گۆشت مەخۆن و خۆتان گەرم داپۆشن! عەلی بداغی
گۆشت مەخۆن و خۆتان گەرم داپۆشن! عەلی بداغی
لە کاتێکدا هەڵبڕینی بڕق بۆ خەڵکی ئێران بووەتە دەردی سەرباری دەردان و، ژیانی خەڵکی ئاسایی بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشیان هەیە، خەڵکی بازاڕی، سنعەتکار و کرێکارانی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی بەرەوڕووی ئاستەنگ و قەیرانی زۆر کردوە و، لە کاتێکدا دەوڵەت بەڕەسمی ڕایگەیاندوە خەڵک دەبێ لە وەرزی ساردوسەرمای زستاندا خۆیان بۆ قەیرانەکانی کەمیی وزە و سووتەمەنی ئامادە بکەن؛ سەرکۆماری ئێران چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی لەوەدا دیتۆتەوە کە خەڵک دەتوانن وەکوو ئەو لە ماڵەوەدا جلی گەرم و ئەستوور لەبەر بکەن و ئیدی کێشەیان نامێنێ.
دیتنەوەی ئەم جۆرە چارەسەرییە لەلایەن پزشکیان بۆ قەیرانی وزە و قەیرانە بێژمارەکانی دیکەی کۆمەڵگە شتێکی نوێ نییە، وەک چۆن ئایەتوڵڵا مەکارمی شیرازی کاتێک گۆشتی مریشک گران ببوو، چارەسەرە پێشنیارییەکەی ئەمە بوو، “جا چییە با خەڵک مریشک نەکڕن و ئەگەر گۆشتی مریشک نەخۆن چ دەبێ؟” یان کاتێک چەند ساڵ لەوەپێش پەریناز بەنیسی، کارناسی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا هاواری خەڵکی هەژار لە گرانی و شەرمەزاریی دایک و باوکان بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خواردەمەنیی ڕۆژانە بۆ منداڵەکانیان بەرز ببۆوە، لە بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیدا چارەسەر لای ئەو نەک ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و زوڵم و بێدادییەکەی؛ بەڵکوو هاندانی خەڵک بۆ ئەوە بوو گۆشت و میوە و ئاجیل لە بەرنامەکانی خواردنیان بنێنە لاوە و ئیدی کێشەیان نامێنێ و ئاو بێنە و دەستان بشۆ! لێرەدا فەرمایشتەکانی مەسعوود پزشکیان لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی وەزارەتی نەوت و وزە دەکەینە بیانوویەک بۆ وەبیرهێنانەوەی وادە و بەڵێنەکانی پێش هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆمار، ئەویش لە کۆتایی چوارەمین مانگی دەوڵەتەکەیدا.
مەسعوودی پزشکیان کە لە مانگەکانی پێش هەڵبژاردندا بە وادە و بەڵێنی وەک کرانەوەی سیاسی و باشتر کردنی دۆخی ئابووری، کۆتاییهێنان بە گەشتی ئیڕشاد و نەهێشتنی فیلتیرینگ، و ئاساییکردنەوەی پێوەندیی دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی و لەو سۆنگەیەوە کەمکردنەوە لە گوشاری گەمارۆکان؛ کەسایەتییەکی گۆڕانخوازی لە خۆی دروست کردبوو و ترووسکەیەکی هیوای خستبووە دڵی لانیکەم کەمە لایەنگرەکانی؛ بەڵام لە مەیدانی کردەوەدا دەریخست لە دووڕوویی و بێکیفایەتیدا ڕووی ئەوانی پێش خۆیشی سپی کردووەتەوە.
ئەزموونی چوار مانگی یەکەمی حوکمڕانیی پزشکیان لە هەموو بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسەتی دەرەوەدا پێمان دەڵێن دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران تەنانەت زۆر خراپتر لە سەردەمی حوکمڕانیی ئیبراهیم ڕەئیسیی جەللادە. لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکانیشدا پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا، وڵاتانی عەرەبی و ئورووپا پڕقەیرانتر لە هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامییە. بۆ نموونە ئاڵمان هەموو کۆنسولخانەکانی کۆماری ئیسلامیی داخستوە و داوا دەکا یەکیەتیی ئورووپا سپای پاسداران بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێت. بریتانیا دەستێوەردانی نیزامیی ئێران لە شەڕی ئۆکراین لە بەرژەوەندیی ڕووسییەی بە کردەوەی دوژمنکارانە ناو بردوە و گەمارۆ ئابوورییە یەکلایەنەکانی دژ بە ئێرانی لە سەردەمی سەرکۆماریی پزشکیاندا زیاتر کردوە. ٢٧ وڵاتی یەکیەتیی ئورووپاش گەمارۆیان خستووەتەسەر “ئیران ئایر”، “ماهان” و “ساها”، سێ کۆمپانیای سەرەکیی فڕۆکەوانیی کۆماری ئیسلامی و ئێستا هەموو فڕین و گەشتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئورووپا و بریتانیا ڕاگیراوە. وڵاتانی عەرەبییش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ هەڵوێستیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی نیزیکتر دەبێتەوە و تەنانەت لە کاتی سەردانەکەی پزشکیان بۆ عێڕاق، مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە نەجەف ئامادە نەبوون چاویان پێی بکەوێ و هەتا ئێستا تاقە گرێبەستێکی هاوکاریی ستراتیژی لە بواری ئابووریدا لەنێوان ئێران و عێڕاق وەک نیزیکترین وڵاتی نیزیک لە کۆماری ئیسلامی ئیمزا نەکراوە.
با بێینەوە سەر دۆخی خەڵک لە نێوخۆی وڵات. پزشکیان بەڵێنی ئەوەی دابوو نەهێڵی چیدی کەرامەتی ژن لەو وڵاتەدا وردوخاش بکرێت، بەڵام دوای چوار مانگ هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی ژنان و مافەکانیان لەو ماوەیەدا بەرچاو ناکەوێ هیچ، بەڵکوو ژنان زیاتر و بەربڵاوتر لە پێشوو لەلایەن نیزامی سیاسیی دژەژنەوە سەرکوت دەکرێن.
تیمی ئابووریی پزشکیان نەک نەیانتوانیوە سەقامگیرییەک لە دۆخی ئابووریی وڵاتدا دروست بکەن، دەبینین بایەخی تمەن لە بەرانبەر دراوە بیانییەکاندا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر داڕماوە، زێڕ بەردەوام گرانتر بووە، ئاوسانی ئابووری پتر و پتر بووە و گرانبوونی کاڵا سەرەکییەکانی ژیان سفرەی خەڵکی بچووک و بچووکتتر کردووەتەوە. هاوکات داڕمانی بۆرس، ئەگەری گرانکردنی پتری بێنزین و کورتیهێنانی ٨٥٠ هەزار میلیارد تمەنیی بودجە و زیادکردنی سەتا ٤٠ی ماڵیاتەکان لەسەر خەڵک، داهاتوویەکی ناڕوون و کارەساتبارتری خستووەتە بەرچاو.
وادە و بەڵێنەکانی دیکەی پزشکیانیش لە بوارەکانی پێشگرتن بە دەرکردنی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و نەهیشتنی گوشارەکانی گرتن و سنووردارکردنی خوێندکارانی چالاک و ڕەخنەگر، چارەسەری قەیرانەکانی ژینگە و ئاو، دابینکردنی ئینتێرنێتی ئازاد، کۆتاییهێنان بە پەروەندەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دژی مێدیا و ڕۆژنامەنووسان و زۆر وادە و بەڵێنیی دیکە نەک هەر وەدی نەهاتوون؛ بەڵکوو لە هەموو ئەو بوارانەشدا دۆخەکە بەرەو قەیرانی زیاتر چووە.
بۆیە کاتێک سەرکۆماری وڵات بۆ چارەسەری قەیرانی وزە تەنیا ئەوە شک دەبات بە خەڵک بڵێ لە ماڵەوە جلی زیاتر و گەرمتر لەبەر بکەن و لە هەمبەر قەیرانەکانی دیکەشدا دۆشداماوە، ئەوە نەک هەر نیشانەی دەستەوەستانی و بێکیفایەتیی ئەو، بەڵکوو دەبێ بە نیشانەی داڕمانی تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی مانا لێک بدرێتەوە.