کۆچی دوایی سێ خەباتکار و سێ تێکۆشەری کورد نیشتەجێ لە شاری ستۆکھۆڵم

کۆچی دوایی سێ خەباتکار و سێ تێکۆشەری کورد نیشتەجێ لە شاری ستۆکھۆڵم

خەمی لە دەستدانی ئازیزان گەلێک گرانە، بەڵام لەگەڵ سرووشتی ژیان چ ناکرێ و ھەموومان ڕۆژێک لە دایک دەبین و ڕۆژێک ئەم دونیایە بەجێ دێڵین، مەرگ یەکێکە لە سرووشتەکانی یاسای ژیان و دەبێ ئەگەر بە ناچاریش بێ ھەر قەبووڵی بکەین.

لە ماوەی تەنیا ١٢ کاتژمێر دا سێ خەباتکار و کەسایەتی کورد بە ھۆی نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە کۆچی دواییان کرد، بۆ ھەموو ئەوانەی کە لە نزیکەوە ئەو سێ ھاورێیە دەناسن مەرگیان بۆتە جێگەی خەم و پەژارە.

کەسایەتی و خەباتکاری دیاری سیاسی کورد کاک میرزا خدری مەرەسەنە، خەڵکی بێورانی خوارێ لە سەردەشت، دوای ٦ دەیە خەبات و تێکۆشان بە ھۆی نەخۆشی و ڕاوەستانی دڵ لە شاری قەڵادزێی باشووری کوردستان کۆچی دوایی کرد.

کاک میرزا خدر یەکێک لە تێکۆشەرانی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات بوو کە لە قۆناخی دووهەمی دوای کۆماری کوردستان دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات و بە هۆی کار و تێکۆشانی سیاسی دەکەوێتە بەندیخانەی حەمەڕەزاشا و ساواکی ئێران و ساڵانێکی دوور و درێژ لە زیندان دا خۆڕاگری دەکا و دوای ئازادبوونی جارێکی دیکە تێکەڵ بە شۆڕشگێرانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبێتەوە، دواتر لە کاتی خەبات و تیکۆشان و پێشمەرگایەتی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا چەندین زامی قورس هەڵدەگرێ و وەک کادرێکی حیزبی دڕێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدا.

کاک میرزا خدر وەک کادرێکی سیاسی و وەک کادرێکی دەرمانی ڕۆڵی بەرچاوی لە خەباتی پێشمەرگانەدا گێڕا و ھەموو ئەندامانی بنەماڵەی خۆی ئاوێتەی نێو شۆڕش و خەبات کرد و ھەنووکەش چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی میرزا خدر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن.

کاک میرزا خدر وەک کەسێکی دیاری ناوچەی سوێسنایەتی سەردەشت هەم لە ناوچەی سەردەشت و هەمیش لە ناوچەی پشدر و بیتوێنی باشووری کوردستان کەسایەتیێکی دیار و جێگەی متمانەی خەڵک بوو و لە زۆر بواردا خزمەتی گەورەی بە نیشتمان و بە خەڵک کردووە.

کاک حەسەن ئیبتدا ناسراو بە سەردار خەڵکی شاری مەھاباد و دانیشتووی شاری ستۆکھۆڵم بوو، کاک سەردار مرۆڤێکی بە ھەڵوێست و خاکەڕایی بوو. کەسێکی جێگەی متمانە و لە هەمان کاتدا خۆش مەشرەف و بە خزمەت بوو. کاک سەردار لە ساڵی ٢٠٠٧ی زائینی وەک ئەندامێکی حیزبی دێموکرات دەستی بەکاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و ڕاگەیاندن کرد و لەگەڵ یەکەم وەشانی کوردکاناڵ وەک فیلمھەڵگر و وێنەگرێکی بە ئەزموون خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی خۆی دەست پێکرد و لە کۆمیتەی سوئێد و بەشی ڕاگەیاندن دا بۆ ماوەی چەندین ساڵ خزمەتی کرد.

بەداخەوە کاک سەردار ماوەی چەند ساڵێک بوو تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو و ھەر ئەوەش وایکرد بوو کە کاک سەردار نەتوانێ بە پێی پێویست لە کار و چالاکی سیاسی و ڕاگەیاندن دا دەربکەوێ. مخابن کاک سەردار دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە و دوای ئەوە کە دوکتورەکان لە وڵاتی سوئێد لە چارەسەر کردنی دەستەوەستان مانەوە لە سەر وەسیەت و بڕیاری خۆی بۆ دوایین کات و ساتەکانی ژیانی بڕیاری دا کە لە خاک و زێدی نیشتمان دا چاوە پڕ لە ھیواکانی لێک بنێ، بەداخەوە دڵی پڕ لە ھەست و نیشتمانپەروەری کاک سەردار لە مەھابادی زێدی لە دایکبوونی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و دوا نیگاکانی بۆ نیشتمان و خۆشەویستەکانی بوو و بە یەک دونیا ئاوات و ئارەزووی وەدینھاتوو بە خاکی نیشتمان سپێردرا.

ھونەرمەندی خۆشەویستی گەلەکەمان کاک مەسعوود فەریقی وەک تێکۆشەرێکی دیاری سیاسی لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا ، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

کاک مەسعوود برای ھونەرمەندانی دەنگخۆشی گەلەکەمان نەمر خاتوو مەرزیە و لەیلا فەریقی بوو، بەڕێزیان وەک ھونەرمەند و تێکۆشەرێکی سیاسی کورد و وەک کەسایەتیێکی دیاری بنەماڵەی فەریقی دەستی بە شۆڕش و خەبات لە ڕیزەکانی کۆمەلە دا هەبوو و ساڵانێکی زۆر خزمەتی بە گەل و نیشتمان کرد. بەداخەوە کاک مەسعوود بە ھۆی نەخۆشی لە شاری ستۆکھۆڵم پێتەختی وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

بە بۆنەی کۆچی دوایی سێ ھاورێی خۆشەویستم لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەی بەڕێزیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم و ھیوادارم کە دوایین خەمیان بێ.

یاد و ناویان لە دڵان دا ھەردەم زیندوو بێ.

ڕووحیان شاد

ماڵپەڕی گیاڕەنگ

حەمەڕەسووڵ کەریمی و ستافی گیاڕەنگ