دامەزراندنی یەکیەتیی لاوان و دەرکردنی نامیلکەی ” ئاوارە”
دامەزراندنی یەکیەتیی لاوان و دەرکردنی نامیلکەی ” ئاوارە”
نازانم کامتان سەمفۆنی لوورەی خۆمپارە و شریخەی فانتۆم و ویزەی گوللە و تەقەی وەک برێشکەی قەنناسەتان لە بیرماوە؟
وەچەی ئێمە لە هەرەتی لاوەتیدا، پاش داگیرکرانەوەی کوردستان دەگەلی ژیاین و شەوانە لە ژێرخانی خانوە قوڕینە بە ئەرزا رۆچوەکانا دەگەڵ خزم و دراوسێکانا خۆمان حاشار دەدا و پادگان و بنکە سەربازیەکانی شار وەک سەرخۆشیکی جەزمبوو بێپسانەوە شاریان دەکوتا.
شەوانی شار و هێرشی بێبەزییانەی بکەرانی هاوردەکراو بۆ سەرکوتی نەتەوەیەکی زولملێکراو و بێدەرەتان و بێکەس، ئێستاش لەزەینمدا ماوە و دەنگ و دیمەنەکانی لە گوێمدا دەزرینگێتەوە.
پوور ئامینی دراوسێمان لە قوژبنێکی ژێرزەمینەکە خۆی مات دابوو و بە عەرەبی ئایەتەلکورسی و چەند دوعایتری بە سەر ژوورەکەدا دەخوێند. من نە شارەزای شەڕ بووم و نە لە ئایەتەلکورسی پوورئامین دەگەیشتم بەڵام گوێم لە لەشکری تاران بوو کە بەدەم ” اللەاکبر” وتنەوە شاریان دەکوتا و خەڵکیان دەکوشت. دوعاکان جارجار بەدەنگی تەقەی خەست و تەقینەوە بەهێزەکانی خۆمپارە کپ دەبوون و نەدەبیستران. دیاربوو دەنگی چەک بە سەر دوعادا زاڵە. هەرچەند پوورئامین باوەڕی تەواوی بە کاریگەری دوعاکانی هەبوو و منیش ئاواتم دەخواست وابێت و دوعاکان بتوانن پێش بەو خۆمپارەبارانە بگرن و لەو ترس و خۆف و دڵەخورپە ڕزگارمان بێت، بەڵام وا نەبوو و شەڕ بەردەوام بوو. ماڵ کاول دەبوون و مرۆڤی کورد دەکوژران.
شەو بەرەو بەیان دەخوشی و تەقە کەم دەبۆوە و من بیرم لە ئێستا و دواڕۆژ دەکردەوە. بە پشتیوانی پەندی پێشینیان ” تەنگانان بەریان کورتە”، دواڕۆژم گەش دەبینی و خۆشم لە قەرەی کات و چۆنیەتی گەیشتن بەو ڕووناکییە نەدەدا و نەشمدەزانی شەڕ چارەنووسمان بۆ کوێ دەبات. ئەو شەوە کۆمەڵێک پرسیار منیان راچڵەکاند. ڕاچڵەکانێکی ئەوتۆ کە تا ئێستاش بەرز و نزمی شەپۆلی لێکەوتەکانی، ڕایەلکەی فکر و سەربردە و بیرەوەرییەکانم دەجووڵینن و وەک سازێکی جارجار ناساز ئاوێتەی چرکەکانی ژیانمن.
لاوێکی ساکار بووم و زانیاریم لە سەر چۆنیەتی کەین و بەینی سیاسی و ژوورەکانی بریاری هەرێمی و گەردوونی نەبوو و پانتایی دەرئەنجامەکانی “شەڕ”یشم وەک واقع هەڵنەدەسەنگاند. بیستبووم؛ مادام شەڕ دەرگای پێگرتی، مرۆڤ ناکرێت بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت. بێدەنگبوون شەڕ ناوەستێنێت و تەنیا شەڕ و خۆراگری دەتوانێ کۆتایی بە شەڕ بێنێت. بیستبووم بۆ ئەوەی بتوانی شەڕ بکەی پێویستە ” هێز”ت هەبێ و هێزیش لە یەکگرتوویی و ئیرادە دایە.
چێشتەنگاوێکی درەنگ بە پارێزەوە چوومە ناو شار. ئاسەواری تەقەی شەوی ڕابردوو بە ڕوخساری خەڵک و شارەوە دیار بوو. بریندار و کوژراو و ویرانبوونی ماڵ و حەوشە و دووکانی خەڵک بەرهەمی ئەم شەوە بوو. ڕستە و وشەکانی درووشم و تیۆری ناو کتیبەکان لە مێشکمدا دەهاتن و دەچوون. لە هەواری ئەم ئەزموونە وچانم دەدا و فاکتی ئەویتریانم دەکردە پێوەر تا سەر لەو دۆخە دەربێنم. جێگە و شوێن و پێگەی زووربەی ئەو سەردانانەم نەدەزانی.
زوڵمی بە ئاشکرا وایکرد کە بڕیار بدەم بێدەنگ نەبم و بە پێی توانا بە گژدابچمەوە. ئەم بڕیارم شارەزایانە بوو یان نا، بڕیارێکی ڕاست بوو یان نا؟! نازانم. بەڵام دەزانم بڕیارێکی بە جێ و بوێرانە بوو. تەقەی ئەو شەوە بێگوومان خەڵکێکی زۆری هەراسان کردبوو بەڵام ئەوانەی ڕاچڵەکابوون زۆر نەبوون. دەبوو شتێک بکەین. کەوتمە شوێن دۆزینەوەی ئەم لاوانەی تەمای ڕابوونیان بوو و سەرئەنجام لە شەوێکی سامگرتووی پاییزدا کە بەرقی شاریان چراندبوو و کوێرانە بۆ ئیسپاتی وجوودی خۆیان تەقەیان لە ماڵان دەکرد، کۆبوونەوەی یەکەمی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتمان پێکهینا پاشان کۆبوونەوەکان لە گەرەکەکانی بەردەقووچ و کەمەربەندی و تەربیەتبەدەنی بەردەوام بوون.
لاوەکان زوربەیان لە قۆناغی دواناوەندی دەیانخوێند و لە بنەماڵەیەکی هەژار گەورە ببوون. ساکار و کەم ئەزموون و دڵسۆز بوون. دەیانەویست کورد بن، ئازاد بن و لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و مێژووی ناوچەکەدا دەخیل بن. هیواکانیان وەک مرواری بێ غەل و غەش بوو و تەنیا ئومێدیان دەخواست باری گوزەرانی هەژاران باش کەن. وردە وردە خۆمان پتەو و ئامادە دەکرد و شەڕی سێمانگە دوایی هات و ڕەوتی وتووێژ دەستی پێکرد. بنکە و بارەگامان بە ئاشکرا لە ناوشار دانا. کەم بووین بەڵام کاریگەربووین و وردە وردە ڕێژەی لایەنگرانمان زیادیکرد. کاری ڕێکخراوەیی بۆ فێربوونی بەیەکەوەبوون و پەروەردە بە گشتی و روشەنگەری بەتایبەتی لە ریزی بەرنامەکانمان دابوون. بە هیمەتی پشتیوانی هێندێک خەڵک بە تایبەت بەرێز “ساڵح”+ کتیبخانەیەکمان دانا و لاوەکان دەیانتوانی کەڵکی لێوەرگرن.
کوردی نووسین و خوێندنەوە زۆر دەگمەن و لاواز و زانیاری سیاسی کەم بوو بۆیە بڕیارمان دا نامیلکەیەک بە کوردی لە سەر مەفهووم و دەستەواژەکانی سیاسی و نەتەوەیی بڵاوبکەینەوە تا ئاستی زانیاری ئەندامان بەرێتەسەر و هاوکات فێری کوردی نووسین بن. بەوشێوە نامیلکەی “ئاوارە” ئورگانی لاوانی سەردەشت لەدایک بوو.
زۆر سەخت و دژوارە کوڕە هەژار بی و لە گەڵ کۆمەڵێک هەژاریتر بە گژ کۆمەڵێک نەریت و لەمپەر و گاشەبەردی بێڕەزای ناو زەینی کۆمەڵگادا بچیەوە. نە ئەزموونی نووسینمان بوو نە کەرەسە و ئامرازی چاپی بڵاڤۆک و نامیلکە. ئەوانەیشی کە گۆیا لێزان و کارلێهاتوو بوون لە ” زکری دەوڵەت نەخۆش دەبێ بەڵام نامرێ”دا، جەزم بوون و قەرەی ئیمە نەدەکەوتن.
ئەو++ دەگەڵ دەستە خوشکەکەی کە خزمیشی بوو جارجار سەردانیان دەکردین و لە لاواندا بوون. کیژێکی نیشتمانپەروەر و رێکوپێک و چالاک بوو و لە دانشسەرای مقدماتی بۆ مامۆستایی دەیخوێند. داوام لێکرد بۆ تایپی نامیلکەی “ئاوارە” یارمەتیم بدەن. سەرئەنجام ئێواران بە دزی لە ئامرازی قوتانخانەی ” خەدەمات” کەڵکمان وەردەگرت و ئاوارەمان تایپ و پاشان چاپ و بڵاودەکردەوە و ئەوەش بوو بە یەکەم نامیلکەی سیاسی و سەرەتای پرۆسەی کوردی نووسین+++ لەو قۆناغەی میژووی شارەکەمان. دیارە ئەم پرۆسەیە پاشانیش هەر لە لایەن ئەو لاوانەوە بە شێوازی جیاواز و لە قۆناغیتردا بەردەوام و بوو بە بناغەی گەشەی سیاسی و شوناسخوازی و پەرەگرتنی زمانی کوردی.
تێبینی
+ کاک ساڵح مرۆڤیکی خویندەوار و چەپ بوو و کتێبێکی زۆری پێشکەش کردین.
++ ئەو بەرێزە لەناو شورشدا زۆر چالاک و تێکۆشەڕ بوو و پاشان شەهید بوو.
+++ قۆناغی دوای شار، کردنەوەی قوتابخانەکانی ناوچەکە بە کوردی بوو کە کوردی خویندن بوو بە شتێکی سروشتی.
یەکیەتیی لاوان لە ناو کۆری پەروەردە و فێرکردندا، ئەرکی ماموستایەتیان لە گوندەکان بەڕێوە دەبرد.
ئەحمەد حوسێنی