کۆچی دوایی یەکێک لە هاوڕێیانی شەهیدان دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی!

کۆچی دوایی یەکێک لە هاوڕێیانی شەهیدان دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی!
ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی 1403/7/23ی هەتاوی بەرانبەر بە 2024/10/14ی زایینی، یاری بەئەمەگی شەهیدانی ڕێبەر دوکتۆر “قاسملوو” و دوکتۆر “سادق شەڕەفکەندی”، “موتەلیب حەریقی” ناسراو بە خاڵە موتەلیب، بە هۆی نەخۆشی و چوونە سەری تەمەن لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
خاڵە موتەلیب لە شاری بۆکان لە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەردا چاوی بە دونیای ڕوون هەڵێنا. ئەو کاتەی ماڵی مامۆستا “هەژار” لە گوندی “تەرەغە” ەوە بەرەو گوندی “شەڕەفکەند” کۆچ دەکەن، بۆ ماوەی 3 ساڵ لە گەڵ شەهید دوکتۆر سادق هاوپۆل دەبن. ئەو هاوپۆل بوونەی قۆناغی سەرەتایی خوێندن ئەو دوو کەسە زۆر لە یەکتر نیزیک دەکاتەوە و بناخەی دۆستایەتییەکی بەردەوامی لێ دەکەوێتەوە. دواتر هەردووک هاوڕێ لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات دا خەباتی خۆیان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درێژە پێ دەدەن.
خاڵە مەتەلیب وەکوو زۆرێک لە هۆگرانی کۆماری کوردستان، دوای ڕووخانی کۆمار، قەڵای هومێدی تێک دەڕووخێ و لە گەڵ ژیان لە ژێر دەستیی دوای ڕووخانی کۆمار دا هەڵناکا و ئۆقرە ناگرێ، هەر بویێ ئاوارەی ئێراق دەبێت. لە گەڵ دەستپێکی شۆڕشی باشوور ئۆگرییەکی زۆری بۆ شۆڕش لە دڵدا چەرەکەرە دەکات و بە هەموو جۆرێک هاوکاری شۆڕش دەکات.
خاڵە موتەلیب دواتر لە ئێراقیش دەڕوات و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە وڵاتانی کوەیت و ئیماراتی یەکگرتووی عەڕەبی خەریکی کار و کاسبی دەبێت. بە هۆی زیرەکی و ویستیی فێربوون زۆر بە باشی زمانی عەڕەبی فێر دەبێت. لە گەڵ دەستپێکی خۆپێشاندانەکان بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی ئەویش تاسەی دووری زێدی باب و باپیرانی دەکات و لە نەمانی هەیمەنەی “ساواک” دا بەرەو بۆکان دەگەڕێتەوە. بەو هیوایەی بتوانێ لە سێبەری ئازادی دا بحەسێتەوە. هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و ئاشکرابوونی نێوەرۆکی دژی گەلییانەی ئەو ڕێژیمە بۆ گەلی کورد کاک موتەلیب بەرەو نێو ڕیزەکانی حیزب دێنێ و لە پێناوی خەبات بۆ ئازادی گەلەکەیدا دەست لە خۆشییەکانی ژیانی تایبەتی خۆی هەڵدەگرێ و چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان.
خاڵە موتەلیب لە شەڕی سێ مانگەدا لە نێو شاری بۆکان بە هۆی پڕیشکی خۆمپارەوە بە تووندی بریندار دەبێت، بە جۆرێک کە وا بە باش دەزاندرێ شوێنی خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆ بنکەی دەفتەری سیاسی بگوێزێتەوە. بە هۆی شارەزایی لە زمانی عەڕەبی دا یەکەم ئەرکی خاڵە موتەلیب لەو قۆناغەدا لە بنکەی پێوەندییەکانی حیزب لە شاری بەغدا و پێڕاگەیشتن بە نەخۆش و بریندارەکانی حیزب دەبێت، کە ماوەی 6 ساڵ دەخایەنێت.
خاڵە موتەلیب لە ئۆرگانەکانی دەفتەری سیاسی دا بەوپەڕی لێوەشاوەیی و دڵسۆزییەوە ئەرکە پێسپێردراوەکانی ڕاپەراند. خاڵە موتەلیب لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبییەکاندا لێبڕاوانە کاری دەکرد و جیاوازی لە نێوان کەسدا نەدەکرد. وەک هەموو کەسێکی دیکە دۆست و هاوڕێی نیزیکی خۆی هەبوو، بەڵام لە گەڵ کەس ڕووی گرژ نەدەکرد.
خاڵە موتەلیب دوای ماوەیەکی زۆر پێشمەرگایەتی و ئازار و چەرمەسەری زۆری وەک لێکەوتەکانی زامداربوونەکەی و چوونە سەری تەمەن بە ڕەزامەندیی حیزب بەرەو هەندەران کۆچی کرد و لە وڵاتی سوئێد گیرسایەوە. لە وڵاتی سوئێدیش تا ئەو کاتەی نەخۆشی و بەساڵداچوون بڕستی لێ نەبڕیبوو، هەموو کاتێک لە بۆنە حیزبی و نەتەوەییەکاندا بەشدار دەبوو و بیروڕای خۆی لەسەر باسەکان دەردەبڕی. هەر دەم بە ئاواتی گەیشتن بە ئازادی و گەڕانەوەی سەربەرزانە بۆ ڕۆژهەڵات و شارە جوانەکەی بۆکان شەو و ڕۆژی غەریبایەتی بە دوای یەکدا تێپەڕ کردن، کەچی بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا ئازادی وڵاتەکەی بە چاوی خۆی ببینێت. چاوە پڕ لە حەسرەتەکانی دیداری زێدی لە دایکبوونی بێ ماڵاوایی لە دار و بەرد و ڕەوەز و مێرگ و چیمەن، بۆ دواجار لەسەر یەک نان و دیتنی هەڵاتنی خۆری ئازادی بە هاوسەنگەران و ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان سپارد و وەک زۆر گۆڕغەریبی دیکە بە شێوەی کاتی لە ژێر خاکی غەریبی دا ئۆقرەی گرت.
بەهیوای وەدیهاتنی ئاواتەکانی خاڵە موتەلیب.
بە بۆنەی کۆچی دوایی خاڵە موتەلیب حەریقی، لە لایان هەموو ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب لە وڵاتی سوئێد سەرەخۆشی و هاودەردی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو نەمرە و خەڵکی دڵسۆزی شاری بۆکان و دەرووبەری دەکەین.
ڕوحی خاڵە موتەلیب شاد و سێبووری بۆ کەسوکاری.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران-کومیتەی سوئێد
15/10/2024