکەمان ئەرکی هەموو لایەکمانە، بەڵام قوقرسترین ئەرک دەکەوێتە سەرشانی ژنانی تێکۆشەری لە نێو بنکەو بارەگاکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان. سوربوون لەخەبات و درێغی نەکردنیان لە بەجێگەیاندنی ئەرک و ڕاسپاردەکانی ڕێکخراوەکەیان کاری لە پێشینەیان بووە و خوڕاگرنە بەرەنگاری ئەونەهامەتییانە بوونەتەوە کە بەسەر حیزبەکایان و ڕێکخراوەکەیان دا هاتووە.
خۆشەویستان
،ئەمساڵ لەکاتێک دا یادی دامەزرانی ڕێکخراوەکەمان دەکەینەوە کە دوو سکرتیری یەک لەدوای یەکمان لە ١٧ی خەرمانان دا، لەگەڵ پۆلێک لە هاوسەنگەرانیان، لەئەنجامی مووشەکبارانی قەڵای دێموکڕات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە شەهید بوون. بەڵام ئەوەی مایەی شانازییە خوێندکارانی شەهیدان(نەسرین و سوهەیلا) لەسەر ڕێگاو ڕێبازیان بەردەوامن و مەیدانی خەباتیانیان ئاوەدان ڕاگرتووە و تا وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکانیان لە خەبات و تیکۆشان بەردەوام دەبن.
پیرۆز بێت ٧٣هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان
سەرکەوێت خەباتی مافخوازانەی ژنان
٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت