یادێک لە شەهیدی فەرماندە جەعفەر بایەزیدی.

یادێک لە شەهیدی فەرماندە جەعفەر بایەزیدی.
لە ساڵەکانی ١٣٦٠ و٦١ و ٦٢ و٦٣ و ٦٤ی هەتاویدا بەرگری حدکا لە شەری ڕووبەڕوی داسەپاو لەگەڵ سوپای جەھل و نەزانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی ئێران، بارێکی قورس و گران بوو لە سەرشانی حیزبی دێموکڕات لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەو بەرگرییە کەم وێنەیەی حیزب لە نیشتمان، شەهید و بریندارێکی زۆری لێکەوتەوە. ئاسایشگای حیزبی دێموکرات لە گەڕەدێ پڕ بوو لە بریندار و کەمئەندام، لە ئیلامەوە بگرە تا خۆی و سەڵماس، ئەو بریندارانە کە بۆ حەسانەوە لە ئاسایشگای حیزب کۆ کرابوونەوە، لە لایەن بەرپرسانی ئاسایشگا و پێشمەرگەوە پارێزگاریان لێدەکرا. تایبەتمەندییەکی جوانی ئاسایشگای حیزبی دێمۆکڕات ئەوە بوو کە لە لایەن کادر و پێشمەرگەی هەموو هێزەکانی حیزب، کە بۆ سەردانی بریندارەکانیان دەهاتن، دەگەڵ بریندار و کەم ئەندامانی هێزەکانی دیکەی حیزب دبوونە هاوڕێ و ئاشنای یەکتر.
لە مانگی رەزبەری ١٣٦٤ی هەتاویدا پۆلێک کەمئەندام بۆ پێی دەستکرد ناردراینە بەغدا کە لقێکی ئۆڕتۆپێدی سوئێدی لەوێ بوو. پێشمەرگەیەکی برینداری هێزی پێشەوا لە بەغدا پێویستی بە پەلەی بەخوێن بوو، کاک جەعفەر بایەزیدی کە بە سەردان هاتبوو بۆ لای بریندارەکانی هێزی سمکۆ لە دیوەکەی ئێمە بوو، خوێنی کاک جەعفەر بۆ ئەو بریندارە گونجاو بوو، ناوبراو بوو بە هاوسەفەری ئێمە.
دوای تەواو بوونی کارەکانمان، شەهید ئەسکەندەر شمشێری ماشێنێکی بۆ گرتین و بەرەو شاری سولەیمانی وەڕێ کەوتین، لە نزیک شارۆچکەی چەمچەماڵ ماشێنێکی پڕ لە جاش بە توندی وەپێشمان کەوتەوە، شۆفیری ماشێنەکەی ئێمە دیار بوو ڕابوردوویەکی خۆشی دەگەڵ جاشەکان نەبوو، وەلەرزین کەوت و وتی مەرگ بەرۆکی گرتم، ئەوە فەڵان سەرۆک جاشەیە و نەجات بوونم مەحاڵە چونکە وەپێشیان کەوتم، کاک جەعفەر وتی: لێخوڕە ڕۆڵە هیچ نابێ!!! گەیشتینە یەکەم شەقامی ناو شار سێ ماشێن جاش سەر ڕێگایان لێگرتبووین، جاشێکی ورگ زەلام هاتە پێش ماشێنەکەی ئێمە و وتی: “سەگباب” وەرە خوار!! کاک جەعفەر کە لە پێشێ دانیشتبوو، شووشەی دەرگای ماشێنەکەی داکێشا خوار و وتی “سەگباب بۆخۆت” دەزانێ ئەو ماشێنە بەکێیە؟ بە سەرکردەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانە، ئەو ڕێگایە هەر ئێستا چۆل دەکەن، ئەگینا بەو پێشمەرگانە دەڵێم بێنە خوار “سەد شەقت تێهەڵدەن” سەرۆک جاشەکە کە هەیبەت و غیرەت و جەوهەر و بوێری ئەو پێشمەرگەی حیزبی دیت، یەکجێ وتی “داوای لێبوردن” لە سەرکردەی حدکا دەکەم، ڕێگا چۆل کەن.
کاتێ لە چەمچەماڵ وەدەرکەوتین دوو پرسیار لە کاک جەعفەر کران، یەکەم، شۆفیری ماشێنەکە (سایقی سەیارە) ڕووی دە ئێمە کردو وتی ئێوە کێن؟ سەدام بوێری ئەوەی نیە بەو سەرۆک جاشە بڵێ سەگباب. دووهەم، من و سەعدوون حاجی عەبدوڵاهی و یوسف میرزایی کە هەرسێکمان هەر یەکە و بە پایەکی دەستکردی زەلام، دەتکوت کۆلە دەملی کەڵان کراوە، بە شۆخێکی بە ئەدەبی پێشمەرگانە وتمان، ئەگەر ئەو سەرۆک جاشە کوتبای با پێشمەرگەکانت بێنەخوار! تۆ چ ،،،،،،،،، دەکرد؟ وتی هەتیوینە وست بن، ئەو جاشە چۆن دەیزانی ئێوە هەر لە پشتێندا بۆ سەرێ تان هەیە!!.

شەهید جەعفەر
شەهید جه‌عفه‌ر بایه‌زیدی لە ناو ریزەکانی حیزبدا به‌ جه‌عفه‌ر کۆمه‌له ناسراو بوو، شەهید جه‌عفه‌ر له‌دامێنی بنه‌ماڵه‌یه‌کی جوتیار و نیشتیمان په‌روه‌ری ناوچەی شنۆ چاوەکانی بە دونیا پشکوتبوون، شەهید جەعفەر دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران (١٣٥٨) هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوییه‌وه‌‌ ژیانی وەرزێری خۆی به‌جێ دێڵێ و چه‌کی شەڕەفی پێشمەرگایەتی بۆ به‌رگری له‌ نیشتیمان دەکاتە شانی و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە دەکاتە بەری و دێتە نێو ریزه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموکرات. شەهید جەعفەر لە بەر لێهاتوویی و بە ئەدەب و زانایی و غیرەت، پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە دوایەک بە زوویی تێپەڕاند و تا گەیشتە لوتکەی هەرە سەرێ وەک فه‌رمانده‌ری هێز،‌‌ تێکۆشانی خۆی درێژە پێدا.‌
شەهید جەعفەر بایەزیدی پێشمەرگەیەکی ئازاو دلسۆز، فەرمەندەیەکی تەڕاح و دڵپاک و نەترس، له‌نێو هاومەتەرێزانیدا که‌سێکی زۆرخۆشه‌ویست بوو. ‌به‌داخێکی زۆرەوە لە دواین ڕۆژەکانی مانگی گەلاوێژی ١٣٧٥ی هەتاویدا له‌ باشووری کوردستان به‌ ده‌ستی تێرۆریستان بێ سه‌روشوێن کرا و ئێستاش تەرمی پیرۆزی نەگەڕایەوە نێو خۆشەویستانی و هاوڕێیانی و هاومەتەرێزانی.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهید جەعفەری بێ گڵکۆ و هەموو شەهیدانی کوردستان.
سەید عەلی هاشمی

١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی (٢٠٢٤/١١/٠١)