بەیتی سێ باڵندان. عه‌بدوڵڵا گولابی (هونه‌ر)

بەیتی سێ باڵندان. عه‌بدوڵڵا گولابی (هونه‌ر)
ئاڵا شه‌کابوونه‌وه
به ده‌م فێنکه‌بای به‌ربه‌یانی
له‌ زگ‌بوونه‌وه‌ی ژنی ره‌هایی بوو
سێ باڵنده‌ی نه‌ناسراوی کتێبی‌په‌ڕ
بۆ سه‌راسوێی شارێکی شه‌وداماو
هه‌ڵکورمابوون و
ئه‌وه ده‌خوێنی به‌سۆزه‌وه خانمی خه‌ونان:
ده‌با سینگان بکه‌ونه چاوی جاسووسان
خه‌وی زارۆکان و رژێته خوێناوێ
نازی گواره‌داران و شێوێ
ده‌گه‌ڵ ماڵه‌بابان و له فرمێسکی به‌سێڵاوه‌ سێڵاوێ
سینگو لێ بێته لێفه‌شڕه‌ی به‌ر سمکوتی شه‌وه‌خێڵی ده‌ مۆته و کابووسان
وه‌رنه سه‌ربڕانه‌ی حاسڵاتی هه‌زار ساڵانو
ئاوڕێ له ئاغایه خۆ ده‌ن
عابای زستانه‌ ڕووحاناتی خزیون له شانان
ئه‌و ئاره‌قی ده خۆره‌گوڵ
ده‌تکن له شنه‌ڕدێنانی زه‌نگوڵ زه‌نگوڵ
پۆلووبزانی ده‌به‌ر چاوی پیرئاورگی که‌ن
ره‌خت و فیشه‌کدانی له سواری شه‌وئاڵۆزو که‌نه‌وه
بنی په‌نگه‌برینانی ده‌نه‌وه
ئه‌وه له رێیه به‌ندۆکه‌ به‌سه‌ران
ئه‌گه ده‌چنه سه‌یری شه‌ماڵ‌ ره‌ویشتی ده ئێواره‌ قه‌ڵافه‌تان
پێیان خۆشه هه‌ڵدڕن جۆگه له باخی به‌روێ
ناوه‌ڵڵا ره‌گه‌ڵ گاڕانێی خه‌ن مه‌مکی به ته‌ڵه‌که‌ به‌سراویان
جاری وایه برۆیان ده‌بزێون له یه‌گدی
ده‌نا زگی قه‌ت‌نه‌سووتاویان راده‌تله‌کێنن
وه‌ک زریانی هه‌زار حه‌زی گه‌راوه‌یان
ده‌ پشتێندی گه‌ڕێ
هۆ له تلۆلی حاجه‌تان و ئه‌ژنۆ شکێ
ئه‌وه خه‌ونی له‌ سێداره‌دراوی ئێوه‌به‌رانه
ئێوه‌کاران
ئێوه‌وه‌ختان
ئێوه‌بێژان
گه‌لۆ ئاته‌گی تۆڵه‌ی درێژو بڕیوه
ئه‌گه به هه‌وای شاقه‌لی بیری خۆ تێنه‌که‌ون و
ئه‌گه وای بۆ ده‌چن
ورکه‌به‌ردی هه‌موو کوێستانان
تۆبره تۆبره ده‌به‌ر به‌حری ئه‌وان سه‌ران که‌ن
ئه‌وان هۆشان
ئه‌وان شانان
ئه‌وان وشان

به کزی خانمی خه‌ونان مچوڕکێکی وه‌ک ژێ‌سازی پێدادێ و
باڵنده‌کان له شه‌قه‌ی باڵان ده‌ده‌ن

باڵده‌ی هه‌وه‌ڵ [ په‌یکه‌رتاش
ماڵێک به ساڵی ده په‌ره‌سێلکه‌ی ره‌سا ره‌سا
پێاوێکی ته‌نیای تێدایه
ده‌ر و جیرانی لێ تێنه‌گه‌یون
له کفر و ئیمان
له ناز و نیازان
له هه‌نبانه و سفره و قاقه‌ز و به‌رده‌خوێیان
له ده‌رکی ره‌جاڵ‌نشینی
له وه‌تاغی په‌نجه‌ره‌ی شین‌مۆر تێگراوی
ئه‌گه‌ر به‌رانبه‌ر به تاون
پشت به زریان راوه‌ستاون
نه‌وه‌ڵڵا ده‌رکی باران‌تێکراون
وه‌ختایه‌کی له پشت ماڵان ده‌رکان چێوکوتان
لۆتکه‌شکاوان ده‌په‌له‌خێنێ
گاسن و زنجیر و خنجری سووتاو و مه‌سینه و قوببان وێک‌دێنێ و ده‌تاوێنێ
کوته‌کێ که‌ڵته‌زێنی به ده‌سته‌وه
چه‌کوچ و قه‌ڵه‌می له‌به‌ر پشتێ ناون
وه‌رده‌گه‌ڕێته سه‌ختان
هه‌ڵده‌کوتێته ته‌ختان
لێده‌دا چه‌خماخان
ئاورێ له جه‌رگی به‌رد و گابه‌ردان هه‌ڵدایسێنێ
گه‌ڵا و ده‌نکه و قووژه‌کان
ده باخه‌ڵی پیرکوچکاندا ده‌قرسێنێ
ناوه‌ڵڵا برای‌نه‌براده‌ری‌نه
نه قه‌ت که‌سی لێ تێده‌گا و نه حکووماتی شاگورگان
بۆی نه‌بوو ئه‌گه سه‌ری خۆی لێ وه‌خوێنێ
په‌پووله و مێرووی پێ وه‌قسه هاتوونه
با و به‌ره‌بای
که‌وتوونه دوعا و گازندان
پشتی مه‌غڵووبانی شکاندوونه
چاوی که‌سکه‌بووکانی به کلچێوکی له‌به‌ختی‌سیامه‌ندی‌سواو ڕشتوونه
فێنکی دڵی قه‌ڵه‌مانی به ئاونگی سه‌رلکی ڕه‌شمێوانه
له خۆم جه‌رگ‌بڕاوێ به تیری هه‌رامه به‌هاری ئه‌نگواوم
ئه‌گه به تاقی ته‌نێ له پیاوی وه‌ها ئاوا ده‌بووم و
ڕووم ده‌کرده‌وه ئه‌وێ شاره‌که‌ی به‌گڕکانه گڕکانه
ده‌‌خه‌وێم‌ده‌هاتن
سێ باڵنده‌ی کتێبی‌په‌ڕ له داره‌تووی ده‌بوونه‌وه
وه‌ک لێیان بسڵه‌مێمه‌وه
سێ بیورن له دارگێلاسی
هاوارم ده‌گه‌یشته تیله‌گی ئه‌وێ دووکه‌ڵ‌به‌نده‌نێ
له حه‌ژمه‌تان و له به‌ر حه‌یبی چووکه‌ڵه‌سواری
ده‌چوومه‌وه نێو په‌ردووی بسته‌غه‌زه‌لی قۆپه‌نێ
هۆ خه‌ڵکی ده دنیایان
خوای میر و مه‌زن ئه‌گه حه‌وت ئاسمانانی
له به‌رۆکی بایه‌کی بزۆز وه‌ده‌رده‌خستن
ئه‌گه ته‌یر و سه‌یری به‌رهه‌ڵڵا ده‌کردن
له به‌ر چاوی مه‌له‌کتاوسی
ئه‌نگۆی یه‌ک‌لا نه‌ده‌کرده‌وه
وه‌ک دووڕێیان و دواوان
حه‌سارو ده‌کردن و هه‌ڵوده‌چنی په‌رژین و پاوان
به‌ردو ده‌یه‌کتر ده‌گرت و ئاورو له یه‌گدی ده‌باراندن
مه‌لی ئێسک‌سووک و خۆشخوانو له سه‌ر داری یه‌گدی ده‌فراندن
هه‌لی که‌حێلی خه‌یاڵو
له قۆرغی یه‌گدی ده‌تاراندن
وه‌رنه ته‌ماشای شۆخی له‌ندان
خه‌ت و خاڵان هه‌ڵماوێرن له که‌و و ماری چاو و برۆیان
هه‌ڵمه‌کوتێنه باخچه‌ی یه‌کتر
به شیر و تیری ده‌له‌سه و درۆیان
به‌رپه‌رچی راسته‌ڕۆڵانو مه‌ده‌نه‌وه به زنجیر و کۆت و به‌ندان
له گوڵی به‌ر ته‌شخی مانگی مونه‌ووه‌ر
هه‌تا نه‌خشی گوڵه‌به‌رۆکی سێوه‌کچان
هه‌ر له گومبه‌زی مزگه‌وتی تاوی به‌بریقه و بزیسکه
هه‌تا گڵه‌وه‌زی سه‌ر ته‌وێڵی به‌رده‌کوڕان
قسه‌م پێیه
جوانی و تووڕه‌یی و کۆتر و وشه‌م بۆ هێناون
جا لێره غه‌ریبێکن لێ وه‌ژوور که‌وت و
لای سه‌رووی گرت و
کۆنه‌کڵاوی لێ ڕاست کردینه‌وه
ئینجا هاته سه‌ر چۆکان و گۆرانی عاشقی زه‌وی‌زاده‌ی بۆ گوتین
گۆرانێکی چۆپی باران و چپه‌ی ماچان
باڵنده‌ی دووهه‌م[شاسوار
هه‌ستان سه‌رکه‌وتوونه هه‌ستان
رامژێنن له سه‌ر ده‌ستان
هه‌ڵمهێننه سه‌رده‌رانه‌ی شامه‌له‌کان گه‌وران ده‌س‌به‌که‌له‌کان
ناوه‌ڵڵاهی بمبه‌نه‌وه به‌ر بێڵای ده مه‌حکه‌مه‌ی
ئه‌گه ده‌ڕوانێته چوارچرای
پێی‌دا دێنه‌وه که‌زی خاو و شه‌مام‌به‌خوسار و هوڕه‌ی لۆکه ‌به‌له‌کان
راسپارده‌م هاتنه کنی
گه‌ره‌حێلم ناردوومی فه‌رموویه‌تی بێله شاسوارێ
ده‌رتبه‌رینه ده‌شتی رزگاران له ترسی په‌سیوی ده دوژمنی
ئه‌گه‌ر که‌یفت دێنێ داتده‌نێینه سه‌ر ته‌ختی شه‌ڕه‌فێ
ده‌نا حه‌وت و هه‌شتی زه‌وی و ئاسمانانت
بۆ دێنینه کڕنۆشێ به ڕه‌به‌نی
پێم ده‌کوت خۆ من گه‌زیزه نیمه برای من
سه‌ر ده‌رێنم له قافی زستانێ
گوڵی که‌س‌نه‌ناسانم پێ بن خه‌نی
خۆ من بازی ده کوێستانه‌به‌جه‌رگان نیمه
ساڵێ جارێکی هه‌ڵنیشمه گه‌ندڵی
ئه‌گه‌ر حوکمه ده په‌نجانم ریشه‌ی خاوان هه‌ڵکه‌نی
ئه‌من دنیایه‌کم کوڕن
دنیایه‌کم کچن
خۆ سه‌ری به عیشقه له دارن
ده‌نا کوا جه‌رگ له‌ت بوونه به په‌لی داره‌به‌نی
سبه‌ی داوه‌تێکی ساز که‌ن
به ده‌هۆڵێ له پێستی زه‌ریای
به شمشاڵی له گرێی ئه‌شکه‌وتان
ناوه‌ڵڵا به که‌مانچه‌ی ئاڕشه‌ی له شنه‌ی به‌یانه‌وه‌ته‌نی
ئه‌من ئێواره‌ی ڕووسووریمه
له پاشم ئه‌ستێره هه‌ڵدێن به ڕه‌وشه‌نی
چرای دڵم هه‌ڵکردوونه
قه‌ت رۆڵه‌م لێ هه‌تڵه نابن به تاریکه‌سه‌لاتی وڵاتی
ده با هه‌ڵۆم له هه‌راوی ئاسمانان
له وانی سه‌ریان ده به‌فری دایه ببه‌زێنن که‌وشه‌نی
ئای له‌وێ ماڵی ده گه‌نده‌ڵی
ئه‌گه کلکی لێ ده نه‌ڕی پشتێ ناوین که‌ڵی
هه‌زار هه‌زار ریوه‌ڵه‌پیاون ده‌گه‌ڵی
قه‌له‌قاقایان به‌رهه‌ڵده‌ده‌ن
چڵکه‌قسان دێننه‌گۆڕێ بۆ گۆنگه‌ڵی
شه‌ققه‌ی مه‌شکه‌ی که‌ڵه‌شن هه‌ر ده‌گه‌ڵ سه‌ڵایه سوبحی
حه‌وت پووتان رۆنی ده‌گرن له دۆیه ده‌غه‌ڵی
ده گوێیه خۆ بده‌نه من
له بن ده‌رکان دیواران
ناوه‌ڵڵا له نێو مێشه‌ی دارخه‌فه‌تی ده کۆته‌ڵی
ئه‌گه دره‌ختی ته‌لیسماتی قه‌ت له ئێوه نه‌سکناون
لێوده‌گرن ده‌ربیجه‌ی ده حه‌یاتێ
رۆڵه ڕه‌به‌رنه‌که‌وتووینه
شه‌ون لێ‌ڕانه‌شکاوه
نوشته‌ی مه‌رگیان لێ ده ئاوی ساکارین هه‌ڵنه‌کێشاوه
خۆ زارکی ئه‌شکه‌وتی شۆبه‌ن لێ نه‌گیراوه
بابان‌وێران
قسه‌ی حه‌ق دوگمه‌ی یێخه‌ی جوامێرانه ئه‌گه ده‌ترازێن
هه‌یاران
نێری و که‌ڵی لۆمه‌ و تۆبه‌م تێکبه‌رده‌بن
ئه‌گه‌ سه‌ت ساڵی دیش
به‌حرۆکه‌کتێنی‌ده‌چاوانم‌داکراوه‌ی‌به‌شه‌پۆلن
تێم‌ڕاده‌مێنن مه‌ند و به‌زه‌ینان
له به‌رد و هه‌ناسه و شێتی و قسه‌م داده‌تاشن
ئه‌و مه‌سڵه‌ته‌م له بۆ کرد و ئه‌و لاڕێیه‌‌م له بۆ پێوا
به‌رخم
دوژمن به شیری ڕه‌شه‌بای وه‌شارو ده‌گه‌ڕێ
تاو ئه‌گه‌ سه‌ر له ڕکه‌ی رۆژێ ده‌سوێ
ماچ ئه‌گه قاچی ده ته‌ڵه‌ی لێوان‌دا ده‌شکێ
به‌ختی بووکی ئه‌گه‌ ده چاوی شین‌ئاوێنان‌دا وه‌رده‌گه‌‌ڕێ
ئه‌من ده‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ناسانم
سه‌ت‌وسی پۆله‌حه‌یران کۆچاندبوو
کوێستان و گه‌رمێنی ده شین و شایه‌م پێ ده‌کردن
وا بوو کوڕی شه‌وکاکۆڵ و ئاسۆچاو و سوپامژۆڵ
له مه‌زرایی‌پیاوان وه‌دی‌ده‌هاتن
ده‌یانگوت کاکه ئه‌گه گه‌ڕی ده ڕه‌شبه‌ڵه‌کی سه‌وڵان
وا به‌ده‌سته‌ده‌ستن
ره‌نگاون له سه‌وزی خوڵای
نه‌خشاون به په‌نجه‌ی پێغه‌مبه‌ری
ئه‌وه شه‌ماڵن سواری حودوودی ده به‌حرێ
هاتوون به جلکاری باخان بوونه
به ته‌قه‌ڵی ده خوناوان ده‌که‌ن دوروومانێ
به شانی به‌ژن‌دارانی داده‌ده‌ن ده‌سماڵی فڕمێسک
ئه‌گه هاتوونه له دووره‌موڵکه‌که‌ی ده بارانێ
کوڕ به‌ره‌که‌تن به حاڵاتی که‌ونه‌دنیایه
ده‌نا به‌راتی خوڵایه له حه‌ینی به‌زمی به‌ران‌به‌ردانێ
جا له کاکی خۆو که‌وی
وا بوو به‌عزه‌کوڕێک ده‌گلان و ده‌که‌وتنه‌وه زه‌وی به‌زه‌یی ئه‌سپان
جه‌رگی ده پایزه‌دایکانی پێ هه‌ڵده‌کزا
فریا ده ئه‌وکان‌دا ده‌خینکا
بابانی ده‌کرده‌وه ده‌واره‌شڕه‌ی به‌ر ڕه‌شه‌بای
سه‌ت قه‌ره‌غه‌م به‌ربینگی ده‌گرتن
له سه‌ر ته‌مته‌می ده بڕک و ژانێ
ئه‌وه ته‌نکه‌ژنی سه‌ربه‌شۆڕابه‌م ده‌دیتن
له جه‌نگه‌ی شینێ
ئه‌ستونده‌کی ئیشتیایان ده‌چه‌قاندن له بن کراسی ته‌خت‌ڕه‌ش بۆ که‌پرۆکه‌دانێ
ڕۆله رۆژگارێکی له من به هه‌راهه‌رایه
باژێرێکی له من به گازه‌گازه
نانی له خوانی به‌ره‌خه‌باتم برشاون
ناوه‌ڵڵا ئه‌و هه‌ویری له‌خۆخه‌جاڵه‌تێ حه‌یاتم ترشاون
ئه‌گه‌ر محه‌لێکی به تریفان
به‌وێ کۆڵانیان‌دا رابرمه‌وه
له ته‌ندوورێ روحمیان بۆ ده‌که‌مه‌وه نانی ده تازه‌تازه
ده من سه‌رگه‌ردانی ئه‌وان شۆڕه‌کوڕانم
کوا بۆم ده‌ره‌خسێته‌وه هه‌لێکی مانگه‌شه‌وان
باوکان وه‌قسه بێنمه‌وه
دایکان به حه‌زره‌تی کاکۆلان بلاوێنمه‌وه
ناوه‌ڵڵا عه‌تری ده‌ ژینه‌ڕه‌یحانی له سه‌ر بسکی کچۆڵان بپژێنمه‌وه
بسکان له بسکان بهۆنمه‌وه
سێ باڵنده‌ی کتێبی‌په‌ڕ
خولێک به سه‌ر ئاسمانی شارا فڕین و
له‌سه‌ر بانی ماڵی کابرای شیرن‌وتاری شار هه‌ڵنیشتن و
وه‌ک شنه‌ی فێنکی ژیانه‌مه‌رگێکی تریان پێدابێ
هه‌ڵکورمان
باڵنده‌ی سێهه‌م [شـــاعیر
زمان‌شێتم بیرئه‌سته‌مم شه‌وم ده‌گرن ده‌ستی چرای
با و بارانم ده‌گرن سه‌ر و دڵی
کێو و زه‌مه‌ندم لێ نابنه‌وه ببڕای ببڕای
له سه‌ر خوانی خۆمم بڕیوه نانی خۆم
وه‌ی له من باب و برای
ئه‌گه به سه‌ربه‌ندی دڵه‌ڕاوکێی تام و بۆنی شه‌مامه‌خه‌ونانت له به‌ندی خرای
ناوه‌ڵڵا ئه‌گه‌‌ر ده‌گه‌ڵ به‌باکردنی زه‌رده‌گه‌لاوێژێ
چاوله‌به‌ندی خه‌یاڵ گرای
ئه‌وه پێی‌ نه‌ده‌گرتن به شکاوه‌ئه‌ژنۆیان
دایکی سه‌ربه‌کوێنی زه‌ینه‌وڵاتن
ده‌ڵا به‌وێ سوبحی سپی‌بۆره‌ی کاره‌ساتن
له داری مل‌به‌زه‌نگوڵه‌ی کاروانکوژان درای
له‌وێ مه‌جالی
ده‌یانماڵین دوو پیاوی له فه‌قیری و له بێده‌نگی
ئه‌گه‌ر تۆزی شه‌ده‌‌ت ده‌نیشته سه‌ر گۆڕه‌پانی چوارچرای
کاکه ئه‌من چم ده‌بیستن و چم ده‌گوتن
ده‌نا کوا سزایه به ده‌سته‌وه بن مه‌شخه‌ڵی تۆڵه‌ی
به ئه‌سپایی بترازێنی شه‌مشێره‌ی
ده‌گه‌ڵ هه‌ڵکا زێڕه‌شنه‌ی خاکه‌لێوه‌ی
بتبا و بتهێنێ و ئه‌تۆش وه‌ک ده‌سره‌هه‌وریشمێ
له‌وێ و لێره‌ی
ئه‌من خۆ داوێمه‌وه مه‌رگه‌خوڕێنی
ده ئاوری هه‌موو شۆڕه‌شه‌وانم لێ بباری
ده‌گه‌ڵ تیری نیزامه‌برینی ئه‌ستێره‌ی
نه به ساڵیك و دووی نه به ده و دوازدان
ئاوڕێکم له ده‌رکی سه‌کرکراوی هه‌ناسه‌دیوان نه‌ده‌داوه
سه‌رم هه‌ر ده قاقه‌زی سینگان دابوو
ئه‌گه سێوه‌مه‌قامی لێ نووسرابوونه‌وه به قه‌ڵه‌می ده مه‌مکان
پڕشه‌نگی له من داویشته‌وه کوێستانی سه‌ربه‌خۆییم
هه‌ر شێره‌تاوه‌که‌ی به‌ندی له تۆقی شللێره‌ی
خه‌ڵک هێندی ده‌بوونه‌وه دڵخۆش و به‌که‌یف و مه‌ستی نیو قه‌فه‌زان
وه‌ک سێره‌ی
وه‌ی له گه‌رنێ منو که‌وی ئه‌گه‌ر تیری پێنه‌زان و ئه‌گه گوللـه‌ی شینکه‌شێتی
هه‌موو ڕۆژم هه‌وێی دڵه‌بووکی سه‌حاتی
په‌ڵپم پێ ده‌گرێ و نام‌هێڵێ ئه‌سپی سه‌حه‌تی خۆ باژوێم
ئه‌وه ئه‌من بانگم نه‌ده‌هێشته
خه‌تاخه‌وتووی ده ڕه‌شماڵان
ڕۆژێکی له ڕۆژان چرایه‌کی مژتارێن هه‌ڵکه‌ن و
ڕچه‌ی خه‌م و نسرینان ببڕنه‌وه هه‌تا ئاسۆگی شۆقه‌ساڵان
تازه کاری ده‌شتیان نییه
سه‌ر به به‌خته‌وه‌نه‌وشه‌ی
ئه‌گه‌ جارجار دنه‌ی‌بدا به په‌ڵه‌ی مه‌حمه‌ڵی
ناوه‌ڵڵا کاری حیکایه‌ت‌خوانی برایمۆکی نینه
مردوان زیندوو که‌نه‌وه ته‌ڕه‌ژنی پاشه‌ڵ له گوڵی
سه‌رت هه‌ر دیاره له شاره ڕوح‌به‌دووکه‌ڵی
ده‌نا سه‌روگه‌رنێکت به‌رزترن له ڕه‌وه‌که‌ڵی
نوێیه نوێیه نایه نایه
ئه‌من زێوارم ده‌گرته‌وه له ته‌نکه‌که‌وای خه‌وی ده مه‌له‌ک‌دنیایه
بستێک له به‌ژنی به هه‌ڕاجی کۆبه‌ی گوڵه‌سووری
بستێک له به‌ری به حه‌ریره‌زه‌ڕی هێرۆی ده سه‌حرایه
پووڵه‌که‌م لێ‌ده‌نا به ئاورینگه‌ماچان
ده‌گه‌ڵ زه‌نگیانه‌ی له ئاونگی گوڵپه‌ڕی ده مینایه
ئه‌گه متمانه‌م نه‌بوو به شته‌قه قاسیدی شنه‌کۆتران
هه‌ر بۆ خۆم ده‌مبرده‌وه به‌ر ده‌رکی بانگم‌دێڵا به بانگ و سه‌ڵایه
ناوه‌ڵڵا هاوارێکم ده‌گه‌یشته تاوخنکێنان
یه‌کم ده‌رده‌چوو له کۆشکی ماتابی
نه‌مده‌بیسته‌وه قه‌ت ده‌نگ و سه‌دایه
هه‌ر سه‌بره له من سه‌ربزێوه
هه‌ر سێبووری له من به هه‌رایه
ئه‌‌مما چ بکه‌م و چ بکرێنم له حاستی شه‌وبێدارانم سه‌ر هه‌ڵنایه
ئه‌من حیکایه‌تم ده‌کرده‌وه
له ته‌ندووری جادووگه‌ران
له گوانی مانگاسێحری
له ده‌غڵی مامه‌دوعای
کۆره چووزانم له کڵاو و حه‌با و خوان و شاڵی جندۆکان
هه‌زار چۆله‌که‌چه‌پڵه‌م لێ ده‌فڕین
هه‌زار کروێشکه‌چاوم لێ ده‌چوونه‌وه ده خه‌وێ
زۆرن به‌یت‌بێژی خه‌مان و چاوه‌شی چه‌مان
ئه‌من گوێم به‌و قسانه نابزوێ
چوونکه مردوومه به‌ر له مردنێ
ئه‌وه دوو خێڵن ئه‌وی با ده‌یڵێ و به‌ره‌با له‌به‌ری ده‌گێڕێته‌وه گوێ ناده‌نێ
یه‌ک مردووگه‌له‌ن
یه‌ک فه‌یله‌سووفی ده خاسه‌کوته‌نێ
به‌ڵام له پاش به‌ژنی خوڵاگه‌یوت
کوا مافی ده‌ست و هه‌ستانم له تاریکه‌مه‌وته‌نێ
به شایه‌تی شایانه له خۆم دیوه سه‌رگوزشته‌ی له جخاره
ئه‌وێ شاری ئه‌گه لێت ده‌خوێند و ده‌تفه‌رموو به هه‌وامه‌لان جه‌رگان بکه‌نه باڵی فڕینێ
له خۆ ده‌بوونه‌وه و ده‌یانگرته‌وه که‌ناره
ئه‌وڕۆ له جارکێشی عیشقه‌مه‌رگانت هه‌مه‌ن شاره
ئه‌من به تاقی‌ته‌نێ ده‌مامه‌وه
له ماڵه‌که‌ی دوایه‌ده‌رم
به ڕووحێکی هه‌ڵایساو و به سه‌رێکی له گڕان سواره
کوڕه کۆڵه‌واری خزمی نه‌باشم کاکه دراوسێم نه‌یاره
ئ‌‌دی خۆم ڕه‌به‌نی ماڵوێرانه‌که‌ی مڵکی ئاغاغه‌مان
پاڵه‌ی وه‌ک من کوا که‌رخی دیاره
ناوه‌ڵڵا ئه‌گه ساڵی مه‌رگه‌زه‌ویشم نه‌باره
بارم په‌پووله‌نه بیرم خوناوه‌گوڵی به چۆڕه‌چۆڕه
هاتوومه‌وه حه‌ساره‌که‌ی داربزانت
ده‌فته‌رانت له بۆ هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه له حاسڵی هه‌ناسانم
گفتی خوێن و چرۆیه
ئه‌گه ڕاسته ئه‌گه درۆیه
سێ باڵنده‌ی کتێبی‌په‌ڕ سه‌ر له ژێرباڵان وه‌ده‌رده‌خه‌ن و
سروودی چێ‌کردنی هێڵانه‌یه‌ک ده‌خوێنن
عه‌بدوڵڵا گولابی (هونه‌ر)/ 10ی خاکه‌لێوه‌ی 95/مهاباد