یه‌که‌م پاچ لێدان له گوڵزاری خاوه‌ران
یه‌که‌م پاچ لێدان له گوڵزاری خاوه‌ران
( بیره‌وه‌ری‌یه‌ک له خاوه‌ران)
یه‌ک مانگ دوای کوشتاری زیندانیانی سیاسی له ساڵی ١٣٦٧ی هه‌تاوی دا، له شوێنی پاسه‌کان”ترمینال” له مه‌یدانی ئازادی بووم و ده‌مهه‌ویست بچمه‌وه کرمانشان. خوشکم نه‌خۆش بوو و زۆر په‌شێو و ناره‌حه‌ت بووم، له به‌ر ئه‌وه وه‌ڵامی بۆ نارد بووم که بگه‌رێمه‌وه و چاوم پێی بکه‌وێ. هه‌موو هۆش و بیرم به‌وه‌وه خه‌ریک بوو که بڵێی خوشکم زیندوو بمێمێنته‌وه یا نا؟
بۆچی وا بیرم ده‌کرده‌وه؟ ئاخر کاتێک ته‌له‌فونم بۆ ماڵه‌وه‌یان کرد که‌س ته‌له‌فوونی هه‌ڵنه‌گرت، به درێژایی ڕۆژ ته‌له‌فوونم کرد و هه‌وڵێکی زۆرم دا به‌ڵام نه‌متوانی په‌یوه‌ندیان پێوه بکه‌م. هه‌ر بۆیه نیگه‌ران و په‌شێو حاڵ بووم.
هه‌ر له منداڵی را له ته‌نیشت خوشکم گه‌وره ببووم و له هه‌موو ئازیزانی دیکه‌ی خۆمم خۆشتر ده‌ویست. ئه‌و به سێ ساڵ له من گه‌وره‌تر بوو، به‌ڵام ده‌تگووت پێکه‌وه به زگێک له دایک بووین و زۆر ئۆگری یه‌کتر بووین.
پاسه‌که کاتژمێر ٩ی شه‌و وه‌رێ ده‌که‌وت و منیش له کاتژمێر ٥ی را له شوێنی پاسه‌کان بووم، ته‌واوی گه‌راج و شوێنی پاسه‌کانی دیکه گه‌رام، به‌ڵام هیچ یه‌ک له پاسه‌کان پێش کاتژمێر ٩ وه‌رێ نه‌ده‌که‌وتن.
نێزیک کاتژمێر ٦ بوو چاوم به پیاوێک که‌وت که جل‌وبه‌رگی کوردی له به‌ر دابوو، به قژی سه‌ری را زانیم که یه‌کێکه له ده‌روێشه‌کانی ته‌ریقه‌تی قادری.
ده‌گریا، ئاه و ناڵه‌ی ئه‌و ده‌روێشه دڵی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که چاویان لێده‌کرد وه‌له‌رزه ده‌خست، له نیگای دا ته‌نیا داوای یارمه‌تی و ده‌ست گرتنی لێده‌باری، ئه‌منیش وه‌کوو هه‌موو ڕێبواره‌کانی ده‌وروبه‌ری بیرم ده‌کرده‌وه که ئه‌و گریان و ناڵه و هاتووچۆی‌یه‌ی ته‌نیا بۆ کۆ کردنه‌وه‌ی پاره‌یه و به‌س، به‌ڵام کاتێک که چاوم پێکه‌وت پووڵ و پاره له خه‌ڵک وه‌رناگرێ، لێی چوومه پێش و سڵاوم لێکرد و حاڵ و ئه‌حواڵیم پرسی.
شتێکی ئه‌وتۆی نه‌گووت، ته‌نیا ئه‌وه‌نده گووتی” پیاوێکم ده‌وێ که ده‌ستی یارمه‌تی بداته ده‌ستم و پێم بڵێ که خاوه‌ران له کوێ‌یه؟”
منیش به سه‌رسورمانه‌وه گووتم خاوه‌ران؟
گووتی “به‌ڵی خاوه‌ران”
به‌ڵام دیسان له مه‌به‌ستی نه‌گه‌یشتم، پێم گووت باشه ئێستا بۆ ده‌گری؟ ئه‌من ده‌زانم خاوه‌ران له کوێ‌یه.
به خاوه‌رانم ده‌زانی، چووبوومه کوره‌خانه‌کانی خاتوون ئاوا، چه‌ند ساڵێکیش له ده‌وروبه‌ری گۆره‌پانی خوراسان و شەقامی تیر ژیا بووم و زۆر چاک ده‌مزانی خاوه‌ران له کوێ‌یه.
هه‌ر که بیستی به خاوه‌ران ده‌زانم، به هه‌ر دوو ده‌ستان یه‌خه‌ی گرتم و گووتی: ” ده‌بێ پیاوه‌تیم له گه‌ڵ بکه‌ی و ئه‌من بگه‌یێنیه ئه‌وێ.”
به بزه‌یه‌که‌وه پێم گووت ئه‌من ڕێبوار و مسافیرم و خوشکم نه‌خۆشه و له به‌یانی‌یه‌وه سه‌باره‌ت به نه‌خۆشی خوشکم کار و ژیانم به‌جێ هێشتووه، پاسه‌که کاتژمێر ٩ی وه‌رێ ده‌که‌وێ و لێره را هه‌تا خاوه‌ران ٣ کاتژمێر ڕێگایه و له پاسه‌که به‌جێ ده‌مێنم، ئه‌من ڕێنوێنیت ده‌که‌م که چۆن بچی بۆ ئه‌وێ، به‌ڵام پێم ناڵێی بۆ ئاوا په‌ریشانی؟ منداڵه‌کانت له کوره‌خانه‌کان دا کار ده‌که‌ن؟ ده‌تهه‌وێ سه‌ریان لێهه‌ڵێنی و بیان بینی؟
ده‌نگی گریان و ڕۆڕۆی به‌رز بۆوه، بیستن و بینینی ئه‌م دیمه‌نه دڵی هه‌موو لایه‌کی ئازار ده‌دا.
تکام لێکرد که ئۆقره بگرێت، ده‌ستی زۆر به تووندی گرت بووم هێزێکی زۆری هه‌بوو هه‌ر بۆیه توانای کشانه‌وه و ده‌رباز بوونم نه‌بوو، ڕایکێشامه قوژبنێک و گووتی: ” کوڕه‌که‌م ناوی محه‌ممه‌د بوو پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو، به‌ڵام نازانم بۆچی پاش ماوه‌یه‌ک هاته‌وه و خۆی ته‌سلیم کرده‌وه، که‌س کاری پێ نه‌بوو، بۆ وه‌ده‌ست هینانی پاروه نانێک بۆ ئێمه هاته تاران، له نێو ئاسنه‌واڵه‌کان ( جێگایه‌ک که ورده ئاسن و له‌تکه ئاسنی به سه‌ریه‌ک دا داگرتن و به شوێنی تواندنه‌وه‌ی “ئاسن” یان ده‌فرۆشته‌وه) دا کاری ده‌کرد، ٩ مانگ بوو له گۆڕه‌پانی شووش کاری ده‌کرد، شه‌وێک پاسداره‌کان ده‌چنه شوێنی کاره‌که‌ی و کوڕه‌که‌م ده‌ست به‌سه‌ر ده‌که‌ن.
به هۆی دۆسته‌کانی له گیرانی ئاگادار کرام و هاتمه تاران و چوومه لای نوێنه‌ری مه‌جلیس و به یارمه‌تی ئه‌و توانیم له به‌ندیخانه‌ی ئه‌وین چاوم پێی بکه‌وێ.
هه‌ر دوو مانگ جارێک ده‌هاتمه تاران چاوم پێی ده‌که‌وت و ده‌گه‌ڕامه‌وه، ئه‌مڕۆ به‌یانی چوومه به‌ندیخانه‌ی ئه‌وین و پێیان گووتم که کوڕه‌که‌ت له “خاوه‌ران”ه، ژماره‌یه‌کیشیان دایه ده‌ستم، سه‌ره‌تا وه‌مزانی “خاوه‌ران”یش به‌ندیخانه‌یه، له به‌ر ده‌رگای به‌ندیخانه له ژن و پیاوێک که هاتبوونه سه‌ردانی کچه‌که‌یان پرسیارم کرد که چۆن ده‌توانم بچمه به‌ندیخانه‌ی خاوه‌ران؟
ئه‌وان چاویان له یه‌کتر کرد و گووتیان نازانین. ڕێم گرته به‌ر که بڕۆم، گوێم لێ بوو ژنه‌که به مێرده‌که‌ی ده‌گووت، گوناحت ده‌گاتێ مه‌سه‌له‌که‌ی پێ بڵێ.
پیاوه‌که‌ش پێی گووتم ئه‌وه‌ی له ڕاستی دا بێت ئه‌من نازانم خاوه‌ران له کوێ‌یه به‌ڵام بیستوومه که ئه‌و که‌سانه‌ی که له مانگی خه‌رمانان دا ئێعدام کراون له زه‌وی‌یه‌کانی خاوه‌ران دا ناشتوویانن.
چاپۆکێکم به سه‌ری خۆم دادا و گه‌ڕامه‌وه لای پاسه‌وانی به‌ر ده‌رگاکه و گووتم: ” ئه‌تۆ شیعه‌ی و منیش سوننی، سوێندت ده‌ده‌م به ئیمامی عه‌لی که بۆ خۆشم ده‌روێشی ئه‌وم و هه‌روه‌ها سوێندت ده‌ده‌م به ئیمامی حوسێنت، ڕاستیم پێ بڵێ خاوه‌ران به‌ندیخانه‌یه یا گۆرستان؟
پاسه‌وانه‌که وه‌رسوورایه‌وه و گووتی: ” به‌نده‌ی خوا ئه‌و شوێنه نه به‌ندیخانه‌یه و نه گۆڕستان، ئه‌و کافر و له دین وه‌رگه‌راوانه‌ی که ئێعدام‌یان ده‌که‌ن، ده‌یانبه‌نه ئه‌وێنده‌رێ و له ژێر خاکیان ڕۆ ده‌که‌ن ئه‌و ژماره‌یه‌ی که پێیان داوی ژماره‌ی گۆره‌که‌یه‌تی و شانست هێناوه که ژماره‌یان پێداوی.
به‌ڵێ ” ئێستا ده‌مهه‌وێ هه‌ر چۆنێک بێت بچمه سه‌ر قه‌بره‌که‌ی، ئه‌گینا چ وه‌ڵامێکم بۆ دایک و خوشکه‌کانی پێ بێت، دوای ئه‌و قسانه دیسان له بانگ و رۆرۆی دا.
سه‌باره‌ت به کوشتاری زۆری زیندانیانی سیاسی شتی جۆراوجۆرم بیست بوو، ئێستا یه‌ک مانگ به سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته دا تێپه‌ر نه‌ببوو و هه‌واڵه‌که‌ش وه‌ڵاتی به ته‌واوی دا نه‌گرت بوو. ئه‌وه‌م نه‌بیستبوو که کوژراوه‌کان ده‌به‌نه زه‌وی‌یه‌کانی خاوه‌ران و له‌وێ به خاکیان ده‌سپێرن. چاره‌نووسی ژیانی خۆشم له‌و کات و هه‌ل‌ومه‌رجه دا بۆ باس کردن نه‌ده‌بوو و بۆ خۆشم تا راده‌یه‌ک له ژێر کۆنترۆڵ دابووم و به‌دوام دا ده‌گه‌ڕان. هیچ په‌یوه‌ندیێکم له گه‌ڵ ڕێکخراوه سیاسی‌یه‌کان نه‌بوو، بنه‌ماڵه‌که‌مم بۆ ئاوایی به‌رێ کردبوونه‌وه و بۆ خۆشم به دوای کار دا ده‌گه‌ڕام و ژوورێکم له” سر آسیاب” به کرێ گرت بوو و زۆر به دژواری ژیانم تێپه‌ر ده‌کرد.
بۆ خۆم یه‌کێک له کرێکاره سیاسی‌یه‌کان بووم و ده‌بوو کاره‌ساتی کوشتاری زیندانیانی سیاسی منی بۆ لای ئه‌و ڕووداوه ڕاکێشا بایه، نه‌ده‌کرا هه‌ر ئاوا به سووک و سانایی به سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه دا باز بده‌م و هیچ هه‌ڵوێستێکم نه‌بێ. له دڵی خۆم دا گووتم: ئێستا کاتێکی زۆر باش هاتۆته پێش که بچی و سه‌ردانی گۆرستانه‌که بکه‌ی و له ڕاستی و درووستی کوژراوه‌کان سه‌ر ده‌ر بێنی و به ژماردنی گۆره‌کان ڕاده‌ی کوژراوه‌کانت بۆ ڕوون بێته‌وه.
تا ڕاده‌یه‌ک ڕازی ببووم که بچم به‌ڵام دوو دڵ بووم، ئه‌دی نه‌خۆشی خوشکه‌که‌م؟ ئه‌گه‌ر بێت‌و خوشکم بمرێ و چاوم پێی نه‌که‌وێ، ده‌بێ هیچ کات خۆم نه‌بخشم و له داخان دڵم شه‌ق ده‌بات. مێشکم ئاڵۆز بوو بیرم ده‌کرده‌وه… ئه‌دی ویژدان و مرۆڤایه‌تی؟
ئه‌و هه‌موو ئاوات و ئاره‌زوانه چی؟
ئیدعای گه‌وره و شۆرشگێر بوونم له چی؟ ڕاسته به‌شی ته‌شکیلاتی کاتی خۆی هیچ گوێ‌یان پێ نه‌دام و به جێ‌یانهێشتم، به‌ڵام خۆ من نابێ له به‌ر کرده‌وه‌ی ناحه‌زی ئه‌وان، ئاوات و ئامانجه‌کانی خۆم پێشێل بکه‌م. بیرێکم به مێشک داهات، پرسیارێکم له ده‌روێش که ئێستا ده‌مزانی ناوی چی‌یه کرد.
ده‌روێش مه‌ولوود گیان پێکه‌وه ده‌گه‌رێنه‌وه بۆ کرمانشان و شه‌وێ له ماڵێ خوشکم ده‌مێنینه‌وه و به‌ڵێنت پێده‌ده‌م که به‌یانی بتهێنمه‌وه تاران و پێکه‌وه بچین بۆ خاوه‌ران، باورت بێت ئه‌گه‌ر خوشکم نه‌خۆش نه‌بایه هه‌ر ئێستا له گه‌ڵت ده‌هاتم، ئه‌ورۆ له به‌یانی‌یه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م که په‌یوه‌ندیان له گه‌ڵ بگرم، به‌ڵام به‌داخه‌وه که‌س ته‌له‌فوون هه‌ڵناگرێ، ده‌بێ شتێک ڕوویدا بێت بۆیه داوای لێبوردنت لێده‌که‌م، به‌ڵام قه‌ول بێت بگه‌رێنه‌وه له گه‌ڵت بێم بۆ خاوه‌ران.
ده‌روێش ڕووی تێ‌کردم و گووتی باشه بۆچی جارێکی‌تر ته‌له‌فوون بۆ ماڵێ خوشکت ناکه‌یه‌وه، به دڵم داهاتووه که خوشکت وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ته‌ندرووستیشی زۆر باشه.
ئه‌من کومونیست بووم و به‌و قسانه‌ی ده‌روێش و مه‌شه‌یاخه‌کان هیچ باوه‌رێکم نه‌بوو، به‌ڵام له به‌ر دڵی بریندار و شکاوی ده‌روێش گووتم باشه با برۆیین و زه‌نگێک لێبده‌ین، دووباره ده‌ستی گرتم و گووتی ئاوا نابێت، به‌ڵێن بده ئه‌گه‌ر خوشکت ته‌ندرووستی باش بوو، له سه‌فه‌ره‌که‌ت په‌شیوان ببیه‌وه و ئه‌من بگه‌یێنیه خاوه‌ران.
به بزه‌یه‌که‌وه قه‌ول و به‌ڵێنم پێدا و زه‌نگی ته‌له‌فوونم بۆ ماڵی خوشکم لێدا. هه‌موو شتێک ڕێک و ته‌واو بوو ماوه‌یه‌کی زۆر له گه‌ڵ خوشکم قسه‌مان کرد و له حاڵ و گوزه‌رانی یه‌کترمان پرسی، زۆر بێ تاقه‌تی دیتنی من بوو و قه‌ولی لێ وه‌رگرتم که بچم سه‌ری بده‌م، قه‌و‌لم پێدا که به زوترین کات سه‌ردانی ده‌که‌م. ( به‌ڵام به داخه‌وه تا ئێستاش ئه‌و به‌ڵێنی‌یه‌م بۆ جێ‌به‌جێ نه‌کراوه)
◊◊◊◊◊◊
ڕۆژی دوایی کاتژمێر ٦ی به‌یانی له گه‌ڵ ده‌روێش مه‌ولوود له سه‌فێکی دوور و درێژی کرێکار و زه‌حمه‌تکێشاندا ڕاوه‌ستاین که چاوه‌ڕوانی هاتنی مینی‌بووسیان ده‌کرد. کرێکارە‌کان به په‌له بوون که خۆ بگه‌یێنه سه‌ر کاری ڕۆژانه‌یان له ده‌وروبه‌ری ئه‌فسه‌ریه و ڕێگای خوراسان و کوره‌خانه‌کانی خاتوون ئاوا.
ده‌روێش مه‌ولوود زۆر بێ قه‌رار بوو جارجار ده‌گریا و جارجاریش وه‌ک زکر کردن یاهو یاهوی ده‌کرد، تا ڕاده‌یه‌ک خۆی زه‌ق کرد بووه و خه‌ڵک چاویان لێده‌کرد. هێندێک دڵه‌خورپه‌م لێ په‌یدا ببوو که ڕه‌نگ بێ ئه‌و هه‌ڵس‌وکه‌وتانه‌ی مام ده‌روێش تووشی به‌ڵایه‌کمان بکات. بۆم باس کرد که نه‌کوو پیاو خه‌راپ و که‌سانی بێ‌باوه‌ر لێره بن و به‌و هه‌ڵس‌وکه‌وتانه‌ی تۆ ناره‌حه‌ت بن و هان بدرێن و کۆسپمان بۆ بنێننه‌وه، نه‌توانین چاومان به خاوه‌ران بکه‌وێ.
دوای ئه‌و قسانه شه‌رمم له خۆم ده‌کرد، ڕووم نه‌بوو که چاو له ڕوخساری سووتاو و ناوچاوانی پڕ له گنجی بکه‌م. ته‌نیا ئه‌و گریان و یاهو یاهو کردنه بوو که ده‌روێشی له سه‌ر پێ ڕاگرت بوو، منیش له ترسی خۆم ببوومه کۆسپ له سه‌ر ڕێگای ده‌ربرینی کوڵ و جۆشی ده‌روونی. ده‌مزانی له ده‌روون دا به چه‌شنی کوره‌ی ئاسنگه‌ران گڕی گرتووه و ئێستا پشوو ده‌خواته‌وه. به‌ڵام ڕێگا چاره نه‌بوو.
نۆره‌مان هات و چووینه نێزیک مینی‌بووسه‌که، له سه‌رخۆ له سه‌فه‌که هاتمه ده‌ر و خۆم گه‌یانده لای شاگردی مینی‌بووسه‌که و زۆر به هێواشی و به سرته به گوێم دا چرپاند که گه‌وره‌یمان له گه‌ڵ بکه‌و ئه‌گه‌ر ده‌زانی ئه‌و گۆرستانه له کوێ‌یه ئێمه له‌وێ دابه‌زێنه.
به ده‌نگێک که ته‌نیا له لۆمپێنان ده‌وه‌شێته‌وه گووتی: ” ئه‌وه که بۆ نه‌هێنی نابێت هه‌ر کاتێک هاوارم کرد له‌عنه‌ت ئاوا وه‌ره پێشێ و دابه‌زه” له جووڵه‌ی ده‌م و فڵچی را تێگه‌یشتم که لۆمپێنی به‌ر ده‌رگاکانی مزگه‌وت و حیزب‌وڵڵا نی‌یه و هیچ مه‌ترسی‌یه‌کی نی‌یه، به‌ڵکوو گه‌نجه و پێی خۆشه هه‌روه‌ک زه‌مانی “شا” وه‌ک لۆمپێنی به‌ر ده‌رگای گاراج بمێنێته‌وه.
ماشینه‌که‌مان هه‌ورازه‌کانی ڕێگای خوراسانی تێپه‌ر کرد و گه‌یشته ڕێگا پڕ له چاڵ و قووڵکه‌کانی خاوه‌ران و هه‌روا سه‌رولێژ و هه‌ورازه‌کانی ڕێگای ده‌پێوا. هه‌ستم ده‌کرد دڵ و ده‌روونم له حاڵی جۆشان و ڕه‌گه‌کانی ملم گه‌وره‌تر ببوون. گوێم له ده‌نگی لێدانی دڵم بوو، نازانم له ترسان بوو یا له‌و هه‌سته‌ی که له دڵم دا بوو، ڕه‌نگ بێ هه‌ر دووکیان بوو بن.
شاگردی مینی‌بووسه‌که هه‌ر به شێوه‌ی زاری خۆی هاواری کرد ” له‌عنه‌ت ئاوایی‌یه‌کان به‌خێر چن” به خۆشی‌یه‌وه ده‌روێش مه‌ولوود له‌و جۆره مانایانه حاڵی نه‌ده‌بوو، ئه‌گینا دڵی زۆرتر زامدار ده‌بوو و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌شی هه‌بوو که خۆی تووشی کێشه‌یه‌ک بکات. ده‌ستم گرت و گووتم دابه‌زه. (گۆیا له داویی دا بنه‌ماڵه‌ی قوربانی و کوژراوه‌کان، که هاتووچۆیان بۆ ئه‌و شوێنه زیادی کرد بوو، شاگرده‌کان له گووتنی وشه‌ی له‌عنه‌ت ئاوا خۆیان پاراستوه.)
خۆر به‌رز ببۆوه و گه‌رمای خۆره‌تاومان هه‌ست پێده‌کرد، ڕێگایه‌کی دیکه‌ی لێ نه‌بوو جیا له‌و ڕێگا خۆڵاوی‌یه نه‌بێت، به بێ قسه کردن ملی ڕێگا‌مان گرت و وه‌رێ که‌وتین، نازانم چه‌نده‌مان ڕێگا بڕی، هه‌ر له دووره‌وه ده‌نگی قه‌له‌ڕه‌شه و هێندێک باڵنده‌ی دیکه‌مان گوێ لێ‌بوو و تا نێزیک‌تر ده‌بووینه‌وه ده‌نگه ده‌نگ زۆرتر ده‌بوو، جیا له‌و ده‌نگانه، ده‌نگی وزه‌وزی مێشووله ناوچه‌که‌ی پڕ کرد بوو، ته‌پۆله‌که‌یه‌ک له گڵ و خۆڵ سرنجی ڕاکێشام و لێی نێزیک بوومه‌وه، ده‌روێش مه‌ولوود خوێنده‌واری نه‌بوو، نووسراوه‌یه‌کی ده‌ستنووسم خوێنده‌وه که نووسرا بوو گۆرستانی به کۆمه‌ڵی شه‌هیدانی موجاهید. ئه‌وه‌ش نیشانی ده‌دا که پێش ئێمه که‌سانێکی دیکه‌ش هاتبوونه ئه‌و شوێنه.
به باشی دیار بوو که به شۆڤل ” بۆلدزێر” گڵ و خۆڵیان به سه‌ر دا کرد بوون، سه‌ر ئه‌و ته‌پۆلکه خۆڵه‌یان دۆغاوی قسڵ و گه‌چ پێدا کرد بوو، پێم وابێ ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌وه بوو که ته‌رمی کوژراوه‌کان زوو له نێو بچن. به ده‌روێشم گووت ئێره “خاوه‌ران”ه، به‌ڵام وه‌ک دیاره هیچ ژماره‌یه‌کیان له سه‌ر نی‌یه، بێ‌ده‌نگ و مات و مه‌لوول ده‌یڕوانی‌یه ده‌وروبه‌ری خۆی، هیچی نه‌ده‌گووت و گوێی له هیچ شتێک نه‌بوو، وێده‌چوو هه‌ستی کرد بێت که له لێره کاره‌ساتێکی قورس و جینایه‌تێکی گه‌وره ڕوویدا بێ.
هه‌روا درێژه‌مان به گه‌ڕانی خۆمان دا، قه‌ڵه‌ڕه‌شه‌کان زۆر به سه‌یری هێرشیان هێنا بوو مێشووله‌کان به کۆمه‌ڵ له پێشمان هه‌ڵده‌فرین، بۆنی کوژراوه‌کان هه‌موو لایه‌کی داگرت بوو، ته‌نانه‌ت ده‌روێش مه‌ولوودیش له‌به‌ری وه‌ئازار هات بوو، جامانه‌ی سه‌ری کرده‌وه و له ده‌وری ده‌م و لووتی هاڵاند. به‌یانی بوو، ته‌نیا من و ده‌روێش مه‌ولوود و کۆمه‌ڵێکی زۆر مێشووله و ته‌پۆ و قه‌ڵه‌ڕه‌شه و خۆره‌تاو نه‌بێت که‌سی دیکه دیار نه‌بوو.
ده‌مڕوانی‌یه ده‌وری خۆم، سه‌رم سوڕمابوو، گۆڕه‌کان دیار نه‌بوون، به‌ڵام هه‌ستم ده‌کرد که به سه‌ر جه‌سته‌کان دا ده‌ڕۆم، هه‌وڵم ده‌دا وا بڕۆم که پێم نه‌که‌وێته سه‌ر جه‌سته‌کان، ده‌نگی ناڵه و سکاڵای ده‌روێش مه‌ولوود به‌رز بۆوه.
سه‌ر و که‌له‌ی لاوێکی بیست تا بیست‌وپێنج ساڵه له گڵه‌که هاتبۆ ده‌ر و به‌شێکی زۆری گۆشت و پێستی ده‌م و چاوی پێوه نه‌مابوو. ده‌روێش به ئاه و ناڵه کردنه‌وه هه‌وڵی ده‌دا بزانێ که ئایا کوڕه‌که‌یه‌تی یا نا، به‌ڵام زۆر دژوار بوو که بیناسێته‌وه، به زمانی کوردی و به شیوه‌یه‌کی تایبه‌تی لای کورده‌کان به ده‌م گریانه‌وه گله‌یی له خوای ده‌کرد و شێعری ده‌خوێندنه‌وه. کاتێک دڵنیا بوو که کوره‌که‌ی نی‌یه، زۆر به گورج‌وگۆڵی و به هێزێکی زۆره‌وه به ده‌سته‌کانی خه‌ریکی گڵ وه‌سه‌ردانی ده‌م و چاو و جه‌سته کوژراوه‌که بوو، لێک لێک ده‌یگووت: خوا بتان گرێت و له‌عنه‌تان لێ بێت، ئه‌ی بێ دینی نه. ( مه‌به‌ستی له کۆماری ئیسلامی ئێران بوو).
هه‌روا بیست میترێک خوارتر ١٠ تا ١٥ گۆڕێک به جیا ده‌بیندران، به ڕه‌نگ له سه‌ر چه‌ند خڕکه به‌رده‌ێک هێندێک ژماره نووسرا بوون و هه‌ر ژماره‌یه‌کیان له سه‌ر قه‌برێک دا نابوو. ( زۆر دواتر له یه‌کێک له نوێنه‌رانی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێرانم بیست که، ئه‌وانه‌ی ژماره‌یان له سه‌ر بوو کومونیست و موجاهید نه‌بوون و ئه‌وان حوکمی کافر بوونیان له سه‌ر نه‌درا بوو.)
ئه‌و ژماره‌یه‌ی که به ده‌ستی ده‌روێش مه‌ولووده‌وه بوو دیتمانه‌وه. ئێستا ئیدی کوڕه‌که‌ی دیت بۆوه، خۆی به سه‌ر گڵ و خۆڵی گۆڕه‌که دا کێشا، پاش چه‌ند چرکه‌یه‌ک ڕاست بۆوه. گڵی سه‌ر گۆڕه‌کان زۆر نه‌بوو، ئه‌گه‌ر بایه‌کی تووند هه‌ڵی کردبایه بێ‌شک هه‌موو گڵه‌که‌یان له سه‌ر لاده‌چوو. هه‌موو جه‌سته‌یان به ده‌روه بوو. محه‌ممه‌د کوڕه‌که‌ی ده‌روێش مه‌ولودیان هه‌ر به لیباسی کوردی‌یه‌وه ژێر خۆڵ کرد بوو.
ده‌روێش مه‌ولوود ده‌گریا و ده‌یگووت: خۆزگه هه‌زار جار ئێعدام‌یان کردبایی، به‌ڵام ئه‌و خودا نه‌ناسانه به‌م شێوه‌یه ئه‌تۆیان ژێر گڵ نه‌کرد بایه. پێم وابێ کاتژمێرێک زیاتر گریا، پاشان له سه‌ر چۆک دانیشت و سه‌ری به‌رز کرده‌وه به‌ره‌و ئاسمان و گووتی: ” خودایه هه‌زار جار ا‌ستغفرالله، به گه‌وره‌یی خۆت بمبووره هیچ موسڵمانێک بۆ ڕۆڵه‌ی شه‌هیدی ناگری، به‌ڵام گریانه‌که‌م به ده‌ست خۆم نه‌بوو، خوایه گیان محه‌ممه‌دی من بێ گوناح و مه‌زلووم بوو، شایانی ئه‌و به‌د کرداری و سه‌زایه نه‌بوو، به گه‌وره‌یی خۆت حه‌قی له دوژمن و زاڵمه‌کان وه‌ر بگره‌وه وه‌ی ڕۆۆۆۆ” دوای تۆبه و پاڕانه‌وه‌یه‌کی زۆر هه‌ستایه سه‌ر پێ و ڕووی له من کرد و پێی گووتم: ” پیاوه‌تی زۆرت له گه‌ڵ من کردوه و پێم وایه قه‌ت ناتوانم چاکه‌ت بده‌مه‌وه، به‌ڵام دڵنیام که خوای مه‌زن پاداشی ئه‌و چاکانه‌ت ده‌داته‌وه، به‌ڵام یه‌ک هیممه‌ت و پیاوه‌تی دیکه‌م له جه‌نابت ده‌وێ و دوایه‌ش خوات له گه‌ڵ بێ و بڕۆ” پێم گووت هه‌ر کارێک له ده‌ست من بێت له خزمه‌ت دام و فه‌رموو پێم بڵێ چ شتێکت ده‌وێ، گووتی: ” به‌س ته‌نیا پێویستم به پاچ و پێمه‌ڕەیێه‌که.”
◊◊◊◊◊◊
کاتژمێر ١٢ی نیوه‌رۆ بوو، پاچ و پێمه‌رەیێه‌کم کریبوو له سه‌ر ڕێگای خوراسان بووم، هێندێک ترێ و په‌نیر و چه‌ند نان سه‌نگه‌ک و ده‌به‌یه‌کی ٢٠ لیتری پڕ له ئاوم پێ بوو، دڵی خۆمم له ده‌ریا و بیابان دا بوو، ده‌مهه‌ویست له‌و کۆسته گه‌وه‌ریه دا به‌شداری بکه‌م. ماوه‌یه‌ک دواتر ماشێنێکم به کرێ گرت و که‌ل‌وپه‌له‌کانم له سه‌ر ماشێنه‌که دابستن و گه‌ڕامه‌وه بۆ لای ده‌روێش مه‌ولوود.
سه‌ره‌تا گۆڕی “محه‌ممه‌د” مان به دڵی ده‌روێش مه‌ولوود هه‌ڵقه‌ند، ئه‌و زۆر به له سه‌رخۆیی و به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت و وه‌ستایانه کاری ده‌کرد، چه‌ند داوه به‌نێکی پێکه‌وه گرێدان و باڵای “محه‌ممه‌د”ی به‌و داوه به‌نه پێوا، ده‌ستی به گریان کرد، ئه‌و جار به باڵای به‌رزی کوڕه لاوه‌که‌ی هه‌ڵده‌گووت. ده‌ستی به هه‌ڵکه‌ندنی زه‌وی کرد، ئه‌و پاچی ده‌وشاند و عه‌رزی هه‌ڵده‌که‌ند و منیش به پێمه‌ڕه گڵم فڕی ده‌دایه ده‌ر. پاش ماوه‌یه‌ک کار کردن پێی وابوو گۆڕه‌که ته‌واوه، پشتێنده‌که‌ی له ناو قه‌دی خۆی کرده‌وه و ته‌رمی کوڕه لاوه‌که‌ی زۆر به ڕێک‌وپێکی له پشتێنده‌که‌وه پێچا و به وریای‌یێه‌کی زۆره‌وه ته‌رمه‌که‌ی داهێشته ناو گۆڕه‌که، له دواین کاته‌کانی داپۆشین و گڵ وه‌سه‌ر دانی ته‌رمه‌که دا، ئاه و ناڵه و گریانی به کوڵی به‌رز بۆوه.
پاشان سه‌یرێکی ئه‌و ته‌رمانه‌مان کرد که به ده‌ره‌وه بوون، به ته‌واوی وه‌ڕه‌ز ببووم و توانای مانه‌وه‌م له‌و شوێنه نه‌ما بوو، زۆر له مێژ بوو پێمه‌ڕه‌کاریم نه‌کرد بوو و ده‌سته‌کانم ئاولیکیان هێنا بوو و هێندێکیان دڕا بوون و ئازاریان هه‌بوو. ده‌روێش مه‌ولوود خه‌ریکی فاتیحا خوێندن بوو، هیوادار بووم که دوای فاتیحا خوێندن ملی ڕێگا ده‌گرین و ده‌ڕۆین.
دوای ته‌واو بوونی فاتیحا ڕووی تێ‌کردم و گووتی: ” خوا پاداشی ئه‌و چاکانه‌ت بداته‌وه با بڕۆیین ئه‌تۆش کار و ژیانت هه‌یه.” له ناخی دڵه‌وه به‌و پێشنیاره‌ی ده‌روێش ڕازی و دڵخۆش بووم، بۆنی ته‌رمی ئێعدام کراوه‌کان هه‌موو شوێنێکی داگرت بوو، به‌ڵام نه من و نه ده‌روێش مه‌ولوود چیدی ده‌م و لووتمان دانه‌ده‌پێچا و تا ڕاده‌یه‌ک به بۆنه‌که عاده‌تمان کرد بوو. چاوێکمان به ده‌وروبه‌ری خۆمان دا گێڕا، ده‌روێش ده‌ستی بۆ لای ده‌به ئاو و پاچ و پێمه‌ره‌که برد، پێم گووت ئێمه پێویستمان به‌و شتانه نی‌یه، با هه‌ر لێره بن خێرمان ده‌گاتێ.
له ده‌م‌وچاوی یه‌ک ڕامایین، له نیگای دا کۆمه‌ڵێک پرسیاری شاراوه هه‌بوون، داخوازی دیکه‌ی هه‌بوون، به‌ڵام ڕووی نه‌بوو له گه‌ڵم باس بکات. به بێ ده‌نگی ڕاوه‌ستا بووین لاقه و لاقمان ده‌کرد و فرمێسک‌مان ده‌هاتنه خوار. ئه‌من قسه‌یه‌کم نه‌ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی خواستی ده‌روێش باسی لێ نه‌کرێ و ئه‌ویش هیچی نه‌ده‌گووت بۆ ئه‌وه‌ی دڵی من ڕازی ڕابگرێت. زۆر به باشی بیر و فکری ئه‌وم خوێند بۆوه، به‌ڵام دڵ و غیره‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو باسی لێوه بکه‌م.
خه‌ریکی ڕۆیشتن بووین، تاوی دایه پێمه‌ڕه و چه‌ند پێمه‌ڕه گڵێکی هه‌ڵدایه سه‌ر ته‌رمێک پێمه‌ڕه‌که‌ی له عه‌رز دانه‌یه‌وه و به گریانه‌وه گووتی: ” دایکتان بمرێ، ئاخر ئه‌و دوو پێمه‌ڕه گڵه‌ی له سه‌رتانه کوا له چنگی ئه‌و قه‌ڵه‌ڕه‌شانه ده‌تان پارێزێ.”
هه‌ر له به‌یانی را قه‌ڵه‌ڕه‌شه‌کان ده‌وریان دا بووین، کاتێک چوو بووم که‌ل‌وپه‌له‌کان بکرم ده‌روێش مه‌ولوود ده‌ستی به تاڵ بوو، هه‌وڵی دا بوو که قه‌له‌ڕه‌شه‌کان بترسێنێ و له‌و شوێنه دووریان بکاته‌وه به‌ڵام ئه‌و کاره‌ش هیچ سوودی نه‌بوو، قه‌له‌ڕه‌شه‌کان هه‌روا له ده‌وروبه‌رمان بوون و چاوه‌ڕوانی بوون که ئێمه ئه‌وێ به جێ بێڵین و بێنه‌وه سه‌ر ته‌رمه‌کان. ده‌روێش گووتی ته‌نانه‌ت ڕێوی‌یه‌کیشی دیتووه که له‌و شوێنه بووه.
له سه‌ر چۆکان دانیشت بوو، دڵی نه‌ده‌هات ئێره به جێ بێڵێ. ده‌ردی ئه‌و ئێعدامی محه‌ممه‌دی کوڕی نه‌بوو. ده‌ردی ئه‌و شتێکی دیکه بوو. ژانی ده‌روێش ئه‌و چه‌ند ته‌رمه بوون که به ده‌ره‌وه بوون، نه‌یده‌توانی ئه‌و هه‌موو “محه‌ممه‌د” انه هه‌روا به جێ بێڵێ و بڕوات. هه‌موویان بۆ ئه‌و محه‌ممه‌د بوون. بۆ منیش هه‌موویان زیندانی سیاسی بوون که ئێعدام کرا بوون و به بێ شه‌رمانه‌ترین شێوه ته‌رمه‌کانیان له‌وێ به جێ هێشت بوون.
به‌ڵام له نێوان هه‌ستی من و هه‌ستی باوکێک که ڕۆڵه‌یه‌کی قاره‌مانی به ده‌ستی خۆی دوور له که‌س و کار و شوێنی له دایک بوونی ده‌نێژێ جیاوازی‌یه‌کی زۆر هه‌بوو. ئه‌منیش به ته‌واوی هه‌ستم به‌وه ده‌کرد، به‌ڵام هه‌ڵاتن ” له‌و شوێنه سامناکه، و خۆ دەرباز کردن له‌و بۆنه ناخۆشه و ڕا کردن و نه‌دیتنی قوڵکی چاوی به تاڵ، لووتی شکاو و ڕه‌ش و هه‌ڵامساوه و ئێسقانی ده‌م و چاو که به دنووک و ده‌می حه‌یوان گۆشتیان لێ‌کرا بۆوه”، بۆ من به‌ر له هه‌موو شتێک بوو.
لانی‌که‌م ئه‌من له ترس و گوشاری ڕه‌وانی و له‌و هه‌موو سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌ی جینایه‌تی که له‌و شوێنه بوو له لای خۆم ڕوونکردنه‌ویه‌کم هه‌بوو، ده‌مگووت، مرۆڤ که مرد ته‌نیا شتێکی بێ گیانه و فه‌رق ناکات که جه‌سته‌ی چۆن له نێو بچێ، “به ئاوی ده‌ریایی دا بده‌ی، له قوڵکی ڕۆکه‌ی و یا حه‌یوان بیخۆن و له‌ت و په‌تی بکه‌ن.”
به‌ڵام بۆ پیاوێکی کۆست که‌وتووی وه‌ک مام ده‌روێش به‌و هه‌موو باوه‌ڕ و ئیمان و دینداری‌یه و به‌و داب‌ونه‌ریت و کلتووره‌ی که له گه‌ڵ خۆی هه‌ڵی گرتبوو و بۆ که‌سێک که هیچ ترس و خۆفی له ده‌روون دا نه‌بوو له هیچ هێز و قودره‌تێک نه‌ده‌ترسا، ئه‌و ته‌رمانه‌ی ده‌ورووبه‌ری ته‌نیا مردوویه‌کی بێ گیان نه‌بوون، ئه‌وان شتێکی ساده نه‌بوون. ئه‌وان ده‌بوو بپارێزرێن تا مه‌ولووده‌کانی دیکه‌ش خاکی پاکی ئه‌وان له باوه‌ش بگرن. ئه‌وان مانای ژیان بوون که ده‌بێ ببن تا له داهاتوو دا ببنه خاڵێکی ڕه‌ش به ناوچاو و به‌رۆکی کۆماری پڕ له درۆ و سه‌رمایه‌ی ئیسلامی ئێرانه‌وه.
ئه‌و بریاری خۆی دابوو و بۆشی گرینگ نه‌بوو ئه‌من چ بریارێک ده‌ده‌م. ڕاست بۆوه، ڕووخساری ڕه‌ش داگیرا بوو ده‌م و چاوی بایان کرد بوو، ڕقی له ئاسمان و زه‌ویش هه‌ستا بوو و ناوچاوانی ئاگری لێده‌باری. دڵنیا بووم که ئه‌و ڕق و نه‌فره‌ته منیشی گرت بۆوه. هاته پێش و به‌رامبه‌ر به من ڕاوه‌ستا، ئیدی ده‌نگی وه‌ک جاری پێشوو نه‌مابوو، شێوه‌ی ده‌نگی به ته‌واوی گۆڕا بوو، گووتی: ” داوای لێبوردن له جه‌نابت ده‌که‌م، زۆرم ئازار دای، خوا چاکه‌ت بداته‌وه، ئه‌تۆ بڕۆ، ئه‌من ده‌مێنمه‌وه تا ئه‌و چه‌ند ته‌رمانه‌ش به خاک نه‌سپێرم لێره ناڕۆم.”
ئه‌وه ئه‌و وشانه بوون که له ده‌می هاتنه ده‌ر. به‌ڵام ئه‌من له وشه‌کانی ئه‌و شتێکی دیکه‌م هه‌ست پێ‌کرد. ( بڕۆ لاچۆ ئه‌تۆش هه‌ر وه‌ک ئه‌وانه‌ی ئه‌و جینایه‌ته‌یان کرد وای، جیاوازی تۆ و ئه‌وانه‌ی که ئه‌و گیان به‌ختکردووانه‌یان لێره هه‌ڵڕشتوون چی‌یه؟ خۆ ئه‌وانیش هه‌ر ئاوا ته‌رمه‌کانیان فڕێ داون و ڕۆیشتوون؟ ئه‌تۆش ده‌تهه‌وێ ئه‌و کاره بکه‌ی، بڕۆ له‌به‌ر چاوم وون به). نێو شانی ڕاته‌کاندم و گووتی ته‌ندرووستیت باشه؟ باشتر وایه که بڕۆی وا دیاره خه‌ریکه حاڵت تێکده‌چێت.
ئاره‌قه‌یه‌کی سارد هه‌موو لاشی داگرت بووم، شه‌رمم ده‌کرد، هه‌ر چه‌ند به زمانه‌ن هیچی نه‌گووت، به‌ڵام ئه‌و به قووڵی بیری لێکرد بۆوه. به‌ڵی چ جیاوازی‌یه‌ک له نێوان من و ئه‌و پاسداره‌ی که ئه‌وانه‌ی لێره هه‌ڵڕشت بوون و ڕۆیشت بوو هه‌بوو، ئه‌وه نی‌یه منیش ده‌مهه‌وێ ڕابکه‌م. خۆم پێ گوناح بار بوو، ڕووم نه‌بوو ڕوو له ده‌روێش بکه‌م، ده‌ور و پشتی خۆم چاو لێکرد، پێم وابێ زیاتر له ١٥ ته‌رمم له ده‌ور و پشت بوون. کاتێک تازه له ڕێگاوه دێی، به ته‌واوی بۆت هه‌ڵناسه‌نگێندرێ ده‌وروبه‌رت چ باسه. به‌ڵام بۆ که‌سێکی وه‌ک من که ٣ کاتژمێر بوو له‌وێ بووم، ده‌مزانی که ئه‌وانه ته‌رمن و ته‌نیا چه‌ند مشته خۆڵیکیان له سه‌ر ده‌م‌و چاوه و ئه‌وه‌ش وایکردووه که هێندێک به ناخۆشی ده‌وروبه‌ر هه‌ڵبسه‌نگێنی.
به‌ڵی ئه‌وانه ئازیزانێک بوون که نازانم تا چ ڕاده‌یه‌ک له ژێر ئه‌شکه‌نجه دا خۆڕاگریان کردووه بۆ ئه‌وی گیانی سه‌دان که‌سی دیکه ڕزگار بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه خۆیان کرده قۆچی قوربانی بۆ پاراستنی که‌سانی‌تر و ئێره‌یان هه‌ڵبژارد. یه‌که‌م ته‌رم سه‌رنجی ڕاکێشام، لاقه‌کانی به ده‌ره‌وه بوون و هه‌موو به‌شه‌کانی دیکه‌ی له‌شی له ژێر مه‌ترسی دا بوو، بێ قسه کردن چوومه لای چه‌پی ته‌رمه‌که، وه‌ک ده‌روێش مه‌ولوود ده‌سته‌کانم پاک کردنه‌وه و تاوم دایه پاچه‌که، به‌ڵام ده‌روێش به ده‌سته به هێزه‌کانی پاچه‌که‌ی له ده‌ست ده‌رهێنام و بێ قسه کردن ده‌ستی به هه‌ڵقه‌ندنی عه‌رز کرد.
ئیدی ئێستا لیی ڕوون بوو که منیش له لای ده‌مێنمه‌وه، ده‌روێش پیاوێکی ٥٠ ساڵه بوو، وه‌ک شێر ده‌یگوڕاند، ته‌رمه‌کانی ده‌پێوان و به قه‌د درێژی ته‌رمه‌کان عه‌رزی هه‌ڵده‌قه‌ند، ته‌نانت کاتێک زانی که ده‌سته‌کانم چیدی توانا و هێزی ئه‌وه‌یان نی‌یه که گڵ و خوڵه‌که فڕی ده‌نه ده‌ر پێمه‌ڕه‌که‌ی لێوه‌رگرتم. عه‌رز هه‌ڵقه‌ندن و فڕی دانی گڵ و خوڵه‌که زۆر ئاسان بوو، گرفتی ئێمه گوازتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌کان بوو، له کاتی هه‌ڵگرتن دا به‌شێک له له‌شیان هه‌ڵده‌وه‌ری و به جێ ده‌ما، ئه‌وه‌ش به ڕاستی بۆ من عه‌زاب هێنه‌ر و پڕ گرفت بوو. ئه‌و جل‌و به‌رگه‌ی که له به‌ریان دابوو جل‌وبه‌رگی ناوچه‌ی خۆیان بوو، هیچ ته‌رمێکم نه‌دی که جل‌وبه‌رگی تایبه‌تی به‌ندیخانه‌ی له‌به‌ر دابێت. ده‌روێش مه‌ولوود له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو که ئه‌و ته‌رمانه ٣ ڕۆژ دوای ئێعدام کردنیان بۆ ئێره‌یان ڕاگوێزتوون ، له‌به‌ر ئه‌وه هیچ قه‌تره خوێنێک له سه‌ر عه‌رز دیار نه‌بوو.
له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که ته‌نیا حه‌یوانێکی که هات بێته نێو ئه‌و ” گۆڕه‌ستانه به کۆمه‌ڵه” ئه‌و ڕێوی‌یه بێت که ده‌روێش دیتبووی. ڕه‌نگ بێ، ئه‌گه‌ر حه‌یوان و په‌له‌وه‌ری دیکه ئه‌و گۆرستانه‌یان دۆزیبایه‌وه ئێمه چاومان به هیچ ته‌رمێک نه‌که‌وتبایه، ڕێوی هه‌وڵی دابوو که گۆشتی لاق و ڕانی ته‌رمه‌کان بخوات، ده‌روێش ده‌یگووت ڕێوی له ئینسان ده‌ترسێت، هه‌ر بۆیه‌شه نه‌یوێراوه تخوونی ده‌م‌وچاویان بکه‌وێت و چاویان لێبکات، ئه‌گه‌ریش سه‌ر و ده‌م‌وچاوی ته‌رمه‌کان وه‌کوو خۆشیان نه‌مابن ئه‌وه قه‌له‌ڕه‌شه‌کان ئه‌و کاره‌یان کردووه چۆن قه‌ڵه‌ڕه‌شه زۆر بێ‌شه‌رمن.
هه‌ر ته‌رمێک ١٠ تا ١٥ گولله‌ی لێدرا بوو، به‌شی هه‌ره زۆری گولله‌کانیان له سینگ و مل دابوون، هیچ کام له ته‌رمه‌کان گولله‌ی کۆتای‌یان له سه‌ری نه‌درا بوو، ئه‌وه‌ش نیشانی ده‌دا که کوژراوه‌کان یه‌کجار زۆر بوون و کاتی ئه‌وه‌یان نه‌بووه گولله‌ی ته‌واو بوونیان لێبده‌ن. له نێو ته‌رمه‌کان دا ته‌رمی هیچ ژنێک به‌رچاو نه‌ده‌که‌وت.
ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌ندامانی له‌شی ئه‌و ئازیزانه لێک بڵاو نه‌بن و به ته‌واوی بیانێژین له جل‌وبه‌رگی خۆیانمان که‌ڵک وه‌ر ده‌گرت. ئه‌و جل‌وبه‌رگانه‌ی که له‌ت وپه‌ت و دڕا‌و بوون، لێکمان گرێ ده‌دان و ته‌نانه‌ت جارجار به داوه به‌ن و هه‌وادی پساوی لیباسه‌کان که ده‌مان دیتنه‌وه، لێکمان ده‌دروونه‌وه. له کاتی پێچانه‌وه و ناشتن دا به‌شێک له له‌شی ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌مان ده‌دیت و جێگای سووتان و زه‌ربه‌ی شه‌لاق و قامچیان له سه‌ر له‌ش دیار بوو، هێندێک له زامه‌کانیان ئی کۆن بوون و به‌شێکیان له کاتی ئێعدام دا بریندار کرا بوون و جێ برینه‌کانیان نوێ بوون. به‌شی هه‌ره زۆریان شوێنێکی له‌شیان شکا بوو یه‌کێک له‌وان که‌لله سه‌ری به قه‌واره‌ی یه‌ک ئینچ قووڵ ببوو، ئێسقانی ده‌ستی زۆربه‌یان شکا بوو، مام ده‌روێش ده‌یگووت: ئه‌وه له کاتی بار کردن و هه‌ڵڕشتن دا ده‌ستیان شکاوه. ده‌م‌وچاوی چه‌ند که‌س له‌و ئازیزانه تا ڕاده‌یه‌ک وه‌ک خۆیان مابۆوه وئه‌گه‌ر له‌و کاته دا که‌س‌وکاریان چاویان پێکه‌وت بایه‌ن به باشی ده‌یان ناسینه‌وه.
ئه‌وه‌ی که زۆری کات گرتین لاقی لاوێکی ته‌مه‌ن بیست و پێنج ساڵان بوو، لاقه‌کانی زۆر سه‌یر لێک بڵاو ببوون به هێچ شیوه‌یه‌ک له گۆڕه‌که دا جێی نه‌ده‌بۆوه، له گه‌ڵ ده‌روێش به ته‌واوی بێ ده‌نگ و هیوابڕ ببوویین، ئێستا به ته‌واوی من و ده‌روێش بیر و فکری یه‌کترمان ده‌خوێنده‌وه، چاومان لێک کرد و هه‌ڵوێسته‌یه‌کمان کرد و جارێکی‌تر چاومان له چاوی یه‌کتر بڕیه‌وه. نه‌مان ده‌توانی هه‌روا به جێی بێلین و ببێته خۆراکی حه‌یوان و په‌له‌وه‌ره‌کان. وه‌ک دڕەندانمان لێهات بوو، بێ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌ک بڵێین، هه‌ر وه‌کوو ئه‌و که‌سانه‌ی خه‌ڵک ئه‌شکه‌نجه ده‌که‌ن، ئامبازی ته‌رمه‌که بووین و به هه‌ر دووکمان هێنامانه سه‌ر که‌له‌که و ئه‌و جار به هه‌موو هێز و توانامانه‌وه پاڵمان به لاقی ڕاستی‌یه‌وه نا، چه‌ند جارێک ئه‌و کاره‌مان دووپات کرده‌وه تا گوێمان له ورد بوونی ئێسکی لاقی بوو، ئێستا لاقه‌کانی جووت ببوون و توانیمان وه‌ک ئه‌وانی دیکه له گۆڕه‌که دا بینێژین. دوای ناشتنی ئه‌و کوڕه گه‌نجه تاقه‌ت و توانا‌مان له له‌ش دا نه‌ما بوو، به‌ڵام له جێ‌دا هیچ ته‌رمێکمان له ده‌روه چاو پێ نه‌ده‌که‌وت.
چه‌ند که‌سێک دوای نیوه‌ڕۆ هاتن و یارمه‌تیێکی که‌میان کردین و به په‌له ڕۆیشتن، به خۆشی‌یه‌وه له‌و کات و ساته دا، سه‌ر و سه‌کتی پاسدار و چه‌کداره‌کانی حکوومه‌ت دیار نه‌بوو. ئه‌وه‌ش ئێمه‌ی زۆرتر هیوادار کرد بوو بۆ کار کردن، ده‌توانم ئه‌وه به دڵنیایه‌وه بڵێم و هیچ شتێکی به دوور له ڕاستیم نه‌گوتووه که ئه‌گه‌ر بڵێم له پاش نیوه‌ڕۆ را ده‌روێش مه‌ولوود هه‌ر به نیو کاتژمێر گۆڕێکی له قه‌راخ ته‌رمه‌که هه‌ڵده‌قه‌ند و پاشان ته‌رمه‌که‌ی له نێو گۆڕه‌که داویشت و سه‌ری داده‌پۆشی.
چاوی به ته‌رمی هه‌ر لاوێک که‌وت بایه به شێوه‌یێکی کورده‌انه ده‌یگووت: دایکت بمرێ ڕۆڵه گیان، ئه‌وه‌نده لاوه پێم وانییه زه‌ماوه‌ندی کرد بێت، هه‌ر دوو ده‌ستی به‌رز ده‌کردنه‌وه و ده‌یگووت: خوایه ئه‌گه‌ر ئه‌و زوڵمه قه‌بووڵ بکه‌ی ئه‌من خوایه‌تی تۆ قه‌بووڵ ناکه‌م.
کاتژمێر نێزیک به ٨ی شه‌وێ بوو، ئیدی هه‌ر دووکمان ڕزایه‌تمان دا که بگه‌ڕێینه‌وه. پاچ و پێمه‌ڕه‌که‌مان هه‌ر له‌وێ به جێهێشتن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی دیکه‌ش ئه‌و کاره بکه‌ن. له کاتی گه‌ڕانه‌وه دا هه‌وڵم ده‌دا که ڕێگاکه‌ی پێ نیشان بده‌م که جارێکی دیکه چۆن بگه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و گۆڕستانه، مام ده‌روێشی دڵ بریندار، ڕووی تێ‌کردم و گووتی خۆت سه‌خڵه‌ت مه‌که، ڕه‌نگ بێ ڕێگای ماڵی خۆمانم لێ وون بێت، به‌ڵام دڵنیا به ئه‌و ڕێگای قه‌ت وون ناکه‌م و له بیرم ناچێته‌وه.
له به‌ر ئه‌وه ده‌زانم دایک و خوشک و ژنی ئه‌و ئازیزانه هه‌ن و ڕه‌نگ بێ ئه‌و نووسراوه‌یه بخوێننه‌وه، نامهه‌وێ له‌وه زیاتر تووشی ئازاریان بکه‌م و د‌ڵیان زامدار بکه‌م.
له کۆتایی دا ئه‌وه به‌شێکی زۆر که‌مه له‌و ڕاستی‌یانه که چاوم پێیان که‌وت و تا ئێستاش به‌شێکی زۆرم له مێشک دا ماوه‌ته‌وه که قه‌ت له بیری ناکه‌م، به‌ڵام ناچار بووم سانسۆری بکه‌م.
به‌رزتر بێت یادی گیان به‌ختکردووانی ڕێگای ئازادی
خه‌رمانانی ١٣٨٤ ی هه‌تاویی نووسینی: مزه‌فه‌ر
محه‌ممه‌د حوسێنی یا ڕه‌حمانی کوڕی مه‌ولوود ناسراو به حه‌مه مه‌ولوو
خه‌ڵکی لۆن ساداتی ناوچه‌ی بێڵه‌واری کامیاران
پێشمه‌رگه‌ی پێشووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
ڕێکه‌وتی ئێعدام خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٧ی هه‌تاوی
شوێنی ناشتن گوڵزاری خاوه‌ران
وه‌رگێرانی: حه‌مه‌ڕه‌سووڵ که‌ریمی