پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر
پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژی ژنان
٢٥ ی نۆڤەمبەر وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە جیهاندا دیاری کراوە،بۆ یەکەمجار لە ساڵى (1960) پاش کوشتنى سێ ژنە چالاکوانى سیاسى کە بە (خوشکانى میراباڵ) ناسرابون. خوشکانی میراباڵ پێکهاتبوون لەسێ خوشک بەناوەکانی (پاتریا، مینرا، ماریا ترێزا) بە شێوەیەکى دڕندانە لە 25ی نۆڤەمبەری ساڵی 1960لە وڵاتی دۆمێنیکان لەلایەن دەست و پێوەندەکانی (ڕافائیل ترۆخیلۆ) تیرۆرکران.
چالاکوانان لە ئەمەریکاى لاتین و ناوچەکانى کاریبى دژبەم پێشێلکارى و کوشتنە کاریان بۆ چەسپاندنى مافەکانى ژنان کرد و داوایان کرد ئەم رۆژە بە فەرمى بناسێنرێت بۆ وەستاندن و نەهێشتنى توندوتیژى دژ بە ژنان،دوای هەموو ئەو هەوڵانە لە ساڵى (1999) ئەم رۆژە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان بە فەرمى ناسێنرا . بۆ باس کردن لەم رۆژە باشتر وایە بزانین توندوتیژی چییە؟ وە چ میکانیزمێک ھەیە بۆ وەستانەوە دژی توندوتیژی…….
کاتێک باس لە چەمکی توندوتیژی دەکرێ دەبینین تا ئێستا پێناسەیەکی کۆنکرێت و دیاریکراو لە توندوتیژی نەکراوە، بەشێک لە کۆمەڵناسان و دەروونناسان لەوانە “گێڵز و ستراوس” توندوتیژی بە ھەڵسووکەوتێکی مەبەستدار دەزانن کە خەساری جەستەیی و دەروونی ھەیە بۆ سەر تاک. بۆیە تووندووتیژی هەڵگری پێناسەی جیاوازە و خۆی لە چەندین کاری جیاوازدا دەبینێتەوە کە لەلایەن دەسەڵات، کۆمەڵگا و خێزانەوە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، بەڵام دیارترین پێناسەی توندوتیژی “بریتیە لە هەرکردەوەیەک ببێتە هۆی ئازاردانی جەستە یاخود دەرونی ژنان.”
بە درێژایی مێژوو لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا ژنان بە شێوازی جیاجیا ڕووبەڕووی توندوتیژی بونەتەوە لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەوە لەوانە ( ئازاردانی جەستەیی،دەستدرێژی سێکسی، بەزۆر بە شودان، هاوسەرگیری پێشوەخت ،خەتەنەکردنی کچان، بازرگانیکردن بە کچان و ژنانەوە…هتد.)
کاتێک باس لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێ، دەتوانین بڵێن کۆمەڵێک ھۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم دیاردەوە ھەیە و یەک لەوانە سیستەمی باوک سالارییە، سیستەمی باوک سالاری و کولتووری بەرھەم ھاتووی ئەم سیستەمە دەتوانین بڵێین لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیھاندا یەکێک لە گەورەترین ھۆکارەکانی توندوتیژییە دژ بە ژنان. لە چوارچێوەی ئەم کولتوورەدا تەنانەت بەشێک لە ژنانیش ھەندێ جار دەبن بە ھێزی توندوتیژی نوێن بەرامبەر بە ھاوڕەگەزەکانیان.
یەکێکی تر لە ھۆکارەکانی توندوتیژی لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیھان ئایینە، ئایین لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان پێوەندییەکی دوولایەنەی پەیدا کردووە لەگەڵ کولتوور، لەگەڵ ئەمەش ھەندێ لە فەرمانە ئایینییەکان خۆیان ھۆکارێکی مەشرووعیەت دانن بە توندوتیژی دژ بە ژنان. ھەندێ جاریش عورفە کۆمەڵایەتییەکان رەنگ و بۆی فەرمانێکی ئایینی دەگرنە خۆ و دەبن بە ھۆکاری توندوتیژی دژ بە ژنان وەک ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
لە بەشێک لە کۆمەڵگاکاندا، سیستمی کۆمەڵایەتی، وەک سیستەمی عەشیرەیی لە کوردستان و بەشێک لە کۆمەڵگاکانی تر ھۆکاری توندوتیژین دژ بە ژنان. لە کولتووری عەشیرەیی و تایفییدا ژن موڵکی عەشیرە و تایفەیە و ئەرکی ھەموو پیاوانی عەشیرەیە پارێزگاری لێ بکەن، زۆر جاریش بە بیانووی نامووس و شەرەف و پارێزگاری لە نامووسەوە ژنان لەم چەشنە سیستەمەدا دەبن بە قوربانی.
دەکرێ یاسا ھۆکارێکی تری توندوتیژی بێ لە بەشێک لە وڵاتانی جیھان، لەوانەش وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک ئێران، یاسا دواکەوتووەکەی کۆماری ئیسلامی ھۆکارێکە بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان. لە ڕێگای یاساوە ئیزن دراوە بە ھەر چەشنە توندوتیژیەک دژ بە ژنان. ئەو کاتەی ھەر بە دوو ژن پیاوێکن لە بەرامبەر یاسادا، ئەو کاتەی شاھیدی ژن قبووڵ ناکرێ، ئەو کاتەی ژن بۆی نییە لە بەشێکی زۆر لە پۆستە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیدارییەکاندا بەشداری بکات، ئەو کاتەی یاسا ئیزن بە فرە ژنی دەدات، ئەو کاتەیە رەنگ و بۆی یاسا وەک لایەنێکی توندوتیژی نوێن دژ بە ژنان دەردەکەوێ. جگە لەمانەش هەر بە یاسا چەندین گەڵاڵە بەناوی یاسا دەردەکات وەک “حیجابی زۆرەملێ و گەڵاڵەی نوور” و گەڵاكەی “تووبا” و تازەترین و دەکرێ بڵێین گاڵتەجاڕترینیان، کردنەوەی “کەمپی ترکی بێحیجابییە” و هەزینەیەکی زۆری بۆ تەرخان کردوە و هەوڵێکی تری کۆماری ئیسلامیە بۆ سەرکوتی زیاتری ژنان و بەهەموو ئەوانە مافە هەرە سەرەتاییەکانی ژنانی زەوت کردووە و بە توندترین شێوە و هەر ڕۆژە و بەبیانوویەک ئەشکەنجەیان دەدا، هەر ئێستا چەندین چالاکی مافەکانی ژنان لە چاڵە تاریکەکانی کۆماری ئیسلامی دان و دوو کەسیان بەناوەکانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. ڕێژیم لە چوار دەیەی لەسەرکاربوونیدا لە زیندان و کوشتنەوە تا قامچی بەبیانووی جۆراوجۆر تووندوتیژی بەرامبەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت ژنان ئەنجام داوە.
بێگوومان ڕێژیم هەر بەیاساش جیاوازی دادەنێ لەنێوان ژنی فارس و نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد و بەلوچ و نەتەوەکانی تر… کێشەی ژن بەگشتی لە ئێران دا یەک کێشەیە سەبارەت بە مافە سەرەتاییەکان، بەڵام ژنی کورد بەهۆی نەتەوەیی بوونیەوە دووجار دەچەوسێتەوە بۆ نموونە لە دووساڵی ڕابردوودا “ژینا ئەمینی” بەهۆی نارێکی سەرپۆشەکەی و دوای ساڵێک “ئارمیتا گراوەند” لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژران و بەهۆی کوشتنیان شۆڕشێکی گەورە بەرپا کرا و چەندین ژن و لاوی دیکە لەو شۆڕشەدا شەهید بوون، بەڵام ژنێکی فارس لە ناوەندی زانکۆ دا خۆی ڕووت دەکاتەوە یاخود بە جلی ژێرەوە پیاسە دەکات زۆر بەهێمنی دەستبەسەر دەکرێ و لێپێچینەوەی لێ دەکرێ و دواتر تەحویلی بنەماڵەکەی دەدرێتەوە، و دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە کە کێشەی دەروونی هەبووە. ئەوەش دەیسەلمێنێ کە لە ئێراندا توندووتیژی سیاسی بەرامبەر ژنانی کوردلە هەموو جۆرەکانی تری تووندووتیژی بەرجەستە ترە. بۆیە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا سیاسەت و یاسا سرفەن بۆ توندووتیژی لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەش بەکاردێت و یاسا و دین وەک فاکتەری سەرەکی بۆ ئەومەبەستە بەکار دێنێ.
یەکێکی تر لە شێوەکانی توندوتیژی، توندوتیژی خێزانی یان توندوتیژی بنەماڵەییە. لە ڕاستییدا زۆربەی زۆری ژنان لەلایەن کەسانی نیزیکیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. وەک ھاوسەر، باوک و برا و کەسانی تری بنەماڵە ھۆکاری ئەم توندوتیژیەن و زۆر جاریش بە ھۆکاری جۆراوجۆر لەلایەن ژنانەوە بێدەنگی لەو جۆرە تووندووتیژیە دەکرێ. لە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکان و لەوانە کۆمەڵگای کوردیدا ، خێزان بە چوارچێوەیەکی پیرۆز دەزانرێ کە پێویستە ھەموو شتێکی ئەم چوارچێوەیە لەنێو خێزاندا بمێنێتەوە و نەچێتە دەرەوە. بەشێکی پیاوانیش کە بەڕێوەبەری بنەماڵەکانن وەک دیکتاتۆرێک لەنێو خێزانەکاندا ھەڵسووکەوت دەکەن. شەرم یان ترسی ژنان لەوەی کە سکاڵا دژ بە ئەندامانی بنەماڵە بەرز بکەنەوە، ھۆکارێکی گەورەی چەوساندنەوەی ژنانە لەنێو ئەو ماڵانەدا.
کاتێک باس لە توندوتیژی و کاریگەرییەکانی دەکەین، ئەوە نییە توندوتیژی تەنھا کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر تاک یان گرووپی قوربانی ببێت، بەڵکوو ھەر کردەیەکی توندووتیژ کاریگەری خراپی ھەیە لەسەر کۆمەڵگا و دەوروبەریش. ڕاستە بە شێوەیەکی ھەست پێکراو کەسێک دەبێت بە قوربانی، بەڵام بازنەی قوربانییەکانی توندوتیژی زۆر زیاتر لە تاکێکە. توندوتیژی کاریگەری دەروونی، ماددی و مەعنەوی ھەیە لەسەر کەسانی دەورووبەری تاکی قوربانی، بۆیە ئەرکی سەرجەم کۆمەڵگایە دژ بە توندوتیژی و کاریگەرییەکانی بوەستنەوەو دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان تەنھا گرێ نەدەنەوە بە ژنان، بەڵکو ئەرکی هەموو کۆمەڵگایە و بە تایبەت چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و چالاکانی مافی مرۆڤ و یاساناسانە دژ بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بوەستنەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی ئارام و سەقامگیر بۆھەموو تاکێک پێک بێ و ھەست بە ئاسوودەیی بکا و بزانێ لەباری جەستەیی و دەروونییەوە پارێزراوە، لەوکۆمەڵگایانەدا پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و زانستییەکان زۆر خێراترە لەو کۆمەڵگایەی تاکەکانی کۆمەڵ ھەست بە ئاسوودەیی ناکەن.
ئەوەی جێگەی باس و بایەخە بۆ پرسەکانی ژنان لەم ساتەدا ئەوەیە، ژن دەبێت زۆر هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ پرسەکاندا بکات، ئەو بەربەرستە دەستکردانە لاببات کە رێگرن بۆ چوونە پێش و بەچارەسەر گەیاندنی گرفتەکان. بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا دەرک بەوە بکەن توندوتیژییەکانی ڕووبەڕووی ژن و کچی کورد دەبێتەوە لەو خاڵانەوە سەرچاوەی گرتووە کە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانیان بە دەیان ساڵ بەجێیانهێشتووە بەڵام ئەوانیش بەدەر نەبوون لە قوربانیدان و دەبێت هەموو رەهەندە کۆمەڵایەتی و دینی و یاساییەکان هەماهەنگ بن بۆ نەهێشتن و رێگریکردنی دیاردەکانی توندوتیژی لەم کۆمەڵگەیەدا……
سەرکەوێ خەباتی ڕەواو بەردەوامی ژنانی تێکۆشەر و کۆڵنەدەر……
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٥/١١/٢٠٢٤