ئیبتکاری سیاسی و نیزامی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (خاوەرمیانە) ئیستا بەدەست ئیسرائیلەوەیە.

ئیبتکاری سیاسی و نیزامی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (خاوەرمیانە) ئیستا بەدەست ئیسرائیلەوەیە.

نووسینی: ڕەحمان حەسەن‌زادە
ئەو ڕووداوانەی ئێستا کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕوو دەدەن، بەشێوەیەک وا چاوەڕوان دەکرێ کە وەزعی خاوەرمیانە بگۆڕدرێت، هەستی خۆشبینی ئینسان زیاتر بەهێز دەکەن. لاوازی یان نەمانی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین، حیزبووڵلای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی عێراق، ئەو تەشکیلاتە ترۆریستییانە کە لە واقیعدا هەموویان ژێر مەجمووعەی سیاسەتی ئێرانن و سیاسەتی سوننە و شیعەی ئیفڕاتی لە ناوچەدا بەڕێوە دەبەن، هەنگاوێکە بەرەو ئەو دامرکانەوەی شەپۆلی توندڕەوی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
هەموو ئەو قەتڵانەی لە ماوەی ئەو چەند ساڵانەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراون هەر هەموویان لە لایان ئەو گروپانە بەڕێوە چوون.
یەک شت کە جێی وەبیر هێنانەوەیە ئەوەیە کە، هەر ئەو کات کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و خەڵکێکی زۆری کوشت و زۆریشی بە دیل گرتن، “بێنیامین نەتەنیاهۆ”سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل قسەی کرد و گووتی: ئێمە سیمای خاوەرمیانە دەگۆڕین و ئەو ئاڵوگۆڕە ئێستاکە بەڕاستی ئاڵوگۆڕە و کەمیش نیە. حەماس لە ڕەگی حەیاتی دراوە و ئەبووهەتی شکاوە، حیزبووڵڵاش ڕێبەری سەرەکی و زۆر بەرپرس و فەرماندەری نیزامی کوژراون، واتە ئیبتکاری کردەیی ئێستا کەوتۆتە دەست ئیسرائیل. بۆیە بە ڕای من قەزیەکە هەر بە سەرکوتی ئەوانە نابڕێتەوە و تەواو نابێت.
ئیسرائیل بۆ ئەمنییەتی خۆی پشتیوانی لە ڕەوتێک دەکات کە ئەمنییەتی ئیسرائیل تەزمین بکات و بۆ ئەوەی ئەو ئەمنییەتە پارێزراو بێت، دەبێ ڕادیکالیزمی ئیسلامی و بە تایبەتی تیرۆریزمی سوننە و شیعە نەمێنێ یان هێندە لاواز بکرێت کە نەتوانێت سەرهەڵداتەوە. کە وایە پێویستە سیستمێکی وا بێتە گۆڕێ کە وەک ئەوەی ئێستا نەچێت و ئاڵوگۆڕی تێدا پێک هاتبێت بەتایبەت لە وڵاتانی دەورووبەری ئیسرائیل و سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەنگاوی یەکەمی ئیسرائیل بەو ئاقارەدا، وردکردنی حەماس و حیزبووڵڵلایە، کە وا ئێستا بە ڕوون و ئاشکرا دەیبینین و هاوکات بەردەوام لە سووریەش دەدات. هەنگاوەکانی دوایی دەگەنە کوێ، زۆر ڕوون نین، بەڵام ئەوەی کە ئێستا بەرچاوە؛
یەکەم: ئەوەیە کە ئیسرائیل ئیستا ئیبتکاری سیاسی و نیزامی ناوچەکەی بەدەستەوە هەیە. هێڵی بەرگری (مێحوەری مەقاوەمەت) یان شیعەی ئیفراتی سەر بە ئێران سەدەمەی قوورسی دیتووە و هەروەک بۆخۆیان دەڵێن عەمەلیاتی ئیسرائیلیش ئیدامەی دەبێت.
دووهەم: هاوکات لەگەڵ ئەو ئیبتکارەی کە ئیسرائیل مودیرییەتی دەکات، بە نەزەری من خاوەرمیانە دووبارە دەبێتەوە خاوەرمیانەیەک کە زۆرتر سیاسەتی غەرب، تێیدا فەعاڵ دەبێت، چونکی بێ‌خۆ‌فریودان ئیسرائیل بەشێکە لە غەرب واتە لەگەڵ ئورووپا و ئەمریکا لە سیاسەتی گشتی جیهانی دا هەماهەنگە. هەر بۆیە دەگوونجێ وای خوێندنەوە بۆ بکرێ کە ئیسرائیل پشتیوانی غەرب بۆ ئاڵووگۆڕ لە سیستمی مودیریەت لە ناوچە دا زیاتر جەلب بکات.
نەتەنیاهۆ لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان (سازمان ملل)، دوو نەخشەی نیشان دا. یەکیان نەخشەی “شەرارەت” و ئەوەی دیکەشیانی به نەخشەی “بەرەکەت” ناودێر کردبوو. عەڕەبستانی سعوودی، ئۆردۆن و دونیای عەڕەبی سووننی لە نەخشەی بەرەکەت دابوون. سووریە، عێراق، ئێران، لووبنان و حیزبووڵڵلا لە نەخشەی شەرارەت دابوون.
بەپێی ئەو پلان و نەخشانە دەکرێت ئینسان وای مەزەندە بکات کە ئیسرائیل مەبەستی نزیکبوونەوەیە لە دونیای عەڕەبی سووننی‌ وەکوو میسر، عەڕەبستان، ئۆردۆن و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی. ئەوەش دەتوانرێ بەو واتایەی بێت کە دەیهەوێت ڕادیکالیزمی شیعە و سووننە یان تیرۆریزمی شیعە ئیزۆلە بکات واتە پشتیوانی دونیای عەڕەبی سووننی‌یان لێ دوور بکاتەوە و بیانکاتە دۆستی خۆی و خۆی بەو شێوازە بەهێزتر بکات. بەم جۆرە دەیهەوێ ئەو وڵاتانەی لە گەڵ دونیای شەرارەت بوون و بوونە مەرکەزی تێرۆریزمی جیهانی، کە بە خەتی ڕەش نیشانی دابوون بتوانێت، بە پشتیوانی دونیای سووننی، مەحدوود بکاتەوە. ئەو مەحدوودکردنەوەش، ئایا ئاڵوگۆڕی حکوومەتی دەبێت یان ئایا دونیای غەرب تراوێکی وایان بۆ دادەنێت کە نەتوانن ئەو کارانەی پێشوو ئیدامە بدەن، یان ئەوەی کە خەڵکەکە بۆ خۆی شۆڕش دەکەن و ئاڵوگۆڕ پێک دێنن و ئەوانیش پشتیوانی لە خەڵکەکە دەکەن (خەڵکی ئەو وڵاتانە مەبەستمە).
ئەوە مانای ئەوەیە کە ئیسرائیل بە کردەوە لە باری نیزامییەوە شەڕەکەی لەگەڵ ئەو بەشەی کە بە نەقشەی شەرارەت ناوی بردن، لە (لووبنان، یەمەن، غەزە و بێ شک ئێرانیش) چوونکە ئەوانە هەمووی میحوەری ئێرانن، درێژە دەدات.
ئاڵوگۆڕەکان ئاوا دەچنە پێشێ و تا ئێستاش ئاڵوگۆڕی بەرچاو هەبوون، واتە ئەو پەل‌و‌پۆیانەی کە ئێران بوونی، باسکی بەهێزی ئێران وەکوو حیزبووڵڵا، حەماس و حووسییەکان ئێستا کەوتوونە ژێر فشاری نیزامی ئیسرائیلەوە و حاڵیان لە ڕادەبەدەر خەراپە و ئێرانیش ناوێرێ بەو شێوەیەی کە ئەوان چاوەڕوانیان لێی هەبوو پەل ببزێوێ.
دیاردەیەک کە یەکجار زۆر جێی لێوردبوونەوە و مایەی خۆشحاڵی بوو ئەوە بوو، کە هەم لە لووبنان و هەم لە سووریە، خەڵکێکی زۆری عەڕەب بۆ کوژرانی حەسەن نەسرووڵڵا لە ماڵەکانیان هاتبوونەدەر و شادیان دەکرد. ڕەوتێک کە ساڵان لە تێکەڵچوونی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەڕەبی بەرچاو نەدەکەوت، ئەو کات بە گشتی وڵاتانی عەڕەبی شەڕەکەیان بە هی خۆیان دەزانی.
ئەو جارە ئیسرائیل دوو شاخەی تووندڕەوی ئیسلامی لە فەلەستین و لووبنان (حەماس و حیزبووڵڵا) سەرکووت دەکات، بەڵام یەک دەوڵەتی عەڕەبی نە تەنیا لە سەریان وەجواب نایەت بەڵکوو خەڵکی عەڕەبستان و وڵاتانی عەڕەبی بۆ ئەو وەزعە شادی دەکەن. وەک خۆم ئەوەی بە تەحەوول و ئاڵوگۆڕێکی فکریی مەند دەبینم. خەڵکەکە دەزانێ شەڕێکی بێ مەوریدە و دەزانن ئەو ئیفراتگەری و تووندئاژۆییە هەڵەیە و ئەو ئیدئۆلۆژییە بێ‌مانایەناوچەکەی تووشی دواکەوتوویی، شەڕ و خوێنرێژی کردوە. ئاکام ئەوە دەبێ کە لەوە زیاتر لەگەڵ ئەو ڕەوتە کۆنە نەبن. هەر لەو سۆنگەوە شادی و خۆشحاڵی دەربڕینی خەڵکەکە بە بۆنەی کووژرانی حەسەن نەسرووڵڵلا ئیسپاتی ئەو ئاڵوگۆڕە فکریەی گرینگەیە.
لێکەوتەی ئەو شەڕە تەحەوولاتی ئەرێنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدوای خۆ دا دێنێ و ئێران و هاوپەیمانەکانی تەنبێ دەکرێن.
دوای بەچۆک‌داهێنانی ئەو هێزانە، بۆ چوونە‌پێشی ڕەوتی دیمۆکراتیزەکردنی خاوەرمیانە بەرنامەگەلێکی تازەتر دێنە ئاراوە. واتە بەرنامەی سیاسییان ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە کە بیانهەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕێک ئینسانی‌تر ئیدارە بکرێت و دەستی تیرۆریزم بە تەواوی کورت بکرێتەوە و میللەتانی خاوەرمیانە تا ڕادەیەک بحەسێنەوە.
ئەگەر سیاسەتی ئیسرائیل لە مەنتیقەکە دا زاڵ بێت و ئەو تیرۆریزمە بشکێنێ، بۆ پێمان وەنەبێت کە کورد لە سووریە دەحەسێتەوە یان بە مافێک بگات؟ چۆن یەکێک لەو بەرنامانەی داهاتوو ئەوەیە کە ئیسرائیل بۆ پاراستنی ئەمنییەتی خۆی لەگەڵ ئەوەی کە تیروریزمی خوونسا کردۆتەوە دەبێ بۆ دوا ڕۆژ هاوپەیمانیشی هەبێ. لەو چوارچێوە دا کێ لە کورد نزیکتر و گونجاوترە بۆ هاوپەیمانی؟ ئیسرائیل ئەگەر لە سیاسەتی داهاتووی دا وەک ئاڵترناتیو پێی وابێت دەبێ دوور بێت لە کێشە و ئاڵۆزی، دەبێ پشتی کورد بگرێ.
عەڕەبی سووننیش تا دە ساڵ لەوە پێش هەر شەڕ و کێشەیان بووە.، تازە خەریکن ئارامییەک پەیدا دەکەن و هێندێک پەیمانی دۆستایەتی‌یان لە گەڵ ئیسڕائیل ئیمزا کردوە. ئیسڕائیل ئێستا حەول دەدات “قەراردادی ئیبراهیم” لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی فارس و ئەوانە یان پێشتر لەگەڵ میسر بەهێز بکات و لێیان نزیک بێتەوە.
بەو پێیەی کە کورد هێزێکی ئازادیخوازە و توانایی دیفاع کردن لە خۆی نیشان داوە فاکتۆرێکی گرینگە کە هەم دونیای غەرب، هەم ئیسرائیل و تەنانەت ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش ئەوەی دەبینن.
هەر بۆیەش ڕژیمی ئیسلامی بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە کە ئەو توانایی و هێزە لاواز بکات بەڵام هیچ هۆیەک نابیندرێت کە ئیسرائیل بیهەوێت ئەو لیهاتووییەی کورد نادیدە بگرێت و پێموایە ئێستا کورد فاکتۆرێکی سەرەکییە لە سیاسەتی ئیسرائیل دا.