پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و …
“پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و هەروەها گرتن و شەهیدکردنی ژینگەپارێزان
هاوڕێیان و ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
هەر وەک لەم چەند ڕۆژەدا لە میدیا و سوشیاڵمیدیادا دەبینین، سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی ڕۆژنامەوانی کورد بۆتە ڕۆژەڤ.
ڕێژیمی دژەمرۆییی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم جارەیان وەک دەیان جاری تر دەیەوێ دەستی بە خوێنی ژنانی وڵاتەکەمانی سوور بێت.
پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسیی کورد، کە نزیکەی ساڵێکە دەستبەسەرە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەک دەزانن ماوەی زیاتر لە شەش مانگە کە بەندکراوانی چەندین بەندیخانە، وەک ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە سزای سێدارە لە ئێران، هەڵمەتێکیان بە ناوی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” دژی سزای سێدارە لە ئێران دەست پێ کردووە.
ئەم جارەیان و لە سێ شەممەیەکی دیکەدا، بەندکراوانی زیندانەکانی ورمێ، مەریوان، کامیاران، بانە و سەڵماس، هاوکات پەیوەست بوون بەم ناڕەزایەتییانە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ڕێزگرتن لە تێکۆشان و خۆڕاگری ئەم هاونیشتیمانیانەی لەلایەن ڕێژیمەوە بەند کراون، رایدەگەیەنێ کە لەگەڵ ئەوەی بە بەردەوامی دژی لە سێدارەدانی هاووڵاتیان و زیندانییانی نێو چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دەوەستینەوە، هاوکات پشتیوانی لە هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە”ش دەکەین.
هاونیشتیمانییانی خۆشەویست!
ئەو ڕێژیمە تەنیا دژی مرۆڤەکان نییە و دەست و دەمی بە خوێنی ئەوان ڕەنگین نەبووە، بەڵکوو تەنانەت بەزەیی بە سروشت و دار و دەوەنیشدا نایە و بە لەنێوبردنی ژینگە و سووتاندنی دارستانەکانی سەرانسەری کوردستان، خەشی خۆی دەڕێژێ و ساڵ نییە کە بەم بۆنەیەوە ژینگەپارێزێک گیانی خۆی نەکات بە قوربانیی بەرەنگاریی ئەم پیلانگێڕییەی ڕێژیم و شەهید نەبێ. نوێترین شەهیدی ئەم خەبات و بەرەنگارییەش، “ئیسماعیل کەریمی” چالاکی ژینگەپارێزییە کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٣، کاتێک سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری لێڕەوارەکانی “کانیشە”ی سەر بە شاری کامێران بوو، تووشی سووتانی ٨۰٪ جەستەی دەبێ و دوای ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی “کەوسەر”ی شاری سنه و دواتر نەخۆشخانەی تاران، بە هۆی قووڵی برینەکانی، دوو ڕۆژ دواتری و ڕۆژی چوارشەممە، گیانی لە دەست دا و چەند ژینگەپارێزێکی دیکەش بە ناوەکانی حیسام مهدی، ئەمیر نەدیمی، فەریده وەیسی، حەمید سەبزه، ئامانج قوربانی و فەرزین موەفەقی لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراون.
ژنانی ماف ویستی کوردستان!
هەر وەک دەزانین ئەو ڕێژیمە هەتا ئەو کاتەی لەسەر کار بێ ناهێڵێ هیچ کەسێک ئاوی خۆش بە گەروویدا بچێتە خوارێ و بەردوام بیر لە گرتن و سێدارە و سەرکوتی کەسانێک دەکاتەوە کە نایانەوێ سەری بۆ نەوی بکەن و نە بەزەیی بە مرۆڤدا دێت و نە سروشت و بەردەوام کار و پیشەی لەنێوبردنیانە، ئیتر بۆی گرینگ نییە ئەو کەسە ئەندامی حیزبێکی سیاسی بێ یا چالاکوانێک بێ یا ژینگەپارێزێک یا خود تەناتەت خودی ژینگە بێ، تەنیا حەزی لە لەنێوبردنە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دژی هەموو ئەو کردەوە ناپەسەندانە و هەموو ئەو ئاکارە دژە مرۆییانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چل ساڵی ڕابردوودا دەوەستێتەوە، بەتایبەت دژی حوکمی لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕۆژنامەنووس و هەروەها شەهیدبوونی ئیسماعیل کەریمی و گیران و دەستبەسەرکرانی ژینگەپارێزان و سووتاندن و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستانە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هەینی ٥ی گەلاوێژی ۲۷۲٤ی کوردی